ئه‌فسانه‌ سیاسییه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 26/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


له‌ بوارى زانستیى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌یه‌دا، سه‌رده‌مى زانست، به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌كاندا هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئوفسانه‌كان گه‌شه‌یان كردووه‌ و زۆر بوون.

 جۆرێك له‌و ئه‌فسانانه‌ى كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێشوازییه‌كى زۆرى لێكراوه‌، ئه‌فسانه‌ سیاسییه‌كان بووه‌. له‌م جۆره‌یاندا هیچ گه‌لێك له‌ گه‌لانى جیهان نامانگاتێ و به‌بێ هیچ گومانێك ئێمه‌ له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ین، به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌فسانه‌كانى سه‌ركه‌وتنه‌كاندا. له‌ رۆژگارى سه‌دام حسێن و جه‌نگه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران به‌ زۆریاندا تێپه‌ڕیووین. ئه‌و رۆژگاره‌ ئه‌فسانه‌ى قادسیه‌ى سه‌دام هه‌بوو، هه‌ر كه‌ جه‌نگیش ته‌واو بوو ئه‌فسانه‌ى فه‌رمانده‌ى سه‌ركه‌وتوو هاته‌گۆڕێ. ئه‌گه‌ر بیشپرسیت: چۆن سه‌ركه‌وت و چیى تێدا به‌ده‌ستهێنا؟ هه‌ر به‌ لۆژیك و خه‌یاڵى پرسیاره‌كه‌ت وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه‌. پێتده‌ڵێن: ئامانجه‌كه‌ چى بوو؟ ئامانجه‌كه‌ داگیركردنى ئێران یاخود رووخاندنى رژێمه‌كه‌ى و تاروماركردنى سوپاكه‌ى نه‌بوو. ئه‌وان ده‌یانگوت ئێران هه‌وڵى رووخاندنى سه‌دام حسێن-ى ده‌دا، به‌ڵام نه‌یتوانى و سه‌دام به‌ ده‌سه‌ڵاتدارى عێراق مایه‌وه‌. كه‌واته‌ سه‌دام سه‌ركه‌وتووه‌. 
 
ئه‌م قسه‌یه‌ وه‌ك ئه‌و قسه‌یه‌ وایه‌ كه‌ ده‌ڵێت هیتله‌ر جه‌نگى دووه‌مى جیهانیى نه‌دۆڕاندووه‌. بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا هه‌بوو كه‌ هیتله‌ر نه‌مردووه‌ و هێشتا هه‌ر ده‌ژى و له‌ ئه‌رژه‌نتین-ه‌. ئه‌مه‌یش یه‌كێكى تر بوو له‌ ئه‌فسانه‌ سیاسییه‌كان. ئه‌وه‌ى گومانێكى له‌مه‌دا هه‌بوایه‌ به‌ ئاماژه‌دان به‌و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌نده‌ وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا له‌ دواى كۆتاییهاتنى جه‌نگه‌كه‌وه‌ به‌خۆوه‌ى بینیوه‌. ده‌یانگوت ئه‌ڵمانیا چۆن ئه‌م پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانیه‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌؟ هه‌مووى به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هیتله‌ر ماوه‌ و له‌ ئه‌رژه‌نتین-ه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ئیتر هه‌موو ئه‌و كه‌سه‌ مه‌زنانه‌ى، له‌ نموونه‌ى ئه‌دیناوه‌ر كه‌ ئه‌ڵمانیایان به‌ڕێوه‌بردووه‌، هه‌موویان هه‌ر به‌ رێنماییه‌كانى ئه‌و كاریان كردووه‌ و پلانیان داڕشتووه‌. ئه‌ڵمانیا ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌یه‌ و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ خۆرئاواییه‌كانى تر له‌به‌رى ده‌پاڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فریایان بكه‌وێت.
 
جا ئه‌م ئه‌فسانه‌ سیاسییانه‌ دوو جۆرن: هه‌یانه‌ ئه‌فسانه‌گه‌لى ئه‌رێنین وه‌ك ئه‌وانه‌ى ئێمه‌ ده‌رباره‌ى سه‌ركه‌وتنه‌كان، هه‌یشیانه‌ ئه‌فسانه‌گه‌لى نه‌رێنین كه‌ له‌مه‌یشیاندا نموونه‌ى زۆرمان هه‌یه‌. هه‌موو ئه‌و دۆڕان و كوده‌تا و نسكۆیانه‌ى كه‌ تووشیان ده‌بین هه‌مووى ده‌ره‌نجامى پیلانگێڕیى ئیمپریالیزم و زایۆنیزم-ه‌. هه‌موو ئه‌م دواكه‌وتوویى و نه‌خۆشى و هه‌ژارى و شكستانه‌ى به‌سه‌رمان هاتووه‌ هه‌مووى به‌هۆى نه‌خشه‌ و پلانى ئیمپریالیزمى زایۆنى بووه‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات بۆئه‌وه‌ى جیهانى عه‌ره‌بى له‌ نه‌زانى و ئاژاوه‌ و سه‌رقاڵبوون به‌ تیرۆره‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، ئیتر ئه‌م زه‌به‌لاحه‌ گه‌وره‌یه‌ رێگه‌یه‌كى بۆ ئه‌م جیهانه‌ عه‌ره‌بییه‌ى ئێمه‌ نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ر پێیه‌كانى خۆى راوه‌ستێت.
 
به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ چییه‌؟ جۆره‌ها قسه‌ت بۆ دێننه‌وه‌، له‌وانه‌ قسه‌كه‌ى ئیناتۆل ڤانس: هیچ ماسییه‌ك له‌ ده‌ریادا ناجووڵێت ئه‌گه‌ر ئینگلیز له‌ پشتیه‌وه‌ نه‌بێت و نه‌یبزووێنێت. بێگومان به‌پێى ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ بێت: ئێمه‌ هیچ نین بێجگه‌ له‌ په‌ڕه‌كه‌ى ئه‌و ماسییه‌. منداڵیى و گه‌نجێتیى خۆمم ئاوا له‌ عێراقدا به‌سه‌ربرد. به‌ڵایه‌كمان به‌سه‌رنه‌هاتووه‌ و نه‌مانگوتبێت ئینگلیز-ى له‌ پشته‌وه‌یه‌. له‌ بڕوابوون به‌م ئه‌فسانه‌یه‌یشه‌وه‌ گۆرانیبێژى مۆنۆلۆژى عه‌زیز عه‌لى گۆرانییه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى خۆیى داناوه‌ كه‌ تێیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر باڵیۆزه‌كه‌ى بریتانیا و ده‌ڵێت:
له‌وه‌وه‌یه‌، له‌وه‌وه‌یه‌.... هه‌مووى خه‌تاى ئه‌وه‌
كۆست و به‌ڵاكانمان... هه‌مووى له‌وه‌وه‌یه‌

ئێستا ئه‌مریكا له‌م ئه‌فسانه‌یه‌دا جێگه‌ى بریتانیاى گرتووه‌ته‌وه‌. چى واى له‌ سه‌دام حسێن كرد هێرش بكاته‌ سه‌ر كوه‌یت؟ ئه‌و به‌ ئیعازى جۆرج بوش كردى. ئینجا لێیان بپرسه‌: باشه‌ بۆچى ئه‌مریكا ویستى هێرش بكاته‌ سه‌ر كوه‌یت؟ ده‌ڵێن: ئاخر بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سنوورێك بۆ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وته‌كه‌ى دابنێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر تواناى بازاڕه‌كانى وزه‌ى جیهاندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure