له‌ فینله‌ند-ه‌وه‌ فێربن

بۆچوون / بیروڕا :: 11/07/2018

نووسینى: خالد ئه‌لقشتینى
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

رۆژنامه‌ى گاردیان-ى بریتانى پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وتارێكى به‌پێزى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێدا ده‌ڵێت ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت دیراسه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى راست و ره‌وا بكات، پێویسته‌ له‌سه‌رى له‌ هێلسنكى-یه‌وه‌ ده‌ست پێبكات كه‌ پایته‌ختى فینله‌ند-ایه‌. ناتوانم خوێنه‌ر به‌ره‌و ئه‌وێ په‌لكێش بكه‌م به‌ڵام هه‌ندێك زانیاریى ده‌ده‌مێ. ئێمه‌ واراهاتووین كه‌ ئاماژه‌ به‌ ئینگلته‌را و ئه‌مریكا و هه‌ندێكجاریش ژاپۆن و كۆریاى باشور بكه‌ین وه‌ك نموونه‌ى هه‌ستانه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتن. له‌مه‌دا هه‌ڵه‌ین. كێ ده‌یه‌وێت فێرى سه‌ركه‌وتوویى ده‌سه‌ڵات و چاكسازیى كۆمه‌ڵگه‌ بێت ده‌بێت له‌ فینله‌ند-ه‌وه‌ ده‌ست پێبكات. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژنامه‌كه‌ وتوویه‌تى.
  
فینله‌ند كۆڵۆنیالێكى هه‌ژارى سه‌ر به‌ روسیا بوو. له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا برسێتیى بڕستى له‌به‌ر ده‌یه‌كى دانیشتوانه‌كه‌ى بڕیبوو. له‌ ساڵى 1917 سه‌ربه‌خۆ بووه‌ (وه‌ك نزیكه‌ى زۆربه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان) ئێستا رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان، كۆمارى فینله‌ند له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ى هه‌موو ده‌وڵه‌تانى جیهان داده‌نێن له‌ڕووى ئاسایش و سه‌قامگیرى و باشیى ده‌سه‌ڵات و كه‌میى گه‌نده‌ڵى و تاوانه‌وه‌. سێیه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ دادوه‌رى و راستگۆییدا. دووه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ پاكى و بێگه‌ردیى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. پێنجه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ یه‌كسانیى كۆمه‌ڵایه‌تیدا. كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كانى له‌ پله‌ى دووه‌مى جیهاندان بۆ ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ى ئه‌خلاقى. ژنانى فینله‌ند له‌ڕووى یه‌كسانییان له‌گه‌ڵ پیاواندا له‌ پله‌ى سێیه‌مى هه‌موو جیهاندان. ژنى فینله‌ندى له‌ ساڵى  1906 ه‌وه‌، واتا له‌پێش ژنانى هه‌موو جیهانه‌وه‌، مافى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان هه‌یه‌ و ئێستا 42%ى په‌رله‌مانتارانى ژنن. ده‌وڵه‌ت نزیكه‌ى سێیه‌كى بودجه‌كه‌ى بۆ ئامانجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌رخان ده‌كات ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ فینله‌ند بگاته‌ پله‌ى پێنجه‌مى یه‌كسانى له‌ هه‌موو جیهاندا.
 
ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ سه‌رسوڕهێن و په‌ره‌سه‌ندنه‌ زۆره‌، بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى هه‌موو توێژه‌ره‌وان. له‌ نه‌وه‌كانى ئه‌م وڵاته‌، هۆڵمسترۆم-ى زاناى خاوه‌نى خه‌ڵاتى نۆبڵ-ى ئابورییه‌ كه‌ ئه‌م پێشكه‌وتنه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى به‌ (موعجیزه‌) ناوده‌بات، هه‌ر به‌ڕاست موعجیزه‌یشه‌ بۆ وڵاتێكى هه‌ژار و خاوه‌ن كه‌مترین سه‌رچاوه‌ى سروشتى و ئه‌وپه‌ڕى خراپیى كه‌شوهه‌وا. زۆركه‌س جه‌خت له‌گیانى هاووڵاتێیتى بونیاتنراو له‌سه‌ر هه‌وڵ و كۆشش له‌كار و هاوكاریكردنى ئه‌ویدى و دیالۆگ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌كاته‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌یان له‌ وشه‌یه‌كى فینله‌ند-یدا كورتكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ زمانه‌كانى تردا هاوماناى نییه‌، ئه‌و وشه‌یه‌یش (سیسى)یه‌ كه‌ ماناى كۆڵنه‌دانێكى ئازایانه‌یه‌ بێ ره‌چاوكردنى ئه‌نجامه‌كه‌. ئه‌م وشه‌ى (سیسى)یه‌ له‌ راوه‌ستانه‌وه‌ى ئه‌م گه‌له‌ بچووكه‌دا ده‌ركه‌وت به‌ڕووى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و راونانى سوپاى سۆڤیه‌تى به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م پێش دووه‌م جه‌نگى جیهانى.

من واى بۆ ده‌چم پێشكه‌وتنى ئه‌م گه‌له‌ 5 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌سیه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى سه‌ربه‌خۆبوونیه‌وه‌ ته‌ركیزى له‌سه‌ر زانست و خوێندن بووه‌. پرۆفیسۆرێكى زانكۆ سه‌ركردایه‌تیى خه‌باتى وڵاتى كردووه‌ بۆ سه‌ندنى سه‌ربه‌خۆیى. هه‌ر له‌وكاته‌یشه‌وه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ستهێناوه‌ مامۆستایانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى دكتۆرا و پله‌كانى پرۆفیسۆر فه‌رمانڕه‌واى بوون و ده‌سه‌ڵاتى وڵاتیان به‌ڕێوه‌بردووه‌. ئه‌وه‌تا یه‌كێكیان ده‌ڵێت "وڵاته‌كه‌مان قه‌واره‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و پرۆفیسۆریه‌ت دروستى كردووه‌".

ئه‌و پرۆفیسۆرانه‌ى زانكۆكان مكوڕبوون له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ى خوێندن له‌ وڵاته‌كه‌یاندا. ئێستا خوێندكارانى فینله‌ندى له‌ پله‌ و پێگه‌ى دووه‌مى هه‌موو جیهاندان له‌ تواناى خوێندنه‌وه‌دا. نه‌خوێنده‌واریى شتێكه‌ ته‌نیا ده‌یبیستن و له‌ناویاندا نییه‌. كه‌نیسه‌ هاوسه‌رگیرییه‌ك په‌سه‌ند ناكات هه‌تا ژن و پیاوه‌كه‌ نه‌یسه‌لمێنن كه‌ خوێنده‌وارن. بێگومان هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كیش كار نادات به‌ هیچ هاووڵاتییه‌ك ئه‌گه‌ر خوێنده‌وار نه‌بێت. له‌وباوه‌ڕه‌دام ئه‌م سووربوون و جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر خوێندن و ئینجایش زانیارى و رۆشنبیریى، نهێنیى سه‌ركه‌وتنى فینله‌ند-ه‌. 







  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure