چى گه‌یشته‌ به‌سره‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

گاڵته‌ و سووكایه‌تیپێكردن و خۆشحاڵبوون به‌ په‌ژاره‌ و كۆڤانى ئه‌وانى تر، له‌ شته‌ هه‌ره‌ناشیرینه‌كانى ژیانن. ته‌نیا ئه‌وانه‌ ده‌یكه‌ن كه‌ دووڕوو و چاوچنۆك و پووله‌كین، ئه‌مانه‌یش ئه‌وپه‌ڕى خراپه‌كاریى و باوكى هه‌موو خراپه‌كارییه‌كانن كه‌ یه‌كه‌میان ئیره‌یى و حه‌سوودییه‌.

پێش چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ره‌كیترین ناونیشانى رۆژنامه‌كانى كوه‌یت بریتى بوون له‌ گه‌یشتنى باره‌ نه‌وت و ئاوى شیرین و سازگار و خۆراك بۆ به‌سره‌!.
  
ساڵى 1961 عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆكه‌ تاقانه‌كه‌، له‌ ئاماژه‌یه‌كدا وتى "ئه‌و پارچه‌یه‌ى پارێزگاى به‌سره‌ كه‌ ناوى كوه‌یت-ه‌". له‌ خوا به‌زیاد بێت كه‌ ئه‌م پارچه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و نه‌ریتى قاسم و خه‌ونه‌كانى سه‌دام رزگاریى بوو بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق به‌ڕێوه‌ببات و ئاو بگوازێته‌وه‌ بۆ وڵاتى نێوان دوو رووبار!. ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كى ئه‌وپه‌ڕى گاڵته‌جاڕ و كاره‌ساتباریى مێژووى ره‌فتارى كاره‌ساتئامێزى عه‌ره‌بیه‌. 

مرۆڤ تێده‌گات، ئه‌گه‌ر خۆى بیه‌وێت تێبگات، كاتێك عه‌بدولناسر چاوى بڕیبووه‌ نه‌وتى كه‌نداو له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ میسر له‌مێژووى خۆیدا سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانى كه‌م و ده‌گمه‌ن بووه‌، به‌ڵام عێراق به‌ نه‌وت و ئاو و پیت و فه‌ڕى خۆیه‌وه‌ بۆچى حه‌سوودى به‌ كوه‌یت به‌رێت؟ بۆچى ده‌ستى دوژمنایه‌تى بۆ سڕینه‌وه‌ى دراوسێكه‌ى درێژ بكات؟ بۆچى سه‌روه‌ریى بزڕێنێ و گومان بخاته‌ سه‌ر شه‌رعیه‌تى و داگیرى بكات و خه‌ڵكه‌كه‌ى بكات به‌ په‌ند؟ له‌ خوا به‌زیاد بێت كه‌ كوه‌یت به‌ سه‌ربه‌ستى مایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌هاناى به‌سره‌-وه‌ بچێت. هیوادارم ئه‌مه‌ گاڵته‌ و پێخۆشحاڵبوون نه‌بێت.

به‌ڵام ئه‌مه‌ چییه‌ كه‌ به‌ به‌رچاوى عه‌ره‌ب-ه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت كه‌چى نایبینن؟! ئه‌ى ئه‌م "پارچه‌یه‌ى پارێزگاى به‌سره‌ كه‌ ناوى كوه‌یت-ه‌" چییه‌؟ كه‌ له‌ ساڵى 1961 ه‌وه‌ له‌ ریزى ده‌وڵه‌ته‌ به‌ڕێزه‌كانى جیهاندایه‌ و سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى به‌ سه‌رى هاتووه‌ ئێستا ئاوى سازگار بۆ به‌سره‌ ده‌نێرێت؟ ئه‌و به‌سره‌-یه‌ى گه‌نده‌ڵى پرزه‌ى لێبڕیوه‌ و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى به‌غدا وێرانیان كردووه‌. ده‌وڵه‌تێك له‌نێوان بژارده‌كانى عه‌بدولكه‌ریم قاسم و سه‌دام حسێن-دا، دراوسێیه‌كى بچكۆله‌ كه‌ زامه‌كانى عێراق و كاره‌ساته‌كانى ده‌رمان ده‌كات و وه‌ك هه‌میشه‌یش به‌رده‌وامه‌ له‌ بونیاتنان و رێزگرتنى خۆى و نه‌ته‌وه‌كانى تر یش.

له‌وه‌ ده‌چێت هه‌موو شته‌كان له‌م كاته‌دا پێكه‌وه‌ هه‌م پێكه‌نیناوى و هه‌م گریاناوى و هه‌م تۆقێنه‌ریش بن. جه‌ماوه‌ر به‌ دواى عه‌بدولكه‌ریم قاسم و عه‌بدولسه‌لام عارف-دا ده‌ڕۆیشتن، ئه‌وانیش هه‌رچییان بویستایه‌ وێرانیان ده‌كرد، ئینجا ده‌كه‌وتنه‌ كوشتنى یه‌كترى، پاشان عێراق له‌ ده‌ریاى خوێن و زیندانى و هه‌ڵواسین و جه‌نگه‌كاندا ون ده‌بوو و دواتر له‌ناوبردنى هاوڕێیان/تصفیه‌ الرفاق به‌ ده‌ركردن یان به‌ كوشتن ده‌ستى پێده‌كرد. له‌نێوان قۆناغى (باوكه‌) ئه‌حمه‌د حه‌سن ئه‌لبه‌كر و سه‌دام و هه‌وڵدانى زۆر بۆ تیرۆركردنى قاسم، عێراق به‌ره‌وپێشچوونێكى پیشه‌سازى و ئابورى و خوێندنى واى به‌خۆوه‌ بینى كه‌ نه‌ پێشتر و نه‌ دواتریش، شتى واى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. 

وه‌ك چۆن قاسم له‌ناوبردنى دوژمنه‌كانى خۆیى به‌ كورده‌كان ده‌ست پێكرد، سه‌دام-یش هه‌ر به‌وان ده‌ستى پێكرد و ئینجا چووه‌ سه‌ر ئه‌وانى تر. بۆ ئێران ده‌رپه‌ڕى پاشان بۆ كوه‌یت ده‌رپه‌ڕى و هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ سعودیه‌ و ئیمارات-یش كرد. جه‌ماوه‌ریش به‌دوایه‌وه‌ دروشم و هوتافى دژى كۆنه‌په‌رستیى عه‌ره‌بى-یان ده‌وته‌وه‌! كۆنه‌په‌رستیى عه‌ره‌بییش له‌ چوارچێوه‌ى سنووره‌كانى خۆیدا ده‌وڵه‌تانى خۆیان بونیاتده‌نێن و ده‌رفه‌تى ژیان بۆ گه‌له‌-كانین ده‌ڕه‌خسێنن به‌جۆرێكى وا كه‌ هیچ گه‌لێكى دیكه‌ى سه‌ر زه‌وى شتى وایان بۆ نه‌كراوه‌.

كۆنه‌په‌رسته‌، به‌ڵام كۆنه‌په‌رستییه‌كى بێ هه‌ژاریى و بێ ریسوایى و بێ زیندانى و بێ وێرانه‌یى و بێ قسه‌ى شێتانه‌ى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ دۆڵێكى چۆڵدا بكێشیت به‌ پارچه‌ مسێك-دا. ئومێده‌وارم ئه‌مه‌ گاڵته‌ و سووكایه‌تى نه‌بێت. به‌و هیوایه‌ى عێراق خۆى بێت و خۆى بگێڕێته‌وه‌ و وڵاتى نێوان دوو رووبار پێویستى به‌ ئاو و نه‌وتى كه‌س نه‌بێت!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure