ئایا كورده‌كان ئه‌ردۆغان هه‌ڵده‌بژێرن؟

بۆچوون / بیروڕا :: 21/06/2018

نووسینى: محه‌مه‌د عه‌لى فه‌رحات
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌و ئومێده‌ى هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 24 ى ئه‌م مانگه‌ى توركیا له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆكایه‌تیى ده‌سه‌ڵاتفراوان دایبنیشێنێت و به‌مه‌یش وێنه‌ى سوڵتان له‌ رژێمێكى مه‌ركه‌زیدا تازه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ى بڕیاره‌ خێراكانى بداتێ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ناوچه‌یه‌كى پڕ له‌ جموجۆڵى سیاسى و ئابورى و ئه‌منیدا ده‌سته‌به‌ر بكات.

هیچكام له‌ دژ و نه‌یاره‌كانى ئه‌ردۆغان و هه‌روه‌ها چاودێرانیش له‌ توركیا و له‌ ده‌ره‌وه‌ى توركیایش، بوێریى وێناكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن كه‌ ناوى ئه‌م پیاوه‌ى تێدا بپێچرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ردۆغان هێماى قۆناغه‌كه‌یه‌ به‌ باش و خراپه‌كانیه‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌مى خۆیدا ئاماده‌ییه‌كى كارا و كاریگه‌رى له‌ قه‌یرانه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاسایشى ئه‌وروپاوه‌، بۆ توركیا به‌دیهێناوه‌، ئه‌گه‌رچى ئاڵۆز و ناڕوونه‌.
 
پێنج پاڵیۆراو دژى ئه‌ردۆغان-ن كه‌ یه‌كێكیان كورده‌. هه‌ڵوێستى ئه‌م پاڵیۆراوانه‌ له‌ نێوان عه‌لمانى و نیشتمانیى موحافیزكار و چه‌پ و تارمایى ئیسلامیى نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان-دان. زۆریى ركابه‌ره‌كان واده‌كه‌ن ئه‌ردۆغان نه‌توانێت له‌ خولى یه‌كه‌مدا سه‌ربكه‌وێت و به‌مه‌یش له‌ خولى دووه‌مدا ده‌كه‌وێته‌وه‌ كێبڕكێ و ئه‌گه‌رى زۆره‌ پێشبڕكێكه‌ى له‌گه‌ڵ موحه‌ڕه‌م ئینجه‌-ى كاندیدى پارتى گه‌لى كۆمارى-دا بێت كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانى و ته‌نانه‌ت له‌ قه‌ناعه‌تپێهێنانى ده‌نگده‌رانیشدا ده‌كه‌وێته‌ پێش ئه‌ردۆغان-ه‌وه‌.

هه‌ڵبژاردن له‌ توركیا دووڕیانه‌. یان به‌ته‌واوى دووركه‌وتنه‌وه‌ى كه‌مالییه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌پێنێت و بیرى نه‌ته‌وه‌یى تۆرانیه‌ت وه‌ك به‌شێك له‌ پێكهاته‌ى ده‌سه‌ڵات، نه‌ك هه‌موو ده‌سه‌ڵات، ده‌هێڵێته‌وه‌، یاخود ئه‌زموونى (داد و گه‌شه‌پێدان) شكست پێدێنێت و ده‌نگى ئیسلامى سیاسى كز ده‌كات، به‌مه‌یش كه‌مالیسته‌كان ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م ئاڵنگاریى دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ى عه‌لمانیه‌ت و پته‌وكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنى ده‌سه‌ڵاتیان له‌ناو توركیادا، چونكه‌ پێشتر كوده‌تاگه‌لى سه‌ربازیى ئه‌نجامدراون و كۆڵه‌كه‌كانى ده‌وڵه‌تیان لاوازكرد و ورده‌ ورده‌ رێگه‌ى بۆ ئیسلامى سیاسى خۆشكرد، ئه‌مه‌یش له‌ سه‌رده‌مى تۆرگۆت ئۆزال له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌، ئه‌گه‌رچى سه‌رده‌مى ئۆزال-یش به‌ بووژانه‌وه‌یه‌كى دیارى ئابوریى جیاده‌كرێته‌وه‌.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان چه‌ندین كارتى له‌ توركیا و ده‌وروبه‌رى توركیادا له‌ده‌ستدایه‌، به‌ ئامانجى پشتیوانیكردن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى و ئاماده‌یى (داد و گه‌شه‌پێدان) وه‌ك پارتى پێشڕه‌و له‌ ناوخۆدا و نموونه‌یه‌كى سیاسى بۆ ئیسلامیه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست-دا، به‌ڵام زۆریى كارته‌كان مه‌رج نییه‌ هێزى پێویستى كۆكراوه‌ى هه‌موویانى بداتێ. لێره‌دا چه‌ندین جیاوازى و ناكۆكیى هه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ده‌ستیدا بته‌قنه‌وه‌ و زیانگه‌لێكى بێ هه‌ژمار بگه‌یه‌نێت. چونكه‌ (په‌یمانه‌ سێ قۆڵیه‌كه‌)ى نێوان توركیا و ئێران و روسیا نه‌گه‌یشته‌ خاڵێكى پێكگه‌یشتنى روونى نێوان لایه‌نه‌كانى و زۆرجاریش كۆبوونه‌وه‌كان ره‌گه‌ز و هۆكاره‌كانى شكستیان تێدا بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ كاروباره‌كانى مه‌شریقى عه‌ره‌بى-یه‌وه‌ هه‌بوایه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ كاروباره‌كانى كه‌نداویشه‌وه‌، بۆ نموونه‌ روسه‌كان نیوه‌ى هاوپه‌یمانێتى به‌شار ئه‌سه‌د و ئێرانیه‌كانیش به‌ته‌واوى هاوپه‌یمانى بوون، كه‌چى توركیا هه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانى شۆڕشه‌كه‌ى سوریاوه‌ دوژمنى بوو، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یشى وایلێده‌كرد كه‌ هه‌ندێكجار چاوپۆشى له‌ تیرۆریسته‌كان بكات ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شداربوون له‌ له‌رزین و له‌قاندنى رژێمێكدا كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ئاشكرا داواى رووخانى كردووه‌. 

هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیى (تایبه‌ت)ى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر-دا، وایكرد كه‌ تا ئاستێك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى هاریكاریى كه‌نداودا پاشه‌كشه‌ بكات، ئه‌گه‌رچى به‌هۆى حیكمه‌ت و دانایى سه‌رانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و سووربوونیان له‌سه‌ر پێدانى ده‌رفه‌تێكى كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى توركیا چاو بخشێنێته‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ كاریگه‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌ته‌واوى نه‌پچڕاون.

كارتى كورد، هه‌ستیارترین كارته‌كانى ئه‌نقه‌ره‌-یه‌ له‌ناوخۆى توركیا و هه‌روه‌ها له‌ سوریا و له‌ عێراق-یشدا. هه‌ر بۆیه‌ هیچ هه‌فته‌یه‌ك نییه‌ كه‌ تێیدا سه‌رۆكى توركیا لێدوانێك نه‌دات و تێیدا باس له‌ جه‌نگه‌كه‌ى له‌ دژى كوردى سوریا نه‌كات كه‌ به‌ "تیرۆریسته‌كان" ناویان ده‌بات و به‌ لقێكى پارتى كرێكارانى كوردستان-یان داده‌نێت، ئه‌و پارته‌ى چه‌ندین گرێیه‌ خه‌وى له‌ ده‌سه‌ڵاتى توركیا زڕاندووه‌. له‌ڕاستیدا ئه‌ردۆغان په‌رۆشى باشترین په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ كوردستانى عێراقدا و به‌ هاوپه‌یمان و پشتگیركارێكى خۆیى داده‌نێت دژى "تیرۆریسته‌كان" كه‌ له‌ چیاكانى قه‌ندیل-دا خۆیان قاییم كردووه‌. 

هه‌روه‌ها سه‌رۆكى توركیا پێویسى به‌ كات و به‌ خۆڕاگرییش هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كاندا بگاته‌ رێككه‌وتنێك ده‌رباره‌ى ناوچه‌ كوردیه‌كانى باكورى سوریا كه‌ واشنتۆن سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات. گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ى ده‌وریاتى هاوبه‌شى سه‌ربازیى نێوان ئه‌مریكا و توركیا هه‌بێت له‌ هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌دا وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجامى بده‌ن. به‌مه‌یش ده‌سه‌ڵاتى تورك شه‌ڕى توندڕه‌وى نیشتمانیى كورد ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و رێگریى له‌ دۆخى شڵه‌قاوى خۆرهه‌ڵاتى توركیایش ده‌كات كه‌ جه‌نگێكى ناوخۆى نیمچه‌ هه‌میشه‌یى تێدایه‌ له‌ نێوان سوپا و چه‌كداره‌ كورده‌كان و بووه‌ته‌ هۆى ئاواره‌بوونى نزیكه‌ى 600 هه‌زار هاووڵاتى له‌ خۆرهه‌ڵاتیه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى ترى توركیا. هه‌روه‌ها وێرانكارییه‌كى تێدا كردووه‌ كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌ فه‌رمیه‌كه‌ى شاردراوه‌ته‌وه‌ و باس ناكرێت، زه‌حمه‌ته‌ به‌ ژماره‌ و داتا زیانه‌كانى بزانرێت.  

ئه‌م كوردانه‌ى كه‌ ئه‌ردۆغان كه‌نارگیر و بێلایه‌نى كردوون یان له‌دژیانه‌، پێده‌چێت له‌ خولى دووه‌مدا ئه‌و هه‌ڵبژێرن، با به‌نابه‌دڵى و به‌ ناچارییش بێت، چونكه‌ ئه‌زموونه‌كان فێرى ئه‌وه‌ى كردوون كه‌ سته‌م-ى ئیسلامى له‌ سته‌مى كه‌مالى هێورتره‌. له‌كاتێكى گونجاویشدا یه‌كێك دێت  به‌ كورده‌كان بڵێت پارتى "داد و گه‌شه‌پێدان" ده‌رفه‌تێكى باشترى بۆ زمانه‌كه‌یان له‌ ئامڕازه‌كانى راگه‌یاندن و زانكۆكاندا ره‌خساندووه‌ به‌ جۆرێك كه‌ زمانى كوردى له‌ بوار و كایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى توركیدا ئاساییه‌ و ئه‌وه‌ى قسه‌ى پێده‌كات وه‌ك جاران تووشى شه‌رمه‌زاریى نابێت.
  
ئه‌مه‌ دژوارى و له‌یه‌كنه‌چوونه‌، قوربانى جه‌لادى خۆى هه‌ڵبژێرێت بۆ ئه‌وه‌ى جه‌لادێكى دڕنده‌ترى له‌كۆڵبێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ فشه‌ڵیى كۆمه‌ڵگه‌ى توركى و شپرزه‌یى سه‌ركرده‌كانى ده‌رده‌خات له‌ رووى ئه‌منى و سیاسى و ئابورییه‌وه‌، ئه‌و وێنه‌یه‌ى توركیایش ناشیرین ده‌كات كه‌ گوایه‌ ده‌وڵه‌تێكى ئارم و سه‌قامگیره‌ و جه‌مسه‌رێكه‌ له‌ جه‌مسه‌ره‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure