یارییه‌كى دیكه‌ى تۆپى پێ

بۆچوون / بیروڕا :: 19/07/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
یاریى تۆپى پێ ته‌نیا وه‌رزشێك نییه‌ و به‌س، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كى گه‌ردوونیى ئاوێته‌یه‌ و زێده‌ڕۆیى نییه‌ ئه‌گه‌ر بگوترێت بووه‌ته‌ به‌شێكه‌ له‌ مێژووى كۆمه‌ڵایه‌تیى زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ هاوچه‌رخه‌كان، چونكه‌ گوزارشت له‌ په‌یوه‌ستبوونه‌ جوگرافى و ئایینى و كۆمه‌ڵایه‌تى و پیشه‌ییه‌ جیاوازه‌كان ده‌كات له‌پَناو بوونى به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى تاقانه‌ى ناسنامه‌ و لایه‌نگیریى.


خاتوو رۆزمارى كرۆمپتۆن، كۆمه‌ڵناسى كۆچكردووى بریتانى، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كى له‌ كتێبه‌كه‌ى (چین و ریزبه‌ندییه‌ چینایه‌تیه‌كان)، بۆ باسكردنى یاریى تۆپى پێ ته‌رخانكردووه‌ به‌و ئیعتیباره‌ى كه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى سۆسیۆلۆژیه‌. تێیدا گۆڕانكارى و وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌كانى (سیاسه‌ته‌كانى تۆپى پێ)ى ده‌رخستووه‌ كه‌ له‌ گرێكانى رابردوودا هه‌ندێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانى خۆرئاوا به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌ بایه‌خ و گرنگیپێدانى زیاترى چینى ناوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌ به‌م یارییه‌ و گۆڕینى بۆ مه‌به‌ستى راكێشانى ئابورى و دارایى و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ یاریزانه‌كان بۆخۆیان خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ چینێكى كۆمه‌ڵایه‌تیى سه‌ربه‌خۆ.  

ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئابوریى تۆپى پێداین، قازانجێكى زۆر به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌ڕێژێت كه‌ له‌م كه‌رته‌دا كارده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ په‌خشى ته‌له‌فزیۆنى و بازاڕى گواستنه‌وه‌ى یاریزانان و راهێنه‌ران و كرێكانیانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌ ریكلام و بانگه‌شه‌كان و...هتد. چوونى یانه‌ گه‌وره‌كان له‌م ساڵانه‌ى دواییدا بۆ ناو بازاڕه‌كانى دراوى جیهانى،  كاریگه‌ریى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م یانانه‌ ببنه‌ ئیمپراتۆریه‌تى سنوور و كیشوه‌ربڕى دارایى.
 
رێكخراوگه‌لێكى زۆر تێبینیى چالاكییه‌كانى تۆپى پێى و رۆڵى تۆپى پێ-یان كردووه‌ له‌ ئاماده‌سازیى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى و گه‌شه‌ و هاندانى گیانى نیشتمانپه‌روه‌رى به‌تایبه‌ت  له‌كاته‌كانى وه‌ستان و تاساویى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیدا، چونكه‌ ده‌كرێت ئاماده‌سازییه‌كان بۆ كۆتاییه‌كانى جامى جیهانى، بۆ نموونه‌، حاڵه‌تێكى دڵخۆشى و كامه‌رانیى وا دروست بكات كه‌ هه‌موو توێژه‌ جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ بگرێته‌وه‌ و ئینجایش ببێته‌ هۆى گه‌شه‌پێدانى رژێمى فه‌رمانڕه‌وا، به‌تایبه‌ت له‌ سایه‌ى میدیایه‌كى ئاراسته‌كراوى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراودا.
 
سه‌ره‌ڕاى به‌ سیاسیكردنى تۆپى پێ، به‌ڵام حاڵه‌تى وایش هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رزشه‌ بووه‌ته‌ ئامرازێك بۆ یاخیبوون له‌ بابه‌تگه‌لى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى باو. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان په‌یوه‌ندیى به‌ یارییه‌كى ترى تۆپى پێوه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیان بێ دوودڵیى ناویانناوه‌ تۆپى پێى رۆمانسیانه‌ یان شۆڕشگێڕانه‌ یاخود سوسیالیستى و بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ یاد و یاده‌وه‌ریى میلـلیى تۆپ، ئه‌مه‌یش به‌هۆى یاریزانانێكى یاخییه‌وه‌ كه‌ دژى ئه‌م بابه‌ته‌ باوانه‌بوون و وێنه‌یه‌كى جیاواز له‌ وێنه‌ى یاریزانى ئاسایى تۆپى پێ-یان دروستكردووه‌.  

له‌وانه‌ یاریزانى كۆچكردووى برازیل گارینچا (1933-1983) كه‌ به‌لاى هه‌ندێكه‌وه‌ باشترین (مراوغ) بووه‌ له‌ مێژوودا و شانبه‌شانى پێلی و ئه‌وانى تر، واتا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى له‌ كۆتایى جامى جیهانیى ساڵى 1905 و له‌سه‌ر خاكى یاریگاى ماراكانا له‌ ریۆدىجانیرۆ، به‌شێوه‌یه‌كى دراماتیكى له‌به‌رامبه‌ر ئۆرۆگواى-دا سه‌ركه‌وتن و بردیانه‌وه‌. كه‌چى ژیانێكى بێده‌ربه‌ستانه‌ و بێباك ژیا و له‌ كۆتایى رۆژه‌كانى ته‌مه‌نیدا گیرۆده‌ى نه‌دارى و گۆشه‌گیریى بوو و ئه‌و كۆتاییه‌ كاره‌ساتاوییه‌یشى كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌وه‌دا هه‌بوو كه‌ بیكاته‌ ئه‌فسانه‌ى تۆپى پێى میلـلیى برازیل. 

یاریزانێكى تر كه‌ له‌ ژیان و چاره‌نووسیدا هاوشێوه‌ى گارینچا بوو، جۆرج بێست (1946-2005) یاریزانى ئێرله‌ندى بوو. ئه‌میش ئه‌ستێره‌ى شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانى تیپى مانچسته‌ر یونایتد بوو، به‌ڵام ژیانێكى كوله‌مه‌رگى و جه‌نجاڵ و سه‌یر ژیا.
  
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، یارزانانێكى تریش روویه‌كى دیكه‌یان هه‌ڵبژارد بۆ ده‌رچوون له‌ باو و له‌و دۆخه‌ى كه‌ هه‌بوو، هه‌ندێكیان به‌ رووى رژێمه‌ عه‌سكه‌رتارییه‌كانى فه‌رمانڕه‌واى وڵاته‌كانیاندا وه‌ستانه‌وه‌. له‌وانه‌، كارلۆس كاسیلى-ى یاریزانى پێشووى چیلـلى كه‌ بووه‌ به‌شێك له‌ بیره‌وه‌ریى تۆپى پێى میلـلیى وڵاته‌كه‌ى، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باشترین یاریزانى مێژووى وڵاته‌كه‌ى بوو، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌و چیرۆكه‌ به‌ناوبانگ و ئازاربه‌خشه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ ژه‌نراڵ بینۆچێ-ى دیكتاتۆرى پێشووى چیلـلى-دا هه‌یه‌تى. كاسیلى لایه‌نگریى خۆیى بۆ حكومه‌تى یه‌كێتیى میلـلیى نه‌ده‌شارده‌وه‌ كه‌ سلڤادۆر ئه‌لێندى-ى سه‌رۆكى كۆچكردوو، له‌ ساڵانى 1970 بۆ 1973 سه‌ركردایه‌تیى كرد. كاتێكیش بینۆچێ كوده‌تاكه‌ى 11ى ئه‌یلولى 1973 ى ئه‌نجامدا، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى هیچ دوودڵییه‌كى نه‌نواند له‌ راوه‌دوونان و ته‌نگپێهه‌ڵچنینى ئه‌و كه‌سێتییانه‌ى له‌ چه‌په‌كانى چیلـلى-یه‌وه‌ نزیكبوون. ئه‌وه‌ بوو دایكى كاسیلى-یان رفاند و پێش ئه‌وه‌ى ئازادى بكه‌ن ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان دا. چه‌ند رۆژێكى كه‌م له‌پێش گه‌شتى هه‌ڵبژارده‌ى چیلـلى بۆ ئه‌ڵمانیاى خۆرئاوا بۆ به‌شداربوونى له‌ مۆندیالى 1974، بینۆچێ ئاهه‌نگێكى له‌سه‌ر شه‌ره‌فى یاریزانه‌كان رێكخست. له‌و ساته‌دا كه‌ ژه‌نراڵ ده‌ستى ته‌وقه‌ى بۆ كاسیلى درێژ كرد، كاسیلى ده‌ستى نه‌دایه‌، ئه‌مه‌یش وه‌ك ئاڵه‌نگارى و ناڕه‌زایه‌تیه‌كى به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ژه‌نراڵ و سته‌مكارییه‌كانى. ئه‌گه‌رچى كاسیلى به‌درێژایى ده‌سه‌ڵاتى بینۆچێ باجێكى قورسى ئه‌مه‌ى دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كردى بۆى بووه‌ مایه‌ى پێزانین و رێزێكى زۆرى خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ی.
 
ره‌نگه‌ سوقرات (1954-2011) یاریزانى برازیلى حاڵه‌تێكى ده‌گمه‌نى مێژووى تۆپى پێ بێت. ئه‌و پزیشك و رۆشنبیر و تێكۆشه‌رێكى پارتى كرێكارانى برازیل بوو. نه‌یارێكى ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیى وڵاته‌كه‌ى بوو، خۆشه‌ویست و شوێنكه‌وته‌ى چێ جیڤارا و كاسترۆ و جۆن لینۆن بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌یشدا باشترین یاریزانى هێڵى ناوه‌ڕاست بوو له‌ مێژووى تۆپى پێدا، ئه‌مه‌یش به‌هۆى یاریكردنه‌ ئاستبه‌رز و نایابه‌كه‌ى و رێگه‌ى سه‌رنجڕاكێشانه‌ى له‌ یاریكردنى به‌ تۆپ و لێوه‌شاوه‌یى جوانى له‌ تێپه‌ڕاندنى تۆپ و به‌زاندنى به‌ربه‌سته‌كاندا. هێنده‌ به‌سه‌ ئه‌م یاریزانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ستوونه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى یه‌كێك له‌ باشترین پێكهاته‌كانى یاریى تۆپى پێ له‌ مێژوودا و ره‌نگه‌ باشترینیشیان بێت. 

سوقرات له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه‌ تۆپى پێ ئه‌گه‌ر هۆكارێك نه‌بێت بۆ گۆڕینى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى، هیچ پێویست نییه‌. وایداده‌نا بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كى وڵاتدا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ چه‌سپاندنى پێكه‌وه‌یى و ئاوێته‌یى نیشتمانى و پته‌وكردنى ناسنامه‌ى نیشتمانیى برازیلى به‌ هه‌موو رێچكه‌ و رێبازه‌ ئیتنى و كلتورى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیه‌وه‌.

ئه‌و، رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى گێڕا له‌ دامه‌زراندنى بزووتنه‌وه‌ى (دیموكراسیه‌تى كۆرینتیانز)دا كه‌ جووڵانه‌وه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى بوو به‌ ئامانجى دیموكراتیزه‌كردنى یانه‌ى كۆرینتیانز و كۆتاییهێنان به‌ سته‌مى ده‌زگاى به‌ڕێوه‌براوى ئاراسته‌كراو و كردنه‌وه‌ى بوار له‌به‌رده‌م یاریزاناندا بۆ به‌شداربوونیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى یانه‌كه‌دا.  كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌خێرایى ته‌شه‌نه‌ى كرد و گه‌یشته‌ یانه‌كانى تر و به‌شداربوو له‌ چه‌ندین گۆڕانكاریى كه‌ دواتر له‌ په‌یكه‌رى تۆپ-ى برازیلى-دا كران. ئێستایشى پێوه‌بێت چه‌پى برازیلى رۆڵى سوقرات ده‌پارێزێت له‌ به‌ستنه‌وه‌ى تۆپى پێ به‌ ویست و ئیراده‌ى هاووڵاتییه‌وه‌ به‌ره‌و دیموكراتى و ئازادى و دادوه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیى برازیلدا.  

له‌كاتى مانه‌وه‌یه‌كى كورتیدا له‌ یانه‌ى فیۆرینتیناى ئیتالى له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكاندا، له‌ سوقرات ده‌پرسن بێجگه‌ له‌ پابه‌ندبوونه‌ یارییه‌كانى به‌ تۆپى پێ-وه‌ چى ده‌كات؟ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ كه‌ خۆى ته‌رخانكردووه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌نتۆنیۆ گرامشى-ى فه‌یله‌سوفى كۆچكردووى ماركسى، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ى مێژووى بزووتنه‌وه‌ى كرێكاریى ئیتالیا. 

له‌ ئاستى عه‌ره‌ب-یشدا، ره‌نگه‌ محه‌مه‌د ئه‌بو تریكه‌-ى میسرى تاقه‌ یاریزانى عه‌ره‌ب بێت كه‌ له‌ وێنه‌ باو-ه‌كه‌ى یاریزانانى عه‌ره‌ب ده‌رچووبێت. هاوهه‌ڵوێست بوو له‌گه‌ڵ غه‌ززه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌مارۆكه‌ى پێشووى ئیسرائیلدا. ئه‌وه‌بوو كاتێك له‌ یارییه‌كانى كۆتایى جامى ئه‌فریقا له‌ غانا ساڵى 2008 گۆڵێكى له‌ هه‌ڵبژارده‌ى سودانى كرد، كراسێكى ئاشكراكرد كه‌ لێى نووسرابوو "له‌گه‌ڵ غه‌ززه‌ هاوسۆزین". كاتێكیش پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ جه‌زائیر رێزى لێنرا، وه‌سێتى كرد كه‌ ئه‌و كراسه‌ى له‌گه‌ڵدا بنێژن و بیخه‌نه‌ گۆڕه‌كه‌یه‌وه‌. ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ رێزێكى زۆرى لاى خه‌ڵكى زۆربه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان هه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ بچێته‌ ریزى ده‌سته‌ و تاقمه‌كانى لایه‌نگرى كوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌ى میسر. به‌هۆى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یشیه‌وه‌ به‌ڵاى رژێمه‌كه‌ى سیسى به‌سه‌ریدا رژا و بێ دوودڵى ناوى له‌ لیسته‌كانى تیرۆردا تۆمار كرا، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زاییه‌كى فراوانى له‌ ناو میسر و له‌ ده‌ره‌وه‌یشیدا لێكه‌وته‌وه‌.

ئه‌م جۆره‌ یاریزانانه‌ نه‌مان. بیروڕایه‌ك یاخود هه‌ڵوێستێك له‌م ئه‌ستێره‌ یان له‌وى تریانه‌وه‌ نابیستین به‌رامبه‌ر سه‌رچاوه‌ى ئه‌م هه‌موو ئاڵۆزى و گێژاوه‌ى كه‌ به‌ جیهاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌. ده‌یانبینین له‌ یاریگاكاندا راده‌كه‌ن، راده‌كه‌ن له‌پێناو زیادكردنى سامانه‌ خه‌یاڵییه‌كانیاندا، ئه‌و سامانانه‌یان كه‌ هه‌ندێكجار له‌ بودجه‌كانى وڵاتان زیاتره‌. بۆیه‌ هیچ مایه‌ى سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ نموونه‌، ناوى لیۆنێل میسى-ى ئه‌رژه‌نتینى بكه‌وێته‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى په‌نه‌ما-وه‌. 

ئابوریى تۆپى پێ ملكه‌چ بووه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتیى هێزى سیاسى و نفوز و سه‌رمایه‌ و میدیا. یه‌كێتیى نێوده‌وڵه‌تیى تۆپى پێ (فیفا) بووه‌ به‌ ئیمپراتۆریه‌تێكى ئابوریى و ریتمى راكێشانى نێوان ئه‌م هێزه‌ كاریگه‌رانه‌ رێكده‌خات و كۆنترۆڵى پێشكه‌وتنى ته‌كنیكى و هونه‌ریى یاریى ده‌كات، به‌تایبه‌ت دواى كشانه‌وه‌ و له‌ كورتیدانى (بیروباوه‌ڕ)ه‌ نه‌ریتى و كۆنه‌كانى تۆپى پێ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌ماشاكردن و چێژبینین بونیادنرابوو.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بى ئه‌لجه‌دید




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure