ئه‌نیشتاین له‌سه‌ره‌تادا ره‌گه‌زپه‌رست بوو و دوایى گۆڕاوه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

كه‌ منداڵ بووین له‌ قوتابخانه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ قوتابیه‌كان (بیفه‌لسه‌فانایه‌) پێمان ده‌گوت: چییه‌ خۆ ئه‌نیشتاین نیت. ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین بلیمه‌تێكى بێ ركه‌به‌رى سه‌ده‌ى بیست بوو. دوایى كه‌ گه‌وره‌ بووین تیۆرى رێژه‌یى و ئه‌وانى تریمان خوێنده‌وه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌دا بووین كه‌ ئه‌م زانا له‌دایكبووى ئه‌ڵمانییه‌ دژى ره‌گه‌زپه‌رستى بووه‌.

ئێستا (یادنامه‌ى گه‌شتى ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین) له‌لایه‌ن زیڤ رۆسینكرانز (Zeev Rosenkranz) كه‌ یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى (پرۆژه‌ى په‌ڕه‌كاغه‌زه‌كانى ئه‌نیشتاین)ه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ى كالیفۆرنیاى ته‌كنۆلۆژى، ده‌رچووێنراوه‌.  یادنامه‌كانى ئه‌م زانایه‌ وه‌ك گه‌شتكارێك پێشتر ته‌نیا جارێك به‌ زمانى ئه‌ڵمانى و له‌ چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێكدا چاپكراوه‌ كه‌ 15 به‌شى له‌ لاپه‌ڕه‌كانى ئه‌نیشتاین له‌خۆگرتووه‌.

رۆسینكرانز كه‌ بۆخۆى جووله‌كه‌یه‌، ده‌ڵێت جیاوازیه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و وێنه‌یه‌ى له‌سه‌ر ئه‌نیشتاین وه‌ك نموونه‌ى كه‌سێكى مه‌زنى مرۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ى كه‌ نووسیونیه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاشكرا ره‌گه‌زپه‌رستییان پێوه‌دیاره‌.

بیروڕاكانى له‌ نێوان تشرینى یه‌كه‌مى 1922 و ئازارى 1923 دا نووسراون كه‌ له‌ گه‌شتێكى خۆرهه‌ڵاتى دووردا بووه‌.

نازییه‌كان ئه‌نیشتاین-یان به‌ ئامانجگرتبوو، بۆیه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ى خۆى هه‌ڵهات و وه‌ك داكۆكیكارێكى مافه‌كانى مرۆڤ ناسرا. جارێكیان وتى: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆم جووله‌كه‌م له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ تێده‌گه‌م كه‌ ره‌شپێسته‌كان به‌ده‌ست ره‌گه‌زپه‌رستییه‌وه‌ ده‌یچێژن.

ده‌رباره‌ى خه‌ڵكى هۆنگ كۆنگ وتوویه‌تى خه‌ڵكێكن هیچیان پێناكرێت و به‌ درێژایى رۆژ بۆ پێنج سه‌نت كارده‌كه‌ن وه‌ك پارچه‌یه‌ك له‌ ئامێرێكى ئابوریى نامرۆییدا. قسه‌ى مامۆستایه‌كى پرتوگال-ییش ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ وتوویه‌تى چینى-یه‌كان به‌كه‌ڵكى بیركردنه‌وه‌ى لۆژیكییانه‌ نایه‌ن و هیچ به‌هره‌یه‌كیشیان له‌ ماتماتیك-دا نییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر  مامۆستاكه‌ و ئه‌نیشتاین تا ئه‌مڕۆ ژیابان ده‌یانبینى كه‌ چینییه‌كان چۆن غه‌زوى جیهانیان كردووه‌ و بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئابوریى ئه‌مریكا ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵى خۆیشیدا.   

هه‌ر ده‌رباره‌ى چینییه‌كان، ئه‌نیشتاین وتوویه‌تى ئه‌وان كارده‌كه‌ن و پیس و پۆخڵن. هه‌روه‌ها پێیوتوون له‌سه‌ر كورسى و مێز نان ناخۆن و له‌ دارستانه‌كاندا ده‌چنه‌ سه‌ر پێشاو و خۆیان خاڵى ده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیشیان بێ گیان و قه‌ڵه‌ون و جێى داخ و نیگه‌رانى ده‌بێت ئه‌گه‌ر چینییه‌كان ببنه‌ جێگره‌وه‌ى هه‌موو گه‌لانى جیهان. هه‌روه‌ك هێرشى توندتریان ده‌كاته‌ سه‌ر و ده‌ڵێت خوو و حه‌ز و ئاره‌زوویان دڕنده‌ و به‌ربه‌ریانه‌یه‌. باس له‌وه‌یش ده‌كات كه‌ سه‌ردانى هه‌ر شوێنێكى كردوون بۆنێكى ناخۆشى لێوه‌ هاتووه‌. پێَیشیان ده‌ڵێت وه‌ك ئه‌سپ كارده‌كه‌ن و هیچ گله‌یى و گازه‌نده‌ ناكه‌ن.

به‌ڵام ئه‌نیشتاین گه‌لى ژاپۆن-ى به‌لاوه‌ باش و په‌سه‌نده‌ و به‌ خاوێن و په‌روه‌رده‌كراو و ئیشكه‌ریان ناوده‌بات، به‌ڵام پێیوایه‌ پێویستیه‌ فیكرییه‌كانى گه‌لى ژاپۆن له‌ توانا هونه‌رییه‌كه‌یان كه‌متره‌.   
   
ئه‌نیشتاین سه‌ردانى سیلان-یشى كردووه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ سریلانكا و راى وایه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى پیس و پۆخڵن و بۆنێكى ناخۆشیان لێوه‌دێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت خه‌ڵكى سیلان كه‌م كار ده‌كه‌ن و پێویستیان به‌ زۆر نییه‌.

ره‌نگه‌ ئه‌نیشتاین به‌هه‌ڵكشانى ته‌مه‌ن و چوونه‌ته‌منیه‌وه‌ راى گۆڕابێت. به‌ڵگه‌ و سه‌لمێنراوى زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌كاتى گه‌نجییدا كه‌سێكى ره‌گه‌زپه‌رست بووه‌. 

ئه‌نیشتاین له‌گه‌ڵ میلێڤا ماریك هاوسه‌رگیریى كردووه‌، ئه‌ویش وه‌ك خۆى زانایه‌ك بوو. دواى 11 ساڵ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، مانیفێستى خۆیى ده‌رچواند كه‌ پێده‌چێت ئومێدى رزگاربوونى هاوسه‌رگیریه‌كه‌ى هه‌بووبێت.

ده‌بێت شتێك ده‌رباره‌ى گۆڕینى بیروڕاكانى ئه‌نیشتاین تۆمار بكه‌م. ئه‌و له‌ ساڵى 1931 دا چووه‌پاڵ نۆ كوڕى ره‌شپێستى ئه‌مریكى كه‌ تۆمه‌تباركرابوون به‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر دوو ژنى سپیپێست. له‌ كۆتاییشدا ده‌ركه‌وت كه‌ تۆمه‌ته‌كه‌ درۆ بووه‌ و بۆیان هه‌ڵبه‌سترابوو. 

ساڵى 1946یش ئه‌نیشتاین له‌ ئاهه‌نگى ده‌رچوونى خوێندكارانى زانكۆى لنكۆڵن-دا (به‌ده‌ق) وتى: له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان جیاریى هه‌یه‌ له‌ نێوان خه‌ڵكه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كه‌ (مه‌به‌ستى ره‌شپێسته‌كان بووه‌) و خه‌ڵكه‌ سپیپێسته‌كه‌دا، ئه‌مه‌یش نه‌خۆشیى سپیپێسته‌كانه‌ و من له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا بێده‌نگ نابم.
 
ئه‌نیشتاین سه‌ردانى فه‌له‌ستین-یشى كردووه‌ و پشتیوانى زایۆنییه‌ نیشته‌جێكراوه‌كانى ئه‌وێ بوو. ئه‌مه‌وێ به‌ویژدان بم، بۆیه‌ ده‌ڵێم له‌ ساڵه‌كانى كۆتایى ته‌منیدا، ئه‌نیشتاین مرۆڤێكى میانڕه‌و بووه‌ و لایه‌نگرى مافه‌كانى خه‌ڵكى چه‌وساوه‌ بووه‌، به‌ڵام بێجگه‌ له‌ فه‌له‌ستینیه‌كان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە