زمانه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 13/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لریاز
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

 

ژماره‌ى زمانه‌كان له‌ جیهاندا به‌ شه‌ش هه‌زار زمان مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، له‌و ژماره‌یه‌ 32%یان له‌ ئاسیا و 30%یان له‌ ئه‌فریقا و 19%یان له‌ ئۆقیانووسى هێمن و 15%یان له‌ ئه‌مریكاكان و 4%یشیان له‌ ئه‌وروپا-ن. له‌ڕاستیدا زۆربه‌ى ئه‌م زمانانه‌ یان ون بوون و دیارنه‌ماون یاخود به‌ره‌و ونبوون و دیارنه‌مان ده‌چن.

بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى تیاچوون و پووكانه‌وه‌ى زمانه‌كانیش، پێش حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆمپانیاى گوگڵ رایگه‌یاند پرۆژه‌یه‌كى هه‌یه‌ بۆ پاراستنى 3 هه‌زار و 500 زمانى هه‌ڕه‌شه‌له‌سه‌ر (ناوى نابوون ئه‌و زمانانه‌ى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى قڕبوون و فه‌نابوونیان له‌سه‌ره‌)، ئاماژه‌ى به‌وه‌یشدا بوو كه‌ پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامه‌ و ره‌نگه‌ چه‌ند گرێیه‌كى دوور و درێژ كاتى پێویست بێت.

 سه‌ره‌ڕاى مه‌ترسیى ئه‌م دیارده‌یه‌، به‌ڵام حاڵى زمانه‌كان و هه‌روه‌ها رێكخستنیشیان له‌ گۆڕه‌پانى ئینته‌رنێتدا جیاوازن. ئه‌وه‌تا به‌ پێى ئاماره‌كانى مانگى ته‌موزى رابردوو، له‌ نێوان شه‌ش هه‌زار زمانى مرۆڤدا ته‌نیا 500 زمانیان له‌ جیهانى ئینته‌رنێت-دان.. زمانى ئینگلیزى به‌ رێژه‌ى 51% له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌یه‌ و دواى ئه‌و زمانى روسى به‌ 6،7% دواى ئه‌ویش ژاپۆنى و ئینجا ئه‌ڵمانى و ئیسپانى و فره‌نسى و پورتوگالى به‌ڕیزبه‌ندیى یه‌ك به‌دواى یه‌كدا.. هه‌رچى زمانى عه‌ره‌بى-یشه‌ ئه‌وا له‌ پله‌ى شازده‌یه‌مین-دایه‌ و له‌ بوارى ئینته‌رنێتدا 0،8%ى تێنه‌په‌ڕاندووه‌ (ئه‌گه‌رچى ژماره‌ى عه‌ره‌ب تێكڕاى 5%ى دانیشتوانى جیهانه‌ و حه‌ڤده‌ هێنده‌ى هۆڵه‌ندایه‌ كه‌ له‌ پله‌ى سیازده‌دایه‌!!).

ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ واقیعه‌كه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ین كه‌ مه‌رجى سه‌ره‌كیى بۆ په‌یدابوونى زمانى نوێ، هه‌بوونى (جیاوازى و دابڕان)ى جوگرافى و شارستانیه‌ كه‌ بوار ده‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆبوونى و سه‌رهه‌ڵدانى زمانى نوێ و جیاواز. (له‌لایه‌نى به‌رامبه‌ردا) ئه‌مه‌ ماناى به‌رده‌وامى نێوان گه‌لانى جیهانه‌ (ژماره‌ى زمانه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌)، به‌هۆى ئاوێته‌بوون و توانه‌وه‌ و چوونه‌ناویه‌كترییانه‌وه‌. به‌درێژایى مێژووى ئاده‌میزاد وه‌ك ئه‌م رۆژ و سه‌رده‌مانه‌ زمانه‌كان هێنده‌ به‌خێرایى ئاوێته‌ و تێكه‌ڵى یه‌كتر نه‌بوون. چونكه‌ به‌خێرایى به‌ره‌و ده‌ركه‌وتنى زمانێكى یه‌كگرتووى جیهانیى ده‌ڕۆین ئه‌مه‌یش له‌ سایه‌ى عه‌وله‌مه‌ و كرانه‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌كه‌ و ئاسانیى گه‌شت و هاتوچۆدا..

ئینته‌رنێت به‌تایبه‌تى، له‌م كاته‌دا رۆڵێكى گرنگ و له‌هه‌مانكاتدا مه‌ترسیدار ده‌گێڕێت له‌ دیارده‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى زمانه‌كاندا.. چونكه‌ له‌ جیهانه‌ گریمانه‌ییه‌كه‌یدا زمانه‌كانى جیهان به‌خێراییه‌ك تێكه‌ڵ ده‌بن و به‌یه‌كداده‌چن كه‌ پێشتر رووینه‌داوه‌. به‌كارهێنه‌رانى ئه‌م تۆڕه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهان و له‌ 175 جۆر و ره‌گه‌زه‌وه‌ دێن و رۆژانه‌ داهێنانێك دێننه‌ كایه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیى و كۆمۆنیكه‌یشنى نێوانیان ئاسانتر ده‌كات.. تۆڕه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌كه‌ بووه‌ته‌ مه‌یدانى پێكدادان و تێكشكاندنى زمانه‌كان و پاشان دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌یان به‌ جۆرێك كه‌ پرۆسه‌ى په‌یوه‌ندیگرتنى نێوان ته‌واوى ره‌گه‌زه‌ جیاوازه‌كان ئاسان و ئاسانتر بكات و ته‌نانه‌ت ده‌كرێت بڵێین كه‌ ئینته‌رنێت ئامرازگه‌لى دیكه‌ى تازه‌ى له‌ ژیانماندا بۆ گوزارشتكردن زیادكردووه‌ كه‌ به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ به‌هه‌موو جیهاندا بڵاوه‌ و هه‌موان به‌ سانایى تێیده‌گه‌ن، ئه‌وه‌تا سیمبوله‌ كارتۆنیه‌كان كه‌ داهێنراوى ژاپۆنیه‌كانن (وه‌ك ده‌موچاوه‌ مۆن و پێكه‌نیناویه‌كان) و كه‌سێتیه‌ گریمانه‌ییه‌كان (كه‌ به‌تایبه‌ت له‌ پێگه‌كانى هه‌واڵه‌كاندا ده‌یانبینین) و زمانه‌ به‌رنامه‌ڕێژكراوه‌ هاوبه‌شه‌كان و پرۆتۆكۆلاته‌ یه‌كخراوه‌كان، ئه‌مانه‌ هه‌موویان ئامرازگه‌لى زمانى نوێن بۆ گه‌یاندنى فیكره‌ و زانیاریى كه‌ زمانه‌ گۆكراوه‌ جۆراوجۆره‌كانى جیهانیان تێپه‌ڕاندووه‌!!.  

هه‌موو ئه‌م چالاكییانه‌ خودى ئینته‌رنێتیان كردووه‌ به‌ زمانێكى نوێى جاڵجاڵۆكه‌یى كه‌ هیچ زمانێكى ته‌قلیدى ناتوانێت به‌ره‌نگاریى بكات و رووبه‌ڕووى بوه‌ستێته‌وه‌. هێنده‌ى به‌ربڵاویه‌كه‌ى و خۆسه‌پاندنه‌كه‌یشى، به‌شدار ده‌بێت له‌ له‌ناوبردنى زمانه‌ بچكۆله‌كاندا و وا له‌ زمانه‌ گه‌وره‌كانیش ده‌كات كه‌ به‌ لۆكاڵى بمێننه‌وه‌ یاخود هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ كۆتوبه‌ندكراوه‌ كۆنه‌كه‌یاندا بن!!.
 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure