له‌ مه‌هاتیر-ه‌وه‌.... بۆ عه‌بادى

بۆچوون / بیروڕا :: 30/05/2018

نووسینى: عه‌دنان حسێن
سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


سه‌رۆكى هیچ حكومه‌تێك پێویستى به‌ زیاتر له‌ 24 كاتژمێر نییه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ریشه‌كێش كردنى گه‌نده‌ڵى ئیدارى و دارایى، هه‌روه‌ها پێویستى به‌ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كیش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دواى ده‌ركردنى بڕیارێكى له‌وجۆره‌ ده‌ست بكات به‌ جێبه‌جێكردنى. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رۆكه‌ بیه‌وێت بڕیارێكى له‌ جۆره‌ بدات و جێبه‌جێى بكات.

 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌زموونى مه‌هاتیر محه‌مه‌د (92 ساڵ) سه‌ركرده‌ى مالیزیا ده‌یسه‌لمێنێت. ئه‌و سه‌رۆكه‌ى كه‌ دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى پازده‌ ساڵ وازى هێنا، وا جارێكى تر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى وڵاته‌كه‌ى. ئه‌م ئه‌زموونه‌ هاوشێوه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌كه‌ى خۆمانه‌ كه‌ ئه‌ویش وه‌ك نورى مالیكى-ى پێش خۆى، به‌ ده‌نگێكى زۆر به‌رز په‌یمان و به‌ڵێنى دا به‌ قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى و به‌رپاكردنى جه‌نگێكى هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌ى داعش، له‌ دژى گه‌نده‌ڵكاران، زیاتر له‌ هه‌ر قسه‌ و به‌ڵێن و په‌یمانێكى له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێكى تر.. كه‌چى وه‌ك هه‌میشه‌ گوێمان له‌ ته‌قه‌ته‌ق و زرمه‌زرمى ئاشه‌كه‌یه‌ و هیچ باراشێك نابینین! 
 
له‌ ماوه‌ى ته‌نیا نۆ رۆژدا، مه‌هاتیر محه‌مه‌د كاروباره‌كانى وڵاته‌كه‌یى ژێره‌وژوور كرد و یه‌كه‌مجار له‌ چه‌ق و سه‌نته‌رى گه‌نده‌ڵیى دا كه‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت بوو، ئه‌مه‌یش به‌ بڕیارێك كه‌ دواى ته‌نیا یه‌ك رۆژ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌ریكرد بۆ ئه‌نجامدانى زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنى كارا و كاریگه‌ر و خێرا له‌ به‌دواكه‌وتنى گه‌نده‌ڵكاران، له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ نه‌جیب عه‌بدولڕه‌زاق سه‌رۆكى پێشووى حكومه‌ت و رۆسمه‌ مه‌نسور-ى هاوسه‌رى و ژماره‌یه‌ك له‌ خزمه‌كانى، بۆ گێڕانه‌وه‌ى ملیاره‌ها دۆلار كه‌ له‌ میانه‌ى زیاتر له‌ ده‌ ساڵى رابردوودا و له‌ڕێى سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌وه‌ تاڵانكراوه‌. 

له‌ رۆژى 10ى ئه‌م مانگه‌دا مه‌هاتیر چووه‌ كۆشكى پاشایه‌تیى له‌ شارى كوالالامپورى پایته‌خت بۆ ئه‌وه‌ى سوێندى یاسایى بخوات و به‌ فه‌رمیى ده‌ست بكات به‌ راییكردنى ئه‌ركه‌كانى وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت، ئه‌مه‌یش دواى سه‌ركه‌وتنى حزبه‌كه‌ى (به‌ره‌ى هیوا) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى وڵاته‌كه‌دا كه‌ مه‌هاتیر-ى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ كارى سیاسیى، ئه‌و كایه‌یه‌ى له‌ ساڵى 2003 وه‌ لێى دابڕابوو.

هه‌ر له‌گه‌ڵ رێوره‌سمه‌كانى سوێندخواردنه‌كه‌ى ته‌واو بوو، مه‌هاتیر یه‌كه‌م بڕیاره‌كانى خۆیى ده‌ركرد: كردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى. ئه‌و به‌ تایبه‌تى هه‌ر له‌پێناو ئه‌و ئه‌ركه‌یشدا هاته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كه‌ پێشتر 22 ساڵى نێوان 1981 و 2003ى تێدا به‌سه‌ربردووه‌ و به‌هۆى ده‌ستپاكى و لێوه‌شاوه‌یى و نیشتمانپه‌روه‌رێتیه‌كه‌یه‌وه‌ توانى مالیزیا له‌ وڵاتێكى هه‌ژارى كشتوكاڵى و دواكه‌وتووه‌وه‌ بكاته‌ پڵنگێكى ئاسیا و ئه‌ندامێكى یانه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ پیشه‌سازییه‌ خۆشگوزه‌رانه‌كان.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌یشدا بڕیارێكى ده‌ركرد بۆ رێگرتن له‌ ده‌رچوون و راكردنى سه‌رۆكه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ى پێش خۆى و هاوسه‌ره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ى كه‌ پێى تۆمه‌تبارن. هه‌روه‌ك ده‌ستى كرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانى باڵا له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ده‌زگاى داواكارى گشتى بۆ ده‌رخستنى راستیى په‌یوه‌ندى و تێوه‌گلانیان به‌ دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌.

مه‌هاتیر رایگه‌یاند حكومه‌ته‌كه‌ى كار ده‌كات بۆ گێڕانه‌وه‌ى ملیاره‌ها دۆلار كه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و سویسرا و ده‌وڵه‌تانى دیكه‌.

له‌ 17 ى ئه‌م مانگه‌دا مه‌هاتیر ده‌سته‌یه‌كى حكومیى دامه‌زراند كه‌ راسپێردراوه‌ به‌ قه‌ڵاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌موو داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تدا. بۆ رۆژى دواتر ده‌سته‌كه‌ سه‌رۆكى پێشووى حكومه‌تى بانگهێشت كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌میدا ئاماده‌بێت، پۆلیسیش چووه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى و تێیدا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر 284 سندوق و 72 جانتاى ناوازه‌ى پڕ له‌ پاره‌ و زێڕ و زیودا.

ئێستا به‌ڕێز عه‌بادى به‌لاى كه‌مه‌وه‌ دوو مانگى له‌به‌رده‌سته‌ پێش پێكهێنانى حكومه‌تى تازه‌، ئیدى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى خۆى بێت یان كه‌سێكى تر.. ده‌توانێت له‌م دوو مانگه‌دا ئه‌وه‌ بكات كه‌ مه‌هاتیر محه‌مه‌د له‌ ماوه‌ى نۆ رۆژدا كردى، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت.. به‌ڵام ئاخۆ ده‌یه‌وێت؟!



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە