قه‌ڵه‌وكردنى نێچیره‌ كوردییه‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌و شانده‌ى كوردى سوریا كه‌ چووه‌ دیمه‌شق و له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌یدا وتووێژى كرد، نوێنه‌رایه‌تیى (یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد)ى كرد، واتا ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ واشنتۆن سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات و به‌ چه‌كى ئه‌مریكى چه‌كداركراون و له‌ ژێر رووپۆشى هه‌وایى ئه‌مریكا له‌ باكورى سوریا دێن و ده‌چن و واشنتۆن نایه‌ڵێت ئه‌نقه‌ره‌ له‌ناویان به‌رێت! بۆیه‌ ئایا ده‌كرێت بۆ ساتێكیش بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌م وه‌فده‌ به‌بێ هه‌ڵكردنى چراى سه‌وزى ئه‌مریكا سه‌ردانى دیمه‌شق-ى كردبێت؟ زانیارییه‌ دزه‌كردووه‌كان ده‌ڵێن شانده‌كه‌ به‌ ئامۆژگاریى ئه‌مریكا ده‌رباره‌ى سروشتى ئه‌و پرس و مه‌سه‌لانه‌ چووه‌ته‌ دیمه‌شق كه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ رژێمدا باسیان بكات. كه‌واته‌ ئه‌مریكا به‌ هه‌نگاوه‌كه‌ رازییه‌، ئه‌مه‌یش ئه‌نجامگیرى نییه‌ به‌ڵكو شتێكى ئاسایى و به‌ زانیاریى سه‌لمێنراوه‌.

مه‌سه‌له‌كه‌ زۆر مانا ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌تا واشنتۆن هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێداگریى له‌سه‌ر گوتارى داننه‌نان به‌ (شه‌رعیه‌ت)ى رژێمى سوریا، له‌ولاوه‌ هه‌نگاوى مه‌یدانیى ناوه‌ بۆ كرانه‌وه‌ى به‌ زیاتر له‌ ئاراسته‌یه‌ك، به‌ روویدا. له‌ باشورى سوریا (هاوپه‌یمان)ه‌ مه‌یدانیه‌كانى خۆیى له‌سه‌ر پێویستیى چۆڵكردنى مه‌یدانه‌كه‌ بۆ هێزه‌كانى رژێم راسپاردووه‌ و پێیڕاگه‌یاندوون كه‌ له‌گه‌ڵیاندا نابێت ئه‌گه‌ر بڕیارى به‌ره‌نگارى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ بده‌ن. (هاوپه‌یمانه‌كانى واشنتۆن) به‌ پاسه‌ (سه‌وز)ه‌كانى رێژێم كشانه‌وه‌ بۆ ئیدلب. ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى ئاشكراى نێوان واشنتۆن و رژێمى دیمه‌شق-دا ئه‌نجام نه‌درا، به‌ڵكو له‌ چوارچێوه‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌یه‌كى رانه‌گه‌یه‌نراودا بوو كه‌ ویستێكى زۆرى ئاشكراكرد بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ قوربانیه‌كه‌. 

ئه‌مڕۆ رۆڵى باكورى سوریا دێت و له‌وێ (قه‌ڵه‌وكردنى نێچیره‌كه‌) به‌شێوه‌یه‌كى باشتر كرا. واشنتۆن وه‌هم و خه‌یاڵپڵاوێكى زۆرى له‌و ناوچه‌یه‌دا چاند و پێویسته‌ ئه‌مڕۆ كورده‌كان مامه‌ڵه‌یه‌كى واقیعیانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌دا بكه‌ن. ئه‌و شانده‌ى كه‌ سه‌ردانى دیمه‌شق-ى كرد و به‌هۆى دیدارى به‌رپرسه‌كانیانه‌وه‌ (لیژنه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌كان و پێشخستنیان)ى لێوه‌ پێكهێنران، هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دیمه‌شق رازیبووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوشانێكى خۆیدا دابنیشێت، ئه‌مه‌یش وه‌هم و خه‌یاڵێكى به‌فیڕۆچووه‌، چونكه‌ رژێم به‌ هیچ هاوبه‌شییه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌ ناوخۆیى و لۆكاڵه‌كاندا رازیى نابیت. واشنتۆن-یش له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ گه‌مارۆدانى تاران له‌ سوریا، هه‌رچییه‌ك ئاره‌زووى بكات ده‌یدات. ئه‌مڕۆیش (گه‌ردنى كورده‌كان) دیاریى دووه‌مه‌ دواى ئه‌وه‌ى پێشتر گروپه‌كانى درعا دیاریى یه‌كه‌م بوو.

واشنتۆن به‌ كورده‌كانى وت: قه‌یناكات..بڕۆن بۆ دیمه‌شق و له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌یدا دانوستان بكه‌ن. ئه‌مه‌یش له‌ سایه‌ى بزه‌یه‌كى زه‌ردى توركیادا بووه‌. كه‌واته‌ ئه‌ركى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى فیدراڵیه‌ كوردیه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ستى پێكرد كه‌ خۆى چاودێر و سه‌رپه‌رشتیى كردووه‌، ئه‌ویش واشنتۆن-ه‌. بۆیه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان زۆر زیاتر نه‌رمى ده‌نوێنێت له‌ دانوستانه‌كانى ئیدلب دا. تاقه‌ مه‌رجى واشنتۆن گه‌مارۆدانى نفوزى ئێران-ه‌ و ئه‌نقه‌ره‌-یش درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ كارێكى ناواقیعیه‌ و رژێم له‌ پشته‌وه‌ له‌ تاران نادات به‌ڵكو له‌گه‌ڵیدا و پێكه‌وه‌ ئیداره‌ى وه‌همه‌كانى واشنتۆن ده‌ده‌ن و ئینجا یه‌كبه‌دواى یه‌كدا نه‌یاره‌ بچووكه‌كانى له‌ناو ده‌بات. له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ كورده‌كان نێچیره‌كه‌ى ئه‌مڕۆن، ئه‌وا قه‌یناكات و ده‌كرێت ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌رامبه‌ریاندا باج له‌ ئیدلب بدات.
هیچ شتێك بۆ نه‌یارانى رژێم له‌وه‌ باشتر نابێت، به‌ هه‌موو گروپ و كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌ سورییه‌كانه‌وه‌، كه‌ هه‌موویان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خۆیان رابگه‌یه‌نن و خۆیان بده‌نه‌ ده‌ستى قه‌ده‌ر. وه‌همه‌كه‌ى كورد به‌ دروستكردنى په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ رژێم بۆ ئیداره‌دانى (فیدراڵیه‌تى باكور) له‌ خۆكوشتنه‌وه‌ نزیكتره‌. ئه‌و قسه‌یه‌یش كه‌ ده‌ڵێت (كورده‌كان دۆستیان نییه‌...) ئه‌مڕۆ بۆ كوردى سوریا زۆر راستتره‌ وه‌ك له‌وه‌ى جاران كورده‌كانى عێراق به‌خۆیان ده‌وت. 
توركیا دوژمنه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌یانه‌ و رژێمى سوریایش هه‌رگیز نابێته‌ دۆستیان، په‌یوه‌ندییش له‌گه‌ڵ واشنتۆن به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ده‌ستبه‌رداربوونێكى تراژیدیانه‌ بێت، ئاماژه‌كانى ئه‌مه‌یش له‌ عه‌فرین ده‌ركه‌وتن و ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆیش به‌شى دووه‌مى له‌ دیمه‌شق ده‌بینین.

كورده‌كان له‌ هه‌ر چوار لایانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ى واشنتۆن نین. له‌ سوریا و عێراق و توركیا و ئێران، ئه‌وان خاوه‌نى مافن و قوربانیى رژێمانێكن كه‌ كوشتوونى و خه‌ون و ئاواته‌كانى سڕیوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام رزگاربوونیان به‌ ده‌ستى واشنتۆن نابێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستى دۆناڵد تره‌مپ نابێت. واشنتۆن له‌سه‌رده‌مى ئه‌م كابرایه‌دا ده‌بێته‌ پێنجه‌مین ده‌وڵه‌ت بۆ له‌ناوبردنى ئاوات و ئامانجه‌كانى كورد.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure