بریتانیا و (نه‌فره‌ت)ى ئه‌وروپا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

نه‌فره‌تى ئه‌وروپا له‌ كۆڵ سیاستمه‌داره‌ بریتانیه‌كان نابێته‌وه‌. نه‌فره‌ت، له‌دایكبووى ئه‌م كات و ساته‌ نییه‌. ئایدیۆلۆژیاى نه‌فره‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌رخه‌ دێرینه‌ مێژووییه‌كان. بۆ ئه‌و رۆژانه‌ى كه‌ پێشبڕكێ بوو له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى و رابه‌ڕایه‌تیكردنى ئه‌وروپا و له‌سه‌ر داگیركردن له‌ ئه‌مریكا و ئه‌فریقا و ئاسیا. ئه‌و رۆژانه‌ى كه‌ كه‌شتیگه‌لى ئیمپراتۆریه‌ت ده‌ریاكانى ده‌بڕى و ده‌كه‌وته‌ شه‌ڕى دژى فره‌نسیه‌كان و ئیسپانیه‌كانه‌وه‌. ئه‌و رۆژانه‌ى كه‌ جیهان له‌ نێوان ركابه‌ره‌كاندا دابه‌شده‌كرا. دوو جه‌نگه‌ جیهانییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ململانێ و كێبڕكێیه‌ بوون. یه‌كه‌میان به‌هۆى ترسى یه‌كخستى ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن بسمارك-ه‌وه‌، بوو. دووه‌میشیان به‌هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌یماننامه‌ى ڤێرساى-یه‌وه‌ بوو له‌لایه‌ن هیتله‌ر-ه‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى نوقمى هه‌ژاریى كردبوو، هه‌روه‌ها رێبازیى فراوانخوازییانه‌ و په‌لهاویشتنى بۆ كیشوه‌ره‌كه‌ و ده‌ره‌وه‌ى كیشوه‌ره‌كه‌یش و ئینجایش ملنانى به‌ره‌و ململانێ له‌سه‌ر ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، له‌مه‌یشدا پشتى به‌و توندڕه‌وییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ست كه‌ له‌و رۆژانه‌دا سه‌ریهه‌ڵدابوو. 

سیاسه‌تمه‌دارێكى ئینگلیز ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌بوایه‌ ئێستا ئێمه‌ به‌ ئه‌ڵمانى قسه‌مان ده‌كرد. واتا ملكه‌چى هیتله‌ر ده‌بوون و به‌شداریى داگیركاریه‌كانیان ده‌كرد و جیهانیان تاڵان ده‌كرد. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت خۆڕاگریى له‌نده‌ن له‌ دوو جه‌نگه‌كه‌دا به‌هۆى ئه‌مریكا و هاوكاریكردنیه‌وه‌ بووه‌ له‌ دژى دوژمنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌.

ئه‌مه‌ به‌شێكى كه‌مى پاشخانى ئایدیۆلۆژیاى بریتانیایه‌ له‌ دژى ئه‌وروپا. دژ و دوژمنایه‌تییه‌ك كه‌ ته‌نیا هه‌ر راستڕه‌وه‌كان نه‌یانكردووه‌، به‌ڵكو چه‌په‌كانیش هه‌مان ئایدیۆلۆژیایان هه‌بووه‌. له‌ په‌نجاكاندا كاتێك بازاڕى هاوبه‌شى ئه‌ورپا دامه‌زرا شانشینه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى نیمچه‌ ته‌واو ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا به‌شداربێت. له‌سه‌ره‌تادا هارۆڵد ویڵسۆن سه‌ره‌ك وه‌زیرانى ئه‌وسا كه‌ له‌ پارتى كرێكاران بوو، له‌ دژى بوو، دواتر ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر دا. له‌ هه‌شتاكانیشدا، مارگرێت تاچه‌ر سه‌ره‌ك وه‌زیران كه‌ له‌ پارتى پارێزگاران بوو، ده‌یگوت "سنوورى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت كه‌مناكه‌ینه‌وه‌ تا ده‌سه‌ڵاتێكى تازه‌ له‌ برۆكسیل-ه‌وه‌ خۆیمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت". ئه‌مه‌یش یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌دانى دابه‌شبوونى پارتى پارێزگاران و هه‌روه‌ها ده‌ركردنى له‌ ده‌سه‌ڵات.  

ئه‌مڕۆیش تیریزا مه‌ى له‌ شه‌ڕێكى تونددایه‌ له‌گه‌ڵ نه‌یارانى ئه‌وروپا كه‌ ره‌نگه‌ به‌ ده‌ركردنى خۆى له‌ ده‌سه‌ڵات، كۆتایى بێت. چونكه‌ راستڕه‌وى پێداگرى جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا چووه‌ته‌ به‌ره‌ى باڵى چه‌په‌ تونده‌كانى ناو پارتى كرێكاران به‌ سه‌رۆكایه‌تى جێریمى كۆربن. هه‌ڵوێستى كۆربن-یش تازه‌ نییه‌، پێش ئه‌ویش هه‌ر یه‌ك له‌ مایكل فۆت و تۆنى بین سه‌ركرده‌ كرێكاریه‌كانى حه‌فتاكان و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوویش له‌ كه‌سه‌ زۆر توندترینه‌كانى نه‌یارى بازاڕى هاوبه‌ش و پاشان یه‌كێتى ئه‌ورپایش بوون.

سه‌باره‌ت به‌ راستڕه‌وى بریتانیا، ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وروپایى نین، ئه‌گه‌رچى كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌م كیشوه‌ره‌ دێرینه‌وه‌. به‌ڵكو ئه‌وان له‌م رووبه‌ره‌ جوگرافیه‌ گه‌وره‌ترن. هه‌موو جیهان شوێن و بوارى چالاكیى رۆشنبیرى و بازرگانیى ئه‌وانه‌. له‌ راستیدا، په‌یوه‌ندییان به‌ (رۆڵه‌ ئه‌مریكیه‌كانیانه‌وه‌) و له‌رێى ئۆقیانووسه‌وه‌ و به‌ سوپا و نفوزیانه‌وه‌، سه‌ره‌كیتره‌ نه‌ك به‌ ئه‌وروپاوه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێت دژى پێشنیاره‌كه‌ى برۆكسل بێت كه‌ داواى دامه‌زراندنى سوپایه‌كى تایبه‌تى ئه‌وروپا ده‌كات. هه‌روه‌ها پێداگریى بكات له‌ مه‌سه‌له‌ى ده‌رچوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌ و بازرگانیكردنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ (هه‌موو جیهان)دا به‌بێ ئه‌و كۆتوبه‌نده‌ یاساییانه‌ى كه‌ كۆمسیۆنى ئه‌وروپا ده‌یانسه‌پێنێت. له‌وانه‌یش یاساكانى ئازادیى هاتوچۆ و كار و مافى كرێكاران و كۆچبه‌ران و خزمه‌تگوزاریه‌كان. له‌م هه‌ڵوێسته‌یشیدا پشتگیرییه‌كى بێ سنوورى له‌ سه‌رۆك تره‌مپ-ه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پشتیوانیه‌كانى خۆیى بۆ ئه‌و سیاستمه‌دارانه‌ نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆر و زیاتر دژایه‌تى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، وه‌ك بۆریس جۆنسۆن-ى وه‌زیرى پێشووى ده‌ره‌وه‌ و نیگل فاراج-ى سه‌ركرده‌ى توندڕه‌وى راستڕه‌و. هه‌روه‌ك بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌ هه‌موو گه‌لى بریتانیا خۆشیانده‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ له‌نده‌ن وتى.

ئه‌و گفتوگۆ و بێنه‌وبه‌ره‌یه‌ى له‌ نێوه‌نده‌ میدیایى و سیاسى و ئه‌كادیمیه‌كانى شانشینى یه‌كگرتوودا ده‌كرێن و هه‌روه‌ها راپرسییه‌كه‌ى ساڵى 2016 كه‌ سه‌ركه‌وتنى نه‌یارانى ئه‌ورپاى لێكه‌وته‌وه‌، هیچ نین بێجگه‌ له‌ به‌رده‌وامى و درێژه‌پێدانى ئه‌و مشتومڕه‌ى كه‌ زیاتر له‌ په‌نجا ساڵه‌ له‌م نێوه‌ندانه‌دا هه‌یه‌. دروشمه‌ به‌رزكراوه‌كانى بریتین له‌: سه‌روه‌رى و سه‌ربه‌خۆیى و جیهانێتى و كرانه‌وه‌ى بازرگانى به‌ڕووى هه‌موو جیهاندا. هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ ئایدۆلۆژیاى ئیمپراتۆریه‌تى بریتانى كه‌ ره‌گ و ریشه‌ى له‌ ناو زۆرینه‌ى راستڕه‌وه‌كان و هه‌ندێك له‌ چه‌پڕه‌وه‌كانیشدا داكوتاوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure