هەڵبژاردنەكانی عێراق...رەنگە ئاییندەیەكی باشتری هەبێت

بۆچوون / بیروڕا :: 24/05/2018

نووسینی: جهاد ئەلخازن
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

پێش ئەوەی كۆتا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق رابگەیەنرێت، دەركەوت ئیئتیلافی (سائرون نحو الاصلاح) كە موقتەدا سەدر رابەرایتی دەكات و شیوعیەكانیشی لەخۆگرتووە، سەركەوتووە و زیاتر لە 58 كورسیی لە 328 كورسیەكەی پەرلەمان بەدەستهێناوە.

دوای (سائرون) هاوپەیمانیی (الفتح) بە سەركردایەتی هادی عامری و پاشان (ائتلاف دەولە القانون) بە سەركردایەتی نوری مالیكی و دوای ئەویش (الوگنیە) بە سەركردایەتی ئەیاد عەلاوی و ئینجا (النصر) بە سەركردایەتی حەیدەر عەبادی و (القرار) بە سەركردایەتی ئوسامە نوجێفی و كۆتاییش (الحكمە) بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم، بەدوای یەكدا دێن.

موقتەدا سەدر لاوێكە لە تەمەنی 44 ساڵیدا و حكومەتێكی كۆكەرەوەی ناحزبیی دەوێت، هاوپەیمانێتیشی لەگەڵ شیوعیەكان و سەركردە نیشتمانیە عەلمانییەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005، رەنگە دروشمی هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنەكەیشی، كە گەندەڵی و تیرۆر بوو، ئەوە ئاشكرا بكات چی دەبێتە كاری لەپێشینەی.

لە كوردستانی عێراق حزبە كوردیە دیارەكان ركابەریی یەكدییان كرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی یەكەم بوو و پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە هەولێر یەكەم و یەكێتی نیشتمانی-یش دووەم بوو. حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیران، لە موسڵ، لەو شارەی كە لە تەموزی رابردوودا لە تیرۆریستانی داعش رزگاریكرد، سەركەوت.

دەنووسم و جەلال تاڵەبانی-ی سەركردەی قارەمانی كوردم بیردێتەوە، ئەو پێش كەوتنی سەدام حسَن و دوای كەوتنیشی  و لە ماوەی كاركردنیشی وەك سەركۆمارێك، هەر هاوڕێیەكی خۆشەویست بوو، لە دوا نەخۆشكەوتنیدا ویستم بیبینم، پێداویستیەكانی كارەكە نەیانهێشت، بەڵام یاد و بیرەوەرییەكانی هەر ماون چونكە ئەو سەركردەیەكی كوردی نیشتمانیی بوو، سەركردەیەكی عێراقی بوو، كاری بۆ خێر و بەرژەوەندیی هەموو عێراقیەكان كرد.

ئێستا دەخوێنمەوە كە مەسعود بارزانی سەركردەی كورد و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی موقتەدا سەدر كردووە بۆ پێشكەوتنی ئیئتیلافەكەی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەدا. سەدر هەروەها پیرۆزبایی عەمار حەكیم-یشی پێگەیشتووە.

دەنگدەرانی عێراق لە ژوور 18 ملیۆن و 200 هەزار كەسەوەن، ژمارەی ئەوانەیش كە بەشداریی ئەم هەڵبژارنەی دواییان كرد لە 44% تێنەپەڕی، ئەمەیش مانای دابەزینێكی گەورە دەگەیەنێت لەچاو هەڵبژاردنەكەی 2005دا كە 70%ی دەنگدەران بەشدارییان تێداكرد.

گرنگ ئەوەیە ئێستا ئێران لە عێراقدا بوونی هەیە، هەروەها توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش، لایەنگرانی موقتەدا سەدریش دوای سەركەوتنیان، هوتاف و دروشمی دژی ئێرانیان وتەوە. هیچ كەسێك لە عێراق مانەوەی توركیا یان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ناوێت. 

حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان شەڕی كوردەكانی توركیا دەكات و تەنانەت لەناو خاكی عێراقیشدا دوایان دەكەوێت.  من لایەنگری كوردی توركیا و عێراق و ئێران-م، چونكە ئەوان شایستەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، بەڵام نازانم ئاخۆ رۆژێك دێت پێیبگەن. ئەوان زۆرینەن لە بەشەكانی خۆرهەڵاتی توركیا و باكوری عێراق و لە ئێران-یش هەن و ناوچەكانیان لەڕووی جوگرافییەوە پێكەوە پەیوەست و گرێدراون و دەكرێت لە دەوڵەتێكی نوێدا پێكەوە بلكێنرێن.

ئەوەی سەرەوە هەمووی لە جیهانی غەیبدایە. ئەڵێم عێراق وڵاتێكی خاوەن سەرچاوەیەكی سروشتیی وایە كە لە هیچ وڵاتێكی دیكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە. دیجلە و فورات و پێدەشتی هێندە بەپیتی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵیەكان هەیە كە بەشی هەر هەموو خەڵكی عێراق دەكات و لێیشی زیاد دەبێت بۆ هەناردەكردن، بەمەیش دەتوانرێت عێراق لە هەموو كێشەكانی ئێستای دەرباز بكرێت ئەگەر بە باشی بەكاربهێنرێت و دوور بێت لە گەندەڵی و دزی.

بڕوا بە موقتەدا سەدر دەكەم كاتێك باس لە قەلاچۆكردنی گەندەڵی دەكات. دەیشزانم كە هەڵوێستی ئەو رووبەڕووی ركابەریی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران دەبێتەوە لە ناو وڵاتەكەی خۆیدا. پێشتر سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی ئەوەی دا كە هێزە ئەمریكیەكان لە عێراق بكشێنێتەوە. ژمارەیان زۆر كەمە. كەچی دوایی پەشیمان بووەوە. دەبینم كە قاسم سولەیمانی سەرۆكی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەگاتە بەغدا بۆ سەپاندنی چەندین مەرج بەسەر موقتەدا سەدر-دا. ئەو لە رووی سیاسەتی سەدر و هەر چاكسازییەكدا دەوەستێتەوە كە بیەوێت لە قۆناغی داهاتوودا ئەنجامی بدات، چونكە دژی بەرژەوەندیی ئێران دەبێت.

لێرەدا تۆماری دەكەم كە من لەگەڵ گەلی عێراقدام و دژی هیچ كەسێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیم جگە لە ئیسرائیل. ئومێدەوارم دەوڵەتانی ناوچەكە دژی ئیسرائیل كۆببنەوە و دوای ئەویش ویلایەتە یەكگرتووە، ئەمەیش وەك پشتیوانییەك لە فەلەستینیەكان و وەك بەرگرییەك لە بەرژەوەندییەكانیان لە بەرنگاربوونەوەی داگیركاریی بێ‌ ئابڕووی دەرەكی دا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure