قه‌یران و شكستى ئیسلامى سیاسى له‌ عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 25/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


گوتارى سه‌رمایه‌ى لیبراڵى له‌گه‌ڵ گوتارى ئیسلامى سیاسیدا ناكۆك و ناجۆر نییه‌، به‌ڵكو له‌ڕاستیدا هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. چونكه‌ ئایدیۆلۆژیاى (هاوبه‌ش یان پێكه‌وه‌یى) وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا كه‌ ئێستا ره‌واج و بازاڕگه‌رمیى بۆ ده‌كرێت، له‌سه‌ر شاردنه‌وه‌ى هۆشیارى و ململانێى چینایه‌تى كارده‌كات، بۆئه‌وه‌ى (سازانه‌ پێكه‌وه‌ییه‌كان) جێگه‌یان بگرنه‌وه‌ و ئه‌م ململانێیه‌ نادیده‌بگرن. 

ستراتیژیه‌تى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى سه‌رمایه‌یش، ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه‌ به‌كاردێنێت چونكه‌ ململانێكه‌ له‌ بوارى ناكۆكیه‌ راسته‌قینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شوێنێكى دیكه‌ى دوور له‌ واقیعه‌ هه‌نووكه‌یه‌كه‌. به‌ڵگه‌ى سه‌لمێنراویش له‌سه‌ر ئه‌م راستیه‌ هه‌ن:

یه‌كه‌م: نه‌بوونى شاره‌زایى سیاسى به‌ مانا گشتى و گشتگیره‌كه‌ى و نه‌بوونى شاره‌زایى له‌ ئیداره‌دانى كاروبارى ده‌وڵه‌ت به‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌ و ده‌زگا جۆراوجۆره‌كانیه‌وه‌. حزبه‌ ئیسلامیه‌كان به‌ پشتبه‌ستن به‌ دروشمگه‌لى باقوبریقى ئاینیى كه‌ عه‌قڵى بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى خۆیانى پێ ختووكه‌ ده‌ده‌ن، چوونه‌ گۆڕه‌پانى جه‌نگى سیاسیه‌وه‌.

دووه‌م: له‌وه‌ده‌چێت ئاماده‌یى و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ فروانتر ببنه‌وه‌ و كارا و كاریگه‌رتر بن، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و له‌ خشته‌بردنى ئێمه‌دا به‌وه‌ى كه‌ دژى ئیسلامى رادیكاڵییه‌. له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌بینین كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانى تره‌وه‌ زیاتر پشتیوانییان ده‌كرێت. 

هه‌روایشبوو، ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ عێراقى دواى سه‌دام-دا كاریگه‌ریى زۆریان هه‌بوو دواى ئه‌وه‌ى هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانى ئه‌مریكا ئه‌وانه‌ى هێنایه‌وه‌ كه‌ به‌ ئۆپۆزیسیۆنى عێراق ناوده‌برێن، ئه‌وانه‌ى كه‌ توانییان له‌ڕێى سیناریۆى پیسى جیاجیاى تایه‌فى و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌ستبگرن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیدا. رووخاندنى رژێمى پێشوو له‌ ساڵى 2003 له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رماریه‌داره‌ جیهانیه‌كانه‌وه‌ و گۆڕینى به‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان و راكێشانیان بۆ پێگه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌هۆى سیناریۆى تاریك و ره‌شى پێشتر ئاماده‌كراو و به‌ پشتگیریى هێزه‌ ئیقلیمیه‌كان بوو.


ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌گوزه‌رێت، له‌ وێرانه‌یى و كوشتوبڕ و راگواستنى ملیۆنه‌ها كه‌س، به‌هۆى ئه‌و جه‌نگانه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ سه‌رمایه‌داره‌ جیهانیه‌كان، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌مریكا و بریتانیا و فره‌نسا ده‌ینێنه‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیان و به‌رده‌وامییان له‌ پیشه‌سازیه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى موشه‌ك و تانك و چه‌كى قورس و فرۆشتنیان به‌ ناوچه‌ى ململانێى هه‌ڵگیرساوه‌كان. 


لێره‌دا مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت روونبكرێته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و سیاسییانه‌ى ئه‌مریكا به‌ پاساوى رزگاربوون له‌ رژێمه‌ دیكتاتۆریه‌كان و گۆڕینى رژێمه‌كان بۆ دیموكراسى و ئازادیى تاك له‌ هه‌ڵبژاردن و ئازادیى بژارده‌ى سیاسى، هێنانى، هیچ نین بێجگه‌ له‌ توڕه‌هات و هیچوپووچێتى، ئه‌مه‌یش كۆمه‌ڵگه‌ ئاشكراى كردوون.

گه‌وره‌ترین سوودمه‌ندى ئه‌مه‌یش سه‌رمایه‌ى جیهانییه‌ چونكه‌ كاتێك ملیاره‌ها دۆلار به‌بێ سوود و قازانج و به‌ پاساوى پاراستنى له‌ بانقه‌ جیهانیه‌كاندا ده‌كه‌وێته‌ خولانه‌وه‌ى سه‌رمایه‌ى جیهانییه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ و به‌بێ ئه‌ژمار و به‌بێ چاودێر، ماناى وایه‌ ئه‌م رژێمه‌ شوێنكه‌وتانه‌ زۆر باشن بۆ سیستمى بۆرژوازیى جیهانى. 


سێیه‌م: ره‌نگدانه‌وه‌ى ده‌رهاویشته‌كانى شكستى ئیسلامى سیاسى له‌ دواى یازده‌ساڵ ده‌سه‌ڵات، له‌ هۆشیاریى گشتیى جه‌ماوه‌ریدا روون و ئاشكرایه‌، ئه‌مه‌یش به‌ گوزارشتكردنى جه‌ماوه‌ر له‌ ئاره‌زووى زۆرى و داواكاریى بۆ گۆڕینى رژێم نه‌ك (چاكسازیكردن) له‌ حوكمڕانیى حزبه‌ ئاینییه‌كاندا، له‌و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2011 وه‌ تا ئێستا وڵات به‌خۆوه‌ى ده‌بینێت، به‌جۆرێك كه‌ خه‌مى گوزه‌رانى چینایه‌تى تێكه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت بووه‌. 


ئه‌مه‌یش گوزارشت و ده‌ربڕینگه‌لێكى هێناوه‌ته‌ئاراوه‌ كه‌ له‌ شه‌قامى عێراقیدا به‌ هوتاف ده‌وترێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى خۆڕسكانه‌ شكستى ئابورى و ئه‌منیى به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ سروشتى ئاینیى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و حوكمڕانه‌كانه‌وه‌. ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیانه‌ى كه‌ هیچیان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بێجگه‌ له‌ گوتارى تائیفى و غه‌یبى بێزراو و نه‌خوازراو بۆ شاردنه‌وه‌ى شكست و گه‌نده‌ڵى و شوێنكه‌وتووییان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure