dwarozh

مۆندیال چی پێگوتین ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 11/07/2018

لە ماوەی یەک مانگدا مۆندیال روسیای داگیرکرد روسیاش لە رێگەی مۆندیالەوە چاو و هەستی تێکڕای جیهانی داگیرکرد. دوور لە چوارچێوە وەرزشییەکەی، مۆندیال پێی گوتین:
١.ئەوەی پێشتر راگەیاندنی سێبەر دەربارەی روسیا و بارودۆخی ئابوری و لەبەرچاوگرتنی ئازادییە تاکی و گشتییەکانی ئەم وڵاتە دەگوترا زۆربەی راست نەبوو بە تایبەتتر کە راگەیاندنەکانی سەر بە جەمسەری سەرمایەداری و لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بازاڕی هەواڵی ناڕاستییان لەسەر ئەم وڵاتە گەرم کردبوو. 
٢.وەرزش لە چوارچێوەی لاکێشەیەکی سەوز دەرچووە و چوارچێوەیەکی سیاسی و ئابوری شێوە گڵۆباڵیزمی وەرگرتووە و دەیان و سەدان کۆمپانیای گشتی و تایبەت و دامودەزگای فەرمی حکومی کەوتوونەتە خزمەتی ئەم لایەنە گرنگەی ژیان بە جۆرێک زۆربەی میللەتانی جیهان لەوە تێگەیشتوون کە گرنگ و پێویستە ململانێ دەروونی و کێشمەکێشمەکانی نێوان نەتەوە و وڵاتانی جیهان لە گۆڕەپانی وەرزش ساغبکرێتەوە نەک لە گۆڕەپانی شەڕ و کوشتار ئەوان تێگەیشتوون بۆ ئەوەی وڵاتێکی بەهێز پیشانی جیهان بدەیت پێویستی بە سوپای زۆر و چەک و تەقەمەنی بەهێز و گەورە نییە. رەنگە وڵاتێکی چەند ملیۆن کەسی یان چەند هەزار کەسی، بەسەر وڵاتێکی سەدان ملیۆن کەسی زاڵ بێت تەنیا لە ماوەی ٩٠ خولەک ئەوە بسەلمێنێت.
٣.وەرزش بە دەر لە حەز و خولیا، مرۆڤێکی تەندروست بەرهەمدەهێنێت هەروەک وتراوە جەستەیەکی تەندروست و ساغ، عەقڵێکی تەندروست و ساغ بەرهەمدەهێنێت هەر ئەم روسەی ئەمڕۆ مۆندیالی لێ ئەنجامدەدرێت وتەیەکی بەنرخیان هەیە کە دەڵێت؛ هۆڵێکی وەرزشی دروست بکە نەخۆشخانەیەک دادەخەیت. لەم سەنگۆیە کەسانی نەخۆش لە فکر و نەخۆش لە جەستە و لاشەپڕ لە چەوری بۆیان نییە و ئەم مافەیان نییە بە حەزو خولیای خۆیان لە وەرزش بدوێن چونکە جەستەیەکی پڕ لە ژەهر تەنیا ژەهر بەرهەمدەهێنێت چیتر ئەم بوارە بۆ کەسانی ناحاڵی و نا تایبەتمەند جێنەهێڵن و با تەنیا مافی کەسانی لەشساغ و عەقڵ ساغ بێ باس لە وەرزش بکەن. با روسیا ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ وەرزشی کوردستان و لەمەبەدوا دامودەزگای نیشتمانی بۆ دابمەزرێت میدیای نیشتمانی بخرێتە خزمەتی، زمانێکی یەکگرتووی دەوڵەمەند بە فەرهەنگی کوردی لە خزمەتی بێت ، دەزگایێکی ئەکادیمی دابمەزرێت بۆ پێگەیاندنی کەسانی ئەکادیمی تایبەت بە بوارەکانی شیکردنەوە،رۆژنامەنووسی، میدیای وەرزشی.
٤. ئامادەبوونی سەرۆکی وڵاتان لە کاتی یارییەکان و رێزگرتنیان لە هەوڵ و ماندبوونی لاوەکانیان پێمان دەڵێت چیتر وەرزشکار تەنیا موڵکی خۆی نییە و موڵکی گشتییە و پێویستە وەک بەها و سامانی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. وەرزشکار لایەنی کەم وەرزشەکەی ببێتە پیشەی یەکەم و کۆتایی و نەک لە پاڵ ئەم لایەنە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ناچاربێت کارێکی دیکە بکات و دەرفەتی خۆبەرەوپێشبردنی نەبێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure