بۆچى بلیمه‌ته‌كان ژن ناهێنن؟

بۆچوون / بیروڕا :: 19/06/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

رۆڵى ژن له‌ جووڵاندنى پرۆسه‌ى داهێنان له‌لاى پیاوى به‌هره‌مه‌ند چییه‌، به‌تایبه‌ت لاى پیاوانى بلیمه‌ت؟. به‌ شێوه‌یه‌كى خێرا ده‌كرێت بگوترێت لێره‌دا دوو هه‌ڵوێست لاى بلیمه‌ته‌كان ده‌رباره‌ى ژن هه‌یه‌: یان بایه‌خپێدانى زیاد، یاخود پشتگوێخستنى زیاد. چونكه‌ به‌ زۆریى بلیمه‌ته‌كان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیاندا توندن، به‌ پێچه‌وانه‌ى كه‌سانى ئاساییه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى ژیانى گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفه‌كانى وه‌ك دیكات یان كانت بۆ نموونه‌، بكه‌ین تێده‌گه‌ین ژن هیچ رۆڵێكى ئه‌وتۆیان تێدا نه‌بینیوه‌ كه‌ شایانى باسكردن بێت. دیكارت په‌یوه‌ندیى ته‌نیا له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌یدا هه‌بووه‌. به‌ڵام پێده‌چێت چه‌ند دڵدارێكى هه‌بووبێت كه‌ هیچیان له‌ شازاده‌كان كه‌متر نه‌بووه‌.   

به‌ڵام سپینۆزا-ى داماو، له‌ سه‌ره‌تاى لاوییدا كیژۆڵه‌یه‌كى خۆشویستووه‌، كه‌چى نه‌یانداوه‌تێ و داویانه‌ به‌ كه‌سێكى تر، ئیتر جارێكى تر تۆپه‌كه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ لاى و به‌سه‌ر خۆشه‌ویستییه‌ غه‌درلێكراوه‌كه‌یدا به‌ گۆشه‌گیریى ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ درێژایى ژیانى وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك خۆراكى رۆحى بووه‌. جان جاك رۆسۆ-یش هه‌موو ژیانى له‌گه‌ڵ ژنێكدا به‌سه‌ر برد كه‌ خۆشینه‌ویست و ژنێكى خۆشده‌ویست كه‌ تاقه‌ رۆژێكیش له‌گه‌ڵیدا نه‌ژیا و ته‌نانه‌ت ده‌ستێكیشى به‌رینه‌كه‌وت. هه‌رچى ئیمانوێڵ كانت-یش بوو ئه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى له‌گه‌ڵ هیچ ژنێكدا نه‌بووه‌! و هه‌موو ژیانى خۆیى ته‌رخان كرد بۆ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ مه‌زنه‌ ره‌خنه‌گه‌راییه‌ى كه‌ ماوه‌ى دوو سه‌د ساڵه‌ و تا ئێستایش كۆنترۆڵى خۆرئاواى كردووه‌. ده‌وترێت تاقه‌ جارێك به‌ ژنێك سه‌رسام بووه‌ به‌ڵام دوایى سه‌رقاڵ بووه‌ به‌ دانانى یه‌كێك له‌ كتێبه‌ گرنگه‌كانییه‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ى به‌ته‌واوى تێیدا نقوم بووه‌، كاتێكیش به‌هۆش هاتووه‌ته‌وه‌ و ویستوویه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاى، سه‌یر ده‌كات (پارێزراوه‌) واتا شووى كردووه‌ و منداڵیشى بووه‌!.

به‌ڵام نیچه‌ كه‌ (لوۆ ئه‌ندریاس سالۆمى)ى جوانكیله‌ى مه‌كرباز وێرانى كرد، هه‌ستا (پۆڵ رێ)ى هاوڕێیى نارد بۆ داواكردنى، له‌ بیرى چووبوو یان له‌ بیرخۆیى بردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش، تا ئاستى شه‌یدایى، حه‌زى لێیه‌تى و ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌پێناوى ئه‌ویشدا خۆیى كوشت!. جارێكى تریش یه‌كێكى تر سه‌رنجى راكێشا و پێى سه‌رسام بوو، ناسیاوێكى خۆیى نارد بۆ خوازبێنیى، كه‌چى نه‌یزانى ئه‌وه‌ى ناردوویه‌تى مێردى شه‌رعیى ژنه‌كه‌یه‌!. به‌ڵام كێ ده‌توانێت لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتیى نیچه‌ بكات له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵه‌ سادانه‌؟. بێگومان ئه‌وه‌ى بۆ نیچه‌ ده‌ستده‌دات بۆ كه‌سێكى تر ده‌ستنادات.

 به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بلیمه‌ته‌كان ژنناهێنن و منداڵناخه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ته‌واوى ده‌ستبه‌تاڵ ده‌بن بۆ خستنه‌وه‌ى ته‌نیا یه‌ك شت ئه‌ویش دانراوه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانیان یاخود داهێنراوه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیانه‌. چ سوودێكمان له‌ كانت-ه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وت ئه‌گه‌ر ژنى بهێنایه‌ و منداڵى بخستایه‌ته‌وه‌ و خێزانێكى به‌خێوبكردایه‌ كه‌ پشتى پێوه‌ بشكایه‌ و نه‌یپه‌رژایه‌ته‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌ نه‌مره‌كانى؟ منداڵه‌كانى ده‌ژیان و ده‌مردن و هیچیان لێ جێنه‌ده‌ما و بیرده‌چوونه‌وه‌. به‌ڵام دانراوه‌ مه‌زنه‌كانى كه‌ سه‌رده‌قى فه‌لسه‌فه‌ى نوێى رۆشنگه‌ریى شكاند، كێشه‌كانى مرۆڤایه‌تى چاره‌سه‌ر كرد و دواى خۆیشى تاهه‌تایه‌ ده‌مێننه‌وه‌. ره‌خنه‌گرتنى عه‌قڵى پاك نامرێت.. هه‌مانشت بڵێ ده‌رباره‌ى دیكارت یان سپینۆزا یان شۆپنهاوه‌ر یان نیچه‌ یان سارته‌ر و ئه‌وانى دیكه‌یشیان.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ شاعیر و هونه‌رمه‌ندان و په‌یوه‌ندییان به‌ ژنانه‌وه‌، ئه‌وا زۆر شت هه‌ن و جێى رووگیرى و شه‌رمه‌زارییش نین!.. له‌ڕاستیدا به‌ ده‌گمه‌ن ژیانى شاعیرێك هه‌یه‌ حه‌ز و خولیاى توندى یان خۆشه‌ویستیى شێتانه‌ى تێدا نه‌بێت. زۆرجاریش ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌ رۆڵى گه‌وره‌ى گێڕاوه‌ له‌ به‌هره‌ى شاعیره‌كه‌ و ده‌ستپێكى بلیمه‌تیه‌ نووسراوه‌كه‌یدا. لێره‌دا هێنده‌ به‌سه‌ چیرۆكى ریلكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خاتوونه‌ دڵگیره‌ روسیه‌دا باس بكه‌ین كه‌ پێشتر نیچه‌ى شێت كردبوو، وه‌ك پێشتر باسمان كرد. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاى لاوێتییدا (بیست ساڵان) ئه‌وى ناسى كه‌ ژنێكى پێگه‌یشتووى ته‌مه‌ن چڵ ساڵان بوو، گرێ هه‌میشه‌ییه‌ ده‌روونیه‌كه‌ى كرده‌وه‌ و وه‌ك بڵێسه‌ بلیمه‌تیه‌كه‌یى داگیرساند.

پاشان چیرۆكى ئه‌لفرێد دى موسیێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ نووسه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌ر زۆریى ویست و ئاره‌زووى بۆ ئاڵنگارى و هه‌ژان و ورووژان، ناوێكى پیاوانه‌ى بۆخۆى دانابوو: جۆرج ساند، كه‌ خۆشه‌ویستیه‌كى زۆرى بۆى هه‌بوو و سه‌ره‌تا ئه‌ویش ئه‌مى خۆشده‌ویست به‌ڵام له‌ناكاو بۆ كه‌سێكى تر رووى لێوه‌رگێڕا و سوێى خسته‌ دڵیه‌وه‌. به‌ درێژایى شه‌وگار چاوه‌ڕێى ده‌كرد هه‌تا له‌ كازیوه‌ى به‌ربه‌یاندا له‌گه‌ڵ دڵداره‌كه‌ى له‌ بێدارى و كه‌یف و سه‌فاى خۆیان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌میش سات به‌ سات حه‌سره‌تى بۆ هه‌ڵده‌كێشا و هه‌ندێك له‌ جوانترین شیعره‌ رۆمانسیه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌ى فره‌نساى بۆ ده‌نووسى: (شه‌وانى موسیێ).

هه‌روه‌ها ئێش و ئازارى خۆشه‌ویستى بۆ هونه‌رمه‌ندیش زۆر به‌سووده‌ و بلیمه‌تێتیان ده‌مه‌زه‌رد ده‌كاته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌، ولاده‌ بنت موسته‌كفى، ئیبن زه‌یدون-ى وێران كرد و هه‌ر به‌ سه‌ربڕین سه‌رى بڕى، ئاخۆ ده‌ستمان ده‌گه‌یشت به‌ جوانترین قه‌سیده‌ى خۆشه‌ویستى له‌ شیعرى عه‌ره‌بى-دا كه‌ بۆ ئه‌وى وتووه‌؟
 
به‌ڵێ، سه‌ركه‌وتن له‌ خۆشه‌ویستیدا ره‌نگه‌ مه‌ترسى بێت له‌سه‌ر داهێنان و ئه‌فراندن. كه‌واته‌ سڵاو له‌ شكست و دابڕان.. سڵاو له‌ بێبه‌شبوون و پێكنه‌گه‌یشتن.. فرمێسكه‌كانتان بسڕن ئه‌ى هاوڕێیان!.. خوا كارى نابه‌جێ ناكات! راسته‌ خۆشه‌ویستیى سه‌رنه‌كه‌وتوو له‌ دواى خۆیه‌وه‌ وێرانه‌ و داڕووخان و تا چاوبڕكات كاولبوونێك، جێدێڵێت. راسته‌ كه‌ تێكتده‌شكێنێت و به‌ ته‌واوى خوێنت لێ داده‌چۆڕێنێت. راسته‌ كه‌ (هیچ شتێك له‌ خۆشه‌ویستیه‌كى مردوو سارد تر نییه‌) وه‌ك ئه‌وه‌ى رۆمى چنیده‌ر ده‌یڵێت دواى ئه‌وه‌ى ئالان دیلۆن جێیهێشت. به‌ڵام له‌ ناخه‌وه‌ به‌ ته‌واوى پاكتده‌كاته‌وه‌ و به‌ ته‌واوى پاكژ ده‌بیته‌وه‌ و وات لێده‌كات هه‌زار هێنده‌ى پێشووت باشتر بیت. مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وت نییه‌؟ به‌ڵێ مرۆڤبوونت قووڵتر ده‌كاته‌وه‌ و خۆباییبوونت كه‌مده‌كاته‌وه‌. ئیتر به‌ تێپه‌ڕبوونى كات بۆت ده‌بێته‌ گه‌نجینه‌یه‌كى شاراوه‌.

به‌م مانایه‌، خۆشه‌ویستیى شكستخواردوو له‌ هه‌موو جۆره‌كانى دیكه‌ى خۆشه‌ویستى له‌مێژوودا سه‌ركه‌وتووتره‌! به‌هه‌رحاڵ چیرۆكى خۆشه‌ویستیه‌ گه‌وره‌كان به‌ ده‌گمه‌ن سه‌ركه‌وتوو ده‌بن. سه‌ركه‌وتوویى له‌وه‌دا ده‌بێت كه‌ رووبدات و ئاگرى له‌ ناخ به‌ردابێت. ته‌نیا به‌ده‌ستهێنانى، به‌ موعجیزه‌ داده‌نرێت. هه‌موو رۆژێك چیرۆكێكى خۆشه‌ویستى روونادات. بریا وابوایه‌! به‌گشتى خۆشه‌ویستى به‌ لێدانێكى كوشنده‌ یان به‌ لێدانێكى گورچكبڕ، وه‌ك فره‌نسیه‌كان ده‌یڵێن، تاقه‌ جارێك له‌ ژیاندا رووده‌دات، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر رووبدات! و به‌ته‌نیا هه‌ر ده‌سته‌بژێره‌ دیاریكراوه‌كه‌یش ئه‌م به‌خته‌ مه‌زنه‌یان ده‌بێت یاخود ئه‌و شه‌ره‌فه‌ به‌رزه‌یان پێده‌بڕێت. بڕوانه‌ دانتى و بیتاریس، پترارك و لۆرا، قه‌یس و له‌یلا، جه‌میل و بتینه‌، هۆڵدرلین و سوزان، رۆمیۆ و جولیێت، ئیبن زه‌یدون و ولاده‌، زولڕمه‌ و مه‌ى و هتد.. به‌ گشتى ده‌توانین درێژه‌ به‌م باسه‌ بده‌ین و كۆتایى نایه‌ت كه‌ چه‌قیوه‌ته‌ قووڵایى و ئه‌وپه‌ڕیه‌وه‌. به‌ڵام هێنده‌ به‌سه‌ بێزارمان كردن.. بمانبوورن!.
   
ئێستا رێگه‌مان بده‌ن ئه‌م پرسیاره‌ بكه‌ین: بۆچى زۆرینه‌ى فه‌یله‌سوفه‌ گه‌وره‌كان سه‌ڵت و زگورتى بوون؟ بۆچى خێزانێكیان پێكنه‌هێناوه‌ و وه‌ك باقى خه‌ڵكى دیكه‌ منداڵیان نه‌خستووه‌ته‌وه‌؟ با چه‌ند نموونه‌یه‌ك، به‌ گشتى نه‌ك به‌ تایبه‌ت، بێنینه‌وه‌: پاسكال و دیكارت و سپینۆزا و ڤۆڵتێر و جان جاك رۆسۆ و كانت و كیركیگارد و نیچه‌. له‌ گه‌وره‌ ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌كانیش: ستیندال و به‌لزاك و فلۆبێر و بۆدلێر و رامبۆ و رێنیه‌شار و بیتهۆڤن و ئه‌وانى دیكه‌یان. وه‌ڵامه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ خۆپه‌رست بوون و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ شێت و شه‌یداى داهێنان و ئه‌فراندنى به‌رهه‌مه‌كانیان بوون. تۆ ناتوانیت خۆت ده‌ستبه‌تاڵ و ته‌رخان بكه‌یت بۆ ئه‌ركه‌ فیكرییه‌كانت ئه‌گه‌ر به‌رپرسیار و خاوه‌نى خێزانێكى گه‌وره‌ و ماڵ و منداڵ بیت. یان ئه‌میان یان ئه‌ویان.

تۆ ناچاریت هه‌ڵبژێریت. ئه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماركس له‌ ساتێكى ته‌نگه‌تاودا وتوویه‌تى: كێ ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگارى پرسه‌ گشتییه‌كان ببێته‌وه‌ و به‌رپرسیارێتیى قورس و گران له‌ئه‌ستۆ بگرێت، نابێت ژن بێنێت و منداڵ بخاته‌وه‌. له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ى وتووه‌ كه‌ بیرى له‌ بارودۆخه‌كه‌ى خۆى كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و هاوسه‌گیریى كردووه‌ و به‌ خۆشه‌ویستییش. به‌ڵام خه‌مه‌كانى ژیانى مادیى، زۆر گوشار و په‌ستانیان له‌سه‌ر داناوه‌ و ته‌نانه‌ت به‌هۆى كه‌میى ده‌ستكه‌وت و بێ پاره‌ییه‌وه‌ پشتى شكاوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر هاوڕێ ئه‌نگلز نه‌بوایه‌ ره‌نگبوو وا بكه‌وتایه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌س ئاواتى پێنه‌خوازێت. منداڵه‌كانى چه‌ند بێبه‌ش و بێ چاره‌سه‌رى پزیشكى و ته‌نانه‌ت چه‌ند برسییش بوون؟. جارى واهه‌بووه‌ نه‌یتوانیوه‌ قوتووه‌ شیرێك بۆ كچه‌ به‌رمه‌مكانه‌كه‌ى بكڕێت. ئه‌گه‌ر تۆیش بیت ئایا له‌م كاته‌دا له‌ هاوسه‌رگیریى په‌شیمان نابیته‌وه‌؟ ئایا خۆت به‌ تاوانبارێك نازانیت كه‌ خۆتت خستووه‌ته‌ خێزانه‌وه‌ و نایشتوانیت به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ى له‌ئه‌ستۆ بگریت؟ هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وى سه‌رقاڵ ده‌كرد و نه‌یده‌هێشت خۆى ته‌رخان بكات بۆ خه‌بات و كتێبه‌كانى. به‌ڵام فه‌یله‌سوفى ره‌به‌ن تووشى ئه‌م هه‌موو گومان و راڕاییه‌ نابێت. ئه‌و هه‌ر به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر خواردنى خۆى، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار برسییش بێت ئه‌وا ئه‌مه‌ى به‌ هه‌زار جار ئاسان و ساناتره‌ له‌چاو ئه‌وه‌دا كه‌ منداڵه‌كانى له‌به‌رچاویدا برسى بن. ئه‌مه‌یان شتێكه‌ ناتوانێت خۆى له‌به‌رده‌مدا رابگرێت. به‌ڵێ، ره‌به‌نى و سه‌ڵتى په‌راوێزێكى ئازادییت بۆ دابین ده‌كات كه‌ به‌ پاره‌ مه‌زه‌نده‌ ناكرێت. ده‌توانرێت ئه‌م په‌راوێزه‌یش ته‌رخان بكرێت بۆ نووسین و ئه‌فراندنه‌كان. ته‌نیا روناكبیرى ده‌وڵه‌مه‌ند، كه‌ سامانێكى زۆرى له‌ خێزانیه‌وه‌ به‌ میرات بۆ ماوه‌ته‌وه‌، مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ژن بێنێت. به‌ڵام روناكبیرى نه‌دار پێویست ناكات ئه‌م گه‌مژه‌ییه‌ بنوێنێت. به‌م مانایه‌ هیچ وته‌یه‌ك له‌وه‌ى سیۆران شیاوتر نادۆزمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌و منداڵانه‌م كه‌ له‌دایكنه‌بوون چه‌ندێك سوپاسگوزارمن كه‌ نه‌مهێناونه‌ته‌ بوون؟.

له‌وه‌یش واوه‌تر، كاره‌كه‌ لاى نیچه‌-ى مامۆستامان ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ بڵێت فه‌یله‌سوفى خاوه‌ن ژن شتێكى شه‌رمه‌زارییه‌ و ناتوانرێت وێنا بكرێت. به‌ ده‌ق ده‌ڵێت: "فه‌یله‌سوفى راسته‌قینه‌ ژنهێنان ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌وپه‌ڕى ترس و تۆقینه‌وه‌ له‌ده‌ستى راده‌كات. بۆچى؟ چونكه‌ ژنهێنان ده‌بێته‌ له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستێكى قورس و گران له‌به‌رده‌میدا و ته‌نانه‌ت ناهێڵێت بگاته‌ لووتكه‌: لووتكه‌ى فیكر و داهێنان. پاشان ده‌پرسێت: كام گه‌وره‌ فه‌یله‌سوف ژنى هێناوه‌؟ هه‌موویان سه‌ڵت و بێ ژن بوون، هه‌ر له‌ هیراكلیتۆس-ه‌وه‌ بۆ ئه‌فڵاتون و بۆ دیكارت و بۆ سپینۆزا و لایبینز و كانت و شۆپنهاوه‌ر كه‌ هیچیان ژنیان نه‌هێناوه‌. ته‌نانه‌ت له‌وه‌یش زیاتر ناكرێت وه‌ك كه‌سانێكى هاوسه‌ردار وێنا بكرێت، چونكه‌ فه‌یله‌سوفى خاوه‌ن ژن بێجگه‌ له‌ قه‌شمه‌ر و گاڵته‌جاڕ هیچى تر نییه‌".
 
لێره‌دا هۆكارێكى تریش بۆ منداڵنه‌خستنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش: زۆربه‌ى فه‌یله‌سوفه‌ گه‌وره‌كان له‌ ژیانى تایبه‌تى خۆیاندا، ده‌ركراو و راونراو و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌لێكراویش بوون، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر منداڵیان هه‌بوایه‌ ره‌نگ بوو هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر منداڵه‌كانیشیان هه‌بوایه‌، بۆ نموونه‌ بیانڕفاندنایه‌.

 له‌ كۆتاییدا، ئه‌گه‌ر به‌ وردى له‌ ژیانى بلیمه‌ته‌كان وردببینه‌وه‌ و قه‌باره‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و راونان و جێ پێ هه‌ڵگرتنه‌ به‌زیانه‌ بزانین كه‌ تووشیان ده‌بێت، هه‌زار جار سوپاسى یه‌زدان ده‌كه‌ین كه‌ بلیمه‌ت نیین!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure