تیۆرى مه‌هاتیریزم بۆ ریشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵى

بۆچوون / بیروڕا :: 17/07/2018

سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

تیۆرى (مه‌هاتیریزم) كه‌ ده‌بێته‌ بڕوانامه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هه‌موو ئه‌و ریفۆرمیسته‌ سیاسیانه‌ى قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵیى ده‌خه‌نه‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ى ئه‌جێنداكانیان و به‌رنامه‌ى بزووتنه‌وه‌ و حزبه‌كانیان، ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ویستت جه‌نگى گه‌نده‌ڵى بكه‌یت ئه‌وا ده‌بێت یه‌كه‌م: خۆت كه‌سێكى گه‌نده‌ڵ نه‌بیت. دووه‌م: نه‌چیته‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ گه‌نده‌ڵه‌كان. سێیه‌م: ژنێكى ده‌ستبڵاوى به‌فیڕۆده‌ر نه‌هێنیت". 

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌ى قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى له‌ مالیزیا، نه‌جیب عه‌بدولڕه‌زاق-ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى پێشووى ده‌ستگیركرد، ئه‌مه‌یش دواى لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونێكى چڕ و وردى سه‌روه‌ت و سامانه‌ تایبه‌ته‌كانى كه‌ ده‌ركه‌وت ده‌ ملیۆن دۆلارى له‌ سندوقى په‌ره‌پێدانى حكومه‌ته‌وه‌ خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژمارى بانك-ى خۆى. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یش ئاشكرا بوو كه‌ روزماح مه‌نسور-ى هاوسه‌ریشى به‌ به‌هاى ده‌یان ملیۆن دۆلار ئه‌ڵماس و ئاڵتوون و خشڵى به‌ (دیارى)ى وه‌رگرتووه‌ و نزیكه‌ى چوار ملیار دۆلاریشى له‌ پاره‌ى هه‌مان ئه‌و سندوقى په‌ره‌پێدانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، له‌ كۆمپانیه‌یه‌كى به‌رهه‌مێنه‌رى سینه‌مایدا خستوه‌ته‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى ره‌زا عه‌زیز-ى كوڕه‌ ئازیزه‌كه‌ى بووه‌. ئه‌م تۆمه‌تانه‌ له‌لایه‌ن خاتوو روزماح و عه‌زیز-ى ئازیزیه‌وه‌ ره‌تده‌كرێنه‌وه‌.

 دكتۆر مه‌هاتی محه‌مه‌د، كوڕه‌ چاك و سه‌رڕاسته‌كه‌ى مالیزیا كه‌ كارى له‌كردننه‌هاتووى ئابوریى بۆ وڵاته‌كه‌ى كردووه‌ و به‌هاكانى دیموكراتیى و دادوه‌ریى تێدا چه‌سپاند و كردوویه‌تى به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین پڵنگه‌كانى ئابوریى له‌ خۆرهه‌ڵاتى ئاسیا، ته‌مه‌نى 92 ساڵه‌، بڕیارى كه‌نارگیركردنى خۆیى خسته‌لاوه‌ و به‌په‌له‌ كه‌وته‌خۆ بۆ ده‌ربازكردنى وڵاته‌كه‌ى له‌ گه‌نده‌ڵى و خاتروخۆتر و تاڵانكردنى سامانى گشتى، هه‌روه‌ها بۆ سه‌رخستنى هه‌ژاران و بێبه‌شكراوان، بۆیه‌ شایانى خۆشه‌ویستیى گه‌له‌كه‌ى خۆى و هه‌موو شه‌ره‌فمه‌نده‌كانى جیهان-یشه‌.

بڕیارى تۆمه‌تئاراسته‌كردنى نه‌جیب و ژنه‌كه‌ى و كوڕه‌كه‌ى له‌لایه‌ن دادگاى باڵاوه‌ ده‌رده‌كرێت، ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌نگاوى یه‌كه‌م له‌ زنجیره‌یه‌كى دوورودرێژى لێكۆڵینه‌وه‌كان كه‌ به‌ به‌ڵگه‌ تێوه‌گلانى ده‌یان كاربه‌ده‌ستى نزیك له‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانى پێشوو و ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى ده‌سه‌لمێنن و رێگه‌ى گه‌شتى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیان لێگیراوه‌ و وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ داگاییكردنیان خراونه‌ته‌ ژێر ده‌ستبه‌سه‌ركردنى به‌زۆر (ئیقامه‌ى جه‌برى)یه‌وه‌. 

 زیاتر له‌ 40 سندوقى خشڵ و دراوى قورس (بیانى) و جانتاى ناوازه‌ى ده‌ستى له‌ ماڵه‌كه‌ى زورماح-ى ژنى سه‌ره‌ك وه‌زیران و كوڕ و كچه‌كانیدا ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌. ئه‌م ژنه‌ ئالووده‌ى بازاڕكردن و كۆكردنه‌وه‌ى جلوبه‌رگ و جانتا و زێڕ و زیوو و كڕینیان بووه‌ له‌ خانه‌ جیهانیه‌كانى كه‌لوپه‌لدا و زۆربه‌ى كاته‌كانى ساڵ له‌ نێوان بازاڕه‌كانى له‌نده‌ن و پاریس و نیویۆرك-دا له‌ هاتوچۆدا بووه‌.

ئایا خاتوو زورماح مه‌نسور، ژنگه‌لى هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسه‌ عه‌ره‌به‌كانى چه‌ندین ده‌وڵه‌تى ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژارمان بیرناخاته‌وه‌؟
حكومه‌ته‌كه‌ى دكتۆر مه‌هاتیر كه‌ له‌ مانگى ئایارى رابردوودا و له‌ڕێى سندوقه‌كانى ده‌نگانه‌وه‌ و له‌نێو لایه‌نگرییه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى میلـلیدا گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات، چه‌ندین بڕیارى گرنگى ده‌ركردووه‌، دیارترینیان به‌ڕاى ئێمه‌ بریتین له‌ یه‌كه‌م: ده‌ستدانه‌ هه‌ڵمه‌تێكى توندى دژه‌ گه‌نده‌ڵى، دووه‌م: كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌و جه‌نگه‌ى كه‌ هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى به‌سه‌ركردایه‌تى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن ده‌یكات، چونكه‌ نایه‌وێت به‌شداریى له‌و جه‌نگه‌دا بكات و ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كى باش له‌گه‌ڵ هه‌مواندا دابمه‌زرێنێت.

ئه‌مه‌ وانه‌یه‌كه‌ له‌ فه‌رمانڕه‌وایى و ئیداره‌ و شه‌ڕى دژى به‌ڵاى گه‌نده‌ڵى كه‌ له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهانى سێ، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا، گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌. ئومێده‌وارین ئه‌كادیمیاى دكتۆر مه‌هاتیر لقه‌كانى خۆى له‌ چه‌ندین پایته‌خت و شاره‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا بكاته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش ناتوانێت با چالاكوانه‌كانى عه‌ره‌ب بانگهێشتى كوالالامپور بكات كه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كیى ئه‌كادیمیاكه‌یه‌، چونكه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ى عه‌ره‌ب و موسڵمان، ئه‌وێ زۆر گرنگتر و به‌بایه‌ختره‌ له‌ هه‌موو زانكۆ ئه‌مریكى و ئه‌وروپیه‌كانى وه‌ك هارڤارد و ئۆكسفۆرد و كامبریدج و سۆربۆن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure