ئاییندەی ئەردۆغان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینی: مەئمون فەندی
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

دوای ئەوەی بەڕێژەی 52% بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە، ئاخۆ ئاییندەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆمەڵگەیەكدا كە بەسەرخۆیدا دابەش بووە، چی دەبێت؟ ئەی داهاتووی ئەردۆغان چی دەبێت لە سایەی سیستمێكی نوێدا كە سەرۆكی توركیا دەكاتە  سوڵتانێكی عوسمانیی بە دەسەڵاتێكی بێسنوورەوە؟ ئایا ئەمە چەسپاندن و مەحكەمكردنی سەرۆكایەتیەكەیەتی یاخود پێش ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی تەواو بكات دەرگای بەزۆر لابردنی دەكاتەوە؟ ئایا سەرۆكی توركیا هەمان نموونەی ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی روسیا پەیڕەو دەكات بەوەیشەوە كە گەمارۆ ئەوروپییەكە هێناویەتی، یان ئەردۆغان هاوپەیمانێتیی دەسەڵات فراوان دەكات بۆ ئەوەی نەیارەكانیشی بگرێتەوە و ببێتە سەرۆكێك بۆ هەموو توركەكان وەك ئەوەی لە وتەكەی دوای سەركەوتنەكەیدا رایگەیاند؟ یاخود ئەمەی لە توركیادا دەگوزەرێت سەرەتای كۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامیەكانە لەم وڵاتەدا؟.

 هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی توركیا پرسیارگەلی زۆر دەورووژێنێت و هیچ وەڵامێكیش ناداتەوە دەربارەی سەقامگیریی وڵاتێكی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە روودانی هەر بوومەلەرزەیەك تێیدا، كاردانەوە و لەرینەوەی گرنگی ئیقلیمی و رەنگە جیهانییشی بەدوادادێت.
 
سەرەتا و لە خاڵی یەكەمدا، كێشەی ئەردۆغان لەوە دەچێت كێشەیەكی ناوخۆیی بێت، چونكە ئەو رێژەیەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی هەم لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكە و هەم لە پەرلەمانیەكەیشدا پێ‌ سەركەوت، 53%ی تێنەپەڕاند، ئەگەرچی رێژەی ئەوانەی بەشداریی هەڵبژاردنەكانیان كردووە گەیشتووەتە زیاتر 80%.، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئێمە لەبەردەم كۆمەڵگەیەكی زیندوو و چالاك-ی سیاسیداین و پرسە باسكراوەكان جەماوەریان جووڵاندووە و ترس لەسەر سیستمی كۆماریی لە توركیا ترسێكی راستەقینەیە. راستە توركەكان لە 2017دا  دەنگیان بە هەمواركردنەوەی دەستور دا، بەڵام لە هەردوو بارەكەدا لە دۆخێكی نادیموكراتی و لەژێر زەبروزەنگ و تاساندن-ی راگەیاندندا دەنگیان داوە.

جێی بیرهێنانەوەیە كە بەپێی راپۆرتی ساڵی 2018ی (پەیامنێرانی بێسنوور)، توركیا لە ریزی خواری خوارەوەی دوا راپۆرتی تایبەت بە ئازادیی رۆژنامەوانیی دایە و خراوەتە پلەی 157 ەوە. ئەمەیش مانای وایە كە رژێمی توركیا هیچ بوارێك ناهێڵێتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و نەیارەكانی، مەگەر بە دەگمەن. هەروەها بەتەواوی رێگە لە دەركەوتنی نەیارەكانی دەگرێت لەسەر تەلەفزیۆنی حكومی و ئەو كەناڵە تایبەتانەیش كە حزبەكەی ئەردۆغان پارەیان دەداتێ‌. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش هێشتا رێژەیەك، كە دەگاتە 47%ی گەلی توركیا، نەیاری ئەردۆغان و تەماحە سوڵتانیەكانیەتی. ئەمەیش رێژەیەكی وایە كە لەگەڵ هیچ سیستمێكی دیموكاتیدا نایەتەوە. خۆ ئەگەر بارودۆخە ئاساییەكە لە حاڵەتێكی نائاساییدا نەبوایە و ئازادیی گوزارشت و رادەربڕین هەبوایە، پێدەچوو رێژەكە لە بەرژەوەندیی ئۆپۆزیسیۆن بوایە.
  
هەموو ئەمانە ئەردۆغان دەخەنە بەردەم چەندین ئاڵنگاریی گەورەی ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانی-یەوە. رەشەبایەكە هەردەبێت ئەردۆغان بۆی بنووشتێتەوە ئەگەر بیەوێت شەرعیەت و رەوایەتیی هەبێت و پەسەندكراو بێت، بەتایبەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەڵام ئەگەر هەر كەلـلەڕەقیی كرد و بەردەوام بوو لە سەركوتكردنی ئازادییەكان و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی دراوسێكانی وەك سوریا و عێراق، ئەمە بێجگە لە دەستوەردانی لە قەیرانەكەی ئەم دواییەی كەنداو، هەروەها گوشار و پەستان خستنە سەر ئەوروپا لە رێی گرتنەبەری سیاسەتی واڵاكردنی دەروازەكان بەڕووی كۆچبەراندا، ئەوا رەنگە خۆی لە گەمارۆدانێكی جیهانیدا ببینێتەوە و ئیدی جەماوەرێتیەكەی تەنیا لە نێوەندە ئیسلامیەكەی توركیا و ناوچەكەدا بمێنێتەوە كە بڕوایش ناكەم ئەم پشتگیریەی گۆچانێك بێت بۆ خۆڕاگرتنەوەی بەڵكو دەبێتە بارێكی قورس بەسەر شانیەوە.

دەكرێت ئەردۆغان ئاراستە و رێڕەوەكە بگۆڕێت و سەردەمێكی تازە لە مێژووی توركیا و لە سایەی سیستمە تازە سەرۆكایەتیەكەوە دەستپێبكات. هەروەها دەیشكرێت كە هەروا بە نوقمبوو لە نەرجسیەتی سوڵتانیی خۆیدا بمێنێتەوە، بەمەیش توركەكان پاڵدەنێت بۆ ئەوەی بەزەبری هێز لایبەرن و لە دەسەڵات دووری بخەنەوە. بژاردەكە تەنیا لای خودی ئەردۆغان-ە نەك هیچ كەسێكی تر.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە