دیكتاتۆریه‌ت (به‌ دیموكراتى) خۆى تازه‌ ده‌كاته‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 08/07/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان بۆ سه‌رۆكایه‌تى، جێى سه‌رسوڕمان نه‌بوو، چونكه‌ كابرا ساڵانێكه‌ كار بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى ده‌كات، به‌تایبه‌ت دواى كوده‌تاكه‌ى 2016 كه‌ بارى نائاسایى راگه‌یاند و ده‌یان هه‌زار كه‌سى خزانده‌ به‌ندیخانه‌كانه‌وه‌ و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى ره‌سمى و تایبه‌تى نه‌هێشته‌وه‌ كه‌ دووباره‌ داینه‌ڕێژێته‌وه‌ و به‌رپرسیارێتیه‌كانیان نه‌داته‌ كه‌سانى سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ى خۆى یاخود لایه‌نگره‌كانى، هه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ زانكۆكان و رۆژنامه‌كان و هه‌موو ناوه‌نده‌كانى راگه‌یاندن. ده‌نگده‌ره‌ توركه‌كانیش له‌ دۆخێكى پڕ له‌ ترس و تۆقاندا چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كانى ده‌نگدان كه‌ پێشتر شتى وایان نه‌بینیبوو، ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌یشدا كه‌ (عه‌لمانیپارێز)یش توندترین جۆره‌كانى سه‌ركوتكردنى په‌یڕه‌و كردووه‌.

بێجگه‌ له‌ سیاسه‌تى سه‌ركوتكردن و تۆقاندن، ئه‌ردۆغان به‌ درێژایى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى پشتگیریى له‌ رێباز و رێنماییه‌ ئایینیه‌كان كردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ خۆى هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئایینداره‌، ئه‌گه‌رچى له‌ بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ ئه‌زموونێكى عه‌لمانیى به‌زۆر به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌. هه‌روه‌ها به‌ پێكه‌وه‌به‌ستنى سیاسه‌تى ئایدیۆلۆژیاى ئیسلامیى سیاسى و توندڕه‌ویى نه‌ته‌وایه‌تى هه‌م ئیسلامیه‌كان و هه‌م نه‌ته‌وه‌چییه‌كانى رازیكرد، ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بوونه‌ هاوپه‌یمانى و ئه‌نجامێكیان بۆ به‌ده‌ستهێنا كه‌ له‌ مێژووى حزبه‌كه‌یدا به‌ده‌ستنه‌هاتووه‌. واتا ئه‌وه‌ى له‌م دوا هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وت ئه‌و شۆڤێنیه‌(دینى-قه‌ومى)یه‌ بوو كه‌ له‌ سیاسته‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌یشدا په‌یڕه‌وى ده‌كات. 

به‌ڵام هێنده‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌ته‌ خاڵى به‌هێزى بۆ ده‌سته‌به‌ركردووه‌، هێنده‌یش خاڵه‌ لاوازه‌كانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا لێ ئاشكراكرد. ئه‌مه‌یش له‌ مانگ و ساڵانى داهاتوودا كاریگه‌رییه‌كانى ده‌رده‌كه‌ون. چونكه‌ شۆڤێنیه‌تى نه‌ته‌وه‌یى تورك شۆڤێنیه‌تى نه‌ته‌وه‌یى كورد-ى به‌رامبه‌ر ده‌بێته‌وه‌ كه‌ مێژووى خه‌باتێكى دوور و درێژى له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها باڵه‌ سیاسیه‌كه‌یشى پارتى دیموكراتى گه‌لان-ه‌ كه‌ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش-ى سه‌رۆكى له‌ زیندانه‌وه‌ به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى كرد و سه‌ریشكه‌وت.

له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ ئه‌ردۆغان له‌میانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌ڵێنى دا ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى له‌ دژى كورد له‌ عێراق و له‌ سوریا-یش درێژه‌ پێبدات و ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ى وه‌ك به‌شێك له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و بۆ راكێشانى نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ توركه‌كان بۆ ریزه‌كانى خۆى به‌كارهێنا، بۆیه‌ رووبه‌ڕووى هه‌ڵكشانێكى بێوێنه‌ى تووڕه‌بوونى كورده‌كان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى خۆى بۆ ئه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ ده‌خاته‌كار، ده‌سه‌ڵات خستنه‌كارێك كه‌ دوور بێت له‌و دامه‌زراوانه‌ى ده‌بێت و واپێویست ده‌كات ئه‌ركه‌كانیان چاودێریكردنى ره‌فتاره‌كانى خۆى و ره‌فتاره‌كانى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكرد بێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنه‌ى كه‌ زۆربه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستى خودى ئه‌ردۆغان-ه‌وه‌. ته‌نانه‌ت خۆیشى بۆ ئه‌م رووبه‌ڕووبووه‌نه‌وه‌یه‌ ساز و ئاماده‌ كردووه‌، ئه‌وه‌تا سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرانى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌ندێك هه‌ڵوه‌شاندووه‌ و هه‌ندێكى تریانى تێكه‌ڵكردووه‌. بێگومان هه‌ر به‌وه‌نده‌یش وازناهێنێت به‌ڵكو هه‌موو ده‌سه‌ڵات و كاروباره‌ جێبه‌جێكاریه‌كان ده‌خاته‌ ژێر ئیداره‌ى خۆیه‌وه‌.  نۆ ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌ پێكدێنێت و ده‌یانخاته‌ ژێر فه‌رمانى سه‌رۆكایه‌تى كۆماره‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌ركیان پلانڕێژیى ده‌بێت بۆ خوێندن و ته‌ندروستى و ئابورى و دانانى ستراتیژییه‌ته‌ گه‌وره‌كانى په‌یوه‌ست به‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌كى-یه‌وه‌. رۆڵى ئه‌م ده‌سته‌ و دامه‌زراوانه‌یش ته‌نیا له‌ پلاندانان و نه‌خشه‌كێشاندا كورت نابنه‌وه‌ به‌ڵكو سه‌رپه‌رشتیى جێبه‌جێكردنى هه‌موو ئه‌وانه‌یش ده‌كه‌ن كه‌ پلانیان بۆ داده‌نێت. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌یش سێ نووسینگه‌ داده‌مه‌زرێنێت كه‌ راسته‌خۆ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ خودى خۆیه‌وه‌. ئه‌ركى ئه‌م نووسینگانه‌یش سه‌رپه‌رشتیكردنى سیاسه‌ته‌ داراییه‌كانى و پشتگیریكردنى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و باشكردنى به‌كارهێنانى ته‌كنۆلۆژیا ده‌بێت.

ئه‌ى چى ده‌رباره‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌كیى ئه‌ردۆغان؟ چى سه‌باره‌ت به‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌كه‌یش؟ چى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌؟ چى له‌مه‌ڕ ئه‌ندامێتیى توركیا له‌ په‌یمانى ئه‌تڵه‌سی؟. وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ و هه‌ندێك شرۆڤه‌ و شیكاریى، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان-ى زوو هه‌روه‌ك ئه‌وساى خۆى ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یگۆڕێت هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى زیاترى ده‌داتێ بۆ جێبه‌جێكردنى سیاسه‌ته‌كانى پێشووى، ئیتر به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ و چاودێرى.

قسه‌كه‌ى موحه‌ڕه‌م ئینجه‌-ى سه‌ركرده‌ى ئۆپۆزیسیۆن راسته‌ كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان وتى "ده‌سه‌ڵاته‌ تازه‌كه‌ مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر توركیا، چونكه‌ رژێمى ده‌سه‌ڵاتى تاكه‌كه‌س-مان دامه‌زراند". كه‌واته‌ دیكتاتۆریه‌ت (به‌ دیموكراتى) خۆى تازه‌ ده‌كاته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure