ئایا ناوچه‌كه‌ به‌هۆى تره‌مپ-ه‌وه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌(JCPOA) كه‌ باراك ئۆباما سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا و پێنج حكومه‌تى دیكه‌ى خۆرئاوایى له‌گه‌ڵ رژێمى ئێراندا واژۆیان كرد، بۆ ساڵانى داهاتوویش مایه‌ى گفتوگۆیه‌كى دوورودرێژ ده‌بێت. ئاخۆ له‌دایكبووى ئه‌و پێویستییانه‌ بووه‌ كه‌ دان بنرێت به‌و واقیعه‌ ئه‌تۆمیه‌ى ئێران به‌ده‌ستیهێناوه‌، یاخود ده‌ره‌نجامى (نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى قه‌یسه‌رى)یه‌  بۆ دانوستانى خراپ و ناته‌واو؟ 

دێنیس رۆس-ى دیپلۆماتكارى دێرین، ته‌واو شاره‌زاى ناوچه‌كه‌یه‌ و پێشتر له‌ ئیداره‌ى ئۆباما كارى كردووه‌. ئه‌و پێیوایه‌ جیهان به‌هۆى مانه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ باشتر ده‌بێت، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ ئاژاوه‌كه‌ له‌و كاته‌وه‌ به‌رپابووه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكایه‌تیى وه‌رگرتووه‌ و جه‌نگى له‌ دژى رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌ستداوه‌تێ. ره‌نگه‌ راى جیاواز له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌بێت، هه‌ندێك هه‌ن ستایشى ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ پرۆژه‌ ئه‌تۆمیه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى ئێران كۆت و به‌ند و سنووردار ده‌كات. هه‌یشه‌ ره‌خنه‌ى لێده‌گرێت چونكه‌ ناوچه‌كه‌ى وه‌ك گۆڕه‌پانێك بۆ رژێمى تاران جێهێشتووه‌ و وێرانى ده‌كات.

به‌ تێڕوانینى من، رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ هه‌ندێك لایه‌نى ئه‌رێنیى هه‌یه‌، به‌ڵام نابێت تاوانه‌كانى ئێران بسڕێته‌وه‌. دانوستانكاران به‌وپه‌ڕى خۆویستیه‌وه‌ قوفڵى سزاكانیان ترازاند له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ستاندنى پیتاندنه‌كه‌دا، كه‌چى ده‌ستبه‌جێ تاران ده‌رگا كراوه‌كه‌ى دۆزییه‌وه‌ و خۆى گه‌یانده‌ ده‌ره‌وه‌ى قه‌فه‌س-ه‌كه‌. هێزى زۆر و هه‌زاران چه‌كدارى میلیشیاكانى ره‌وانه‌ى جه‌نگى ده‌ره‌وه‌ى كرد. ئه‌و به‌ربه‌سته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ هه‌ره‌سى هێنا كه‌ سزا ئابورى و سه‌ربازییه‌كان دایاننابوو، ئه‌و سنوورانه‌ راماڵران كه‌ به‌ لم دروستكرابوون. ئه‌وانه‌ هه‌ڵوێستى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان-یشیان له‌به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌كانى ئێراندا دیارى و سنووردار كردبوو. 

سیستمى ئیقلیمى هه‌ر له‌و رۆژه‌دا هه‌ره‌سیهێنا كه‌ بینیمان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران لاپه‌ڕه‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و له‌ باڵكۆنى ئۆتێل (پاڵاس كۆبۆرگ)ى پایته‌ختى نه‌مسا له‌ خۆشیدا باز-ى ده‌دا. له‌كاتى دانوستان و دواى دانوستانه‌كانیش، هێزه‌كانى ئێران به‌شێوه‌یه‌كى پێشتر نه‌بینراو به‌ ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌وه‌. ئه‌گه‌ر پێشتر ته‌نیا له‌ ده‌وروبه‌رى لوبنان و غه‌ززه‌ كارى كردبێت، ئه‌وا دواتر بووه‌ خاوه‌نى گه‌وره‌ترین هێز له‌ سه‌ر خاكى سوریا و سه‌ركرده‌كانیان له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنى شه‌ڕه‌كانى عێراقدا ده‌رده‌كه‌وتن و مووشه‌كه‌كانیان ده‌نا به‌ جه‌دده‌ و مه‌ككه‌ و ریاز-ه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى خۆیان به‌سه‌ر سیاسه‌تى لوبنان-دا زاڵكرد.

به‌ڕاى رۆس، ئه‌و بوێریى تووڕه‌بوونه‌ى كه‌ ئێران له‌ سه‌رده‌مى تره‌مپ-دا هه‌یه‌تى، وه‌ك ئاراسته‌كردنى مووشه‌ك و ناردنى فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان بۆ ئاسمانى ئیسرائیل و مووشه‌كه‌ ئاراسته‌كراوه‌كانى به‌ره‌و شاره‌كانى سعودیه‌، وه‌ڵامدانه‌وه‌ و په‌رچه‌كردارى ئێران بوون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى توندى تره‌مپ له‌ دژى تاران.
  
ئه‌و راستیه‌ى كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌یبینین پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ ده‌ڵێت. به‌شى سه‌ره‌كیى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كانى ئێران گوشارخستنه‌ سه‌ر ئیداره‌ى تره‌مپ-ه‌، وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى ئۆباما ده‌یكرد كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر قه‌یرانێكى له‌گه‌ڵ ئێراندا پاشه‌كشه‌یه‌كى ده‌كرد. بۆى ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌توانێت به‌ هه‌ڵكشانى له‌ عێراق و سوریا ئیستیفزازى بكات تا كار گه‌یشته‌ ئاستى ده‌ستگیكردنى ده‌ریاوانه‌ ئه‌مریكیه‌كان و پاشان ئازادكردنیان به‌وپه‌ڕى بێڕێزییه‌وه‌.

راسته‌ تره‌مپ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ سوریا شه‌ڕى سه‌ربازیى له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كاندا نه‌كات، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ هاوپه‌مانێتیه‌كى سیاسى و سه‌ربازیى پێكبێنێت بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر ئێران، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئێرانیه‌كان ئاهه‌نگى متمانه‌بوون به‌خۆیانیان ده‌گێڕا به‌وه‌ى كه‌ به‌ ته‌واوى جه‌نگه‌كه‌ى سوریایان بردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتووبوون تێیدا. تره‌مپ بوارى بۆ ئیسرائیل كرده‌وه‌ و پشتگیریى گروپه‌ چه‌كداره‌ نه‌یاره‌كانى سوریاى كرد و گوشارى خسته‌ سه‌ر روسیا و هۆشداریى دایه‌ رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د به‌وه‌ى كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نامێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێرانیه‌كان و میلیشیاكانیان له‌ سوریادا بمێننه‌وه‌.

به‌مجۆره‌ ده‌رگاى دۆزه‌خ بۆ ئێران و بریكاره‌كانى له‌ عێراق و سوریا و غه‌ززه‌ و یه‌مه‌ن كرایه‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ پێشتر ئێران شه‌ڕه‌كانى تێدا ده‌برده‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بوو. ئیداره‌ى تره‌مپ بڕیارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئێرانى داوه‌ به‌بێ تێوه‌گلانى راسته‌خۆى سه‌ربازیى له‌و ناوچانه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا كه‌ شه‌ڕیان تێدان و ئینجایش به‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ تاج-ى له‌سه‌رنان، ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌ گه‌وره‌ترین نسكۆى ئێرانه‌ له‌ كۆتایى حه‌فتاكانه‌وه‌ كه‌ شۆڕشه‌كه‌یان تێدا كرد. ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كاركردن به‌ سزا ئابوریه‌كان و دانانى دوازده‌ مه‌رجى قورسى ئه‌مریكى له‌ به‌رامبه‌ر رازیبوونى به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌.

رۆس له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ تره‌مپ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ و جه‌نگى زۆر په‌لكێش ده‌كات، رێیشى تێده‌چێت كه‌ ئێرانیش به‌كرده‌وه‌ ئاستى رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كانى به‌رز بكاته‌وه‌ به‌ڵام ده‌یشزانێت باجه‌كه‌ى له‌ جاران قورستر ده‌بێت. تره‌مپ بێ ئه‌وه‌ى تاقه‌ یه‌ك فیشه‌ك بته‌قێنێت رژێمى ئێرانى ئازار داوه‌. كۆتوبه‌نده‌كانى دراوى ئێرانى داڕووخاندووه‌ ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى په‌شێوى و نائارامییه‌كى ترسناكى ناوخۆیى له‌سه‌ر هه‌موو رژێمه‌كه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure