ئینتەرررنێت!

بۆچوون / بیروڕا :: 26/07/2018

نووسینی: عاسم جهاد
سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

دوای ساڵانێك ئالوودەبوون پێوەی، لەناكاو و بەبێ‌ كاتێكی دیاریكراو ئینتەرنێت پچڕا! ژیانی مرۆڤ لەلامان تێكچوو و دۆخی لاوان و خەڵك شڵەژا و داوەكە و چۆلەكەكە پێكەوە بزر بوون!. 


بەڵێ‌ نێت بڕا و لەگەڵیدا ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانەیش بڕان كە بە خۆشی و خوانەخواست بە ناخۆشییانەوە، پێمانخۆش بوون یان پێمانناخۆش بوون. هەموو ئەمانەیش دوای ئەوەیە كە نێت ئەم جیهانە گەورەیەی كردبووین بە "گوندێكی بچكۆلە!".

(كێبڵ)ی نێت پچڕا.. یان پچڕێنرا؟.. بەدەستێكی بكەری دیار یان لە دژی نادیارێك تۆماركراوە! گرنگ ئەوەیە هۆكارەكان زۆر و جۆراوجۆرن بەڵام (بڕینە بەرنامە بۆ داڕێژراوەكە) یەكێكە. نێت بڕا و خەریك بوو لەگەڵیدا گیانی زۆر كەسیش دەربچێت و ببڕێت كە پێوەی ئالوودە بوون یان شێت و شەیدای بووبوون!. لەبەرئەمە نەبوونی نێت یان (زەوتكردن)ی لێمان.. هەندێك كەسی والێكرد كە بەیاننامە دەربكەن و هەموویشیان بە یەك رستە دەست پێبكەن: خەڵكینە.. چی بكەین و چار چییە؟.

ئێوە بن چی دەكەن دوای ئەوەی بێبەشكران لە شتێك كە ئالوودەی بوون و سەرقاڵی كردوون؟! لەمڕۆ بەدواوە نە یاهوو و نە فەیس و نە تویتەر و نە ڤایبەر و نە وەتسئاپ و نە سناپچات نییە... ئەی ئیتر لەمڕۆ بەدواوە رووی خەمبار و گرژومۆنتان دەكەنە كوێ‌؟!.

بەڵام عاشقانی پەیوەندییە (خۆڕاییەكان)ی ڤایبەر و وەتسئاپ و فەیس و سكایپ، دڵتەنگتر و خەمبارتر بوون.. ئەمەیش بەهۆی بێبەشبوون و لەدەستدانی ئەو ئامرازگەلی پەیوەندییانە كە بەپێی تیۆری بازاڕ بە (گەرم و بەدەستهێن و بەلاش!) ناودەبرێن. ئەمانە زۆر (رقیان) لە پەیوەندیگرتنە لەڕێی تۆڕە تەقلیدیەكانەوە چونكە پێیانوایە پارەیان لەدەستدەبڕێت و بەلایانەوە بەفیڕۆدان و دەستبڵاوی و كاتبەسەربردنە و ئامادەنین تاقە یەك (فلس)ی سپیشی پێ‌ بدەن چونكە رەنگە لە رۆژی رەشدا فریایان بكەوێت!.

ژمارەیەكی زۆریش لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكان و فەرمانگە حكومیەكان، ناڕەزایی و بێزاری و پەژارە و كۆڤان و تووڕەیی خۆیان دەربڕی لەم پچڕانی ئینتەرنێتە كە بووە هۆی بێبەشبوون و دەستڕانەگەیشتنیان بە دیارتین ئامرازەكانی كاتبەسەربرد و سەرقاڵبوون و زووبەڕێكردنی وادەی دەوامی رەسمییان!.

هەندێك گەنجیش هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە سكاڵایەك بەرزدەكەنەوە بۆ رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ) چونكە لەمڕۆ بەدواوە ناتوانن وێنەكانی خۆیان بۆ رای گشتی و لە رێی پێگەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانەوە بڵاوبكەنەوە، ئەو وێنانەیان كە لە كاتی (ماسی برژاوخواردن)دا چركاندوویانن یاخود (سەروپێ‌)یەكی موسڵاوی-یان لەبەردەمدایە!.

برادەرێك لەسەر ئەم نێت بڕینەی نووسیبوو: لە خودای گەورە پاڕاومەتەوە و نزای خێرم بۆ ئەو كەسە كردووە كە ئینتەرنێتی لێ‌ بڕیووین، چونكە دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا بە باشی خێزان و منداڵەكانی خۆم ببینم. چەند خۆشحاڵ بووم كە بینیم كوڕەكانم گەورە بوون و خودا نەوەیەكی داومەتێ‌ كە كتومت لەخۆم دەچێت!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure