ئه‌ردۆغان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تره‌مپ-دا

بۆچوون / بیروڕا :: 14/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌ڕووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ نه‌دۆڕابێت، ئه‌گه‌ر زۆریشى پێچووبێت. ئه‌مه‌ له‌ زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا راستییه‌كه‌ و به‌هێزترین چه‌كى ئه‌مریكیه‌كانیش بوارى سه‌ربازیى نییه‌ به‌ڵكو ئابورییه‌. توركیایش نه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا به‌هێزتره‌ و نه‌ له‌ چین-یش، ئه‌و دوو وڵاته‌ى وایان به‌باشزانى رووبه‌ڕووى ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ نه‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ دانوستان و سازشیان هه‌ڵبژارد و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بارگرژى و شه‌ڕه‌قسه‌. كێشه‌كه‌ چییه‌؟ واشنتۆن كۆمه‌ڵێك داواكاریى له‌ توركیا هه‌یه‌، گرنگترینیان راگرتنى بازرگانیه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و بچووكترینیشیان ئازادكردنى قه‌شه‌یه‌كى ئه‌مریكییه‌ كه‌ توركیا به‌ سیخوڕیكردن تۆمه‌تبارى كردووه‌.

له‌ گه‌مارۆدانى ئێراندا، سێ ده‌وڵه‌ت هه‌ن كه‌ پێكه‌وه‌ یاخود به‌جیا ده‌توانن رۆڵى یه‌كسان بۆ رژێمى تاران بگێڕن، ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌یش بریتین له‌ پاكستان و توركیا و سعودیه‌. هه‌رسێكیان په‌یوه‌ندیى پته‌ویان به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام توركیا رێڕه‌وى سه‌ره‌كیى بازرگانیى ئێران-ه‌. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تێكى گرنگه‌ له‌ رێكخراوه‌ى خۆرئاوادا، تاقه‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامیى ناو په‌یمانى ناتۆیه‌ و بۆ هه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى داهاتوو له‌گه‌ڵ روسیا گرنگه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ناكۆكیى روسیا-ئه‌مریكا به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت و ره‌نگه‌ جه‌نگى سارد-یش بگه‌ڕێته‌وه‌. تره‌مپ ئه‌وه‌ى له‌ توركیا ده‌وێت یان رۆڵى ئاسایى خۆى وه‌ك هاوپه‌یمانێك بگێڕێت یان نا. چونكه‌ واشنتۆن له‌ توركیاى قبووڵ ناكات له‌یه‌ككاتدا چه‌كى ستراتیژیى به‌رگریى له‌ روسیا بكڕێت و له‌ بوارى بازرگانیدا به‌ڕووى ئێراندا بكرێته‌وه‌ و له‌هه‌مانكاتیشدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكایش له‌ په‌یمانى ناتۆدا دابنیشێت و خۆى به‌ ده‌وڵه‌تێكى هاوپه‌یمان بزانێت.

به‌ڵام ته‌نگژه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌ سنوورداره‌ و له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندیى ستراتیژیى نێوان دوو پایته‌خته‌كه‌دایه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ژاوه‌ژاوه‌ى كه‌ لێى كه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا (چه‌ند سزایه‌ك)ى دیاریكراوى به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندوه‌ كه‌ زیاتر ره‌مزین و بۆ ئه‌وه‌یه‌ گوشارێك بخاته‌ سه‌ر سه‌رۆك ئه‌ردۆغان. ژمێره‌ى بانكیى دوو وه‌زیرى توركیاى بلۆك كردووه‌ و باجى خستووه‌ته‌ سه‌ر ته‌نیا دوو جۆر كاڵاى توركى، بێگومان كاریگه‌ریى ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ له‌سه‌ر توركیا زۆر و قورسن، لیره‌ى توركیى ریسواكرد و بازاڕه‌كانیى تۆقاند، هۆكاره‌كه‌یش به‌ پله‌ى یه‌كه‌م سیاسییه‌ بۆیه‌ ره‌شبینى و نائومێدى كه‌وته‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌.
 
له‌ رووكه‌شدا قه‌یرانه‌كه‌ شێخێكى تورك و قه‌شه‌یه‌كى ئه‌مریكییه‌. ئه‌ردۆغان حكومه‌ته‌كه‌ى تره‌مپ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ مافى په‌نابه‌رێیتى داوه‌ته‌ گوله‌ن-ى سه‌ركرده‌ى ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ى كه‌ دواى هه‌وڵى كوده‌تاكه‌ و له‌ چه‌ند ئۆپراسیۆنێكى له‌ناوبردندا له‌ناوى برد. تره‌مپ-یش هه‌ڵگرتنى سزاكانى به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ ئازادكردنى قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌وه‌ له‌ توركیا. به‌ تێڕوانینى من، نه‌ گوله‌ن و نه‌ قه‌شه‌كه‌-یش كێشه‌كه‌ نین، ئه‌مانه‌ بیانووى راگه‌یه‌نراوى ناو میدیاكانن. چونكه‌ ناكۆكییه‌كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌هه‌ڵكشاندایه‌ و چه‌ندین پرس و مه‌سه‌له‌ى جیاواز له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ ناكۆكى و جیاوازیه‌كانى ناو سوریا و په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ روسیا و په‌یوه‌ندیى به‌هێزى بازرگانیى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا. ئه‌م هۆكاره‌یان به‌ تایبه‌ت ره‌نگه‌ مه‌ترسیدارترین هۆكاره‌كانى قووڵتربوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه‌ بێت له‌گه‌ڵ تره‌مپ-دا كه‌ تادێ مكوڕتر ده‌بێت له‌سه‌ر خنكاندنى ئێران له‌ڕووى بازرگانییه‌وه‌، ئه‌مه‌یش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یه‌ كه‌ توركیاى هاوبه‌شى سه‌ره‌كیى بازرگانیى ئێرانیه‌كان پێى رازیى نییه‌.

تره‌مپ، سه‌ره‌ڕاى زیانه‌ زۆره‌كان به‌هۆى بڕیاره‌كه‌ى به‌ دووهێنده‌كردنى باج له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى ئاسن و ئه‌له‌منیۆمى توركیا، به‌ڵام نه‌ هه‌ڵه‌شه‌ی و نه‌ په‌له‌یه‌تى. له‌ڕاستیدا تره‌مپ، به‌پێچه‌وانه‌ى ویست و ئاره‌زووى سیاستمه‌داره‌كانى ترى ئه‌مریكا، پێزانینى تایبه‌تى بۆ ئه‌ردۆغان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌بوو چووه‌ سه‌رخه‌ت و گوشارى خسته‌ سه‌ر حكومه‌تى ئیسرائیل بۆ ئازادكردنى خانمێكى توركى كه‌ تۆمه‌تباربوو به‌وه‌ى پاره‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس په‌یداده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌و پاسه‌وانانه‌ى ئه‌ردۆغان-ى ئازادكرد كه‌ تۆمه‌تبار بوون به‌ لێدان له‌ خۆپیشانده‌ره‌كان له‌ واشنتۆن. هه‌ر تره‌مپ یه‌كه‌م سه‌رۆكى جیهان بوو كه‌ هوتافیان بۆ ئه‌ردۆغان كێشا و پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یان لێكرد. په‌یوه‌ندیه‌كى هێنده‌باش له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌و پیلانگێڕییه‌ ناهێڵێت كه‌ ئه‌ردۆغان باسى ده‌كات.   

توركیا ده‌وڵه‌تێكى شۆڕشگێڕى وه‌ك ئێران نییه‌. به‌هاى توركیا له‌ ئابورییه‌كه‌یدایه‌ نه‌ك له‌ سوپاى پاسدارانه‌كه‌ى و چالاكیه‌ تیرۆریستیه‌كانیدا بێت وه‌ك ئێران. هه‌روه‌ها به‌ها و سه‌نگى ئێران به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌م سیاسى و هه‌م سه‌ربازییش له‌ناو رێكخراوه‌ى خۆرئاوادایه‌. 

ئایا حكومه‌تى توركیا بوێریى ئه‌وه‌ى ده‌بێت رووبه‌ڕووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ببێته‌وه‌؟ كارێكى دوور و زه‌حمه‌ته‌. چونكه‌ توركیا ده‌وڵه‌تێكه‌ شانازیى به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ رووى ئابورییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، ئابورییه‌كه‌یشى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بازرگانیكردنه‌ له‌گه‌ڵ خۆرئاوا نه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران و عه‌ره‌ب.

توركیا ناتوانێت ئاڵنگاریى سزا ئابورییه‌كانى سه‌ر ئێران بكات. پێشتر له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى باراك ئۆباما-دا كردوویه‌تى، به‌ڵام ئیداره‌ى تره‌مپ چه‌ندین هۆشداریى سزادانى ئاراسته‌ى هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ كردووه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها بابه‌تێكى لاوه‌كیى وه‌ك ده‌ستگیكردنى قه‌شه‌، كه‌ پێشتر ئازادیشى كردووه‌ و له‌ ئه‌زمیر خستوویه‌تیه‌ ژێر ده‌ستبه‌سه‌ریى به‌زۆره‌وه‌، نابێته‌ هۆكارێك بۆ تێكدانى ئابوریى توركیا. تره‌مپ قه‌شه‌كه‌ وه‌ك یارییه‌كى گوشار به‌كاردێنێت چونكه‌ ده‌زانێت ئه‌گه‌ر توركیا ئازادى بكات ئه‌وا به‌ چاكه‌یه‌ك بۆ خۆى (بۆ تره‌مپ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئازادیشى نه‌كات ئه‌وا ده‌یكاته‌ كارتێكى هه‌ڵبژاردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى و واى به‌كاردێنێت كه‌ به‌رگریى لێكردووه‌ و له‌پێناویدا سزاى توركیا ده‌دات. هه‌رچى توركیایشه‌ ئه‌وا له‌ هه‌روو سه‌ره‌كه‌وه‌ هه‌ر دۆڕاوه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ به‌ كراوه‌یى بهێڵێته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure