ئێران له‌ كه‌نارى نابووتبوونى بێئاوى-دا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئێران له‌ قۆناغى مایه‌پووچبوونى ئاو نزیكده‌بێته‌وه‌، قۆناغێك كه‌ ئه‌گه‌ره‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخه‌ ئاساییه‌كه‌ى وه‌ك مه‌حاڵ وایه‌. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاره‌زا سه‌ربه‌خۆكان ده‌یڵێن و عیسا كه‌لانته‌رى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى ئێران و سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌ و به‌رپرسى ژیاندنه‌وه‌ى ده‌ریاچه‌ى ورمێ-یش جه‌ختى لێده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشتر وه‌زیرى كشتوكاڵ-یش بووه‌ و تۆمه‌تبارى یه‌كه‌مى به‌فیڕۆدانى ئاو و په‌لكێشكردنى ئێرانه‌ به‌ره‌و قۆناغى ئیفلاسى ئاو.

ئاماره‌كان ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پاشه‌كه‌وتى ستراتیژیى ئاوى هه‌ڵگیراوى ئێران له‌ ماوه‌ى 9 گرێدا به‌ رێژه‌ى 90% كه‌میكردووه‌ و له‌ ماوه‌ى 4 گرێى رابردوودا ئێران 80%ى ئاوى له‌ده‌ستداوه‌. له‌م ساڵیشدا تێكڕاى ئاو له‌ 13 هه‌زار مه‌تر سێجاوه‌ كه‌میكردووه‌ بۆ هه‌زار و 400 مه‌تر سێجا. زیاتر 60%ى كۆگاى به‌نداوه‌كانى چۆڵن و له‌ نێوان 220 شارى گه‌وره‌دا 140 شاریان گیرۆده‌ى بێئاوییه‌كى توند بوونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ 298 پێده‌شتى به‌ پیت و فه‌ڕیشى بوونه‌ته‌ بیابانێكى بێروون.

ئه‌م ژمارانه‌ لایه‌نێكى قه‌یرانى ئاو له‌ ئێراندا ده‌رده‌خه‌ن كه‌ به‌گوێره‌ى گه‌ڕان و پشكنینه‌كان له‌ ماوه‌ى 10 ساڵدا قه‌یرانێكى نه‌گۆڕ و به‌رده‌وامى نێوان 10 قه‌یرانى گه‌وره‌ بووه‌ كه‌ تووشى ئێران بووه‌ و له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا چووه‌ته‌ ریزى پێشه‌وه‌ى لیستى قه‌یرانه‌كانى و ته‌نانه‌ت پێش قه‌یرانه‌كانى بێكارى و ئالووده‌بوون و گه‌نده‌ڵیى ئابورى و هه‌ژارى-یش كه‌وتووه‌.
 
له‌م باره‌یه‌وه‌ كه‌لانته‌رى ده‌ڵێت "دوژمنى سه‌ره‌كیى ئێران ئیسرائیل نییه‌، به‌ڵكو قه‌یرانى ئاوه‌". ره‌حیم سه‌فه‌وى راوێژكارى رابه‌رى ئێران بۆ كاروبارى ستراتیژیى، روونتر ده‌دوێت و ده‌ڵێت "چاره‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئاڵۆزى و شه‌ڕى گێڵگه‌كانى ئاو ئه‌گه‌ر ئێران ده‌رچه‌یه‌ك بۆ قه‌یرانى ئاو نه‌دۆزێته‌وه‌". زۆر كه‌س ئه‌م قسه‌یه‌ وا لێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ هۆشداریدانێكه‌ له‌وه‌ى به‌رپابوونى شه‌ڕى ناوخۆ له‌سه‌ر ئاو ده‌رگاى به‌ ئێران گرتووه‌.
له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى شه‌ڕى ناوخۆ له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ به‌ڵكو ژماره‌ و داتاكان ده‌یسه‌لمێنن. له‌ ماوه‌ى سێ گرێى رابردوودا سێیه‌كى خۆپیشاندانى ناڕه‌زایى له‌ ئێران ده‌رباره‌ى كێشه‌ى ئاو بوون. له‌ڕووى ژماره‌وه‌ گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانى ناڕه‌زایى بووه‌ له‌ چه‌ند گرێیه‌كى رابردووى ئێراندا. ئه‌هواز له‌ ساڵى 2016 گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانى تێداكرا دژى گۆڕینى ئاراسته‌ى رێڕه‌وى رووبارى كارون كه‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار كه‌س به‌شداریان تێدا كرد. زۆربه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى تایبه‌ت به‌ ئاو له‌ زۆربه‌ى كاته‌كاندا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ په‌لاماردراون و توندوتیژییان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. سه‌رژمێرییه‌ سه‌ربه‌خۆكراوه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانى كێشه‌ى ئاودا تائێستا 16 كه‌س كوژراون و سه‌دان كه‌سیش ده‌ستگیركراون.

ئه‌وه‌ى له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى ئێراندا له‌سه‌ر ئاو جێى سه‌رنجه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ خاڵێكدا چڕ نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو جیابوونه‌وه‌ و لێكترازانى له‌ جوگرافیاى ئێراندا دروستكردووه‌. له‌به‌رئه‌مه‌ پسپۆران له‌وباوه‌ڕه‌دان پرسى ئاو گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا رووبه‌ڕووى سه‌لامه‌تى خاكى ئێران ده‌بێته‌وه‌. ته‌ماشاكردنێكى خیراى دۆخى قه‌یرانى ئاو له‌ ئێران و په‌ره‌سه‌ندنى، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ به‌شى ئه‌وه‌ ده‌كات قه‌یرانێكى سه‌رتاسه‌ریى له‌ئێراندا بخوڵقێنێت. مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر له‌مه‌یشدا نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو قه‌یرانى ئاو بووه‌ته‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ندین قه‌یرانى تر كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆى (قه‌یرانێكى نائاسایى) یان (سۆپه‌ر ئاڵنگارى)یه‌كه‌.
 
قه‌یرانى ئاو بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانى كشتوكاڵ و وزه‌، به‌شێوه‌یه‌كى پێشترنه‌كراو بێنه‌ سه‌ر هێڵ و لیستێك به‌و به‌رهه‌مانه‌ بده‌نه‌ جوتیاران كه‌ نابێت بڕوێنرێن و ناشتنیان له‌ چه‌ندین ناوچه‌دا قه‌ده‌غه‌كران. ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ئه‌م ساڵ كشتوكاڵى هاوینه‌یان له‌ ئه‌هواز و ئه‌سفه‌هان و یه‌زد و كرماشان و جیلان و مازه‌نده‌ران و هه‌مه‌دان سنووردار كردووه‌، ئه‌مه‌یش واتاى بێبه‌شكردنى ئێرانه‌ له‌ هه‌زاران ته‌ن به‌روبوومى كشتوكاڵى و بێكارخستنى نزیكه‌ى 250 هه‌زار كه‌س له‌ وڵاتێكدا كه‌ خۆى تواناى رامكردنى ئه‌سپى تۆڕى بێكاریى نییه‌.

قه‌یرانى بێكاربوونى جووتیار و كشتیاران به‌هۆى قه‌ده‌غه‌كردنى كشتوكاڵ و وشكداهاتنى زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو، ده‌بنه‌ هۆى كۆچى فراوان له‌ گوند و لادێكانه‌وه‌ بۆ شاره‌كان و ته‌قینه‌وه‌ى كێشه‌ى دانیشتوان له‌ ده‌ورووبه‌رى شاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ناڕێكخراوى نایاسایى. (نیشته‌جێبوونى ناڕێكخراو) یه‌كێكه‌ له‌ سێ قه‌یرانى سه‌ره‌كى له‌ ئێران و (دایكى قه‌یرانه‌كان)ى وه‌ك ئالووده‌بوون و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بێبه‌شبوون له‌ خوێندن و به‌رپابوونى توندوتیژییه‌ له‌ شاره‌كاندا. ئه‌مانه‌ قه‌یرانگه‌لێكن كه‌ به‌هۆى وشكبوونى زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵیه‌كان و بێئاوى و كۆچكردن له‌ گونده‌وه‌ بۆ شار، سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و فراوان و فراوانتر ده‌بن. 

جگه‌ له‌وانه‌یش، قه‌یرانى ئاو قه‌یرانى ژینگه‌یى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌..چوار له‌ گه‌وره‌ترین ده‌ریاچه‌كان له‌ ئێران وشكبوون: ده‌ریاچه‌ى ورمێ له‌ ئازه‌ربایجانى خۆرئاوا و ده‌ریاچه‌ى فه‌لاحیه‌ و حوێزه‌ له‌ ئه‌هواز و ده‌ریاچه‌ى كاوه‌خۆنى له‌ ئه‌سفه‌هان و ده‌ریاچه‌ى هێرمه‌ند له‌ بلوشستان. هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌ بۆخۆى قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى ژینگه‌ییه‌ و بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى گه‌رده‌لوولى ته‌پوتۆزێكى زۆر و چڕ كه‌ نیوه‌ى ئێران ده‌گرێته‌وه‌. شه‌پۆله‌كانى تۆز و خۆڵبارین و نه‌خۆشیه‌ ترسناكه‌كان، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ تسونامیى شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشیه‌كانى كۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌دان و پێست، هۆكارى یه‌كه‌مى بزاڤه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌كانن و به‌لاى شاره‌زایانه‌وه‌ ده‌بنه‌ یه‌كێك له‌ هۆكار و كاریگه‌رییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ ریزبه‌ستنى هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ گه‌مه‌ى سیاسى ئێران-یشدا.

شاره‌زایان واى بۆده‌چن كه‌ شه‌ڕى ناوخۆ له‌ سه‌ر ئاو و پاشاگه‌ردانى و ئاڵۆزییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كارێكه‌ هه‌ر ده‌بێت رووبده‌ن و هیچ ده‌رچه‌یه‌كیان بۆ ده‌ربازبوون له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌و ناڕه‌زایه‌تى و خۆپیشاندانانه‌ى كه‌ موحه‌مه‌ڕه‌ و عه‌بادان له‌م ماوانه‌ى دواییدا به‌خۆیانه‌وه‌ بینیان و لانیكه‌م 5 كوژراویان له‌ڕیزى خۆپیشانده‌ران و به‌ گولـله‌ى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ره‌ها ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى شارى كازرۆن كه‌ كوژراوێكى به‌ده‌ستى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكه‌وته‌وه‌، ره‌نگه‌ نموونه‌گه‌لێكى سه‌ره‌تا و سه‌ره‌تایى بن بۆ سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و جه‌نگ و شه‌ڕانه‌. یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى كارى ئێران، له‌ وتارێكیدا له‌ یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كانى ئێران، ده‌رباره‌ى شه‌ڕى گشتگیرى سوریا، ئاماژه‌ى به‌م قه‌یرانى ئاوه‌ كردووه‌ و پێشبینیى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر دواكه‌وتنێكى ئێران له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كه‌دا، له‌و سیناریۆیانه‌ى ئێستاى سوریاى دوورناخه‌نه‌وه‌. عیسا كه‌لانته‌رى یاریده‌ره‌رى سه‌رۆكى ئێران بۆ كاروبارى ژینگه‌، به‌ ده‌نگێكى به‌رزتر ده‌ڵێت: "ره‌نگه‌ وه‌ختى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ نه‌مابێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ قۆناغى قه‌یرانه‌كه‌دا نین، به‌ڵكو چووینه‌ته‌ قۆناغى ئیفلاسى ئاوه‌وه‌". 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure