لوتكه‌كه‌یان چۆن بینى؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/07/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


هیچ سه‌ركرده‌ یان به‌رپرسێك ناتوانێت ئه‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ پشتگوێ بخات كه‌ هه‌ردوو سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و ڤلادیمێر پوتین دواى كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ى هیلسنكى-یان رێكیانخست. ئه‌نجامه‌كانى لوتكه‌كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ هه‌موو دانیشتوانى ئه‌م هه‌ساره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. ئینجایش دیمه‌نه‌كه‌ سه‌رنجرشاكێش بوو. گه‌وره‌ى كرملین، وێنه‌كه‌ى له‌ وێنه‌ى سه‌ركێشیه‌كانى جه‌یمس بۆند و چوستوچالاكیه‌كانى ئه‌و ده‌چوو. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌یشه‌وه‌ ئه‌و به‌كرێگیراوه‌ى خۆشده‌وێت كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر جۆش و خرۆشى دابووه‌ بینه‌ره‌كانى. گه‌وره‌كه‌ى كۆشكى سپى-یش وێنه‌ى به‌رپاكه‌رى گه‌رده‌لوولێكى هه‌بوو كه‌ وایده‌زانى ژیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى گه‌رده‌لووله‌كه‌یدا نه‌بێت نابێت و ده‌ستنادات.

حه‌سه‌ن رۆحانى، كاتى كاروباره‌ دیاریكراوه‌كانى خۆیى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و وه‌خته‌كه‌ى ته‌رخانكرد بۆ ته‌ماشاكردنى رووداوه‌كه‌. پوتین هه‌ڵوێستى خۆیى به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران نه‌گۆڕى و هه‌ندێك لایه‌نیشى لێ ستایش كرد. به‌ڵام خۆشحاڵى و دڵخۆشیه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر دیداره‌كه‌ زۆر به‌ئاشكرا دیار بوو. پێداگرى و جه‌ختكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر رێگریى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌تۆمى، راشكاوانه‌ بوو. هه‌ڵوێستى تره‌مپ-یش توند بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران سوود له‌ ئه‌نجامه‌كانى جه‌نگى دژى داعش وه‌رنه‌گرێت.
 
كاتێك دوو سه‌رۆكه‌كه‌ چوونه‌ سه‌ر بابه‌تى سوریا، رۆحانى ئاسووده‌ نه‌بوو. راسته‌ به‌هیچ جۆرێك باسى پرۆسه‌ى جنێف و (گواستنه‌وه‌ى سیاسیانه‌) نه‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌یش راست و روونه‌ كه‌ ئه‌مریكا دان به‌ سوریایه‌كى روسى-دا ده‌نێت نه‌ك سوریایه‌كى ئێرانى. رێككه‌وتنى هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ له‌سه‌ر ره‌چاوكردنى پێداویستیه‌كانى ئارامى و ئاسایشى ئیسرائیل له‌هه‌ر چاره‌سه‌ركردنێكدا، به‌ئاشكرا ماناى تێكشكاندنى میلیشیا ئێرانیه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت له‌ دووریى هێڵى به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. هێشتنه‌وه‌ى رژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د-یش هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر حسابى رۆڵ-ه‌ ئیقلیمیه‌كان بێت له‌سه‌ر خاكى سوریا، به‌دیاریكراوییش رۆڵى ئێران و توركیا.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاودێریى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ى كرد. هه‌ستى ئه‌وه‌ دایگرتبوو كه‌ به‌ستنى لوتكه‌كه‌ ئه‌وه‌ بیر هێزه‌ ئیقلیمیه‌كان دێنێته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك پێكهاتن و رازیبوون به‌ تێڕوانین له‌ رۆڵ و داواكاریه‌كانى. ئه‌و پێشتر ئومێدى ئه‌وه‌ى هه‌بوو كه‌ قه‌یرانه‌كه‌ى سوریا به‌ رۆیشتنى كۆنه‌ (هاوڕێكه‌ى) كۆتایى بێت، به‌ڵام با-كه‌ به‌م ئاراسته‌یه‌دا هه‌ڵینه‌كردووه‌. سووربوونى له‌سه‌ر لێدانى كورده‌كان هیچى بۆ نه‌هێشتنه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ بژارده‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێم سه‌ره‌ڕاى تاڵاوه‌كانى رابردوویش. زۆر سكاڵاى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ ئه‌مریكا زیاد له‌ جارێك فریووى داوه‌، ئه‌مجاره‌یش روسیا له‌ ناوچه‌كانى (هێوربوونه‌وه‌ى په‌ره‌سه‌ندن) فریووى دا و خه‌ڵه‌تاندى.
 
به‌شار ئه‌سه‌د-یش به‌ گرنگیپێدانه‌وه‌ ئاگادارى لوتكه‌كه‌ بوو. سوریا له‌ گۆشه‌كانى كۆنترۆڵكردنى ده‌ستوه‌ردانه‌كانى ئێران و گره‌نتیى ئاسایشى ئیسرائیل و كۆمه‌كى مرۆیی بۆ ئاواره‌كان، ئاماده‌یى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌بوو. لاپه‌ڕه‌ى جنێف و (گواستنه‌وه‌ى سیاسیانه‌) پێچرایه‌وه‌ به‌ڵام پێویسته‌ رژێمیش ئاماده‌گیى هاوپه‌یمانه‌كانى كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ى كه‌ هه‌ندێجار هیچ دوودڵ نابن له‌ دووباره‌ بیرهێنانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان له‌ چاره‌نووسێكى حه‌تمى رزگاریان كردووه‌. بابه‌ته‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ و ساده‌ نییه‌، زه‌حمه‌ته‌ كارێكى خێرا و به‌په‌له‌ بێت.

بنیامین نه‌تانیاهۆ به‌ ئاسووده‌ییه‌وه‌ ته‌ماشاى لوتكه‌كه‌ى كرد. ئاسایشى ئیسرائیل بڕگه‌یه‌كى روون و جێگیر و نه‌گۆڕه‌. دوو سه‌ركرده‌كه‌ باسى پرۆسه‌ى ئاشتى-یان نه‌كرد. دۆستایه‌تیى ئه‌و له‌گه‌ڵ پوتین چووه‌ پاڵ دۆستایه‌تیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ تره‌مپ. سه‌رۆكى روسیا بوارى ئه‌وه‌ى بۆ كرده‌وه‌ كه‌ چه‌تره‌كه‌ى روسیاى سه‌ر سوریا ببه‌زێنێت و بوونى سه‌ربازیى ئێران له‌وێ ته‌مێ بكات. ئاساییش واتا دوورخستنه‌وه‌ى ئێرانیه‌كان له‌ هێڵه‌كانى به‌ریه‌ككه‌وتن. ئه‌زموونه‌كانى، ئه‌وه‌یان فێركردووه‌ كه‌ رژێمى سوریا كاتێك هه‌ست به‌ مه‌ترسیى ده‌كات نایه‌وێت هاوبه‌شه‌كانى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى بن. له‌ناخى خۆیدا پێیوایه‌ كه‌ له‌ كۆتایى و سه‌ره‌نجامدا دیمه‌شق سه‌رین-ى روسیى به‌لاوه‌ په‌سه‌ند و باشتره‌ له‌ سه‌رین-ى ئێرانى.

قسه‌ و لێدوانه‌كانى دوو سه‌رۆكه‌كه‌، بۆ پاشاى ئوردن هیچ مایه‌ى سه‌رسامى نه‌بوون. ئه‌میش چاودێریى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌یانى كرد. دانوستان ده‌رباره‌ى باشورى سوریا ئه‌وه‌ى بۆ ده‌رخست كه‌ ئه‌مریكا رازیى بووه‌ به‌وه‌ى دۆسیه‌ى سوریا له‌ژێر ده‌ستى كرملین-دا بێت مادام ئاسایشى ئیسرائیل به‌گره‌نتیه‌وه‌ پارێزراوه‌. هه‌ستى به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌ره‌ڕاى پێچاوپێچیى ئاراسته‌ى باى جه‌نگى سوریا به‌ڵام ئه‌و له‌ حساباته‌كانیدا به‌هه‌ڵه‌دانه‌چووه‌. له‌وكاته‌وه‌ى ئاگرى جه‌نگه‌كه‌ هه‌ڵگیرساوه‌ ئه‌وه‌ى له‌بیرنه‌چووه‌ كه‌ هێڵى كراوه‌ى له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ر-دا هه‌بێت.

میشێل عۆن كێشه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ كه‌ رووداوه‌كانى ئێستا چ ئاراسته‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و به‌ چ ئاقارێكدا ده‌ڕۆن. گۆڕانكارى و وه‌رچه‌رخانه‌كان لۆژیكى نه‌یار و هاوپه‌یمانه‌كانى پێكه‌وه‌ لاواز ده‌كه‌ن. كێ چووزانێت ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ بۆ هه‌موان ئاشكرا ببێت كه‌ چادره‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى لوبنان، ئه‌گه‌رچى كون و دڕاویى زۆرى تێدایه‌، به‌ڵام له‌ چادرى ئه‌وانى دى باشتر بێت. ره‌وتى رووداوه‌كان ره‌نگه‌ هێزه‌ لوبنانیه‌كان ناچار بكات كه‌مێك واز له‌و خۆبه‌زلزانینه‌یان بهێنن كه‌ له‌ ساڵانى رابردوودا هه‌یانبووه‌.

زه‌حمه‌ته‌ بڕوا به‌وه‌ بكرێت مه‌حمود عه‌باس ئاسووده‌ بووبێت كه‌ به‌چاوى خۆى ده‌بینێت، به‌ واژۆى تره‌مپ و پوتین پێكه‌وه‌، ئیسرائیل جێگه‌ى خۆیى گرتووه‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ى ئایینده‌ى سوریادا. سه‌رقاڵیى نێوده‌وڵه‌تى به‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانى ئێران و هه‌روه‌ها به‌ ئاسایشى ئیسرائیل-ه‌وه‌ كاتێكى بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێشته‌وه‌ تا لایه‌ك له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى بكرێته‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌ى ئاشتیه‌ى كه‌ خوێن هه‌ڵدێنێته‌وه‌. ده‌كرێت هه‌مان شتیش ده‌رباره‌ى مه‌سعود بارزانى بگوترێت كه‌ قاڵبووى تاڵاوه‌كانه‌. كاتێك داعش به‌ مه‌رگ و وێرانه‌ییه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، داوا له‌ كورده‌كان كرا له‌ دژى بجه‌نگن و ئه‌وانیش هیچ دوودڵییه‌كیان نه‌نواند له‌ به‌خشین و پێشكه‌شكردنى خوێنى خۆیان. كاتێكیش داعش ماندوو و شه‌كه‌ت بوو، گه‌وره‌ پاسه‌وانه‌كانى نه‌خشه‌كان بوارى ته‌مێكردنى كورده‌كانیان كرده‌وه‌ و گێڕانیانه‌وه‌ بۆ رۆژانى پێش خه‌ونه‌كان.

هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ هاتن و هه‌ردووكیان رۆیشتن. پوتین به‌ هێمن-ى رۆیشت وه‌ك چۆن جه‌یمس بۆند له‌ كۆتایى هه‌ر ئه‌ركێكى سه‌ركه‌وتوویدا ده‌ڕوات. تره‌مپ-یش رۆیشت وه‌ك چۆن گه‌رده‌لوولێكى گه‌ڕۆك ده‌ڕوات. له‌ ئه‌مریكا پێكداهه‌ڵپژانى توند و قورس چاوه‌ڕێى ده‌كات به‌هۆى ئه‌وه‌ى قه‌یسه‌ر-ى به‌ڕاستترزانى له‌چاو دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌كانى ئه‌مریكادا. 

رۆژنامه‌نووسان بوونه‌وه‌رێكى به‌زیانن. هه‌ر له‌ هیلسنكى شه‌ڕى پاكتاوكردنى حساباتیان له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رۆكه‌دا ته‌واوكرد كه‌ لێیانناترسێت. رۆژنامه‌نووسان تره‌مپ-یان به‌ پرسیار داگرته‌وه‌ تا گه‌یاندیانه‌ ئه‌وه‌ى ئاگرێكى تازه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا بكاته‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌یان بوارد كه‌ له‌سه‌ر عه‌رشى ستالین دانیشتووه‌ و دابارینه‌ سه‌ر گه‌وره‌ى كۆشكى سپى.

هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ رۆیشتن و هیلسنكى-یش بووه‌وه‌ به‌ شارێكى ئاسایى. شۆفێره‌ فینله‌ندى-یه‌كه‌ هیچ گوێى نه‌دا به‌ ره‌وتى رووداوه‌كانى كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌كه‌. وڵاته‌كه‌ى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نییه‌ و ئێستا پێویستى به‌وه‌ نییه‌ سواڵى ئاسایش و سه‌قامگیریى بكات. بیره‌وه‌ریه‌كانى له‌گه‌ڵ داگیركاریى ده‌سته‌ خوشكه‌كانیدا بوونه‌ته‌ مێژوو. لوتكه‌كه‌یشى به‌لاوه‌ "بازاڕگه‌رمى و بره‌وپێدانێكى باشى گه‌شتیاریى بوو بۆ شاره‌ جوانه‌كه‌مان. ده‌بێت زیاتر هانى هاتنى گه‌شتیاران و وه‌به‌رهێنه‌ران بدرێت". ئیره‌یم به‌ شۆفێره‌ فنله‌ندییه‌كه‌ برد.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure