ژنه‌ پاڵه‌وانه‌كانى یاریى سێرك سعودیه‌یان شێواند!

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
شكسته‌كان به‌دواى یه‌كدا دێن و نائومێدیه‌كانیش هه‌روه‌ها، ره‌خنه‌كان زۆر ده‌بن و قۆچى قوربانى-یان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، شوێن و كاته‌كه‌یش عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ى وڵاته‌ خاوه‌ن ئاڵا سه‌وزه‌كه‌ و بیابانه‌ ره‌نگ هه‌ڵبڕسكاوه‌كان نائومێد ده‌كات. له‌ رووى وه‌رزشیه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌ گوڵگوڵى و ئاسووده‌ییبه‌خش نییه‌ و پێنج گۆڵه‌كه‌ى ده‌ستپێكى دۆڕانى جامى جیهانییش وڵاتى زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاندووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ڕووى  كه‌یف و خۆشییشه‌وه‌ هه‌روایه‌ و هه‌ر به‌كاریگه‌ره‌، ئه‌وه‌تا (ده‌سته‌ى خۆشى و ئاسووده‌یى- هه‌یئه‌ى ته‌رفیهـ) هێڵه‌ سووره‌كانى نه‌ریتى هاووڵاتیى دیندار، یان ئه‌وه‌ى راهاتووى ئایینه‌، ده‌به‌زێنێت و رێگه‌ به‌ كچه‌ روسه‌كانى پاڵه‌وانێتى سێرك ده‌دات كه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ نیمچه‌ رووتى-یه‌وه‌ بچنه‌ ناو خاكى نه‌وتاویانه‌وه‌. سعودیه‌كان كه‌واته‌ نائومێد و تووڕه‌ن.. و نهێنیه‌كه‌یش به‌ رێكه‌وت له‌ روسیاوه‌ هه‌ستى پێده‌كرێت.

شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز-ى پاشاى سعودیه‌، خێرا فه‌رمانى (یه‌كلاكه‌ره‌وه‌)ى خۆى ده‌رده‌كات و ئه‌حمه‌د بن عه‌قیل خه‌تیب له‌ پۆسته‌كه‌ى، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌یئه‌ ته‌رفیهیه‌كه‌، ده‌به‌خشێت. قۆچى قوربانى ئاماده‌یه‌ و گه‌یشت و له‌پۆسته‌كه‌ى لابرا. ئاژانسى ده‌نگوباسى سعودیه‌ (واس) هۆكاریى به‌خشینه‌كه‌ى باس نه‌كرد، به‌ڵام رۆژنامه‌ى (سبق)ى لۆكاڵى ئه‌لیكترۆنى، دڵنیایى داوه‌ له‌ به‌خشینه‌كه‌. ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ كه‌ نزیكى ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، واباسى كردووه‌ ماناى ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ كابرا له‌ پۆسته‌كه‌ى (به‌خشراوه‌) به‌هۆى ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ى له‌ چالاكیى سێركى روسى له‌ ریاز-ى پایته‌خت روویانداوه‌. ورده‌كاریه‌كه‌یشى، كه‌ سعودیه‌كانى تووڕه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كیژۆڵه‌ روسیه‌كان جلوبه‌رگى ئاسایى نمایشكردنه‌كه‌ى خۆیان له‌به‌ردابووه‌. ئه‌و جلوبه‌رگه‌ى كه‌ به‌لاى سعودیه‌ تووڕه‌كانه‌وه‌ ناوزڕێن و ئابڕووبه‌ره‌ و به‌لاى ئه‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ به‌رگریى لێده‌كه‌ن جوانه‌ و له‌گه‌ڵ تێڕوانینى هاوچه‌رخانه‌ى 2030ى محه‌مه‌دى-دا دێته‌وه‌، ئه‌و دید و تێڕوانینه‌ى كه‌ داواى رزگاركردنى وڵات ده‌كات له‌ توندڕه‌وى.
  ئه‌وانه‌ى ئاگایان له‌ كاروبارى سعودیه‌یه‌، ئۆباڵى راسته‌خۆى ئه‌و نمایشه‌ و هاوشێوه‌كانى ناخه‌نه‌ ئه‌ستۆى خه‌تیب-ه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك جێبه‌جێكردنێكى فه‌رمانه‌ به‌رزه‌كان دایده‌نێن كه‌ له‌لایه‌ن محه‌مه‌د بن سه‌لمان-ى شازاده‌ گه‌نجه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كرێن و هه‌ر ئه‌میش ئه‌م ده‌سته‌یه‌ى هێناوه‌ و بوارى كردووه‌ته‌وه‌ بۆ نمایشه‌ خۆشیبه‌خشه‌كانى و جێگه‌ى ده‌سته‌ى توندیى ئاینیى پێگرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ى كه‌ رێنماییه‌كانى شه‌ریعه‌تى ئیسلامى یان "وه‌هابى"ى زیاتر سه‌پاندووه‌، واتا (هیئه‌ الامر بالمعروف والنهی عن المُنكر) و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كانیشى تا ئاستى نه‌بوون كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.
ئه‌م رووداوه‌ "نیمچه‌ رووتانه‌"ى وه‌ك رووداوى سێرك-ه‌كه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ك چاودێرانیش ده‌ڵێن به‌ چه‌ندین "فیلته‌ر"دا تێپه‌ڕیوون و په‌ڕیوونه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌كه‌، یان ده‌وڵه‌تى سعودیه‌ى تازه‌ گه‌نجبووه‌وه‌ى چواره‌م. هه‌ر ده‌یشبێت ئه‌و "فیلته‌ر"انه‌ یان ئه‌و سانسۆر و چاودێرانه‌ رێگه‌یان دابێت به‌ چوونه‌ناوه‌وه‌ى كچه‌ سێرككاره‌ روسییه‌كان و ده‌یشزانن كه‌ په‌ڕینه‌وه‌ى ئه‌وان "ره‌نگه‌" شه‌قام هانبدات و تووڕه‌ى بكات، خۆ ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندى كرد ئه‌وا ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌یش بوو كه‌ روویدا ئه‌وا خه‌تیب-ى به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌سته‌كه‌ى پێ لاده‌برێت كه‌ تا نووسینى ئه‌م بابه‌ته‌یش بوێریى ئه‌وه‌ نه‌نوێنراوه‌ دامه‌زراندنى جێگره‌وه‌یه‌كى بۆ رابگه‌یه‌نرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ى كه‌ به‌ حوكمى دۆخه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نى كارگێڕى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.
 ره‌ئى ئه‌لیه‌وم هه‌ندێك ورده‌ وته‌ى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس و شاره‌زایان و ته‌نانه‌ت هاووڵاتیانى سعودیه‌دا هه‌بوو، دواى ئه‌و ره‌ئیانه‌ كه‌وتووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى هه‌یئه‌ ته‌رفیهیه‌كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یاندا هه‌ن له‌ سایه‌ى به‌رده‌وامیى ره‌خنه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ چالاكیه‌كانى كه‌ بنه‌ما و بناغه‌ى ئه‌و دید و تێڕوانینه‌ن كه‌ ده‌بێت له‌ ساڵى 2030 جێبه‌جێ بكرێن و بریتین له‌ تێڕوانینى ئابورى و ته‌رفیهى و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك به‌ندى شاراوه‌یدا سیاسیشن. له‌و بیروڕایانه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ڵهێنجران: یه‌كه‌م، پێشبینى یان روونتر بڵێین ئومێدى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌سته‌ ته‌رفیهیه‌كه‌ هه‌ر به‌ته‌واوى هه‌ڵبوه‌شێنرێت و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا بگیرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ ئایینى-یه‌ هاوشێوه‌كه‌یدا كرا و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یشى له‌دواى به‌خشینى خه‌تیب، تا كاتێكى نادیار به‌ چۆڵى بهێڵرێته‌وه‌. دووه‌میش كه‌ به‌لاى ئێمه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكى زیاتره‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ ته‌رفیهیه‌كه‌ درێژه‌ به‌كارى خۆى بدات به‌ڵام "به‌كۆنترۆڵكراوى" وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌یه‌كى شه‌رعیدا له‌گه‌ڵ نمایشه‌ چینى-یه‌كه‌ى دواى سێركه‌ روسیه‌كه‌دا كرا.   
به‌شى ته‌رفیهه‌كه‌ به‌ به‌خشینى سه‌رۆكه‌كه‌ى وه‌ك سزادانێك له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌میى كۆتاییدێت، به‌ڵام جه‌ماوه‌ر پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و سزایانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌سه‌ر ده‌سته‌ى وه‌رزشى-یدا جێبه‌جێ ده‌كرێن. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ى كه‌ توركى بن عه‌بدولموحسن ئال ئه‌لشێخ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و خودى خۆى دانى به‌ رووڕه‌شیى له‌ كردنه‌وه‌ى مۆندیاله‌كه‌ى 2018ى روسیادا نا و له‌به‌رده‌م بن سه‌لمان-ى جێنشینى سعودیه‌دا به‌رپرسیارێتیى به‌جێهێنانى شه‌رمه‌زارانه‌ى یاریزانه‌كانى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆى، ئه‌و بێئومێدیه‌ وه‌رزشییه‌ى كه‌ شوێنه‌وارى به‌ روو و روخسارى ئه‌میر سلێمان-ه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كاتێك شان به‌شانى ڤلادیمێر پوتین-ى قه‌یسه‌رى روسیا ئاماده‌ى یاریه‌كانى كردنه‌وه‌ى مۆندیاله‌كه‌ بوو. ئه‌میر كاریگه‌ریى دۆڕانه‌ خراپه‌كه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى به‌ ته‌واوى پێوه‌ دیار بوو. 

چاودێران به‌دوورى ده‌زانن كه‌ به‌هۆى پێنج گۆڵه‌كه‌ى مۆندیاله‌وه‌ ئال ئه‌لشێخ لاببرێت، چونكه‌ له‌ بن سه‌لمان-ه‌وه‌ نزیكه‌ و هه‌روه‌ها بۆخۆیشى ده‌سه‌ڵاتێكى فراوانى هه‌یه‌ و جێده‌ست و كاریگه‌ریى به‌ ناوه‌نده‌كانى بڕیاردانه‌وه‌ دیاره‌. ئه‌و به‌رپرسى راسته‌خۆى دروستبوونى قه‌یرانه‌ وه‌رزشیه‌كانه‌ كه‌ دواتر ده‌گۆڕێن بۆ كێشه‌ى سیاسى و دواترینیشیان دۆسیه‌كه‌ى مه‌غریب و هه‌روه‌ها میوانداریكردنى مۆندیالى 2026 و ده‌نگدانى شانشینه‌كه‌یه‌ به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا. پێشتریش ئه‌م ده‌سته‌ وه‌رزشیه‌ى ئال ئه‌لشێخ هه‌مان گوناهى "نیمچه‌ رووت"ى ئه‌نجامداوه‌ كاتێك ژنه‌ زۆرانبازه‌كان له‌ گرته‌ و بڕگه‌ ریكلامیه‌كانى سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنى ره‌سمییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وتن و باڵاپۆش نه‌بوون، ئه‌وه‌ بوو ده‌سته‌كه‌ داواى لێبووردنى كرد و پۆزشى هێنایه‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌كه‌ سه‌رى ئال ئه‌لشێخ-ى سه‌رۆكى ده‌سته‌ وه‌رزشیه‌كه‌ى نه‌خوارد.  
سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە