هاوسەنگكردنەوەی هاوكێشە عێراقیەكە

بۆچوون / بیروڕا :: 11/06/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
لستێكی دوورودرێژی دۆسیەگەلی قورس و گران چاوەڕێی حكومەتی تازەی عێراق دەكات، ئەو حكومەتەی كە لەوەناچێت لەدایكبوونەكەیشی ئاسان بێت. نموونەیش لەسەر كێشە ئاڵۆزەكان ئەو كاریگەریانەیە كە بەهۆی قەیرانی ئاو-ەوە سەریانهەڵداوە دوای ئەوەی توركیا بەنداوی (ئیلیسو)ی سەر رووباری دیجلەی خستەگەڕ كە رووبارەكەی لە بەغدا وەك جۆگەلە لێكردووە. 

ئەحمەد ئەلجبوری ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكیەكانی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە بە رۆژنامەكەمانی راگەیاندووە "ئەمە ئاماژەیەكی مەترسدارە لەسەر جەنگی داهاتووی ئاو، بۆیە وا پێویست دەكات حكومەتی عێراق لە هەموو ئاستەكانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەخۆی بكەوێت و لەگەڵ توركەكاندا بكەوێتە دانوستانێكی ورد و جدییەوە".

یەكێكی تر لەو كێشانەی كە چاوەڕێی حكومەتی تازەی عێراقە، كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانە لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێران و بڕیاری سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی گوشاری قورستری ئابوریی بخاتە سەر تاران، ئەمانەیش دەرگای خولێكی تری كێشمەكێشی قورسی ئەمریكا و ئێران دەكەنەوە. بێگومان عێراق یەكێك دەبێت لە گۆڕەپانەكانی ئەو كێشمەكێشە ئەگەرچی گۆڕەپانی سوریا دەرفەتی زیاتر و گەورەتر بۆ ئەو راكێشڕاكێشە گەرمە لەوێ‌ دەڕەخسێنێت.
  
نابێت كێشە گەورە و زانراوەكانی ترمان لەبیربچێت، لەپێش هەموویانەوە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو شار و شارۆچكانەی بەهۆی جەنگەكانی داعش و ئەو جەنگەی كە بە لەناوبردنی كۆیاییهات، زیانیان بەركەوتووە. ئەمەیش گرنگیی خۆیی هەیە و پەیوەستە بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان. پەلەنەكردن لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە دەبێتە هۆی گێڕانەوەی هەستی نائومێدی و تووڕەیی پێكهاتەی سوننە، وەك هەمان ئەو هەستەی كە پێشتر ئاسانكاریی كرد بۆ دەركەوتن و سەرهەڵدانی توندڕەوەكان و ئەنجامدانی سەركێشییە خوێناویەكانیان كە رۆڵەكانی ئەم پێكهاتەیە لە ریزی پێشەوەی قوربانیەكانیاندا بوون. 

جگە لەمەیش دەبێت حكومەتی تازە، چارەسەری باری داڕووخاوی ئابوری و بەرزیی ئاستی بێكاری و هەژاریی بكات و قەلاچۆی گەندەڵییش بكات كە بووەتە هۆی فراوانترین پرۆسەی تاڵانكاریی لە دەوڵەتدا لە دوای لەناوبردنی رژێمی سەدام حسێن. 
  
جێی سەرسووڕمانیش نییە كە هەڵبژاردنە نوێنەرایەتیەكەی عێراق گەردەلوولێك تۆمەتباركردنی بە ساختە و ئەنجامدانی سەرپێچیكردن لەگەڵ خۆیدا هێنابێت. لێرەدا پێویستە ئەوە بیربێنینەوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوە راستەقینەكەی، لە عێراقدا تازەیە، لەو عێراقەی كە چەندین گرێی لە سەردەمی تاك حزبی و زنجیرەیەك جەنگی وێرانكەری ناوخۆیی و دەرەكیدا گوزەراندووە. ئەوەیش شتێكی ئاساییە كە پەیڕەوكردنی دیموكراسی پێویستی بە تاقیكردنەوەی فرەیی و پرۆسەی راستكردنەوەی بەردەوام هەیە لە وڵاتێكدا كە داگیركردنێكی قورسی ئەزموون كردووە و بەدوایشیدا رووبەڕووبوونەوەی خوێناویی نێوان پێكهاتەكانی بەخۆوەبینیوە. بێجگە لەمانەیش سەقامگیریی ئەزموونی دیموكراسی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا پەیوەستە بە كۆمەڵێك هەنگاو و پلانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و كلتورییەوە.

بەڵام عێراقیەكان قسەی خۆیان لە هەڵبژاردنەكەدا كرد و دەبێت رێزی لێبگیرێت. پێگەی یەكەمیان دا بە هاوپەیمانی (سائرون) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر. پێگەی دووەمیش بۆ هاوپەیمانی (الفتح)ی حەشد و ئیئتیلافی (النصر)یش كە حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیران سەركردایەتی دەكات چووە پێگەی سێیەم. ئیئتیلافی (دولە القانون) كە نوری مالیكی سەرەك وەزیرانی پێشوو سەركردایەتی دەكات كشایەوە بۆ پلەی چوارەم.

ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە ناوچە كوردیەكانیشدا هەر جێی سەرنج بوو. هەندێك چاوەڕێی ئەوە بوو كە كورد لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە، پەیامێكی گلەیی یان تووڕەیی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەیش وەك وەڵامدانەوەیەك لەبەرامبەر سەركردایەتیكردنی بۆ راپرسیی سەربەخۆیی و ئەو زیانانەی كە وەك دەرەنجامی راپرسییەكە بەر ئەو دەستكەوتانەی كورد كەوتن كە بەهۆی بەشداریی كوردەكانەوە لە جەنگی دژی داعش بەدەستیانهێنابوو. پەیامەكە پێچەوانەی ئەم پێشبینیانە بوو و ئەنجامەكان پارتەكەی بارزانی-یان خستە پلەی یەكەمی ریزی لایەنە كوردیەكان، ئەمەیش رۆڵێكی دیاری دەداتێ‌ لە گەمەی هاوپەیمانێتیەكانی یەكلاییكردنەوەی شەڕی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیدا. هەر بۆیەیش لەپڕێكدا ئاراستەی با-كە گۆڕا و فراكسیۆنە شیعە ناكۆكەكان كەوتنەخۆیان بۆ راكێشانی فراكسۆنە كوردیەكان، بەتایبەت فراكسیۆنە گەورەكەیان، بەلای خۆیاندا.

عێراق ناتوانێت بەرەنگاریی قۆناغی داهاتوو ببێتەوە بە كێشمەكێشە ئیقلیمی-نێودەوڵەتیەكەیەوە و بە پێویستیە ناوخۆییەكانیەوە ئەگەر بە جدیی دەستنەكات بە پرۆسەی بونیاتی دەوڵەت. ناكرێت رووبەڕووی كێشەكان و شایستەییەكان ببیتەوە بە لۆژیكی گروپگەل و پێكهاتەكان و نفوزی چەك و بەهێزی. هەردەبێت بگەڕێیتەوە بۆ لۆژیكی دەوڵەت. هەردەبێت رێز لە دەستور بگیرێت چونكە بەمە دەرگای هاوسەنگكردنەوەی هاوكێشە عێراقیەكە دەكرێت و ئەو زیانانە قەرەبوو دەكاتەوە كە بەر پێكهاتەی نیشتمانیی كەوتوون بەهۆی سیاسەتی پڕكردنەوە و خۆبەزلزانی و بێسەروبەرەیی-یەوە. هەردەبێت پەیوەندییەكانی شیعە و سوننە رێكبخرێنەوە، نەك لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەستكەوت و دیاری و بەرتیلەوە بەڵكو لەسەر بنەمای هاوبەشێتیی راستەقینەی نیشتمانی و یەكسانی لە ماف و ئەركەكاندا لەسایەی دامەزراوەیی و دەوڵەت و یاسادا.

چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی شیعە و سوننە دەنگی هەڵۆكانی هەردوولا كز دەكات و پەنجەرەی بەردەم ئەگەری سەرهەڵدانی كۆپییەكی تازەی لە (داعش)چوو دادەخات. پاشان ئەم پرۆسەی هاوسەنگكردنەوەیە پارێزبەندییەك دەدات بە هەموو عێراق لەبەرامبەر هەموو دەستوەردانە دەرەكیەكاندا و خەونی بەڕێوەبردنی عێراق لە دەرەوە، یان دانانی وەك ئەوەی كە تەنیا گۆڕەپانی كێشمەكێشەكان بێت، كۆتایی پێدێنێت. هاوشانی ئەوە هەردەبێت پەیوەندییەكانی عەرەب و كورد-یش هاوسەنگ بكرێنەوە، ئەمەیش بەپێی دەستور و دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان. چونكە سیاسەتی ترساندنی كورد و بڕینی مووچەی هەرێم شكستیهێنا و هەردەبێت كورد وەك هاوبەش بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا لەڕێی سەركۆمارێكەوە كە عێراق و ناوچەكە و جیهانیش بناسێت. هاوسەنگكردنەوەی هاوكێشە عێراقیەكە عێراق دەكاتەوە بە ئەندامێكی ئاسایی و كارای خێزانی عەرەب و دەیكاتەوە بە دەوڵەتێكی ئاسایی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

لێرەدا چەند وانەیەك هەن كە دەبێت لەو ئەزموونە قورسەی دوای سەدام-ەوە فێریان ببین كە عێراقی تێدا ژیا. یەكەمیان نەبوونی دەوڵەت سەركەوتنی سەركەوتوو دادەچۆڕێنێت و زیانی زیانلێكەوتوو دوو هێندە دەكات و بەغدا بێبەش دەكات لە مافی بڕیاردانی عێراقییانە. وانەی دووەمیش زیادەڕۆیی لە شكاندنی هاوسەنگیی ناوخۆیی فشەڵۆكیی بارودۆخەكە دووهێندە لێدەكات و دەرگای رووداوە كتوپڕەكان بە هەردوو تاكەكەیەوە بەكراوەیی دەهێڵێتەوە و ئەزموونەكەی موسڵ-یش بە دەستی داعش، هێشتا تازە و زیندووە.  

سێیەم وانەیش ئەوەیە كە عێراقی ئاشتبووەوە لەگەڵ خۆیدا، دەتوانێت ئاشتەوایی لەگەڵ ناوچەكە و جیهاندا بكات و دەكرێت رەگەزی هاوسەنگیی بێت بۆ گرتنەوەی ئارەزووەكانی ئێران و توركیایش. 

لوبنانیش چاوەڕێی حكومەتی دوای هەڵبژاردنەكانە. حكومەتی ئەوێیش بەهەمان شێوە پێویستی بە هاوسەنكگردنەوەی پەیوەندیی نێوان لوبنانیەكان و هاوسەنگكردنەوەی بیرۆكەی دەوڵەت هەیە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەریەكهەڵوەشا و بەرەڵاكرا. ئەوەیش شاراوە نییە كە لوبنانیەكان ئێستا گیرۆدەی نائومێدیەكی زۆرن بەرامبەر ئەو كەسانەی كە گرەوی (ئەسپ)یان لەسەركردن كەچی فێڵیان لێكردن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە