سه‌ركرده‌ و مرۆڤ: جه‌مال عه‌بدولناسر

بۆچوون / بیروڕا :: 11/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
نه‌جیب مه‌حفوز-ى گه‌وره‌ ئه‌دیبى میسرى، بۆ ره‌جائـ ئه‌لنه‌قاش-ى وه‌رگێڕى گه‌وره‌ى گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێشتا رووداوه‌كانى رۆژى مردنه‌كه‌ى عه‌بدولناسر له‌ زیهنم-دا ماوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى دوێنێ روویدابێت. ئه‌و رۆژه‌، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م له‌ شارى ئه‌سكه‌نده‌رییه‌وه‌ گه‌ڕابووینه‌وه‌، هه‌ر كه‌ له‌ شێوكردن بووینه‌وه‌ دانیشتم بۆ سه‌یركردنى ته‌له‌فزیۆن و پێش ئه‌وه‌ى بخه‌وم بینیم كه‌ناڵى یه‌ك-ى ته‌له‌فزیۆن قورئان ده‌خوێنێت و كاته‌كه‌یش كاتى قورئان خوێندن نییه‌. گۆڕیم بۆ كه‌ناڵى دوو، سه‌یر ده‌كه‌م ئه‌ویش هه‌ر قورئانى له‌سه‌ره‌. ورده‌ ورده‌ كه‌وتمه‌ گومانه‌وه‌، غایه‌له‌ى زۆر و جۆراوجۆر به‌ بیرمدا ده‌هات، به‌ ژنه‌كه‌مم وت هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م قورئانخوێندنه‌ و له‌مكاته‌ نه‌گونجاوه‌دا شتێكى له‌پشته‌وه‌یه‌. كاتێكیش ژنه‌كه‌م بۆى روونكردمه‌وه‌ پێمگوت واى بۆ ده‌چم فه‌له‌ستینیه‌كان شاحسێن-یان كوشتبێت. ئه‌م بۆچوونه‌م له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و باره‌ نائاساییه‌ بوو كه‌ له‌ نێوان شاحسێن و فه‌له‌ستینیه‌كاندا ته‌قیبووه‌وه‌ له‌ دواى كوشتاره‌كانى ئه‌یلول، یان ئه‌وه‌ى به‌ (ئه‌یلولى ره‌ش) ناسراوه‌.

له‌و رۆژانه‌دا، خزمه‌تكارێكمان هه‌بوو ئیشى ماڵى بۆ ده‌كردین، ناردبوومان بۆ كڕینى هه‌ندێك پێداویستى، كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ پێیوتم: (سه‌رۆك مردووه‌). ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ گوێى لێ بووه‌ كه‌ خه‌ڵكى وایان وتووه‌. سه‌رسام بووم و دۆشدامام. خزمه‌تكاره‌كه‌م بێده‌نگ كرد و داوام لێكرد ئه‌م قسه‌یه‌ لاى كه‌س نه‌كات.

له‌ڕاستیدا قسه‌ى خزمه‌تكاره‌كه‌ له‌رزاندمى و له‌وه‌ ده‌ترسام راست بكات و له‌وه‌یش ده‌ترسام كه‌ ئه‌كه‌ر راست نه‌كات خێزانه‌كه‌م تووشى نه‌هامه‌تیه‌ك ببێت كه‌ نامانه‌وێت و لێى به‌رپرس نین. ئیتر ئاوا به‌ نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێوه‌ له‌به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌دا مامه‌وه‌ هه‌تا قورئانه‌كه‌ ته‌واو بوو و ئه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ ئه‌نوه‌ر سادات-ى جێگرى سه‌رۆك، به‌یاننامه‌یه‌ك بۆ نه‌ته‌وه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌. كه‌ سادات هاته‌ سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ به‌ ژنه‌كه‌مم وت: جه‌مال عه‌بدولناسر مرد!

من له‌ماڵه‌وه‌ بووم كه‌ ئه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا ئه‌نوه‌ر سادات له‌ دواى عه‌بدولناسر به‌رپرسیارێتیى ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرت. هه‌ردوو ده‌ستم دا به‌یه‌كدا و بڕوام نه‌كرد. به‌ ژنه‌كه‌مم وت: ئه‌م كابرایه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكى میسر؟!.

ئه‌گه‌رچى سادات تاقه‌ كه‌س بوو كه‌ له‌ ناو ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشدا، ئێمه‌ ده‌مانناسى، به‌ڵام به‌لامانه‌وه‌ كه‌سێكى خراپ و بێكه‌ڵك بوو. وامان دانابوو سادات له‌ دواى دواوه‌ى سه‌ركرده‌كانى شۆڕشى یۆلیۆ-یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ بۆ ساڵانێكى زۆر رۆڵێكى ئه‌وتۆى نه‌بوو به‌راورد به‌ عه‌بدولناسر و عه‌بدولحه‌كیم عامر و زه‌كه‌ریا محێدین و ئه‌لبه‌غدادى و كه‌ماله‌دین حسێن. یان به‌مانایه‌كى تر: سادات ئه‌ندامێكى (په‌ناگرتوو) یان (یه‌ده‌گ) بوو و به‌درێژایى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى عه‌بدولناسر هیچ پۆستێكى گرنگ و كاریگه‌رى وه‌رنه‌گرتبوو. بۆیه‌ كه‌ ئه‌مه‌ واكه‌وته‌وه‌، به‌لاى منه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى ناپه‌سه‌ندى و گه‌مژه‌یى بوو.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure