ئایا جیهان شێرپه‌نجه‌ و زه‌هایمه‌ر ده‌به‌زێنێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: 05/07/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
مرۆڤ هێنده‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ هه‌واڵه‌كانى جه‌نگ و وێرانكارى ره‌شبین و نائومێد ده‌بێت، قومێكیش هیوا و گه‌شبینیى ده‌ستده‌كه‌وێت كاتێك هه‌واڵه‌كانى تایبه‌ت به‌ داهێنانه‌ گرنگه‌ زانستیه‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌بوارى پزیشكیدا. له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژانێكى كه‌مى رابردوودا ده‌زگاكانى راگه‌یاندن كۆمه‌ڵێك هه‌واڵیان بڵاوكرده‌وه‌ ده‌رباره‌ى پێشخستن و به‌ره‌وپێشچوونه‌ گرنگه‌كان له‌ جیهانى پزیشكى-دا كه‌ ئه‌گه‌ر شانبه‌شانى یه‌كدى دانران ئه‌وا تروسكه‌یه‌كى هیوا ده‌به‌خشن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ جیهان هه‌نگاوى توانستانه‌ ده‌نێت له‌ جه‌نگى دژى هه‌ندێك له‌ مه‌ترسیدارترین نه‌خۆشیه‌كانى سه‌رده‌م و پیرى-دا، ئه‌گه‌رچى رێگه‌كه‌ هه‌روا دوورودرێژه‌.


ئه‌و هه‌واڵه‌ى كه‌ بایه‌خپێدانێكى زۆرى ورووژاند ئه‌وه‌بوو توێژه‌ره‌كان پشكنینگه‌لێكى خوێن-یان په‌ره‌پێداوه‌ به‌ره‌و پێشبینیى دۆزینه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشیه‌كانى شێرپه‌نجه‌ له‌ قۆناغه‌ زۆر سه‌ره‌تاییه‌كانیاندا و ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى هیچ گرێ و هه‌ڵئاوسانێك ده‌ربكه‌وێت، ئه‌مه‌یش كۆنترۆڵكردنى نه‌خۆشیه‌كه‌ ئاسان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى دواتر چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌ندێك له‌و جۆره‌ شێرپه‌نجانه‌ى كه‌ به‌هۆى ئه‌م پشكنینه‌ تازانه‌وه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، له‌و جۆرانه‌ن كه‌ پێشتر دۆزینه‌وه‌یان قورس و زه‌حمه‌ت بوون هه‌تا نه‌گه‌یشتنایه‌ته‌ قۆناغه‌كانى ته‌واو ده‌ركه‌وتنیان، به‌مه‌یش چاره‌سه‌ركردنیان زه‌حمه‌ت و ئاڵۆز بوون، ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بوایه‌، وه‌ك شێرپه‌نجه‌ى ملى منداڵدان و شێرپه‌نجه‌ى په‌نكریاس. ئه‌وه‌ى كه‌ زیاتریش جێى سه‌رسامییه‌ ئاستى سه‌ركه‌وتوویى دیاریكردنى نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ تازه‌كه‌ى خوێن و له‌ هه‌ندێك حاڵه‌ته‌كاندا گه‌یشتووه‌ته‌ 90%. به‌ زۆرییش سه‌ركه‌وتنى به‌چاو له‌ دیاریكردنى شێرپه‌نجه‌كانى په‌نكریاس و ملى منداڵدان و جگه‌ر-دا به‌دیهێنراوه‌. هه‌روه‌ها له‌ شێرپه‌نجه‌ى لیمفه‌ڕژێنه‌كان(غوده‌ى لیمفاوى)دا ئاستى سه‌ركه‌وتوویى پشكنینه‌كه‌ 77% و له‌ شێرپه‌نجه‌ى ریخۆڵه‌كاندا 66% و له‌ شێرپه‌نجه‌ى سى-یه‌كانیشدا گه‌یشتووه‌ته‌ 59%.

زاناكان و پزیشكه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و پێشخستن و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ى كه‌ خه‌ریكن له‌ بوارى تاقیكردنه‌وه‌كانى خوێندا روو ده‌ده‌ن، بازدانێكى گه‌وره‌یه‌ و له‌ ئایینده‌دا یارمه‌تیى پێشخستنى چاره‌سه‌ره‌كانى قه‌لاچۆكردنى ژماره‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشیه‌ بێچاره‌كان ده‌دات، ئه‌مه‌یش یان به‌ خۆلێپاراستنى پێش تووشبوون یاخود به‌ چاره‌سه‌ركردنى له‌ قۆناغى سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكیدا كه‌ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ ئاسانه‌ و ده‌رفه‌تى سه‌ركه‌وتنى زۆر زۆره‌.  بێجگه‌ له‌ شێرپه‌نجه‌، پزیشكه‌كان توانیویانه‌ په‌ره‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى خوێن بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى نه‌خۆشیى زه‌هایمه‌ر (له‌بیرچوونه‌وه‌-خه‌ڵه‌فان) پێش 30 ساڵ له‌ ده‌ركه‌وتنى نیشانه‌كانى له‌سه‌ر مرۆڤ و به‌ رێژه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوانه‌یش كه‌ ده‌گاته‌ 90%. تاقیكردنه‌وه‌كه‌ چاودێریى پرۆتینێكى دیاریكراو له‌ خوێندا ده‌كات كه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى به‌ یه‌كه‌م نیشانه‌كانى ئه‌گه‌رى تووشبوونى كه‌سه‌كه‌ له‌ داهاتوودا به‌ خه‌ڵه‌فان داده‌نرێت. په‌ره‌پێدانێكى ترى تاقیكردنه‌وه‌ى خوێن سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ دیاریكردن و ناسینه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى پێشوه‌خته‌ى تووشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كانى دڵ به‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى حه‌وت ساڵ پێش تووشبوون به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ.

ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ راگه‌یه‌نراوانه‌ هه‌ر به‌ته‌نیا له‌ بوارى دیاریكردنى پێشوه‌خته‌ى نه‌خۆشیه‌كاندا نین، به‌ڵكو له‌ بوارى چاره‌سه‌ركردنیشدان. ئه‌وه‌تا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا كه‌ پزیشكه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ چاره‌سه‌ركردنى ژنێكى تووشبوو به‌ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك له‌ قۆناغى په‌ره‌سه‌ندن و ته‌نینه‌وه‌یدا. ئه‌مه‌یش له‌ڕێى پێشخستنى خانه‌ (دۆسته‌كان)ى ده‌رهێنراو یاخود به‌هه‌مهێنراو له‌ نموونه‌یه‌كى گرێ شێرپه‌نجه‌ییه‌كه‌یه‌وه‌ و دواى ئه‌وه‌ى دیارییانكرد كه‌ تواناى ناسینه‌وه‌ى خانه‌ نه‌خۆشه‌كانى هه‌یه‌. پزیشكه‌كان و توێژه‌ره‌وه‌كان كه‌وتنه‌ (چنینه‌وه‌)ى ملیۆنه‌ها له‌و خانه‌ (دۆست)انه‌ و پاشان ژنه‌ نه‌خۆشه‌كه‌یان پێ (كوتى) بۆ ئه‌وه‌ى ئاستێكى پاڵنانى به‌هێز بده‌نه‌ كۆئه‌ندامى به‌رگریى. ئه‌نجامه‌كه‌یش ئه‌وه‌ بوو كه‌ پزیشكه‌كانى تووشى سه‌رسووڕمان كرد، چونكه‌ كۆنترۆڵى شێرپه‌نجه‌كه‌ى كرد و ژنه‌كه‌ به‌ته‌واوى چاك بووه‌وه‌ له‌كاتێكدا پێشتر له‌بارێكى ته‌واو نائومێدیدا بوو. حاڵه‌ته‌كه‌ له‌م رۆژانه‌دا له‌ كۆنگره‌یه‌ك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان باسكرا و ئه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا ئه‌و ژنه‌ نه‌خۆشه‌ى كه‌ پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چاره‌سه‌ر كراوه‌، ئێستا له‌ دۆخێكى ئاساییدا ده‌ژى و به‌ته‌واوى ئه‌و نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌یه‌ى چاره‌سه‌ر بووه‌ كه‌ خه‌ریك بوو ده‌یكوشت. حاڵه‌ته‌كه‌یشى به‌ مژده‌به‌خش بۆ ژنان له‌قه‌ڵه‌مدرا، هه‌روه‌ك ئومێدبه‌خش بوو له‌ بوارى چاره‌سه‌ركردنى هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانى شێرپه‌نجه‌ى بڵاوبووه‌وه‌ و ته‌نینه‌وه‌یش به‌ نه‌خۆشدا. 

هه‌موو ئه‌م دۆزینه‌وانه‌ هه‌نگاوى هیوابه‌خش و گرنگن له‌ قه‌لاچۆكردنى مه‌ترسیدارترین نه‌خۆشیه‌كانى سه‌رده‌م و له‌ نێویشیاندا شێرپه‌نجه‌ كه‌ به‌پێى خه‌مڵاندنه‌كانى رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى ساڵانه‌ بڕى تریلیۆنێك و 200 ملیار دۆلارى له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا بۆ خه‌رجده‌كرێت و زیاتر له‌ 14 ملیۆن مرۆڤ له‌سه‌رانسه‌ى جیهاندا تووشى ده‌بن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێشبینى ده‌كرێت هه‌تا ساڵى 2035 ئه‌و ژماره‌یه‌ بگاته‌ نزیكه‌ى 24 ملیۆن نه‌خۆش، ته‌نیا مه‌گه‌ر پێشكه‌وتنه‌ زانستیه‌كان سه‌ركه‌وتوو بن و بتوانن به‌ره‌نگارى هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانى ببنه‌وه‌ و سنوورێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى دابنێن له‌ڕێى چاودێریى پێشوه‌خته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ خوێن و له‌ خانه‌كان-دا. به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان هێشتا دوور و درێژن چ له‌ جه‌نگى دژى شێرپه‌نجه‌ و چ له‌ كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كانى ترى سه‌رده‌مه‌كه‌دا له‌ نموونه‌ى نه‌خۆشیه‌كانى دڵ و خه‌ڵه‌فان-دا. هه‌روه‌ك بوارى توێژینه‌وه‌ پزیشكیه‌كان پێویستى به‌ پاره‌ و تێچوویه‌كى زۆره‌ بۆ به‌رده‌وامى و درێژه‌دان به‌ دۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ره‌كان كه‌ تائێستا وه‌ك پێویست دابین ناكرێت. خۆ ئه‌گه‌ر جیهان رێژه‌ى 50%ى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ جه‌نگه‌كان و چه‌كداریدا خه‌رجی ده‌كات بۆ توێژینه‌وه‌ پزیشكى و چاره‌سه‌ریه‌كانى ته‌رخان بكردایه‌ ئێستا دیمه‌ن و دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێكى دیكه‌ گۆڕابوو. هه‌ر بۆ زانیارییش ساڵى رابردوو قه‌باره‌ى تێچووى جیهانى بۆ چه‌ك و چه‌كدارى گه‌یشتبووه‌ تریلیۆنێك و 700 ملیار دۆلار، به‌راورد به‌ نزیكه‌ى 264 ملیار دۆلار بۆ توێژینه‌وه‌ پزیشكییه‌كان.  

بێگومان داواى چه‌ند هێنده‌كردنى هه‌وڵه‌كان و ته‌رخانكردنى پاره‌ى پێویست بۆ بوارى توێژینه‌وه‌ ته‌ندروستنى و چاره‌سه‌ریه‌كان، داواكارییه‌كى تازه‌ نین، به‌ڵام له‌مڕۆدا گرنگى و به‌یه‌خێكى زیارتى هه‌یه‌، ئه‌مه‌یش له‌سایه‌ى ئه‌و په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنانه‌دا كه‌ توێژه‌ران ده‌یكه‌ن بۆ پێشخستن و دۆزینه‌وه‌ى شێوازگه‌لى نوێ له‌ دیاریكردنى نه‌خۆشیه‌كان و چاره‌سه‌ره‌كانیاندا ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ و به‌رده‌ستى پێویستیان بۆ دابین بكرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م بابه‌ته‌ ره‌هه‌ندێكى ئابورییشى هه‌یه‌، چونكه‌ لیستى تێچووى چاودێریى ته‌ندروستیى به‌شێوه‌یه‌ك له‌ زیادبووندایه‌ كه‌ بووه‌ته‌ بارێكى گران به‌سه‌ر بودجه‌ى ده‌وڵه‌تانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازیه‌كاندا. ئه‌وه‌تا به‌گوێره‌ى ژماره‌كانى رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى، جیهان له‌ ساڵى 2015 دا نزیكه‌ى 7 تریلیۆن و 300 ملیار دۆلارى له‌ چاودێریى ته‌ندروستیدا خه‌رج كردووه‌ و پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌م ژماره‌یه‌ هه‌تا ساڵى 2040 بگاته‌ نزیكه‌ى 18 تریلیۆن دۆلار، وه‌ك ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ى كه‌ له‌ گۆڤارى (لانسیت) ى پزیشكیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاشكراى ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ خۆپاراستن له‌ چاره‌سه‌ركردن باشتره‌، بۆیه‌ پێشخستنى شێوازه‌كانى دیاریكردنى پێشوه‌خته‌ى نه‌خۆشیه‌كان، وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ تازه‌كه‌ى خوێن كه‌ بووه‌ته‌ جێى گرنگیپێدان، پاره‌ و پوڵێكى زۆر بۆ جیهان ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌و كاریگه‌رییانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستیى مرۆڤ جێیده‌هێڵێت. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure