میدیاى نوێ

بۆچوون / بیروڕا :: 10/07/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئایا میدیاى نوێ ده‌توانێت هۆشیارییه‌كى نوێ و ئینجا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى نوێ و به‌دواى ئه‌ویشدا خۆرهه‌ڵاتێكى نوێ، بخوڵقێنێت؟ وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ كورتى نه‌ئـ-ه‌. به‌ڵام پرسیارى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌: بۆچى نه‌ئـ؟. میدیاى نوێ له‌م ناوچه‌یه‌ى ئێمه‌دا، وه‌ك په‌نده‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ده‌ڵێت "شه‌رابى كۆنى ناو شووشه‌ى تازه‌"یه‌. ئامێرگه‌لى تازه‌ى وه‌ك ئایفۆن و ئینته‌رنێت هه‌ڵگرى ناوه‌رۆكن و ئه‌و ناوه‌رۆكه‌یش بۆ زمان-ه‌. له‌ بیست ساڵى رابردوودا به‌دواداچوونم بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ كردووه‌ كه‌ پێى ده‌وترێت میدیاى نوێ (small media) یان میدیاى بچووك، تێبینیى گۆڕانێكى ئاشكرام له‌ زمان-دا نه‌كردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر میدیاى نوێ هه‌بێت ده‌بێت زمانى نوێ-یش هه‌بێت. مه‌به‌ستم له‌ زمانى نوێ وشه‌ى نوێ نییه‌، چونكه‌ زمانى نوێ هه‌ر به‌ته‌نیا وشه‌گه‌لى نوێ یان هاوواتاى نوێ نییه‌، به‌ڵكو له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا بریتیه‌ له‌ پێكهێنانى په‌یوه‌ندیى نوێى زمانناسى كه‌ ده‌توانێت هۆشیارییه‌كى نوێ به‌رهه‌مبێنێت. چونكه‌ په‌یوه‌ندیى كۆنى زمانناسى هۆشیاریى نوێ ناخوڵقێنێت.

ئه‌گه‌ر میدیاى نوێ شتێكى له‌ زمان-دا گۆڕیبێت ئه‌و شته‌ نزمكردنه‌وه‌ى زمانه‌. له‌مه‌دا مه‌به‌ستم گۆڕین و گواستنه‌وه‌ى زمان نییه‌ له‌ زمانى ره‌وانى نووسین و خوێندن (فصحى)وه‌ بۆ زمانى ئاخاوتن (جلفه‌) یان تێكه‌ڵكردنى ئه‌و دوو جۆره‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونى ساڵ هه‌ویرێكى ئاوێته‌ى له‌وجۆره‌ شتێكى جیاوازى لێ په‌یدا ببێت، به‌ڵكو مه‌به‌ستى من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زمانناسیه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى باوكسالارى و باڵاده‌ستیى سیاسیى به‌رهه‌مهێناوه‌ هه‌ر هه‌مان ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ن ئیتر چ به‌ زمانى ئاخاوتن یان زمانى ره‌وان بن و چ به‌ تێكه‌ڵكردنیان گوزارشت له‌ بیرۆكه‌كه‌ بكه‌ن. 

پێش سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنى ئینته‌رنێت، هه‌وڵێكى جدیى هه‌بوو بۆ خوڵقاندنى په‌یوه‌ندییه‌كى نوێى زمانه‌وانى له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا به‌ ره‌وتى نوێگه‌رى له‌ ئه‌ده‌ب-دا ده‌ناسرا و له‌ به‌یروت نووسه‌رانى وه‌ك ئه‌دۆنیس و سه‌عید عه‌قل و له‌ میسر-یش سه‌لاح عه‌بدولسه‌بور و ئه‌حمه‌د عه‌بدولموعتى حیجازى و ئه‌مه‌ل ده‌نقل و ئه‌وانیتر سه‌رپه‌رشتیى ده‌كرد. ئه‌مه‌ هه‌وڵدانێكى جدیى بوو له‌ هێنانه‌كایه‌ى په‌یوه‌ندیى نوێى زمانه‌وانیى به‌تایبه‌ت له‌ شیعر و پاشانیش له‌ رۆمان-دا. له‌و ماوه‌یه‌دا كاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ له‌ نووسه‌ره‌كه‌ى گرنگتر بوو، به‌ڵام ئێستا و له‌م سه‌رده‌مى میدیاى بچووكه‌دا خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌ ده‌ق-ه‌كه‌ گرنگتره‌، چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بره‌ودانى میدیایى نییه‌ بۆ ده‌ق به‌ڵكو بازاڕگه‌رمییه‌ بۆ كه‌سه‌كه‌ و وێنه‌ى كه‌سه‌كه‌ و چۆنیه‌تیى ترشوخوێكردنى له‌ فه‌یسبوك و تویته‌ر و ئینستگرام و سناپ چات و ئامێره‌ تازه‌كانى تر.

له‌ گۆڕینى شیعرى ستوونى (عه‌مودى)یه‌وه‌ بۆ شیعرى ئازاد یان شیعرى په‌خشانئامێز، پێوه‌رگه‌لى توندى په‌یڕه‌وكراو بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى تێكست هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا بۆ نووسین له‌ فه‌یسبوك و ده‌سته‌خوشكه‌كانیدا هیچ پێوه‌رێك نییه‌. هه‌موو ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌سى خاوه‌ن هه‌ژمار یان لاپه‌ڕه‌ (نێر بێت یان مێ) ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ شاعیره‌ و وێنه‌یه‌كى خۆى به‌ جوانترین جل و ماكیاژێكى تۆخ و ده‌موچاوێكى فۆتۆشۆپكراو و قژێكى ئوتوكراوه‌وه‌ دابنێت و ئیتر لایك و كۆمێنتى ده‌ستخۆشى و پیاهه‌ڵدان و سه‌رسامبوون به‌ سه‌ریدا هه‌ڵده‌ڕژێت.
 
مه‌رگى پێوه‌ره‌كان له‌ میدیاى تازه‌دا و به‌پیره‌وه‌چوون و گردبوونه‌وه‌ له‌ خودى نووسه‌ر/دانه‌ر-ه‌كه‌، پێچه‌وانه‌ى بزاڤى تازه‌گه‌رى و بوارى نوێگه‌رییه‌ كه‌ مه‌رگى نووسه‌ر بناغه‌ى بوو. چیدى ده‌ق له‌پێشه‌وه‌ى دیمه‌نه‌كه‌دا نییه‌. نوێگه‌ریى باس له‌ مه‌رگى نووسه‌ر/دانه‌ر ده‌كات به‌ڵام میدیاى نوێ هه‌مووى هه‌ر له‌سه‌ر نووسه‌ره‌. 

نه‌رجسیه‌تى میدیاى نوێ ده‌ق ناكاته‌ ئه‌ستێره‌ به‌ڵكو ئه‌ستێره‌ ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌دواى پیاهه‌ڵدان و ستایشكردندا هه‌ناسكه‌بڕكێیه‌تى. ئیتر ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كه‌ ده‌قێكى شایسته‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ بنووسیت به‌ڵكو گرنگ ژماره‌ى لایك و كۆمێنت و ستایشكردنته‌ له‌ناو هه‌ژمارى میدیاى نوێدا. ئه‌م نه‌رجسى و خودپه‌سه‌ندییه‌ هۆشیارییه‌كى نوێ یان زمانێكى نوێ یاخود فیكر و بیرێكى نوێ ناخوڵقێنێت، به‌ڵكو قه‌ره‌باڵغیه‌ك ئه‌ستێره‌ى وه‌همیى دروست ده‌كات له‌وانه‌ى كه‌ تواناى سه‌لماندنى خۆیان نییه‌ مه‌گه‌ر له‌ جیهانێكى گریمانه‌ییدا نه‌بێت، یان له‌ دنیاى وێنه‌ نه‌ك وشه‌دا. بۆیه‌ گردبوونه‌وه‌ و پێشوازیكردن له‌ میدیاى نوێ له‌ سایه‌ى نه‌بوونى پێوه‌رگه‌لێكى مه‌حكه‌م بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ بۆ گشت بڵاوده‌كرێته‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌ و ئاماژه‌كانى پاشه‌كشه‌ و دواكه‌وتوویى نه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ تازه‌یى و نوێگه‌رى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure