پێ له‌ناو كه‌وشى حاجى تۆفیقدا

بۆچوون / بیروڕا :: 06/06/2018

كه‌س وه‌كو ئێمه‌ى لێ نه‌قه‌وماوه‌
وه‌ك میزى حوشتر ئه‌ده‌ینه‌ دواوه‌
هه‌موو ئومێدمان به‌ بۆره‌پیاوه‌
{چونكه‌ كه‌وتوینه‌ ده‌ورێكى واوه‌
هه‌رچى پاره‌ى بوو ئه‌ڵێین ته‌واوه‌}
     ***** 
هه‌ى دیموكراسى ره‌زات خواته‌وه‌
میلـله‌تێكت كوشت به‌ ئاواته‌وه‌
خوا چۆن هێناتى واش بتباته‌وه‌
{ئه‌ڵێن مه‌هدى دێت له‌و وڵاته‌وه‌
گورگ له‌گه‌ڵ مه‌ڕدا ئاو ئه‌خواته‌وه‌}
     ***** 
قیروسیا با شار بۆخۆى بخرۆشێ
ده‌واش نه‌مێنێ بۆ هیچ نه‌خۆشێ
موهیم ئه‌وه‌یه‌ بۆخۆى بنۆشێ
{یاران هاواره‌ دز ئه‌مفرۆشێ
من ئه‌ڵێم نێرم ئه‌و هه‌ر ئه‌مدۆشێ}
     ***** 
لاى خۆى حه‌ره‌سه‌ كه‌چى یه‌كسه‌ر خه‌وت
ئیشه‌ڵـڵا شه‌شى قه‌ت نابێ به‌ حه‌وت
چونكه‌ لاساره‌ و درۆزنه‌ و چه‌وت
{كاتێ كه‌ زۆردار عه‌زل بوو لێ كه‌وت
خۆى ئه‌كوتێته‌ هه‌یوانى مزگه‌وت}
     ***** 
رێگه‌مان سه‌خته‌ و خه‌ره‌نده‌ و هه‌ڵدێر
ساحێب نه‌وتین و پێشمان ئه‌شێ خێر
به‌ براى بێ لێو لێ ئه‌ده‌ین بلوێر
{ چوینه‌ سه‌ر لوتكه‌ى شاخى شارباژێڕ
بۆ راوه‌ ماسى بن به‌رد و تاوێر}

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure