سه‌رده‌مى رۆژنامه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 13/06/2018


نووسینى: محه‌مه‌د زه‌كى ئیبراهیم
سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


له‌ سه‌رده‌مى چاپى كاغه‌زین-دا نووسه‌رانى رۆژنامه‌ رۆژانه‌ییه‌كان كه‌سانێكى ئاسایى یان فه‌رمانبه‌رانى نه‌ناسراو نه‌بوون، هه‌روه‌ها نه‌شاره‌زاى پیشه‌كه‌یش نه‌بوون، هه‌روه‌ك مشه‌خۆر و خۆله‌وه‌ڕێنى سه‌ر میدیایش نه‌بوون. به‌ڵكو خه‌ڵكه‌ پاك و بێگه‌رد و پاڵفته‌ و ده‌سته‌بژێره‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ و دروستكه‌رى راى گشتى بوون و كاریگه‌ریى زۆریان له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر هه‌بوو.
 
دیاریكردنى سه‌رنووسه‌ر به‌ زنجیره‌یه‌كى دورودرێژى ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌یه‌وه‌ به‌ند بوو كه‌ له‌ بوارى كاره‌كه‌یدا به‌ده‌ستیده‌هێنا یان له‌ ماوه‌ى خزمه‌تكردنیدا ئه‌نجامى ده‌دان. هه‌ر ده‌یشبوایه‌ جێى په‌سه‌ندى سه‌رۆكه‌كان یان وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى میدیا و راگه‌یاندن بوایه‌، چونكه‌ زۆرجار ئه‌و گوزارشتى له‌ سیاسه‌تى گشتیى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌كرد.

مامۆستا موحسن محه‌مه‌د سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (الجمهوریه‌)ى میسرى ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ دواى ساڵى 1975 داواى له‌ مامۆستا كامیل زوهێرى كردووه‌ تا رۆژانه‌ وتارێك به‌ناوى (له‌ كونى ده‌رگاوه‌) بنووسێت. به‌ڵێنى ئه‌وه‌یشى له‌ ئه‌نوه‌ر سادات سه‌رۆكى ئه‌وسا وه‌رگرتبوو كه‌ وتاره‌كانى به‌ ئازادانه‌ بنووسێت.

كامیل زوهێر (1927-2008) رۆژنامه‌نووسێكى دیارى هاونه‌وه‌ى ئیحسان عه‌بدولقدوس و محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل و ئه‌حمه‌د به‌هادین و ئه‌نیس مه‌نسور و ده‌یانى ترى وه‌ك ئه‌وان بوو. سه‌رنووسه‌ریى روز ئه‌لیوسف و ئه‌لهلال-یشى وه‌رگرتووه‌ و بووه‌ته‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ردووكیان، پاشان بۆ دوو خول بووه‌ نه‌قیبى رۆژنامه‌نووسانى میسر و دواتریش سه‌رۆكى یه‌كێتى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌ب!

كاتێك ده‌ستى كرد به‌ نووسینى وتاره‌كانى، هاوڕێكانى سه‌ریانسوڕما له‌ ئازایه‌تى و بوێرییه‌ بێ وێنه‌كه‌ى و پێشبینیى ئه‌وه‌یشیان كرد كه‌ دواى چه‌ند رۆژێكى كه‌م رابوه‌ستێت. به‌ڵام بێده‌نگ بوون چونكه‌ زه‌حمه‌ت بوو ئامۆژگاریى كه‌سێكى وا بكرێت كه‌ له‌ ئاست و پێگه‌ى كامیل زوهێرى-دا بێت. تا ئه‌و رۆژه‌هات و خودى ئه‌نوه‌ر سادات بۆخۆى هه‌ڵیدایه‌ و هاته‌ وه‌ڵام.

سادات وتى "ناكرێت كامیل زوهێرى هه‌روا له‌ رۆژنامه‌دا بنووسێت. ئه‌و هه‌موو رۆژێك هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر من و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر رژێم و ده‌سه‌ڵات!".

به‌ڵام موحسین محه‌مه‌د وه‌ك جۆره‌ پاڕانه‌وه‌یه‌ك وه‌ڵامى دایه‌وه‌ "سه‌رۆكى به‌ڕێز، ئه‌و سه‌رۆكى یه‌كێتى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌به‌ ئه‌گه‌ر رێگریى نووسینى لێ بكرێت ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتیه‌كه‌یش هێرشمان بكاته‌ سه‌ر". ئینجا وتى "ده‌رفه‌تێكم بده‌رێ و وای لێده‌كه‌م كه‌ به‌ته‌واوى ئه‌م شێوازى نووسینه‌ى بگۆڕێت"!. 

بۆ رۆژى دوایى هه‌موان سه‌رسام بوون كه‌ زانییان وتاره‌كه‌ى كامیل زوهێرى له‌كاتى خۆیدا نه‌گه‌یشتووه‌. كاتێكیش به‌دواچونیان بۆ مه‌سه‌له‌كه‌ كرد ده‌ركه‌وت كه‌ چووه‌ته‌ عێراق.

دواى مانگێكى ته‌واو كامیل له‌ به‌غدا-وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌! ده‌ستى كرده‌وه‌ به‌ نووسینى وتاره‌كانى به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى هاوسه‌نگانه‌تر و به‌هیچ جۆرێكیش هێرشكردنه‌ سه‌ر ساداتى تێدا نه‌بوو.

ئه‌م گۆڕانكاریه‌ به‌سه‌ر سادات-دا تێنه‌په‌ڕى و له‌ سه‌رنووسه‌رى پرسى "ئه‌وه‌ چیت له‌ كامیل زوهێرى كردووه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ گۆڕاوه‌؟". موحسین محه‌مه‌د به‌ بڕوابه‌خۆبوونه‌وه‌ وتى "سه‌رۆك، وانه‌یه‌كم داداوه‌ به‌وه‌ى كه‌ بۆ ماوه‌ى مانگێكى ته‌واو نه‌مهێشت بابه‌ت بنووسێت". سادات بڕواى به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ نه‌كرد و وتى "پێده‌چێت گه‌شته‌كه‌ى بۆ به‌غدا فێرى كردبێت كه‌ دیكتاتۆریه‌ت چییه‌ و سه‌دام حسێن چى به‌ عێراقییه‌كان ده‌كات و تێگه‌یشتبێت كه‌ میسر به‌هه‌شتى ئازادییه‌!".

  سادات راست بوو له‌ لێكدانه‌وه‌ و شرۆڤه‌كردنى بۆ دیارده‌ى گۆڕانكارى و وه‌رچه‌رخانى بارودۆخه‌كان لاى نووسه‌رێكى مه‌زنى وه‌ك كامیل زوهێرى. چونكه‌ ئاسان نه‌بوو ئه‌و په‌راوێزه‌ ئازادییه‌ى عێراق به‌وه‌ى میسر به‌راورد بكرێت. به‌ڵام ئه‌م رووداوه‌ قووڵایى په‌یوه‌ندیى رۆژنامه‌ به‌ سه‌ر-ى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت. به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌ى رۆژانه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س ده‌یقۆزنه‌وه‌ و سه‌رنجى وشه‌ به‌ وشه‌ى ده‌ده‌ن.

ئاخۆ رۆژنامه‌ى ئه‌لیكترۆنى، كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر ده‌سته‌خوشكه‌ كاغه‌زییه‌كه‌یدا، له‌مڕۆدا لاى خه‌ڵكى و ده‌وڵه‌ت ئه‌و بایه‌خ و گرنگییه‌ى هه‌یه‌؟ ئه‌ى ئاخۆ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ دروستكرنى كه‌سێتیى گه‌وره‌ و مه‌زنى وه‌ك ئه‌وانه‌ى پێشوو هه‌بوون؟ تا ئه‌م ساته‌یش من وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ نازانم.  


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure