چۆن فره‌نسا شۆڕشى ئه‌مریكاى رزگاركرد؟

بۆچوون / بیروڕا :: 19/05/2018

سه‌رچاوه‌: ئیلاف
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشى ئه‌مریكادا، نێرده‌یه‌كى فره‌نسایى له‌بریى شا لویسى شازده‌یه‌م، سه‌ردانێكى نهێنیى بۆ كۆلۆنیاله‌كان ئه‌نجامدا بۆ ئاگاداربوون له‌ ئاستى به‌رگریى و بینینى ئاسۆكانى دواڕۆژ. نوێنه‌ره‌كه‌ به‌ هۆى مكوڕیى ئه‌مریكاوه‌ بۆ به‌دیهێنانى سه‌ربه‌خۆیى، تا هه‌ناسه‌سواربوون تووشى سه‌رسامى بوو. ئه‌وكاته‌ ده‌بوو لایه‌نى فره‌نسى پێشبینیه‌كانى خۆى راست بكاته‌وه‌ چونكه‌ باشترین مه‌به‌ست و ئاواتى ئه‌و لاوازى و ریسوابوونى ئینگلترا بوو له‌ڕێى یارمه‌تیدانى یاخیبووه‌كانه‌وه‌.

  له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا، سه‌ره‌ڕاى ئاگربڕه‌ كاتییه‌كه‌ى ئه‌وروپا، به‌ڵام فره‌نسا پێویستى به‌وه‌ بوو كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى شاراوه‌ و بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ هه‌تا بتوانێت، چه‌ند هه‌نگاوێك به‌و ئاراسته‌یه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌. تۆم شاكتمان-ى نووسه‌ر هه‌موو ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ى له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسكردووه‌، كتێبى (فره‌نسیه‌كان چۆن ئه‌مریكایان رزگاركرد: سه‌ربازه‌كان، ده‌ریاوانه‌كان، دیپلۆماتكاره‌كان، لویسى شازده‌یه‌م و سه‌ركه‌وتنى شۆڕش).

بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 200 ساڵ شۆڕشى ئه‌مریكا به‌ راپه‌ڕینێكى ئیستیعماریى له‌قه‌ڵه‌مدرا كه‌ بزووتنه‌وه‌كانى گه‌نجه‌ ئازاكان كردوویانه‌، تا ئێستایش له‌ سه‌رانسه‌رى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌ به‌شه‌ وانه‌كانى مێژوودا ده‌خوێنرێت، به‌ڵام هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ به‌شێكى به‌سه‌رهات و چیرۆكه‌كه‌. ده‌كرێت نیوه‌ى یه‌كه‌مى شۆڕشه‌كه‌ به‌ زنجیره‌یه‌ك هه‌ڵه‌ و به‌ڵا و كاره‌سات و هه‌ڵاتنى ته‌نگپێهه‌ڵچنراوى به‌زین و تێكشاندنه‌كانى ناوچه‌كه‌  هه‌ژماربكرێت.

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و یارمه‌تیانه‌ نه‌بوونایه‌ كه‌ له‌كاتى گونجاو و وه‌ك ده‌سته‌ى پشتیوانى و پسپۆران له‌لایه‌نى فره‌نساوه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ شۆڕشگێره‌كان و هه‌روه‌ها نه‌رمینواندنى ئه‌مریكییه‌ سه‌ركێش و جه‌ربه‌زه‌كان و مانۆڕى به‌رده‌وامى سیاسى له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه‌ نه‌بوایه‌، ره‌نگبوو هه‌ڵمه‌ت و پرۆسه‌ ئیستیعماریه‌كه‌ له‌ دژى بریتانیا تووشى شكست و به‌زین ببوایه‌.

شاكتمان له‌ كتێبه‌كه‌یدا، ستایشى جۆرج واشنتۆن ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ وه‌ك هه‌ر كه‌سێكى دیكه‌، تواناى تێگه‌یشتنى ئاستى پێویستیى به‌ به‌رپاكردنى شۆڕشه‌كه‌ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها نه‌ك هه‌ر توانیى به‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانیدا زاڵ بێت به‌ڵكو فێرى ئه‌وه‌یش بوو پێشبینیى ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناكرێت هیچ شتێك وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشتر پلانى بۆ دانراوه‌ بڕوات و ده‌كرێت بگوترێت فره‌نسا فاكته‌رى سه‌ره‌كیى بووه‌ له‌ یارمه‌تیدانى سوپا و واشنتۆن و سه‌رخستنیدا.

له‌ كۆتاییدا، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى پشتگیریى ئه‌وروپا بۆ شۆڕشگێڕان، شه‌پۆلى جه‌نگه‌كه‌ گۆڕا و شۆڕشگێڕه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نى فره‌نسى-دا به‌ره‌و یۆرك تاون جووڵان كه‌ واشنتۆن گه‌مارۆى له‌سه‌ر دانابوو، ئیتر جه‌نگه‌كه‌، یاخود لانیكه‌م ئه‌و قۆناغه‌ى له‌دایكبوونى ئه‌مریكا كۆتاییهات.

چه‌ندین به‌شى كتێبه‌كه‌ى شاكتمان باس له‌ گرنگیى رۆڵى فره‌نسا ده‌كات له‌ بته‌وكردنى جێ پێى ئه‌مریكا له‌ دواى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى.

ئه‌وه‌یش زانراوه‌، شاكتمان كه‌ وه‌ك توێژه‌رێك بایه‌خ و گرنگى به‌ ورده‌كارییه‌كان ده‌دات و چه‌ندین دانراوى هه‌یه‌، له‌و به‌شانه‌دا قووڵده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانى دى بایه‌خى پێناده‌ن و پشتگوێى ده‌خه‌ن، به‌مه‌یش وێنه‌كه‌ لاى ئه‌م راست و ته‌واو تره‌.

ره‌نگه‌ هۆكاره‌كانى ترى جیاوازیى نووسینه‌كانى شاكتمان، مامه‌ڵه‌كردنى بووبێت له‌گه‌ڵ بڕێكى زۆرى زانیارى و هه‌روه‌ها قووڵبوونه‌وه‌ى له‌ توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونه‌كانى و نه‌نووسینى بیروڕاى خۆى له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ خاڵ-ى به‌هێزن كه‌ پێگه‌ و پایه‌ى وه‌ك نووسه‌رێك و به‌شێوه‌یه‌كى زۆر، زیاد ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌م كتێبه‌یشى (چۆن فره‌نسیه‌كان ئه‌مریكایان رزگاركرد) ده‌كرێت بگوترێت كه‌ وه‌ك پێرست و شرۆڤه‌یه‌كى مه‌زن وایه‌. ئه‌م كتێبه‌ ئه‌گه‌رچى به‌ شێوه‌یه‌كى زانستیانه‌ نووسراوه‌ به‌ڵام ده‌توانرێت به‌ شێوه‌یه‌كى روون بخوێنرێته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە