راوێژكار...ان

بۆچوون / بیروڕا :: 04/06/2018

نووسینی: سەلام خەیات
سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
دەپرسین: ترسناكترین كارێك كە كەسێك لە دەزگایەكی دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا بیكات چییە؟ و گرنگترین و مەترسیدارترین كەس كێیە؟ بێگومان، ئەو كەسە نە وەزیر و نە سەرەك وەزیران و نە تەنانەت سەرۆكی دەوڵەتیش نییە!! ئەی كەواتە كێیە؟؟ راوێژكارە.. راوێژكار. بەدیاریكراوییش راوێژكاری سیاسی و تایبەت، یاخود گروپە راوێژكارەكانی دەوروبەری كەسی بڕیاردەر.. ئەوانەی كە هەواڵ و زانیارییە تازەكانی دەدەنێ‌ و پێیدەڵێن وا بكە و وا مەكە، یان وا بڵێ‌ و وا مەڵێ‌.
میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆكی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت، تێبینی ئەم مەسەلەیەی كردبوو. جارێكیان لە یەكێك لە وتارەكانیدا ژیری و داناییەكی باسكرد-بەلای هەندێك كەسەوە بووەتە نوكتە- بەڵام دانپێدانانێكی هەم شاراوە و هەم ئاشكرای ئەوە بوو كە دەكرێت راوێژكار ببێتە هۆی تێكدانی كاروبارەكان و هەروەها تێكدانی پەیوەندیە گشتییەكانیش.. گۆرباچۆڤ، سەرۆكی ئەو دەوڵەتەی كە دەربارەی وتوویانە (گەنم لە ناو بەفردا دەڕوێنێت) دەڵێت: من پەنجا راوێژكارم هەیە، دڵسۆزیی یەكێكیان جێی گومانە.. بەڵام نازانم كام راوێژكارەیانە.
مەسەلەی ترسناكی و مەترسیداریی راوێژكارەكان كاتێك زیاتر ورووژا كە دەزگا راگەیاندنەكانی بریتانیا باسیان لە پیاوێك كرد لەپشت سەرەك وەزیرانەوە دەوەستا...و ئەوەی بیویستایە پێی دەگوت و ئەوەی نەیویستایە لێیدەشاردەوە و نەیدەهێشت بیگاتێ‌، هەتا لەكۆتاییدا ناچار بوو ئەوەی نەیدەویست بیستی، بەڵام دوای ئەوەی كار لەكارترازا.  
داڕێژەرانی هەواڵ دەڵێن، بێرنارد ئینگهام-ی راوێژكاری تاچەر، زیاتر لە هەموو نەیارانی زیانی پێگەیاندووە. چونكە ئەگەر تاچەر زیرەك و وریاتر بوایە گۆڕانكارییەكانی دەخوێندەوە و تەنیا بە جێگیر و نەگۆڕەكان وازینەدەهێنا. خۆ ئەگەر گومان لە دڵسۆزیی (بێرنارد) بۆ تاچەر نەیشبێت، ئەوا ئەوكاتە پرسیارێكی گرنگ خۆی دەسەپێنێت، ئەویش: ئایا هەر دڵسۆزیی بەتەنیا بەسە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەكان؟؟
ئێستا چەند بێرنارد لەپشت ئەم دەسەڵاتدار و ئەو دەسەڵاتدارەوەن؟. راوێژكارانی سەرۆك لە نەیار و دوژمنانی مەترسیدارترن بۆی و لە هاوڕێكانیشی زیاتر هەل و دەرفەتی لێ‌ لەدەستدەدەن.. بە راوێژێكی كۆڵەوار یان چرپەیەكی كلكەلەقێی و چپەیەكی مەراییانە سەرۆكی خاوەن بڕیاری چارەنووسسازانە لە بەرزییەوە دەخەنەخوارەوە..ئەوكاتەیش فرمێسكی پەشیمانی دادی نادات و گەستنی پەنجەی پەشیمانییش هەر دادی نادات، ئەگەر بیشیبڕێتەوە.






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure