رێگرتن له‌ تیاچوونى جیهان به‌هۆى زیره‌كیى ده‌ستكرده‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه‌ تازه‌كانى زیره‌كیى ده‌ستكرد، چیدى وه‌ك شتێكى سه‌یر نه‌ماونه‌ته‌وه‌. زیره‌كیى ده‌ستكرد نزیكه‌ى هه‌موو كایه‌ و بواره‌كانى ژیان ده‌گۆڕێت، هه‌ر له‌ گواستنه‌وه‌وه‌ هه‌تا پزیشكیى و هه‌تا به‌رگریى. بۆیه‌ ده‌بێت ئاگادارى ئه‌وه‌بین كه‌ چى ده‌گوزه‌رێت كاتێك زیره‌كیى ده‌ستكرد له‌م ئاسته‌ى ئێستاى پێكه‌وتووتر ده‌بێت.

دیمه‌نه‌ بینراوه‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئامێرانه‌ى زیره‌كیى ده‌ستكرد به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا زاڵ ده‌بێت و ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر جیهاندا و هه‌موومان له‌ناوده‌بات. ئه‌م سیناریۆیه‌ زۆر جار له‌ خه‌یاڵى زانستیدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت و ره‌تكردنه‌وه‌ى ئاسانه‌ به‌و تێڕوانینه‌ى كه‌ مرۆڤ به‌هۆى به‌هێزیه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر به‌ سه‌ركه‌وتوویى ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ پسیۆرانى زیره‌كیى ده‌ستكرد دیمه‌نه‌كه‌ به‌ جدیى وه‌رده‌گرن و له‌مه‌یشدا له‌سه‌ر هه‌قن. ده‌بێت باقى كۆمه‌ڵگه‌ هه‌مان شت بكه‌ن.
  
بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ى كه‌ له‌به‌رده‌م سه‌نگى مه‌حه‌كدایه‌ و بینینى جیاوازیى نێوان (زیره‌كیى ده‌ستكردى به‌رته‌سك) و (زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتىAGI)، ده‌كرێت زیره‌كیى ده‌ستكردى به‌رته‌سك هه‌ر جاره‌ و ته‌نیا له‌ یه‌ك بواردا یاخود له‌ ژماره‌یه‌ كایه‌ى كه‌مدا كارى پێبكرێت، واتا له‌ چه‌ند ئه‌ركێكى دیاریكراودا به‌سه‌ر مرۆڤدا زاڵ ده‌بێت و ئیدى له‌ژێر كۆنترۆڵى مرۆڤدا ده‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌وه‌، ده‌كرێت (زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى) ببێته‌ هۆكار بۆ چوارچێوه‌یه‌كى فراوانى بواره‌كان، به‌مه‌یش ده‌كرێت چه‌ندین ئه‌ركى لێهاتوانه‌ى بیرى مرۆڤ دووباره‌ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاراستنى هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئامێرى كۆمپیوته‌ردا، وه‌ك گێڕانه‌وه‌ى یادگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نموونه‌یى. به‌ كارپێكردنى ئامێرێكى كۆمپیوته‌رى پێشكه‌وتوو، ده‌كرێت (زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى) به‌سه‌ر ئیدراكى مرۆڤدا سه‌ربكه‌وێت. له‌ڕاستیدا زه‌حمه‌ته‌ وێناى ئه‌و ئاستى به‌رزى چۆنیه‌تییه‌ك بكرێت كه‌ (زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى) تێیدا پێشده‌كه‌وێت. 

وه‌ك ده‌زانرێت زۆربه‌ى زیره‌كیى ده‌ستكرد به‌رته‌سكه‌. هه‌روایشه‌ چونكه‌ پێشكه‌وتووترین سیستمه‌كانى ئێستا ته‌نیا بڕێكى سنووردار گشتگیرییه‌تیى هه‌یه‌. بۆ نموونه‌: له‌كاتێكدا سیستمى AlphaZero له‌ Google DeepMind دا ده‌توانێت به‌ باشى كارى Go وwhich Is  بكات- ئه‌مه‌یش وایلێكردووه‌ له‌ زۆربه‌ى ئه‌و سیستمه‌ زیره‌كیه‌ ده‌ستكردانه‌ گشتگیرتر بێت كه‌ ناكرێت له‌ یه‌ك چالاكیى دیاریكراو زیاتردا جێبه‌جێ بكرێت-تواناى خۆى ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌یه‌كى دیاریكراوى كۆنترۆڵكراو، له‌ هه‌ندێك یاریى زۆر رێكخراوى ئایپاد-دا، سه‌لماندووه‌. 

هه‌ندێك كه‌سى دیار ئه‌گه‌رى پێشكه‌وتنى زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ندێك، له‌ نموونه‌ى: سیلمه‌ر برینكجۆرد له‌ په‌یمانگاى ته‌كنیكى و درو مكدیرمۆت له‌ زانكۆى یێل، پێیانوایه‌ مه‌حاڵه‌ زیره‌كیى ده‌ستكرد زاڵ بێت به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا. هه‌ندێكى دیكه‌ى وه‌ك: مارگرێت ئه‌ى.بۆدن له‌ زانكۆى ساسكس و ئۆرۆن ئیتزیۆنى له‌ په‌یمانگاى ئاڵن بۆ زیره‌كیى ده‌ستكرد، وایده‌بینن كه‌ ده‌كرێت له‌ پاشه‌ڕۆژێكى دووردا زیره‌كیى ده‌ستكرد بكاته‌ ئاستى مرۆڤ، به‌ڵام هێشتا زۆرى ماوه‌ كه‌ بكه‌وینه‌ دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانیى ئه‌و بابه‌ته‌وه‌.

ئه‌م گومانكارانه‌ ژماره‌گه‌لى په‌راوێز و لابه‌لا نین، وه‌ك ئه‌و باڵ-انه‌ى كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن گومان له‌ زانستى گۆڕانكاریى كه‌شوهه‌وا بكه‌ن. ئه‌مان زاناى دیار و ده‌ركه‌وتووى زانسته‌كانى كۆمپیوته‌ر و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى بواره‌كه‌ن و پێویسته‌ بیروڕایان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. به‌ڵام زانایانى دیكه‌ى دیار و ده‌ركه‌وتووى وه‌ك ده‌یڤید ج. چاڵمرز له‌ زانكۆى نیویۆرك و ئالان دافۆ له‌ زانكۆى یێل و ستیوار راسیل له‌ زانكۆى كالیفۆرنیا و بێركلى و نیك برسترۆم له‌ زانكۆى ئۆكسفۆرد و رۆمان یامبۆڵسكى له‌ زانكۆى لۆیزڤه‌یڵ، له‌وه‌ نیگه‌رانن كه‌ زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى مه‌ترسیدار یاخود حه‌تمییه‌ بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تى. له‌گه‌ڵ چه‌پڵه‌ى پسپۆرانى هه‌ردوولاى گفتوگۆكه‌، پێویسته‌ له‌سه‌رمان به‌ عه‌قڵێكى كراوه‌وه‌ بمێنینه‌وه‌.
    
جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌یش، زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى، ته‌وه‌رى گرنگى توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانه‌. به‌م دواییانه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى بنكۆڵكاریى بۆ پرۆژه‌كانى زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى و R&D ته‌واوكراوه‌. توێژینه‌وه‌كه‌ 45 پرۆژه‌ى له‌ 30 ده‌وڵه‌تى شه‌ش كیشوه‌ردا دیاریكردووه‌ و پشتى به‌ستووه‌ به‌ چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ریى كارا و دیار له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانى وه‌ك بایدو و فه‌یسبووك و گوگڵ و مایكرۆسۆفت و تینسنت، هه‌روه‌ها له‌ زانكۆ گه‌وره‌كانى وه‌ك كارنیگى میڵۆن و هارڤارد و ستانفۆرد، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ئه‌كادیمیاى چین بۆ زانسته‌كان. ئه‌وه‌ مایه‌ى دانایى ده‌بێت ئه‌گه‌ر گریمانه‌ى ئه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هیچكام له‌م پرۆژانه‌ سه‌ركه‌وتوو نابن.  

لێره‌دا رێگه‌یه‌كى تریش هه‌یه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى چاوه‌ڕوانكراوى زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى، ئه‌ویش به‌راوردكردنیه‌تى به‌ مه‌ترسیى كاره‌ساته‌كانى تر. له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا، كۆنگریسى ئه‌مریكا واى به‌ گونجاو زانى ناسا چاودێریى هه‌سارۆكه‌ زه‌به‌لاحه‌كان بكات كه‌ ده‌كرێت خۆیان به‌ زه‌وى-دا بده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌رى ئه‌م رووداوه‌ نزیكه‌ى یه‌ك له‌ پێنج هه‌زار-ه‌ له‌ هه‌ر سه‌ده‌یه‌كدا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتیدا، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌رى روودانى كاره‌ساتێك له‌ ماوه‌ى سه‌ده‌ى داهاتوودا زیاتر بێت و بگاته‌ له‌سه‌دا یه‌ك، یان ته‌نانه‌ت یه‌ك له‌ هه‌ر ده‌-یه‌ك، ئه‌مه‌یش به‌پێى شێوازى توێژینه‌وه‌كه‌ و پێشخستن و نیگه‌رانى و راڕایى پسپۆران.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: كه‌واته‌ ئه‌بێت چى بكرێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا؟ سه‌باره‌ت به‌وانه‌ى كه‌ زانیاریى كه‌میان هه‌یه‌ و له‌ سه‌ره‌تادان، پێویستمان به‌ گره‌نتیى ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانه‌ به‌ رێگه‌ و شێوازێكى به‌رپرسیارانه‌ و دڵنیاكارانه‌ و ئه‌خلاقیانه‌. ئه‌مه‌یش پێویستى به‌ دیالۆگێكى قووڵترى نێوان كه‌سانى بوارى زیره‌كیى ده‌ستكرد و پیشه‌وه‌رانى سیاسه‌ت و زانایانى كۆمه‌ڵناس و هاووڵاتیانى په‌یوه‌ندیدارى بواره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ى له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دان له‌ ته‌كنۆلۆژیا ده‌زانن و تێیده‌گه‌ن، هه‌ر ئه‌وانیش ده‌بنه‌ دیزاینه‌ر و نه‌خشه‌داڕێژه‌رى به‌گوێره‌ى ئه‌و پێوه‌رانه‌ى كه‌ رێككه‌وتنێك له‌سه‌رى هه‌یه‌، به‌ڵام نابێت هه‌ر ئه‌وان به‌ ته‌نیا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌رانه‌ بده‌ن. زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى په‌ره‌ به‌ پراكتیزه‌كردنى زیره‌كیى ده‌ستكرد ده‌ده‌ن و جێبه‌جێى ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رانه‌هاتوون بیر له‌ كاریگه‌رى و ده‌رهاویشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى ئه‌م كاره‌ بكه‌نه‌وه‌. جا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ بگۆڕدرێت ده‌بێت به‌ره‌نگاریى دید و تێڕوانینه‌ ده‌ره‌كیه‌كان بده‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پیشه‌وه‌رانى سیاسه‌ت و داڕێژه‌رانى، پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ره‌هه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌دا بكه‌ن. له‌ئێستادا به‌شى هه‌ره‌ زۆرى توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان له‌ زیره‌كیى پیشه‌سازیى گشتى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌وروپا و چین جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام زۆربه‌ى كۆده‌كان كراوه‌ن، ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌شێت كاره‌كه‌ له‌ هه‌ركوێیه‌ك بێت بكرێت. بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا دانانى پێوه‌ر و بنه‌ماى سه‌ره‌كیى ئه‌خلاقى، ئه‌ركى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییه‌ ئه‌گه‌رچى ده‌بێت ته‌وه‌ره‌كانى توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كه‌ جڵه‌وى ده‌ستپێشخه‌ریكه‌ بگرێت.

به‌ روانین بۆ داهاتوو، ده‌كرێت له‌ هه‌ندێك هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى كه‌ زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى دروستیان ده‌كات، چاودێریى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ سیاسیانه‌ بكرێت كه‌ له‌ ئارادان، وه‌ك گردبوونه‌وه‌ تازه‌كه‌ى هه‌ردوو حزبى كۆمارى و دیموكراتى كه‌ جۆن دیلانى-ى ئه‌ندامى دیموكراتى كۆنگرێس له‌ ویلایه‌تى ماریلاند، ده‌ستیداوه‌تێ. چه‌ندین هه‌ل و ده‌رفه‌تیش هه‌ن بۆ یارمه‌تیدان و كۆمه‌ككردن له‌ نێوان ئه‌وانه‌ى كه‌ كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌ نزیكمه‌وداكانى زیره‌كیى ده‌ستكردى به‌رته‌سك و ئه‌وه‌یش كه‌ له‌ دوورمه‌ودادا بیرى لێده‌كرێته‌وه‌.
    
به‌ڵام به‌ چاوداخستن له‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر زیره‌كیى ده‌ستكردى به‌رته‌سك و زیره‌كیى ده‌ستكردى گشتى پێكه‌وه‌ بن یان به‌جیا، ئه‌و كاره‌ى زۆر گرنگ و جێى بایه‌خه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ئێستا رێوشوێنى بونیاتنه‌رانه‌ په‌یڕه‌و بكه‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى روودانى ئه‌و كاره‌ساته‌ى كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌. ئه‌مه‌ ئه‌ركێك نییه‌ بتوانین ئومێدى ئه‌وه‌مان پێى هه‌بێت له‌ دوا ساتیدا ته‌واوى بكه‌ین و پێیڕابگه‌ین.

سه‌رچاوه‌: پرۆجێكت سه‌ندیكه‌ت


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure