dwarozh

شرۆڤه‌كاری به‌خۆڕایی!!!

بۆچوون / بیروڕا :: 24/06/2018

كاتی خۆی له‌و شێخه‌ڵڵایه‌ی شاری هه‌ولێر،سه‌وزه‌ ومیوه‌ ئێواران هه‌رزان ده‌بوو،پیاوێك هه‌بوو هاواری ده‌كرد (خیار به‌لاش)!،ئه‌و مه‌به‌ستی هه‌رزانی بوو، هه‌ندێكیش وایان ده‌زانی به‌لاشه‌ وپاره‌ ناده‌ی، به‌هه‌ر حاڵ له‌سه‌رده‌می نیاندرتاله‌وه‌ تا ئێستا شتێك نه‌بووه‌ جگه‌ له‌ خێر و زه‌كات ناوی به‌لاش بێت، جار وباریش پیاوه‌تی هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌به‌رده‌وامی نا، فه‌قه‌د شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی تا ئێستاش به‌لاشه‌، حیكمه‌ته‌كه‌ش تا ئێستا كه‌س نازانێ بۆ به‌لاشه‌؟، نه‌ نه‌وت و کنگر و كاردی و  تۆڵه‌كه‌یه‌ به‌خۆڕایی له‌ ژێر زه‌وی ده‌ربهێندرێت!، ئه‌مه‌ زانستێكی سه‌رده‌مه‌ هه‌موو كه‌سێك په‌ی پێ نابات،به‌ڵام ئه‌فسوس له‌ وڵاته‌كه‌ی من ئه‌ویش به‌لاشه‌.


له‌ راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ده‌یان وت حكومه‌ته‌كه‌مان ساوایه‌، ئێستا (27) ساڵه‌ گه‌وره‌ بووه‌ تۆغیانیتی، واته‌ موسته‌حه‌قه‌ ژنه‌كی قیت و قۆزی بۆ بێنن، كه‌چی به‌هه‌مان شێوه‌ (27) ساڵه‌ میدیاكارانی وه‌رزشی كوردی، به‌رنامه‌ی تیڤی و رادیۆ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، شرۆڤه‌كاری و كۆمێنتاری ده‌كه‌ن، له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ده‌نووسن، میوانی به‌رنامه‌كانن وپاشان سوپاسیان ده‌كه‌ن.


 شرۆڤه‌كارانی وه‌رزشی باشووری كوردستان ئێستا له‌مۆندیالی رووسیا رۆژانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رك و ماندووبوون و هیلاكی و ئاماده‌كردنی بابه‌ته‌كانی خۆیان، به‌ جل وبه‌رگی خۆیان و به‌ئارایشت و خۆ رێك و شیك كردن و دیزانی جل و به‌رگی خۆیان، به‌ ئۆتۆمبێلی خۆیان، هه‌ندێكیان به‌ كرێ گرتنی تاكسی له‌سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی، ده‌چێته‌ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ماوه‌ی زیاتر له‌ (2) كاتژمێر بۆ هه‌ر یارییه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌، گه‌ر دوو یان سێ یاری بمێنێته‌وه‌، دڵنیابه‌ زیاتر له‌ (6) كاتژمێر ده‌مێنێته‌وه‌،كه‌چی ده‌زگاكه‌ سوپاسێكی ده‌كه‌ن و به‌خێر بێت و ئه‌ڵلاهـ ئه‌مانه‌ت!.


ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ئه‌و میدیاكاره‌ وه‌رزشییانه‌ی له‌م ده‌زگایانه‌ كارده‌كه‌ن، دڵنیابن میدیاكارانی وه‌رزشی كوردی نه‌زان و بێ زانیاری نین، به‌ڵام هێنده‌ی خاك و وڵات پیشه‌كه‌ی خۆیان خۆش ده‌وێت، بۆیه‌ خۆبه‌خشانه‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان خزمه‌ت ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حاڵی ئێستای شرۆڤه‌كارانی وه‌رزشی كوردی و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌نێوان ئه‌م (18) دیدو بۆچوونه‌دا خۆی روون ده‌كاته‌وه‌.
*هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندن وا هه‌ست ده‌كه‌ن میدیاكارانی وه‌رزشی ئومێده‌خوازن بچن بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌ هه‌ر چۆنێك بێت میدیاكاره‌ وه‌رزشییه‌كه‌ رازییه‌.
*هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندن تایبه‌ته‌ به‌خۆیان و بۆ خۆیانه‌ میوانداری یاساغه‌.
*هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندن دانیشتوون به‌ئاره‌زووی خۆیان یه‌ك ده‌ڵێ و ئه‌ویتر ده‌گێڕته‌وه‌، وه‌كو شه‌ڕه‌ به‌ندی لیهاتووه‌، نازانن ئه‌م تیڤیانه‌ ده‌چێته‌ هه‌موو ماڵێك زانیاری هه‌ڵه‌ وشرۆڤه‌ی سه‌قه‌ت خه‌ڵكانێك باوه‌ڕ ده‌كه‌ن .
*ده‌زگای راگه‌یاندن هه‌یه‌،میدیاكاره‌ وه‌رزشییه‌كه‌ وه‌كو كرێكار هه‌ژماری ده‌كات و پێی ده‌ڵێ بڕۆ سپۆنسه‌ر بێنه‌!، میدیاكاری وه‌رزشیش به‌ناچاری روو له‌م كاره‌ ده‌كات.
*میدیاكاری وه‌رزشی هه‌یه‌ به‌ناچاری ئه‌و مۆندیاله‌ زه‌به‌لاحه‌ به‌سپۆنسه‌ری (روونی راعی) به‌ڕێوه‌ده‌بات، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌مێنێت كاكی میدیاكاری وه‌رزشی وه‌كو كابرای عاره‌ب شمشاڵه‌كه‌ لێ بدات!، ته‌نها له‌پێناو به‌رنامه‌یه‌كی وه‌رزشی خودی میدیاكاره‌ وه‌رزشییه‌كه‌ ده‌بێته‌ كاڵایه‌ك له‌كاڵاكانی بازرگانی ئه‌و ده‌زگایه‌.
*ده‌زگای راگه‌یاندن هه‌یه‌ ته‌نها خزم خزمانێ و ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ئه‌و داوه‌ت ده‌كات،پاشان ئه‌ویش ئه‌و داوه‌ت  ده‌كات، ئێستای له‌گه‌ڵدابێت راگه‌یاندنی وه‌رزشی به‌ ناسیار و دیوه‌خان تێگه‌یشتووه‌، سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌ دایه‌ ئه‌و به‌و ده‌ڵێ راسته‌ و ئه‌ویش به‌و ده‌ڵێ راسته‌، واته‌ رای جیاواز نییه‌ وكه‌سیشیان هه‌ڵه‌ نین،خۆی له‌ئه‌سڵدا وه‌رزش هه‌ڵه‌یه‌!.
*تێكڕایی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هه‌ر چ نه‌بێت بتوانن هاتووچۆ و جل وبه‌رگی وه‌رزشی بۆ نێو ستۆدیۆ بۆ میوانه‌كان ئاماده‌بكه‌ن.
 *هه‌ندێك ده‌زگاو  میدیاكاری وه‌رزشی هه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌،ئێستا ئه‌زمه‌ی شرۆڤه‌كاره‌،كه‌ به‌ده‌ستیان ناكه‌وێت، چونكه‌ تیڤی و میڤی زۆر بووه‌،سه‌عاتێك یان دوو سه‌عات ماوه‌ ته‌له‌فۆن بۆ شرۆڤه‌كارێك ده‌كه‌ن ده‌ڵێن: خه‌ڵك زۆره‌ به‌س ده‌مانه‌وێت تۆبێیت،ئه‌مه‌ش به‌بۆچوونی خۆم  ئیهانه‌كردنی خودی شرۆه‌كاره‌كه‌یه‌، چونكه‌ له‌ڕاستیدا وانیه‌ كه‌سیان به‌ده‌ست نه‌كه‌تووه‌.
*سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رییه‌كانی نێو ستۆدییه‌كانی مۆندیال، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌زگا كامیرایه‌ك و سێ كورسی و دوو میوان وپێشكه‌شكارێك و دیكۆرێكی زۆر سه‌یر ناوی ناوه‌ ستۆدیۆ بۆ شرۆڤه‌كاری یارییه‌كانی مۆندیال!، به‌راستی ئه‌مه‌ وێرانه‌یه‌ وهیچی ترنا.
*.شرۆڤه‌كار وحكایه‌ت خوان دوو دید و بابه‌تی زۆر جیاوازن، نامه‌وێت ناوی هیچ ده‌زگا و شرۆڤه‌كارێك بێنم، به‌س داوا له‌ پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كان و شرۆڤه‌كاره‌كان ده‌كه‌م،دوای ته‌واو بوونی به‌ناو شرۆڤه‌ سه‌یرێكی خۆتان بكه‌نه‌وه‌ و گوێ له‌ خۆتان بگرن، به‌ڵام به‌ئینسافه‌وه‌ گه‌ر راتان له‌خۆبوو رازی بوون له‌خۆتان ئێمه‌ش لێتان رازین، به‌ڵام دڵنیام  خۆتان له‌خۆتان رازی نابن!.
*ئامێری تیڤی ئامێرێكی هه‌ستیاره‌ و خێرایه‌ به‌ زووترین كات ده‌گاته‌ ماڵه‌كانتان، تكایه‌ به‌ كه‌یف و ئاره‌زووی خۆتان به‌ناو بابه‌ته‌كان مه‌كه‌ون، شرۆڤه‌كاریی زانسته‌،دوای خه‌ڵك له‌ زانیارییه‌ هه‌ڵه‌ و سه‌قه‌ته‌كانتان لێی تێك ده‌چێت.
*خۆ به‌شت زانین نه‌زانینه‌،هۆكاری ئه‌م ڤایرۆسه‌ كوشنده‌یه‌ زۆر ترسناكه‌، خودی میدیاكار و شرۆڤه‌كار له‌ناو ده‌بات و تووشی زه‌ریای خه‌یاڵ و ژینگه‌ی نا سافی ده‌كات، كاتێك شرۆڤه‌كارێك یان پێشكه‌شكارێك یه‌ك دوو ساڵه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌دات،ئینجا له‌نێو ستۆدیۆوه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌،چه‌ند كه‌سێك له‌خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ وێنه‌ی (سێڵفی) یان وێنه‌ی ئاسایی خۆی له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه‌،كه‌ گوایه‌ هه‌وادارینه‌،كاكی برای یاخوا هه‌موو جیهان هه‌واداری تۆ ده‌بێت، به‌ڵام به‌ یه‌ك دوو رۆژ ئه‌مه‌ دروست نابێت.
*كێشه‌ی گه‌وره‌ی خودی پێشكه‌شار و شرۆڤه‌كار ته‌مه‌نه‌!،چونكه‌ به‌نموونه‌ مۆندیال له‌ ساڵی 1930 له‌ ئۆرگوای ده‌ستی پێكردووه‌، واته‌ ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ ته‌مه‌نی (88) ساڵ ، ئه‌م به‌رێزانه‌ به‌ته‌واوه‌تی شاره‌زای مێژووی هه‌ڵبژارده‌كان و یاریزانه‌كان نین و رووداوه‌كانی مۆندیال به‌باشی نازانن،به‌م هۆكاره‌ش كه‌ ته‌مه‌نیان بچووكه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بچن مامۆستایه‌كی زانكۆ تایبه‌ت به‌تۆپی پێ بێنن، یاخود داوه‌رێكی خانه‌نشین بێنن، یه‌ك دوو گه‌نجی هاوته‌مه‌نی خۆیان دێنن،سه‌ره‌تا مێژووی ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه‌ نازانن، هه‌روه‌ها نازانن مێژووی یاریزانه‌كان و ئه‌ستێره‌كانی ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه‌ كێ بوونه‌،ناتوانن باس له‌ قوتابخانه‌ و چۆنیه‌تی یاریكردنی ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌ بكه‌ن،ئامار وسه‌رژمێری و داتا و ریزبه‌ندی و دیارده‌ سه‌یر وسه‌مه‌ره‌كان و رووداوه‌ ناخۆش و دیمه‌نه‌ سه‌یره‌كان و ...تاد، هیچی لێنازانن،بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم كێشه‌كه‌ له‌م خاڵه‌ ده‌ست پێده‌كات.
*خودی پێشكه‌شكار و شرۆڤه‌كار وهه‌موو خه‌ڵك ئازاده‌، هانده‌ر و ته‌ڕه‌فداری چ هه‌ڵبژارده‌یه‌كه‌،به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یر وسه‌مه‌ره‌یه‌ هه‌ندێك له‌ پێشكه‌شكاران و شرۆڤه‌كاران به‌ روونی و ئاشكرا لایه‌نگری هه‌ڵبژارده‌یه‌ك ده‌كه‌ن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی راسته‌وخۆ، بۆیه‌ بینه‌ر وبیسه‌ر هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌وه‌ سه‌یرتر كه‌ لایه‌نگیری ده‌كه‌ن لایه‌نگیرییه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌،به‌ نموونه‌ ده‌ڵێ هه‌ڵبژارده‌ی فلان زۆر به‌هێز و به‌توانا و خاوه‌ن مێژوو و یاریزانی پیشه‌گه‌ر وراهێنه‌ری باشه‌،كه‌چی فلان ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی ئه‌و باسی ده‌كات تووشی شكست بووه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌پێشكه‌شكار و نه‌شرۆڤه‌كار نابێت لایه‌نگیری هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بكات، دواتر بینه‌ر وبیسه‌ر هه‌ستی پێده‌كه‌ن ،پاشان خودی شرۆڤه‌كار وپێشكه‌شكاره‌كه‌ متمانه‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
*شرۆڤه‌كار وپێشكه‌شكاری وه‌رزشی ئه‌ركێكی ئاسان نییه‌،به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك وه‌كو پیشه‌ی فه‌رمانبه‌ری تێیگه‌یشتوون، ده‌وام بكه‌ن و به‌رانبه‌ر به‌ ده‌وامه‌كه‌ مووچه‌ وه‌ربگرن، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌ ئه‌م دیده‌ و بۆچوونه‌،چونكه‌ به‌تایبه‌تی كه‌سی شرۆڤه‌كار هه‌ر چ نه‌بێت باكگراوندی له‌ (20) ساڵ كه‌متر نه‌بێت وه‌كو وه‌رزشوانی دێرین، یاخود وه‌كو میدیاكارێكی وه‌رزشی،ئینجا ده‌كرێت بتوانین گوزه‌ر به‌نێو ئه‌م پیشه‌ قورسه‌دا بكه‌ین،من زۆر جاران باسم كردووه‌، ئه‌و گه‌نجانه‌ی نوێن وحه‌ز و ئاره‌زووی شرۆڤه‌كاری وه‌رزشییان هه‌یه‌،بابڵێن دید و بۆچوونمان هه‌یه‌،ئینجا په‌یژه‌ به‌ په‌یژه‌ بتوانن قۆناغه‌كانی سه‌ركه‌وتن بۆ كاری شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی ببڕن.
*میدیاكاری وه‌رزشی تا بتوانی سه‌نگه‌ و قورسایی وكه‌سایه‌تی خۆی بپارێزی و جێگیری بكات،چونكه‌ ئه‌مانه‌ پێشوه‌خته‌ی سه‌ركه‌وتنی مرۆڤه‌كانن، تا بتوانێ به‌ درێژای ئه‌و مۆندیاله‌ یه‌كجار ببیت به‌ میوان،به‌ڵام میوانێكی به‌ سه‌نگ و كه‌سایه‌تێكی جێگر و پڕ زانیاری و شرۆڤه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و لۆژیكانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌، تا نه‌ ده‌زگاكه‌ی راگه‌یاندن لێت بێزار بێت و نه‌بینه‌ر و بیسه‌ر لێت بێزاربن،هه‌وادارانی وه‌رزشیش ستاییشت بكه‌ن.
*نابێت رۆڵی به‌شێك له‌ میدیاكارانی وه‌رزشی تازه‌پێگه‌یشتوو و گه‌نج و هاوته‌مه‌نه‌كانمان له‌بیر بكه‌ین،چونكه‌ ئه‌وان زۆر ماندوونه‌ناسانه‌ زانیاری وورد و نوێ و هه‌ستیار و ژیرانه‌ پێشكه‌شی بینه‌ر وبیسه‌ر ده‌كه‌ن،ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باش و روونه‌ بۆ ئاینده‌ی میدیای وه‌رزشی كوردی،ئومێد ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی به‌مانای وشه‌ خزمه‌تی راسته‌قینه‌ی میدیای وه‌رزشی كوردی ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار گرنگیان پێ بدرێت.
*پێویسته‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به‌شه‌وق و ئاره‌زوویه‌كی بێ سنوور ده‌یانوێت فێری پیشه‌ی شرۆڤه‌كاری ببن، له‌گه‌ڵ مامۆستاكانی وه‌رزش و راهێنه‌ر و یاریزانان و پسپۆڕانی كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی و وه‌رزشوانه‌ دێرینه‌كان و میدیاكارانی خاوه‌ن ئه‌زموون و مامۆستایانی زمانی كوردی و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هه‌نگاو بنێیت ،كار بۆ زیاتر گرنگیدان به‌خۆی و پیشه‌كه‌ی بدات له‌ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خول و ۆرك شۆپ له‌نێو خۆدا، گه‌ر بوار ره‌خسا له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به‌شداربیت و كۆنتاكت دروست بكات زۆرباشتر ده‌بێت.
له‌كۆتا دیده‌كانم ویستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی زانستێكی سه‌رده‌می نوێیه‌،راسته‌ له‌كۆنه‌وه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ده‌كانی (18و19) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،به‌ڵام وه‌كو ئێستا پڕتر و ئه‌كادیمی تر نه‌بووه‌، مه‌به‌ستیش له‌شرۆڤه‌كاری خۆڕایی پاره‌نییه‌ ئه‌وه‌ی تێیگه‌یشتوون،به‌ڵام بێ به‌رانبه‌ریش هیچ شتێك ناكرێت، بۆیه‌ دانیشتن له‌شوێنی خۆت زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی بچی بۆ شوێنێكی تر كه‌ خۆتی لێ نه‌دۆزییه‌وه‌،هه‌رزان كردنی پیشه‌ی شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی گورزێكی زه‌به‌لاحه‌ له‌ خودی خۆتی ده‌ده‌ی،نه‌ك له‌زانستی شرۆڤه‌كاری، چونكه‌ هه‌ندێك به‌وه‌ دڵ ته‌نگ بووینه‌ گه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌شاشه‌كانی تیڤی  ده‌رنه‌چێت، ئه‌وا ون ده‌بێت و بینه‌ر و هه‌واداری نامێنێت و له‌وانیه‌ هیچ تیڤی و رادیۆیه‌ك میوانداریی نه‌كات و ئیتر ئه‌م شرۆڤه‌كاره‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو زه‌ریاكان!،من پرسیارێك ده‌كه‌م تۆ ون بیت باشتره‌ یاخود رۆژانه‌ بكه‌ویته‌ ژێر تیر و توانج و ره‌خنه‌ی روخێنه‌ر و بریندارت بكه‌ن؟ وابزانم بێ ناوی باشتره‌ له‌ به‌دناوی!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure