بڕیاره‌ گرنگه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 01/07/2018


× گه‌وره‌م هه‌روا دامه‌نیشه‌.. خێرت ده‌گات هه‌سته‌ شتێ بكه‌.
ـ شتى وه‌كو چى؟
× نازانم. زه‌غته‌، محاوه‌له‌یه‌ هه‌رچییه‌كه‌ بیكه‌ و به‌شكو ئه‌م ناعه‌داله‌تى و قوڕبه‌سه‌رییه‌مان له‌كۆڵ بێته‌وه‌.
ـ به‌چى له‌ كۆڵمان ببێته‌وه‌؟
× به‌ مه‌وقیف. به‌ بڕیارى روون و ئاشكرا.
ـ یه‌عنى چۆن روون و ئاشكرا؟
× به‌گم روون و ئاشكرا یه‌عنى ئه‌وان بێن و به‌ڕۆژى نیوه‌ڕۆ و بێ هیچ ئه‌ملاولایه‌ك وه‌زعه‌كه‌مان بۆ چاك بكه‌ن.
ـ هه‌ر به‌و ئاسانى یه‌؟!
× ئه‌ى ناڵێن بانگى محه‌مه‌د به‌ ئاشكرا خۆشه‌؟!
ـ كوڕه‌ شیرینه‌كه‌م ئه‌وه‌ به‌س له‌ كتێبدا وایه‌ ئه‌گینا له‌ واقیعدا بڕیار وا دروست ناكرێ و نادرێ. بڕیار له‌ ژووره‌ تاریكه‌كان و كاته‌ تایبه‌ته‌كاندا ئه‌درێ.
× ژووره‌ تاریكه‌كان و كاته‌ تایبه‌ته‌كان؟!
× به‌ڵێ وه‌كو ئه‌م نوكته‌یه‌...
نوكته‌:
شه‌ش حه‌وت رۆژێ عوتڵه‌مان له‌به‌رده‌ستدا بوو، ویستمان بچین له‌ شوێنێكى خۆش به‌سه‌رى ببه‌ین. دایكم ئه‌یگو ئه‌چین بۆ ماڵى خاڵوانتان. به‌ڵام باوكم پێى خۆش بوو بچین بۆ ماڵى مامه‌كانمان. چه‌له‌حانێكه‌ زۆرى كێشا و نه‌گه‌یشتینه‌ نه‌تیجه‌. سه‌ره‌نجام وتیان بابیخه‌ینه‌ ده‌نگدانه‌وه‌. ئێمه‌ش ئه‌و پرۆسه‌ دیموكراسیه‌مان پێ خۆش بوو. ده‌نگمان دا و نه‌تیجه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ به‌زۆرینه‌ ئه‌وه‌ بوو بچینه‌ ماڵى مامه‌كانمان. قه‌رارمان دا خۆمان حازر بكه‌ین و سبه‌ینێ به‌ڕێ بكه‌وین. بۆ سبه‌ینێكه‌ى كه‌ هه‌ستاین ته‌ماشا ئه‌كه‌ین بابه‌ گیان تازه‌ له‌ حه‌مام هاتۆته‌ ده‌رێ و دایكم ئه‌ڵێ یاڵـڵا كه‌لوپه‌له‌كان بخه‌نه‌ ئوتومبیله‌كه‌وه‌ ئه‌چین بۆ ماڵى خاڵوانتان... ته‌ماشاى باوكمان كرد خۆى كردووه‌ به‌ كه‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت. له‌وه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت بڕیاره‌ گرنگه‌كان له‌ ژووره‌ تاریكه‌كان و له‌ كاته‌ تایبه‌ته‌كاندا ده‌درێن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure