بێرنارد لویس، به‌ خامه‌ى خۆى: ژیانم وه‌ك مێژوونووسێك!

بۆچوون / بیروڕا :: 31/05/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
بێرنارد لویس-ى خۆرهه‌ڵاتناسى كۆچكردوو، به‌شێكى دوورودرێژى ژیانى پیشه‌یى خۆى وه‌ك مێژوونووسێك تۆماركردووه‌ و له‌ پێشه‌كیى یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانیدا (له‌ بابل-ه‌وه‌ بۆ دراگۆمان) نووسیوویه‌ته‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ى ساڵى 2004 له‌ له‌نده‌ن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و عادل ئه‌لته‌ریفى وه‌زیرى پێشووى رۆشنبیرى و راگه‌یاندنى سعودیى بۆ عه‌ره‌بیى وه‌رگێڕاوه‌. 

لویس له‌و ژیاننامه‌یه‌یدا، چه‌ند وێستگه‌یه‌كى دیارى ژیانى پیشه‌یى خۆى ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ پایزى 1949 وه‌ ده‌ست پێده‌كات كاتێك كورسیى مێژووى وه‌رگرت بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌ردوو خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و نزیك له‌ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌كانى خۆرهه‌ڵات و ئه‌فریقا له‌ زانكۆى له‌نده‌ن. هه‌روه‌ها تێیدا باس له‌ ماوه‌ى چوونه‌ به‌رخوێندنى و ئاماده‌كردنى بۆ ئاهه‌نگى (موتزه‌فاهـ)ى خۆى ده‌كات كه‌ جووله‌كه‌ بۆ ناساندنى منداڵانى پێگه‌یشتووى كوڕ و كچى خۆیان رێكیده‌خات. هه‌موو ئه‌مانه‌یش پێویستیان به‌ خوێندن و فێربوونى عیبرى هه‌یه‌ و "خوێندنى باشى عیبریش بێگومان ده‌یبات به‌ره‌و ئارامى (ئارامیه‌ت) و دواتریش بۆ گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێكى سه‌ركه‌شیانه‌دا به‌ره‌و عه‌ره‌بى" وه‌ك خۆى ده‌ڵیت. ئه‌گه‌رچییش به‌ ته‌واوى ئارامیى فێرنه‌بوو و زیاتر بایه‌خى به‌ عه‌ره‌ببى دا و ئینجا فارسى و توركیش-ى بۆ زیاد كرد.

مێژوو، بابه‌تى جێى بایه‌خپێدانى سه‌ره‌كیى لویس بوو. خوێندنه‌كه‌ى له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و زمانه‌ خۆرهه‌ڵاتیه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌ خۆرهه‌ڵاتیه‌كاندا، ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خساند تا له‌ هه‌ردوو ساڵى 1937 و 1938 دا گه‌شتى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكات و بارگه‌ و بنه‌ى خۆى له‌ میسر خست. له‌وێیش وه‌ك گوێگرێك چووه‌ زانكۆى قاهیره‌، پاشان چووه‌ فه‌له‌ستین و سوریا و لوبنان. ساڵى 1938 بووه‌ مامۆستاى وانه‌بێژى یاریده‌ده‌ر له‌ وانه‌ى مێژووى ئیسلامدا له‌ زانكۆى له‌نده‌ن. 

له‌ میانه‌ى جه‌نگى دووه‌مدا، له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست خزمه‌تى كردووه‌. له‌ پایزى 1949 و له‌ سێیه‌م سه‌ردانیدا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌. "به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا ته‌نیا سێ ده‌وڵه‌تى ناوچه‌كه‌ بۆ زانایه‌كى جووله‌كه‌ى بایه‌خده‌ر به‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، كراوه‌ بوون كه‌ بریتى بوون له‌ توركیا و ئێران و ئیسرائیل".

لویس له‌م ژیاننامه‌یه‌یدا به‌ كورتى باس له‌و رۆژانه‌ى ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌ستانبوڵ به‌سه‌رى بردووه‌ و كتێبخانه‌كانى ئه‌وێ بایه‌خێكى زۆریان بۆ مێژوونووسێكى گرنگیده‌ر به‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ره‌خساندووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دابینكردنى به‌رهه‌مه‌ پارێزراوه‌كانى خه‌لافه‌تى عوسمانیدا. 

ده‌رباره‌ى بڵاوكراوه‌كانیشى ده‌ڵێت "یه‌كه‌مجار هه‌ندێك وتارم له‌ وانه‌ و موحازه‌ره‌كانمه‌وه‌ نووسى و به‌ هه‌وڵى دڵسۆزانه‌ى نووسینگه‌كانى مامۆستاكانم له‌ گۆڤاره‌ فێركارییه‌كاندا بڵاوبوونه‌وه‌. دووه‌میش نامه‌ى  دكتۆراكه‌م كه‌ به‌ شێوه‌ى كتێب بوو". نامه‌ى دكتۆراكه‌ى به‌ ناوى (ره‌چه‌ڵه‌كه‌كانى ئیسماعیلیه‌كان) بوو كه‌ ساڵى 1947 كرا به‌ عه‌ره‌بى و دواتریش كرا به‌ فارسى و توركى.  

كتێبى دووه‌مى به‌ ناونیشانى (عه‌ره‌ب له‌ مێژوودا) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ى مێژوویه‌كى كورتى عه‌ره‌ب نه‌بوو، به‌ڵكو بابه‌تێكى تێگه‌یشتنكارى بوو له‌سه‌ر رۆڵى عه‌ره‌ب له‌ مێژوودا. لویس له‌ ژیاننامه‌كه‌ى خۆیدا وه‌ك مێژوونووسێك ده‌ڵێت "مێژوونووسى ناوچه‌یه‌ك، یان قۆناغ و سه‌رده‌مێك، یاخود گروپه‌ كه‌سێك و یان ته‌نانه‌ت بابه‌تێكیش، ده‌بێت شتێك ده‌رباره‌ى ناخى كلتورى تۆماركراوى بزانێت، بۆ رووناكبیرێكى ئه‌دیب، وه‌ك ئاراسته‌كار و سه‌ركرده‌یه‌ك، ناكرێت ده‌ستبه‌ردارى ئه‌مه‌ ببێت".

به‌گوێره‌ى لویس، ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ى زانینى هه‌ر كه‌سێك و تێگه‌یشتنى له‌ زمانێكى تر، تواناى كه‌سه‌كه‌یه‌ بۆ وه‌رگێڕانى ئه‌و زمانه‌ بۆ زامانى دایك. ره‌نگه‌ مرۆڤ وابزانێت كه‌ له‌ ماناى ده‌قێك گه‌یشتووه‌، به‌ڵام دواتر و له‌ میانه‌ى كارى وه‌رگێڕانه‌كه‌دا ده‌زانێت كه‌ درز و كه‌لێنى زۆر و گرنگ له‌ تێگه‌یشتنه‌كه‌یدا هه‌یه‌.

ساڵى 1974 لویس چووه‌ زانكۆى پرینستون بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى نامه‌ى دكتۆراى خوێندكارانى خوێندنى باڵا. له‌م زانكۆیه‌دا جۆرێك له‌ هاوه‌ڵ و ئامرازگه‌لێكى بۆ فه‌راهه‌م بوو كه‌ له‌ زانكۆ ئینگلیزیه‌كاندا وا به‌ ئاسانى ده‌ستناكه‌ون، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى مه‌رجه‌ع و سه‌رچاوه‌كان. 

له‌و رۆژانه‌دا كه‌ له‌ پرینستون مایه‌وه‌، كاتێكى باشى له‌به‌رده‌ستدا بوو بۆ رێكخستن و پۆلێنكردنى مادده‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى، به‌تایبه‌ت زنجیره‌ دۆسیه‌كانى ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ جێى بایه‌خى تایبه‌تى خۆى بوون، تا بیانكات به‌ كتێب. هه‌ندێكیانى ده‌رچواند، له‌وانه‌: (زمانى ئیسلامى سیاسى) و (كه‌له‌پورى ئیسلامى-جووله‌كه‌) و (بووژانه‌وه‌ى توركیاى نوێ) و (دۆزینه‌وه‌كانى ئیسلام له‌ ئه‌وروپا).

به‌ڕاى لویس "ئه‌م كتێبانه‌ به‌شێك له‌ بابه‌تى فراوان و بایه‌خى قوڵیان پێكهێناوه‌، چونكه‌ تێیاندا گرنگیى زۆرم داوه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ئیسلامى به‌ مه‌سیحه‌یت و پاشان به‌ خۆرئاواوه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێشچوونى ئیسلام له‌ باكورى خۆرئاواى ئه‌وروپا و پاشان له‌ باشورى خۆرهه‌ڵاتیدا، به‌ده‌نگه‌وه‌چوون و ئاماده‌یى مه‌سیحیه‌ت و دژه‌ هێرشى بۆ داگیركارى، كاریگه‌رى و ئاسه‌واره‌كانى به‌ریه‌ككه‌وتنى جووڵه‌ و بزاوتى خۆرئاوایى و شارستانێتیى خۆرئاوا له‌سه‌ر موسڵمانان و كۆمه‌ڵگه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، پاشان قۆناغه‌كانى بووژانه‌وه‌ له‌ به‌ده‌نگه‌وه‌چوون و له‌خۆگرتنى خه‌ڵكانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست". 

به‌رهه‌مه‌كانى لویس ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ له‌خۆده‌گرن كه‌ له‌ نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى رابردوو له‌ كایه‌كانى ئایین و نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌دا روویانداوه‌، توێژینه‌وه‌ى پێشوازیكردنى تازه‌ى بۆ ئازادیه‌كانى تاك و نیشتمانپه‌روه‌ریى كردووه‌ و هه‌وڵى جێبه‌جێكردنى داوه‌، هه‌روه‌ها گۆڕینى تێگه‌یشتن له‌ ناوه‌رۆكى لایه‌نگریى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى و بووژانه‌وه‌ى ئایینه‌كان و ناسنامه‌ نه‌ژادى و مه‌زهه‌بیه‌كان و ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ ئایدیۆلۆژیه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵیدایه‌.

لویس هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌ى له‌ میتۆده‌ مێژوویه‌كاندا كردووه‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر میتۆدێك بۆ توێژینه‌وه‌ى مێژووى خۆمان و میتۆدێكى تر بۆ توێژینه‌وه‌ى مێژووى غه‌یرى خۆمان به‌كاربێنین ماناى وایه‌ كارێكى ناڕاست و ناره‌وا ده‌كه‌ین، چونكه‌ توێژینه‌وه‌ى ورد و باشى مێژوو هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ بونیات بنرێت و ده‌بێت له‌ بنه‌چه‌ و ره‌گوڕیشه‌وه‌ تاقى بكرێته‌وه‌".

به‌گوێره‌ى ژیاننامه‌كه‌ى، لویس پیشه‌ى مێژووى زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ توێژینه‌وه‌ى هه‌ر مێژوویه‌كى هاوچه‌رخ، كێشه‌ى تایبه‌ت بۆ مێژوونووسه‌كه‌ ده‌خوڵقێنێت، چونكه‌ زه‌حمه‌تى روون و ئاشكرا هه‌یه‌ له‌ په‌رتوبڵاویى به‌رهه‌م و دانراوه‌ كۆن و دێرینه‌كان و هه‌روه‌ها له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا كه‌ له‌ جۆرى پله‌ دووى باشى و په‌سه‌ندیدان.

هاوته‌ریبى ئه‌مانه‌، حاڵه‌تێكى تریش هه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ شاره‌زایى و پسپۆریى سه‌رده‌مه‌كه‌ لاى مێژوونووس و ئه‌و رووداوانه‌ى له‌كاتى ئه‌ودا رووده‌ده‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌یشدا مه‌ترسیه‌كى دیكه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش: "پابه‌ندى و لایه‌نى كه‌سایه‌تیى مێژوونووسه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌یش هه‌موومان كوڕى شوێن و كاتى خۆمانین، به‌ لایه‌نگریمانه‌وه‌، به‌ هیوا و ئومێده‌ پێشینه‌كانمانه‌وه‌، كه‌ نیشتمان و نه‌ژاد و ره‌گه‌ز و ئاین و ئایدۆلۆژیا دیارییان ده‌كه‌ن".

لویس راشكاوانه‌ پابه‌ندیى خۆى به‌ دیدێكى تره‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نێت: "ده‌بێت مێژوونووس قه‌رزارى خۆى و خوێنه‌ره‌كانیشى بێت، به‌باشترین توانایه‌وه‌ هه‌وڵبدات بابه‌تیانه‌ بێت، یاخود لانیكه‌م سه‌رڕاست بێت و هۆشیار و به‌ئاگابێت له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندبوونه‌كانى  و بایه‌خپێدانه‌كانى خۆیدا".

به‌ڕاى لویس، هیچ پسپۆرێك له‌ كاروبارى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت له‌ كاروباره‌كانى میسر-یشدا و هیچ پسپۆرێكى ئاسیاویى نییه‌ كه‌ بتوانێت هه‌ستى هاوچه‌رخایه‌تى پشتگوێ بخات. هه‌ر توێژه‌رێكى به‌ره‌وپێشچوونى شارستانێتیه‌كانیش، ده‌بێت به‌ باشى بیر بكاته‌وه‌ له‌ پێكهاته‌كانى بابه‌ته‌كه‌ى و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌ گشتیه‌كانى. هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو نووسه‌ر یاخود مامۆستایه‌كى مێژوو، ناو به‌ناو ئه‌نجامه‌ گه‌وره‌كانى پرۆسه‌ى مێژوویى بدۆزێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌بیر و فیكرى خۆیشیدا بێت.
 سه‌رچاوه‌: ئیلاف


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە