جیهان له‌ترسا دێته‌وه‌یه‌ك

بۆچوون / بیروڕا :: 18/07/2018

نووسینى: سه‌میر عه‌ته‌ڵـڵا
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


منیش یه‌كێك بووم له‌ خه‌ڵكى ئه‌م جیهانه‌ كاتێك به‌ پلیكانه‌ى خۆشحاڵیدا تێده‌په‌ڕى. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كڵاوه‌ شینه‌كان له‌سه‌ر ده‌كات و دروشمى چڵه‌ زه‌یتون-ى به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌ڵمانیا له‌بریى شه‌پۆلى شێتیه‌كى تۆقێنه‌ر، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆشیارى و فه‌یله‌سوفه‌كانى. فره‌نسا كۆڵۆنیاڵه‌كانى هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌. بریتانیا كه‌شتیه‌ جه‌نگییه‌كانى خۆى له‌ ده‌ریاكانه‌وه‌ ده‌كێشێته‌وه‌ و هاووڵاتیانى كۆڵۆنیاله‌كانى پێشوویان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌. له‌جیاتى رژێمى هیتله‌ر و مۆسۆلینى و هیرۆهیتۆ و جه‌نگخوازه‌ وه‌ڕسكاره‌كانى دژه‌ مرۆڤ، خۆشحاڵى له‌مسه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ر و به‌بێ ڤیزا و به‌بێ پاسپۆرت به‌ ئه‌وروپادا ده‌گه‌ڕێت.

ئه‌وسا له‌دواى پێنج سه‌ده‌ له‌ داگیركاریى توندڕه‌وى و ده‌مارگیریى، ئه‌وروپا سه‌رسوڕهێنه‌رى گه‌ردوون بوو: ئاشتیه‌كى جوانى نێوان ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا. ئاشتیه‌كى ناوازه‌ى تێپه‌ڕ به‌ كه‌ناڵ-دا له‌ نێوان فره‌نسا و بریتانیا. ته‌نانه‌ت گومركیش له‌ سنووره‌كاندا لابران. شتێكى ترى جێى سه‌رسوڕمان ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌م جیهانه‌ توانى ملیارێك و 300 ملیۆن مرۆڤى چین-ى له‌خۆبگرێت به‌بێ هیچ رووداوێك. یه‌ك ملیار مرۆڤ، لانیكه‌م نیوه‌یان خۆیان هه‌ڵدایه‌ چینى مامناوه‌نده‌وه‌ و كێبڕكێى ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنان و له‌ به‌كاربردن و له‌ پێشكه‌وتندا. جیهان ده‌رچوونى روسیا-یشى له‌ شیوعیه‌ت له‌خۆگرت. هه‌روه‌ها ده‌رچوونى هند-یش له‌ سوسیالیستى به‌زۆره‌وه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونێكى سه‌رسوڕهێن له‌ ئابورى و پێشكه‌وتندا. به‌ڵام شه‌پۆلێكى پێشتر نه‌بینراوى كۆچبه‌ران له‌ناكاودا ئه‌م ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌یه‌ى راگرت و ئیتر مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌وێته‌ به‌ڵا و نه‌هامه‌تیه‌كى هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌ى پێش جه‌نگه‌كانه‌وه‌.  

بمبوورن كه‌ لێره‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ وتارێكى پێش نزیكه‌ى چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌رم به‌ناونیشانى (فراوانیى ئه‌ڵمانیا) كه‌ تێیدا وتوومه‌ ئه‌ڵمانیاى فراوان رۆژێك دێت ته‌نگه‌به‌ر ده‌بێت به‌ میوانگه‌لێك كه‌ بانگنه‌كراون و هه‌سته‌كانى دوژمنایه‌تى و ره‌گه‌زپه‌رستى له‌ زۆر شوێنى ئه‌وروپادا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌تا روویدا و له‌وه‌یش خراپتر روویدا، ئه‌وه‌تا بریتانیاى سیمبولى لێبوورده‌یى و كراوه‌یى، له‌ یه‌كێتیى ئه‌ورپا ده‌رده‌چێت و به‌ره‌و دابڕانێك ده‌چێت كه‌ پێشینه‌ى نه‌بووه‌. پێش چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجێلا مێركل هاته‌ عه‌مان و به‌یروت بۆ ئه‌وه‌ى به‌هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ بڵێت هه‌رچه‌ندێك پاره‌تان ده‌وێت بیبه‌ن به‌ڵام په‌نابه‌ره‌كانتان لاى خۆتان بهێڵنه‌وه‌. دوو وڵاتى بچكۆله‌ و نه‌دار نزیكه‌ى 3 ملیۆن په‌نابه‌رى سورى-یان تێدایه‌ كه‌ به‌ پێ سنووریان بڕیوه‌ نه‌ك له‌ كه‌شتى و پاپۆڕى ده‌ریاییدا. هێشتایش زۆرێكى تریان له‌و جه‌نگه‌ هه‌ڵدێن كه‌ پێناچێت كۆتایى بێت. ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌رگاكانیان و سنووره‌كانیان داده‌خه‌ن: بریكست له‌ بریتانیا. "ئه‌مریكا یه‌كه‌مجار" له‌ واشنتۆن. ده‌رگاى داخراو له‌ ئیتالیا و له‌ چیك و له‌ مه‌جه‌ر و له‌ یۆنان. جه‌نگى (پێشوه‌خته‌) له‌ناو سه‌ڵته‌نه‌ى توركیا، هه‌موو ئه‌مانه‌ گوزارشتێكى روون و ره‌وانن ده‌رباره‌ى ئه‌و دابڕان و پۆپۆلیستیه‌ى كه‌ جیهانى ته‌نیوه‌. 





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure