له‌ پێویستیى نه‌وال ئه‌لسه‌عداوى-دا

بۆچوون / بیروڕا :: 21/07/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌گه‌ر نه‌وال ئه‌لسه‌عداوى-ى ئه‌دیب و ژنه‌ چالاكوانى میسرى نه‌یشبوایه‌، ئه‌وا هه‌رده‌بوو بدۆزرایه‌ته‌وه‌ و هه‌بوایه‌ چونكه‌ هه‌ر رۆشنبیرى و كلتورێك له‌ سى-یه‌كانى ئه‌م ده‌نگه‌ پێچه‌وانه‌یه‌وه‌ هه‌ناسه‌ نه‌دات و ده‌رنه‌چێت، ئه‌وه‌ رۆشنبیرى و كلتورێكى بێ توانا و ترساو و ترسنۆكه‌.
مه‌رامى ئه‌م نووسینه‌ به‌رگریكردن نییه‌ له‌ ئه‌لسه‌عداوى، چونكه‌ ئه‌و ژنه‌ى كه‌ هه‌شتا ساڵى ته‌مه‌ن تێپه‌ڕاندووه‌، خاوه‌ن زمانێكى ره‌وان و ئاوه‌زێكى فراوان و بیرێكى تیژه‌ و ده‌توانێت به‌رگریى له‌ خۆى و له‌ پرۆژه‌كه‌ى بكات كه‌ بریتیه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ و دژایه‌تیكردنى سیاسه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و یاساكانى سیاسه‌ت و كاروبارى دین و دونیا، بێ ئه‌وه‌وى خۆى وا ده‌ربخات كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ تیۆرێكى تایبه‌تى هه‌بێت و ئه‌مه‌یش كارێكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیدایه‌.

ئه‌لسه‌عداوى دانده‌نێت به‌ نه‌هامه‌تى و كاره‌ساته‌كانى ژنى عه‌ره‌ب-دا كه‌ له‌ مێگه‌ل-ه‌كه‌ داده‌بڕێت و ئازار ده‌چێژێت و باجى قورس ده‌دات كاتێك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاریى هه‌ڵده‌بژێرێت و شته‌كان وه‌ك خۆیان ده‌بینێ و ده‌ناسێ. وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ به‌سه‌ر خۆى هاتووه‌ و ده‌ڵێت "تاوانه‌ گه‌وره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ژنێكى ئازادم له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا كه‌نیزه‌ك و كۆیله‌یان تێیدا ده‌وێت، به‌ ئاوه‌زێكه‌وه‌ له‌دایكبووم كه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌، له‌سه‌رده‌مێكدا بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن عه‌قڵ و ئاوه‌زى تێدا بسڕنه‌وه‌".
 
ئه‌م په‌یامه‌ كه‌ ژن ده‌ریبڕیوه‌، رووداوێكى باو نییه‌ له‌ كلتورى عه‌ره‌بیدا، ئه‌و كلتوره‌ى ژن به‌هۆى چه‌ندین گرێى تێكۆشانیه‌وه‌ توانیویه‌تى ئاماده‌یى خۆى له‌ كاروبارى گشتیدا بسه‌لمێنێت، به‌ڵام ده‌ستبردنى بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌پیرۆزكراوه‌، هه‌میشه‌ خه‌وش و عه‌یبه‌یه‌ك بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ژن و هه‌روه‌ها له‌ پیاویش به‌هه‌مانشێوه‌ داواكراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ژێر چه‌ترى كلتورى باودا بمێنێته‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تى و دژایه‌تیكردنى ئه‌و كلتوره‌ باوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یشبوو، ئه‌وا له‌ چوارچێوه‌یه‌كى دیاریكراوى رێپێدراودابێت و به‌رد فڕێنه‌داته‌ گۆمه‌ مه‌نگ و راوه‌ستاوه‌كانه‌وه‌ و په‌شێوى نه‌نێته‌وه‌ و به‌ره‌نگارى ده‌سه‌ڵات نه‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ كه‌ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ نه‌یار و ناڕازیى نه‌بێت.
 
به‌ڵام ئه‌لسه‌عداوى زووتر هه‌ستى به‌م فێلأ و خه‌ڵه‌تاندنه‌ كرد و ئاستى ئه‌و گوشارانه‌ى زانى كه‌ به‌رامبه‌رى ده‌كرێت بۆ ده‌سته‌مۆ و گوێ پێڕایه‌ڵكردنى و په‌لگرتنى بۆ ناو سیستمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ره‌ ریسواكه‌، بۆیه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ و به‌مانگرتن ناڕه‌زایى لێ ده‌ربڕى. ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ خۆى پزیشكه‌ باشتر هه‌ستى به‌  ره‌گوریشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوریى ئه‌و به‌ڵا و نه‌هامه‌تییه‌ عه‌ره‌بییانه‌ كردبێت كه‌ ژنانى پێ له‌ڕێ ده‌رده‌چن و به‌دڕه‌وشتیان ده‌كات و خێزان له‌به‌ریه‌كهه‌ڵده‌وه‌شێنێت و منداڵ ده‌كاته‌ نێچیرى ئاڵۆشى غه‌ریزه‌ى دڕندانه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌یش به‌ هۆكارگه‌لێكى نادیار ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى جه‌هل و ئاره‌زووى هه‌ژموونگه‌ریه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌ و قۆرغكردنى جه‌سته‌دا.
   
ئه‌لسه‌عداوى له‌ ملكه‌چى و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان یاخى بوو و له‌ هه‌موو به‌ره‌كانه‌وه‌ كه‌وته‌ جه‌نگ. بڕواى به‌وه‌ بوو ده‌شێت رزگاربوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ بیروڕاى ژنه‌ ره‌خنه‌گرێكى له‌ بنیاتنانى خۆى پێ قبووڵ ناكرێت، ره‌نگه‌ له‌م ئه‌ركه‌ خۆكوژیه‌دا حه‌شاردرابێت. ئیدى چى به‌ خه‌یاڵتدا دێت له‌ ژنێكه‌وه‌ ده‌رچووبێت كه‌ داوا بكات پێداچوونه‌وه‌ به‌ ده‌قه‌ ئایینیه‌كانى هه‌رسێ كتێبه‌ ئاسمانیه‌كه‌دا بكرێت و بزانرێت ئاستى گونجاوى و شیاوییان له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌رده‌مدا چۆن و چه‌نده‌. ئه‌مه‌یش هانیدا به‌ره‌و ئاراسته‌ى نزیكایه‌تیى نێوان مه‌به‌سته‌ ئامانجداره‌كانى فره‌ژنى و مه‌سه‌له‌ى نایه‌كسانیى له‌ میرات-دا. هه‌روه‌ها وێنا و تێڕوانینى خۆیى له‌مه‌ڕ پرسه‌كانى خه‌ته‌نه‌كردن و هاوڕه‌گه‌زبازى و بێدادى و توندڕه‌ویى ئایینى و ئه‌و هێزانه‌ خسته‌ڕوو كه‌ ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌، به‌تایبه‌تى ژنان، له‌ زیندانى ده‌قه‌ پیرۆزه‌كاندا به‌ند و زیندانى بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌سه‌له‌ و بوارانه‌ى تریش كه‌ له‌ مێژووى هاوچه‌رخى عه‌ره‌بیدا هیچ ژنێك بوێریى ئه‌وه‌ى نه‌بووه‌ باسیان بكات، مه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆر كه‌میان. 
 
ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌لسه‌عداوى-یه‌وه‌ راگه‌یه‌نراوه‌، هه‌مووى هه‌ر شیاوى به‌رگریى لێكردن نییه‌ چونكه‌ ژنیش راى ناكۆك و پێچه‌وانه‌ى هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ لایه‌نگرى و لاربوونه‌وه‌ى به‌لاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و نه‌یاریى بۆ لایه‌نه‌كانى دى، یان ستایش و پێداهه‌ڵدانى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌كرێت ناوبنرێت (ملهوڕیى له‌ ده‌سه‌ڵات)دا و زیاده‌ڕۆیى و پێوه‌نان له‌ شكاندن و سووكایه‌تیكردن به‌ نه‌یاره‌كانى و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان.

به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ له‌و رۆڵه‌ كه‌مناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ژنه‌ به‌درێژایى زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ گێڕاویه‌تى، كه‌ ژنى عه‌ره‌بى له‌ حه‌وجۆشى خۆشاردنه‌وه‌ى زۆره‌ملێ له‌ ئه‌شكه‌وتى دواوه‌ى پشتگوێخراوى له‌بیركراو، به‌ره‌و كاروبارى گشتى ده‌رباز كرد و به‌ زۆر و تۆپزى خستیه‌ ناو پێشبڕكێى توندى مافه‌كانى و پێویستیى به‌رزكردنه‌وه‌ى ده‌نگى و ناڕه‌زایى ده‌ربڕین دژى هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ ژیان بۆگه‌ن و مه‌رجه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆیى مینڕێژ ده‌كه‌ن. 
   
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌لسه‌عداوى واینه‌كردایه‌ و ته‌نیا به‌ردى بهاویشتایه‌ته‌ ئاوه‌ په‌نگخواردووه‌كه‌ى ژیانى ئاریشاویى عه‌ره‌به‌وه‌، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌و مایه‌ى شكۆمه‌ندى بوایه‌، به‌ڵام ئه‌م شانى ناوه‌ته‌ به‌ر بارێكه‌وه‌ هیچ كام له‌و ژنانه‌ نه‌یانكردووه‌ كه‌ تواناى ئه‌لسه‌عداوى-یان هه‌یه‌ كه‌چى بێده‌نگى و خۆشاردنه‌وه‌ و به‌نووزه‌ ده‌ربڕینى بیروبۆچوونه‌كانیان له‌ ژووره‌ تاریكه‌كاندا و پرته‌وبۆڵه‌یان به‌لاوه‌ باشتره‌. 

ئه‌لسه‌عداوى به‌هه‌موو ئه‌و تووڕه‌ییه‌ى له‌ گه‌روو-یدایه‌ هاوارى كرد و وتى "تووڕه‌یى سه‌ره‌تاى ئاگره‌كه‌یه‌!".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure