زەوى تەختە و هەروەها هەندێک عەقڵیش

بۆچوون / بیروڕا :: 15/06/2018

وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لە خۆرئاوا و رەنگە لە خۆرهەڵاتیش، هەندێک هەن هێشتا بڕوایان وایە کە زەوى تەخت و فلاتە. واتا ئەگەر بەپێ رۆیشتیت یاخود ئۆتۆمبێلەکەت بە پانى و درێژیى زەوى لێخوڕى ئەوا دەگەیتە کەنار و لێوارى زەوى. یەکێک لەوانەى کە ئەو باوەڕەیان هەیە ناوى مایک هیوز-ە و لە شارۆچکەى (ئەپڵ ڤاڵى)ى کالیفۆرنیدا کاردەکات، شۆفێرى ئۆتۆمبێلە لیمۆنزە درێژەکانە و رەنگە تەمەنى لە چل ساڵ تێپەڕى بێت. ئەگەر وایش نەبێت ئەوا هەر گەیشتووەتە تەمەنێکى پێگەیشتوو، بۆیە ئەم بڕوایەى یان جۆرێکە لە تێرى یاخود جۆرێکە لە هەوڵدان بۆ راکێشانى سەرنجى ناونیشانى هەندێک لە پێگە و رۆژنامەکان. 
 
ئەوەتا گۆڤارى (زە نیویۆرکەر) لە دواژمارەیدا چەند لاپەڕەیەکى بۆ تەرخانکردووە و ئەویش دەڵێت کە ئامێرێکى شێوە مووشەکیى دروستکردووە و سوارى دەبێت و بەرزدەبێتەوە و پاشان دادەبەزێتەوە سەر زەوى. هەروەها دەڵێت دواینجار کە هەوڵیداوە نزیکەى هەزار و 74 پێ بەرزبووەتەوە و دواتر بەخۆیى و ئامێرەکەیەوە بەربووەتەوە سەر زەوى و بریندار بووە.

ئەبێ چیى لەم خۆبەرزکردنەوەیە ویستبێت؟ ئایا ویستوویەتى ئەوسەرى زەویى تەخت راکێشراو، بە چاوەکانى خۆى ببینێت و بە قۆشمەچى و گومانکراوان بڵێت کە لەسەر هەقە؟
  
بەڵام هیوز تاقە کەسێک نییە ئەو باوەڕەى هەبێت. خەڵکانێکى زۆر هەن کە هێشتا وادەزانن زەوى تەخت و راکشاوە. نەنکم خوالێیخۆشبێت ناوبەناو باسى دەکرد و ئەویش لەو باوەڕەدابوو. ئەو نەخوێندەوار بوو و خوێندنەوە و نووسینى نەدەزانى بۆیە دەیبەخشم، بەڵام ئەم نەوەى نوێیەى کە لە خڕى و گۆیى زەوى بەگومانن خوێندەوارى پلە جیاجیان و قەناعەتیان وایە کە زەوى فلاتى و تەختە و هەندێک گریمانە و مەزەندەیشیان بۆ قەناعەتەکەیان هەیە. یەکێکیان دەڵێت "لە رۆژێکى ساماڵدا دەتوانیت تا چاوبڕبکات ببینیت". (ئەم گوزارشتە لە گۆرانییەکى باربرا ستریساند دزراوە!). بەڵگە چییە؟ "دەتوانیت لە رۆژێکى ساماڵدا لەدووریى پەنجا میل لە شارى شیکاگۆ-وە بوەستیت و تەلارە بەرزەکانى ببینیت". ماناى وایە ئەگەر زەوى خڕ بوایە ئەوا نەدەبینرا.. بەڵام پەنجا میل بەس نییە بۆ سەلماندنى شتێکى ئاوا. سەرەڕاى لاوازیى مەزەندەکان کەچى کۆنگرەیەک لە شارۆچکەى رالى لى نۆرس کارۆلاینا رێکخرا بەناونیشانى (کۆنگرەى تەختیى زەوى-Flat Earth Conference ). بەگوێرەى بەرپرسێکى کۆنگرەکە، زیاتر لە 500 کەس ئامادەى بوون و هەر یەکەیان 249 دۆلارى داوە بۆ ئەوەى بەشداریى گردبوونەوەکە بکات و سەرى رەزامەندیى بۆ ئەوە بلەقێنێت کە زەوى تەخت راکشاوە و فلاتە. 

ئەى خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون چین؟ بۆچى شەو و رۆژ جیاوازن؟ بۆچى خۆر بەیەکجار لە هەموو زەوى ئاوانابێت؟ ئەى ئەو وێنانەى لە فەزا-وە گیراون چین؟.. ئاسانە!: ناسا و سەنتەرە هاوشێوەکانى لە زانستى فەزادا، درۆیان کردووە. هەموو ئەوانە درۆیان کردووە کە پێیانوابووە زەوى گۆییە. بەڵام بە چ مەبەستێک؟ ئەمەیان، نازانم چونکە تا ئێرەم خوێندەوە.

زیاد لە فیلمێک دەربارەى ناسا-ى درۆزن هەیە، لەوانە فیلمى (Capricorn One) کە لەسەر ئەو تیۆرە دانراوە گوایە ئەمریکیەکان نەگەیشتوونەتە سەر مانگ و ئەو وێنانەى کە کاتى خۆى لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دروستکراو و خەڵەتێنەر و چاوبەستەکى بوون. ستانلى کوبریک-ى دەرهێنەرى بەناوبانگ ئەو شتانەى لە گرتەکانى یەکێک لە فیلمەکانیدا ئاشکراکردووە. نەنکم دەیگوت "بەخوا بڕوام بەم قسانە نییە". 

لە فیلمى (Kiss me deadly)یشدا، جاک لامبێرت-ى یەکێک لە شەڕخوازەکانى فیلمەکە، بە سەرۆکەکەى خۆى دەڵێت "دڵنیابووم لەوەى کە زەوى تەختە". سەرۆکەکەى لێى دەپرسێت "چۆن؟". وەڵامى دەداتەوە "چونکە ئەگەر زەوى خڕ بوایە ئەوا چین-ییەکان بەردەبوونەوە!". 

 

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure