دیگۆل و فرانكۆ.. له‌ نیوه‌ڕۆخوانێكى نهێنیدا

بۆچوون / بیروڕا :: 18/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شی
 له‌ هه‌شتى حوزه‌یرانى 1970 دا، ژه‌نراڵ دیگۆل رزگاركه‌رى فره‌نسا له‌ داگیركاریى نازى و سه‌ركۆمارى پێشووترینى، گه‌یشته‌ مه‌درید بۆ دیدارێكى له‌گه‌ڵ ژه‌نراڵ فرانكۆ-ى دوژمنى پێشووى و هاوپه‌یمانى هیتله‌ر له‌ جه‌نگى دووه‌مى جیهانیدا. ئه‌وكاته‌ ساڵێك تێپه‌ڕیبوو به‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى دامه‌زرێنه‌رى پێنجه‌مین كۆمارى فره‌نسا له‌ دواى ئاڵۆزى و  په‌شێویه‌ به‌ناوبانگه‌ى به‌هارى ساڵى 1968. دیگۆل-یش خه‌ونێكى خۆیى به‌دیده‌هێنا كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر بوو ده‌یویست جێبه‌جێى بكات، ئه‌ویش سه‌ردانێكى بوو بۆ ئیسپانیا چونكه‌ زۆر سه‌رسام بوو به‌ كه‌سێتیى دۆن كیشۆت و كارلۆسى پێنجه‌م (شارلمان) ئه‌و ئیمپراتۆره‌ى كه‌ خه‌ریكبوو هه‌موو ئه‌وروپا یه‌كبخات.

دیگۆل له‌ سه‌ره‌تاى هه‌شتا ساڵه‌ى ته‌مه‌نیدا بوو، به‌ڵام فرانكۆ له‌ ته‌مه‌نى حه‌فتا و حه‌وت ساڵیدا بوو و به‌هۆى هاوپه‌یمانێتیى له‌گه‌ڵ نازییه‌كاندا بووبووه‌ نیمچه‌ بێزراوێكى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى، به‌ڵام واشنتۆن بڕیارى دابوو له‌به‌ر پێویستییه‌كانى جه‌نگى سارد كه‌ ئه‌وكاته‌ گه‌یشتبووه‌ ئه‌وپه‌ڕى، به‌ته‌واوى گۆشه‌گیر و دابڕاوى نه‌كات. ژه‌نراڵه‌ فره‌نسیه‌كه‌ به‌ یاوه‌ریى هاوسه‌ره‌كه‌ى و یه‌كێك له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانى گه‌یشته‌ پایته‌ختى ئیسپانیا، ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه‌ى بانگهێشتێكى فرانكۆ-ى په‌سه‌ند كرد بۆ ئه‌وه‌ى ژه‌مێكى نیوه‌ڕۆ له‌ شوێنى مانه‌وه‌ى خۆى له‌ كۆشكى پاردۆ-ى كه‌نارى باكورى مه‌درید، پێكه‌وه‌ بخۆن.

ئه‌م دیداره‌ هه‌ر به‌ نه‌زانراوى و باسنه‌كراوى له‌ مێژووى ئه‌م دوو پیاوه‌دا مایه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى ورده‌كارییه‌كى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر بزانرێت، هه‌تا له‌م دواییانه‌دا كتێبێك ده‌رباره‌ى دیداره‌كه‌ به‌ناونیشانى (نیوه‌ڕۆخوانێك له‌ مه‌درید) له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وانى فره‌نسى كلۆد سیریۆن-ه‌وه‌ ده‌رچووێنرا. سیریۆن بێژه‌رى گه‌شتى هه‌واڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بوو له‌ كه‌ناڵى دووى فره‌نسى و هه‌روه‌ها راوێژكارێكى فرانسوا هۆلاند-ى سه‌رۆكى پێشووى فره‌نسایش بوو. ده‌رباره‌ى كتێبه‌كه‌ى خۆى ده‌ڵێت "چى له‌نێوان ئه‌و دوو كه‌سێتیه‌ مێژوویه‌دا وتراوه‌، ئه‌و دوو كه‌سه‌ى كه‌ له‌هه‌مانكاتدا هه‌م جیاواز و هه‌م وه‌ك یه‌ك-یش وابوون؟ هه‌وڵمدا له‌خه‌یاڵى خۆمدا وه‌ك شانۆگه‌رییه‌ك وێناى ئه‌و دیداره‌ بكه‌م كه‌ تێیدا ویست و ئاره‌زووى ژه‌نراڵ دیگۆل پاڵنه‌رى بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى ئه‌و دوژمنه‌ى ببێته‌وه‌ كه‌ هه‌روه‌ها ئه‌ویش لاپه‌ڕه‌یه‌كى له‌ مێژووى ئه‌وروپادا نووسیوه‌ته‌وه‌".
 
نووسه‌ر له‌ زمانى ئه‌ندامێكى یه‌كێك له‌و خێزانانه‌ى كه‌ له‌میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شارى تۆلیدۆ دواى ئه‌وه‌ى مه‌درید-ى جێهێشتووه‌، میوانداریى دیگۆل-یان كردووه‌، ده‌یگێڕێته‌وه‌، كاتێك پرسیارى سه‌رنجى ژه‌نراڵ-مان كرد له‌دواى دیداره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ فرانكۆ، وتوویه‌تى "پیاوێكى كارامه‌ى پێگه‌یشتووه‌"!.   

كتێبه‌كه‌ى سیریۆن زۆر ده‌رباره‌ى ئه‌و دیداره‌ ئاشكرا ناكات، مه‌گه‌ر ئه‌و كاردانه‌وانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانى دیگۆل-ه‌و باسكراون، ئه‌مانه‌یش له‌نێوان سه‌رسامى و نائومێدى-دان. ده‌ڵێت "ئه‌و سه‌ردانه‌ بێهیواییه‌كى قووڵى لاى دوو كه‌س له‌ نزیكترین بیرمه‌نده‌كان له‌ ژه‌نراڵ-ه‌وه‌ دروستكردووه‌، ئه‌وانیش فرانسوا موریاك و ئه‌ندریێ مالرۆ بوون كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئه‌ودا وه‌زیرى رۆشنبیریى بوون و پێشتریش له‌ جه‌نگى ناوخۆى ئیسپانیادا دژى هێزه‌كانى فرانكۆ جه‌نگیون". سیریۆن ده‌ڵێت: مالرۆ به‌ جان لاكۆتور-ى نووسه‌ره‌وه‌ى ژیاننامه‌ى دیگۆل-ى وتووه‌ "ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى له‌و كاته‌دا بوایه‌ كه‌ ژه‌نراڵ سه‌ركۆمار بوو، ئه‌وا ده‌ستبه‌جێ ده‌ستم له‌كارده‌كێشایه‌وه‌". لاكۆتور هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كاتیك ده‌رباره‌ى ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌ پرسیارم له‌ دیگۆل كردووه‌، وتوویه‌تى"...باش بوو..به‌ڵى بۆ فرانكۆ باش بوو. سه‌ره‌ڕاى سه‌ركوتكردن و تاوانه‌كان. به‌ڵام ستالین-یش زۆر له‌و زیاتر تاوانى كردووه‌".

به‌ڵام نهێنیه‌ به‌ مه‌ره‌كه‌ب نووسراوه‌كانى ئه‌و دیداره‌ مێژووییه‌، له‌ راپۆرتى پارێزراو له‌ ئه‌رشیفى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئیسپانیادا هه‌ڵگیراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ نووسراوه‌كانى هاوڕێ و دیپلۆماتى كۆچكردوو ماكسیمۆ كاژال-یشدا تۆمار كراوه‌، كه‌ لۆپێز براڤۆ وه‌زیرى ئه‌وساى ده‌ره‌وه‌ رایسپارد بۆ ئه‌وه‌ى كارى وه‌رگێڕانى نێوان دوو ژه‌نراڵه‌كه‌ بكات. كاژال-یش له‌ كتێبه‌كه‌یدا (خه‌ونه‌كان و دێوه‌زمه‌كان: یاداشته‌كانى دیپلۆماتكارێك) كه‌ ساڵى 2010، واتا پێش چوار ساڵ له‌ مردنى، به‌ "ته‌حه‌فوز"ه‌وه‌ باس له‌و دیداره‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیریۆن له‌ كتێبه‌كه‌ى خۆیدا هیچ باسى ئه‌م كتێبه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌رباره‌ى دیداره‌كه‌ ناكات.  

ساڵانێكى زۆر به‌ختى ئه‌وه‌م هه‌بوو دۆستایه‌تى و هاوڕێیه‌تیم له‌گه‌ڵ ماكسیمۆ-دا هه‌بێت، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ بووه‌ وه‌رگێڕى خاوه‌ن شكۆ پاشاى ئیسپانیا و سه‌رۆكایه‌تیى حكومه‌تى ئیسپانیا. زۆرجار پێكه‌وه‌ بیروڕامان ده‌رباره‌ى ده‌گمه‌نى و ورده‌كارییه‌كانى هه‌ندێك له‌ دیداره‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كرد، له‌وانه‌ ئه‌م دیداره‌ى كه‌ دیگۆل و ژه‌نراڵ فرانكفۆ-ى پێكه‌وه‌ كۆكرده‌وه‌ كه‌ دواى پێنج ساڵ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك له‌وه‌ى بۆ خوێندنى زانكۆ بگه‌مه‌ پایته‌ختى ئیسپانیا، كۆچى دوایى كرد.
  
كاژال ده‌ڵێت "فرانكۆ ده‌نگێكى له‌رزۆكى هه‌بوو.. به‌جۆرێك كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌بیسترا. كه‌مدوو بوو. كاتێك گوێى له‌ دیگۆل ده‌گرت هه‌ناسه‌ى سواربووبوو. میوانه‌كه‌ى ده‌ستپێشخه‌ریى كرد و وتى: ئه‌مه‌ ژه‌نراڵ فرانكۆ-یه‌ شتێكى كه‌م نییه‌. منیش ژه‌نراڵ دیگۆل بووم، هێنده‌ به‌سه‌". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت دیگۆل سه‌رسامیى خۆیى به‌ فرانكۆ ده‌ربڕیووه‌ "چونكه‌ زانیویه‌تى چۆن ئیسپانیا له‌ ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووربخاته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى بخاته‌ سه‌رووى هه‌موو ئیعتیبارێكى تره‌وه‌". له‌وه‌ڵامى ئه‌و قسه‌یه‌ى دیگۆل-یشدا كه‌ وتبووى حزبه‌ سیاسیه‌كانى لاواز كردووه‌ به‌ڵام له‌ناوى نه‌بردوون، فرانكۆ وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه‌ "حزبه‌ سیاسیه‌كان پێشبڕكێى یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر لاوازكردنى ده‌وڵه‌ت و له‌ناوبردنى یه‌كگرتووییه‌كه‌ى".

جان موریاك، رۆژنامه‌نووس و كوڕى فرانسوا موریاك، كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ى دیگۆل-ى بۆ ئاژانسى رۆژنامه‌وانیى فره‌نسا رووماڵ كردووه‌، ده‌ڵێت "...دیگۆل له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌ درێژه‌كه‌یدا بۆ ئیسپانیا، به‌ كه‌شوهه‌واى تووش  و په‌رپووتیى شوێنه‌كان و ئه‌و گونده‌ لێكدابڕاوانه‌ سه‌رسام بوو كه‌ نه‌وه‌ دواى نه‌وه‌ جۆره‌ سیمبولێكى كه‌سێتیى نیشتمانپه‌روه‌ریى ئیسپانیى وایان خوڵقاندووه‌ كه‌ خودى دیگۆل پێیان سه‌رسام بووه‌".

دیگۆل دواى شه‌ش مانگ له‌و سه‌ردانه‌ى، كۆچى دوایى كرد و نه‌یتوانى خه‌ونه‌كه‌ى ترى به‌دیبێنێت كه‌ سه‌ردانێكى بوو بۆ چین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure