زەماوەند و گۆڕان و پەیامەكان!

بۆچوون / بیروڕا :: 28/05/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هەر كەسێك گومانی هەیە لەسەر ئەوەی كە دنیا ناگۆڕێت، تەنیا با سەیرێكی رێوڕەسمی هاوسەرگیرییە پاشایەتیەكەی بریتانیای نێوان شازادە هاری و میگان ماركڵ-ی كچە ئەكتەری ئەمریكی بكات.


خێزانی شاهانەی بریتانیا، دامەزراوەیەكی دێرینی خاوەن رەگوڕیشەی نەریتی خانەدانیە. دامەزراوەیەكە تەمەنی دەگاتە زیاتر لە یەك هەزار ساڵ. هاوسەردەمی چەندین ئاڵنگاری و كارەسات و خۆشی و ناخۆشیی بووە. بەڵام هەمیشە لە چوارچێوەی پابەندبوونێكی لە قاڵبدراو و لە چوارچێوەنراوی توند و بە یاسا و رێسا رێكخراو لەسەر بنەما و خوو و نەریتی كۆتوبەندكراو بووە. بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە راگەیاندن و جاڕدانێكی ئاشكرا و راشكاوانەی ئەوە بوو كە ئەم دامەزراوە دێرینە گۆڕان و گۆڕانكاریی قبووڵە و پەسەندی كردووە. (پەسەندكردنی) میگان ماركڵ، كە ژنێكی تەڵاقدراوی ئەمریكایی دوو تووخم، توخمی دایكێكی بە رەچەڵەك ئەفریقایی و توخمێكی دیكەی باوكێكی ئەورپاییە، هەموو ئەم خەسڵەتانە لە خەسڵەتە قەدەغە و (رێپێنەدراوەكان)ی مەرجی پەسەندكردنی زەماوەند و ژنهێنانی هەر تاكێك لە تاكەكانی خێزانی پاشایەتیی بریتانی بووە. هەروەها ئامادەبوونی تیپێكی كۆڕاڵی بە رەچەڵەك ئەفریقایی لەناو كڵێسای سان جۆرج-ی خێزانی پاشایەتیی بریتانیا كە گۆرانیی گەرمیان بە بۆنەی زەماوەندە شاهانەكەوە دەچڕی، ئینجایش ئامادەبوونی زیاد لە قەشەیەك لە تایەفە مەسیحیەكانی دیكەی ئەمانیش هەر بە رەچەڵەك ئەفریقی. هەموو ئەمانە گۆڕان و گۆڕانكارین.

خێزانی پاشایەتی لە بریتانیا پەیی بەوە بردووە كە ئێستا ئیتر بەشێكە لە جیهان و لەمڕۆوە بە شێكە لە جیهانێكی گۆڕاو. خۆ ئەگەرچی خێزانی پاشایەتیی بریتانیا لەڕووی تیۆرییەوە و بەهۆی دەوڵەتانی كۆمنوێلس-ەوە فەرمانڕەوایی زیاتر لە 44 دەوڵەتی جیهان، هەر لە كەنەدا-وە هەتا ئوسترالیا دەكەن، بەڵام پێشتر هەموو ئەم كلتوورە هەمەجۆر و رەگوڕیشە هەمەچەشن و شارسانێتیە هەمەلایەنانە رەنگدانەوەی ئەوەیان لای خێزانی شاهانەی بریتانیا دروستنەكرد كە لەناو خانەوادەكەیاندا كلتوری دیكە پەسەند و قبووڵ بكەن و جێی بكەنەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ روویداوە پەیامگەلێكی زۆر و گرنگ و جۆراوجۆرە و دەڵێت ئەویش دەگۆڕێت و وەردەچەرخێت و پێشدەكەوێت. رەنگە ئەوان دوا ماڵباتی پاشایەتیی دێرینی خانەدان و ئەرستۆكراتی بن كە لە ئەوروپادا مابێتنەوە و گۆڕانكارییەكان پەسەند بكەن، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە خێزانەكانی شاهانەی هۆڵەندی و بەلژیكی و ئیسپانی و دەوڵەتەكانی ئەسكەندەناڤی روویاندا كە پێشكەوتووخوازتریش بوون و پێشوازییان لە ئەوانی دی و كلتورەكانیان كردووە و پەسەندیان كردوون.
 
سەرەڕای حاڵەتی (پۆپۆلیستی) كە حاڵەتێكی كاتییە و بە شێوە و هێمای بێزراوی  رەگەزپەرستی لە سیاسەت و بەرنامەیدا سەریهەڵداوە، ئیدی ئەو بیرە توخمپەرستییە قێزەونە كە جیاكاری و هەڵاوێریی لەسەر بنەماكانی ئایین و نەژاد و تائیفە و خێڵ و مەزهەب و ناوچەگەریی دەكات، لەناو گەلانی یەكسانخوازی ئەمڕۆدا جێگەی نابێتەوە و دوا پێگەی گەورەی كە (بەرگری)ی لێوەدەكرد و بە بیانووی پاراستنی كەلەپور و بنەچە و رەچەڵەك و نەژاد، لە رووی گۆڕانكاری و پەسەندكردن و كرانەوەدا دەوەستایەوە، هەمووی دەسوێت و لەبەریەكهەڵدەوەشێت لەبەردەم گوشارە ئەخلاقیەكاندا، ئەو گوشارانەی كە هەموو جۆرەكانی هەڵاوێری و جیاكاری و پەڕگیریی رەگەزپەرستی بە شەڕ و تاوان دەزانێت. 
 
شایی و زەماندە شاهانەكەی بریتانیا بێجگە لەوەی كە بۆنەیەكی خۆش و دڵخۆشكەر بوو، لەهەمانكاتدا ئاهەنگێكیش بوو بە بۆنەی رووخان و راماڵینی بەربەستێك لە لەمپەرەكانی هەڵاوێری. هەروەك ئاهەنگگێڕانێكیش بوو بۆ سەركەوتنی خوو و رەوشتە ئاشتەواییە خۆڕسكەكەی مرۆڤ بەسەر چڵێسی و غەریزەی شەڕخوازیی جیاكاریی لەنێوان مرۆڤدا، جارێك بە سیاسەت و جارێك بە ئایین و جارێك بەناوی نەریت و كەلەپور و داب و رەوشتەوە. سروشتی خۆڕسكانەی مرۆڤ حەز و ئارەزووی لە خێر و خۆشیە و هەموو جۆرەكانی شەڕی پەڕگیری و رەگەزپەرستی رەتدەكاتەوە.

رەنگە رەوانترین كۆمێنتێك لەسەر ئەو گۆڕانكارییەی كە دامەزراوەی خێزانی شاهانەی بریتانیی گرتەوە، ئەوە بێت كە بێژەرێكی ئەمریكی وتی: ماڵباتی پاشایەتی بریتانیا، دامەزراوەیەكی دێرینی پارێزەری نەریتەكانیەتی، بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە پەی بە بایەخ و گرنگیی گۆڕانكاریی بردووە، ئەوەبوو ناوی خێزانەكەی لە (ئەڵمانی)یەوە گۆڕی بۆ ناوێكی (ئینگلیزی) و ناوەكەی بە فەرمیی بوو بە (ماڵی ویندسۆرHouse of Windsor) ئەمڕۆیش هەمان ئەو دامەزراوەیە وایدەبینێت كە گۆڕان و گۆڕانكاری ئەركە  نەك بژاردە.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە