بۆ دووه‌م و سێیه‌مجار.. هه‌رێمى به‌سره‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌بۆنه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى قسه‌كردن ده‌رباره‌ى هه‌رێمى به‌سره‌ و دابه‌شبوونى بیروڕاكان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، ده‌زانین به‌سراوییه‌كان هه‌موو مافێكى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ پارێزراویى تایبه‌ت به‌خۆیان دابمه‌زرێنن له‌ چوارچێوه‌ى سنوورى ده‌وڵه‌تى عێراق یاخود له‌ ده‌ره‌وه‌یدا، دواى به‌باچوونى ئه‌و خه‌ونه‌ى كه‌ ریدێر فه‌سسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ ناونیشانى (به‌سره‌ و خه‌ونى كۆمارێكى كه‌نداو) باسى ده‌كات، یان ده‌وڵه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ندێك له‌ دێڕه‌كانى كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌. به‌سراوییه‌كان به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ ده‌ڵێن "عه‌یب نییه‌ به‌حره‌ین یان قه‌ته‌ر ده‌وڵه‌تبێت و ئێمه‌ نا؟". ئه‌مه‌ له‌ نائومێدییه‌كى ئاشكراوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ڕێوه‌بردنێكى خراپ و پشتگوێخستنێكى به‌ئه‌نقه‌ست كه‌ شاره‌كه‌ پێوه‌ى گیرۆده‌ بووه‌ هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ى هاتووه‌ته‌ مێژووه‌وه‌ هه‌تا رۆژى ئه‌مڕۆ، ئه‌و شاره‌ى كه‌ هه‌موو عێراقى پێوه‌ ده‌ناسرایه‌وه‌.

 ئه‌وه‌ى زیاتر بیرۆكه‌ى هه‌رێم لاى به‌سراوییه‌كان هانده‌دات، هه‌ستكردنیانه‌ به‌وه‌ى شاره‌ كه‌نداوییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌یان هه‌روا به‌ پشتگوێخراوى ماوه‌ته‌وه‌ و زۆر له‌ هاوشانه‌ كه‌نداویه‌كانى خۆى دواكه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئابوورییه‌كه‌ى هه‌موو عێراق ده‌ژێنێت. ئه‌م هه‌سته‌ به‌رده‌وام دنه‌ى دوورمه‌وداى گیانى بیرى جیابوونه‌وه‌ ده‌دات، ئه‌گه‌ر به‌سراوى هه‌ست به‌ ته‌واوى ژیانى خۆى نه‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى له‌ كتێبه‌ مێژووییه‌كانیشدا باس ده‌كرێت هێنده‌ى تر ئازاره‌كانى زیاتر ده‌كات. له‌ ویلایه‌تى دادود پاشادا، كازم ئاغا كه‌ به‌سره‌ى به‌ ده‌سته‌وه‌ بووه‌، نامه‌یه‌ك بۆ وه‌زیر له‌ به‌غدا ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێت ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رزه‌ى شێخ جابر ئه‌لسوباح بۆ ده‌وڵه‌تى پایه‌بڵند(عوسمانى)ى كردووه‌ شایانى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاڵایه‌كى سه‌وزى به‌ دیاریى بده‌ینێ و به‌ مووچه‌یه‌كى ساڵانه‌ى سه‌دوپه‌نجا باره‌ خورماى به‌سره‌ دابمه‌زرێت (بارێك یه‌كسان بووه‌ به‌ 231 ته‌ن). ئه‌مه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ بوو كه‌ هه‌تا ساڵى 1860 ى زایینى به‌رده‌وام بووه‌، به‌و پاساوه‌ى كه‌ شێخ و سه‌ربازه‌كانى، شاره‌كانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ له‌ هێرشه‌كانى عه‌ره‌ب و بیایاننشینه‌كان ده‌پارێزن. بێگومان ئه‌وه‌یش ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م بڕه‌ له‌ هه‌وڵ و ماندووبوون و عه‌ره‌قى جووتیاران و كشتیاره‌ به‌سراویه‌كان ده‌سه‌نران بۆ ئه‌وه‌ى بدرێت به‌ فڵان شێخ و فیسار فه‌رمانڕه‌وا.

پێده‌چێت سیاسه‌تى به‌غدا و حكومه‌تى فیدراڵى تا ئه‌مڕۆیش هه‌ر به‌هه‌مان ئاراسته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كه‌ و دانیشتوانه‌كه‌یدا بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌تا به‌سره‌ كه‌ به‌ دڵى ئابوریى عێراق داده‌نرێت و زیاتر 90%ى بوون و قه‌واره‌ى دابین ده‌كات، هێشتا هه‌ر په‌راوێز و پشتگوێ خراوه‌ و گیرۆده‌ى چه‌ندین قه‌یرانى له‌ ژماره‌نه‌هاتوو بووه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ده‌ست گه‌رما و شێى كه‌شوهه‌واكه‌یه‌وه‌ داخ و كڵۆڵ بوون و دانیشتوانه‌كه‌ى به‌ نه‌دارى و هه‌ژارى و بێبه‌شى دۆشداماون. له‌كاتێكدا سووته‌مه‌نییه‌كه‌ى ده‌برێت بۆ وێستگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ كه‌چى خۆى به‌ده‌ست خراپیى كاره‌باكه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. شار بووه‌ته‌ كۆگاى گردبوونه‌وه‌ى پاشه‌رۆ و پاشماوه‌كانى نه‌وت و ئاوه‌ڕۆى پارێزگاكانى ژوور خۆیى تێده‌ڕژێت، چونكه‌ زۆربه‌ى شاره‌كان تۆڕه‌كانى پاكژكردنه‌وه‌ى ئاویان تێدا نییه‌، ئیتر سوێراو و خوێ جۆراوجۆره‌كان و پاشماوه‌ و پاشه‌رۆكان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى كۆده‌بێته‌وه‌ و بڵێسه‌ى گڕ و دووكه‌ڵى جۆراوجۆریش ئاسمانه‌كه‌یى ته‌نیوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ى جۆره‌ها نه‌خۆشى و ده‌رد و به‌ڵا-ن، بێئه‌وه‌ى هیچ شتێكى له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ربگرێت.

به‌سراویه‌كان بڕوا به‌ نیازى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ئه‌نجومه‌ن ناكه‌ن كه‌ ده‌نگیان بۆ هه‌رێم داوه‌ چونكه‌ ئه‌وانیش به‌شێكى كاراى به‌شداربووى وێرانكردنى شاره‌كه‌ن له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابردوودا. ناكرێت بخرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوكێشه‌ى وێرانه‌ییه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ ئاستى بڕوا و متمانه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ به‌ نۆره‌ كورسیى پارێزگا و ئه‌نجومه‌نیان پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردووه‌. 
ئه‌وان له‌وپه‌ڕى باشییاندا هیچ نین و هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ برغویه‌كى بچووكى ناكارا، ئه‌گه‌ر شوێنكه‌وته‌ و ملكه‌چبوویه‌كى عه‌ڕابه‌كانیان نه‌بووبن له‌ مه‌كینه‌ى بڕیاردان له‌ به‌غداوه‌. حزبى ده‌عوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌ن و له‌ ره‌وت و له‌ فه‌زیله‌ و له‌ عێراقیه‌ و ئه‌وانى تریش باشتر نه‌بوون. بۆیه‌ لاى به‌سراویه‌كان، ئه‌وان هه‌موویان به‌شدارن له‌ گه‌یشتنى شاره‌كه‌ به‌م دۆخه‌ى ئێستا تێیدایه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ پرسیاره‌ باو-ه‌كه‌ بكه‌ین و بڵێین: ئه‌ى باشه‌ چار چییه‌؟ ده‌ڵێین چاره‌سه‌ر دامه‌زراندنى هه‌رێمه‌ به‌ڵام له‌سه‌رده‌ستى ئه‌مانه‌ نا كه‌ خۆیان خودى كێشه‌كه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure