dwarozh

وەرزشکارانی هەرێمی کوردستان چۆن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن

بۆچوون / بیروڕا :: 18/04/2016


بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەرزش وەکو زۆربەی بوارەکانی دیکەی ژیان نەبۆتە پیشە و دواجار هۆکارێک نەبووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان بۆیە وەرزشکاران ناچارن لە پاڵ پیشە سەرەکیەکەیان کارێکی دیکەش بکەن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان مسۆگەربێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش گەنجان کەمتر بوار بە خۆیان دەدەن وەرزش بکەنە پیشەی سەرەکی ژیانیان ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی کەمی وەرزشکار لە هەرێم بەدەربکەون.
 ئەم حاڵەتە لەلایەکەوە یانە کوردیەکانی ناچارکردووە بۆندی گرانبەها لەگەڵ یاریزانە عەرەبی و بیانییەکان مۆربکەن لە جێگەی گرنگیدان بە یاریزانی خۆماڵی.
زۆرن ئەو وەرزشکارە کوردانەی ئێستا و رابردوو ناوبانگیان چۆتە ئاستی جیهانی و لەسەر ئاستی کیشوەری دەسکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە کەچی تەنیا لەبەر ئەوەی ئینتمایان بۆ حزبێکی دەسەڵاتدار نەبووە گرنگیان پێنادرێت و فەرامۆشکراون. لە دیارترین نمونەکانی رابردوو محەمەد یاسینە کە یەکەم وەرزشکاری کورد بوو لە ئۆڵۆمپیاد بەشداری کرد لە پێشبڕکێی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئێستاشدا فوئاد فەرهاد لە یاری هێزی لەش و رێناس رەشید لە یاری لەشجوانی زیندووترین نمونەن کە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دەسکەوتی ئاسیایی و جیهانین کەچی بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و خانەوادەکەیان کرێکاری دەکەن تەنانەت بۆ دابینکردنی کەرەستە و پێداویستیە وەرزشییەکانیان پارەیان نییە و ناچارن بەو پارەیەی لە کرێکاری چنگیان دەکەوێ دابینی بکەن.
وەرزشکار هەیە و هەبووە تەنانەت لەسەر ئاستی کوردستانیش دەسکەوتی نەبووە کەچی زەوی پێدراوە و لە دەزگایێکی حکومی دامەزرێنراوە تەنها لەبەرئەوەی سەر بە حزبێکی دەسەڵاتدار بووە. جگە لەوەی ئەو وەرزشکارە دێرینانەی بەهۆی ئەوەی هەموو ژیانی خۆیان بۆ وەرزش تەرخانکردبوو لە ئێستادا ناتوانن کارێکی دیکە ئەنجامبدەن تەنانەت ئەو مووچەیەی وەکو رێزلێنان پێیان دەدرا، ماوەی ٣ ساڵە لێیان بڕاوە بۆیە چەندین وەرزشکاری دێرینی هەرێمی کوردستان هەن کە لە گوزەرانیەکی خراپ ژیان بەسەردەبەن و کەسانی سەرمایەدار خێر و زەکاتیان پێدەدەن. دەیان وەرزشکاریش کاتێ بەهۆی وەرزشکەیان تووشی پێکان دەبن و بەهۆیە کەمئەندام دەبن نەیانتوانیوە کارێکی دیکە ئەنجام بدەن و لەلایەن حکومەتەوە هیچ هاوکاری نەکراون تا ژیانیان مسۆگەربێت. وەرزشکار هەبووە بەهۆی ئەوەی یانەکەی یاخود دامەزراوە وەرزشیەکەی مافە داراییەکانی پێ نەداوە ناچاربووە کەرەستەی ماڵەوەی بفرۆشێت تا بژێوی خۆی و خێزانی دەسەبەربکات. باسی کۆچی وەرزشکاران بۆ ئەوروپاش ئەمە بابەتێکی تایبەت کە هۆکارە سەرەکیەکەی نەبوونی بژێوی ژیانی پێویستە بۆیان.
هەموو ئەم نا دڵنیایی و ناجۆریەی بەسەر ژیان و گوزەرانی وەرزشکاراندا دێت بەهۆی نەبوونی یاسایێکە کە ماف و ئیمتیازاتی وەرزشکاران بپارێزێت کە ئەم یاسایە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان بوونی هەیە کەچی لە عێڕاق و کوردستان سەرەڕای چەند هەوڵێکی تاکوتەرا و شەرمانە کەچی تا ئێستا نەچۆتە پەرلەمان و یاسای بۆ دەرنەچووە لە هەبوونی یاسایەک کە مافی پیشەگەری بپارێزێت دەتوانڕێ بگوترێ زۆربەی کێشەکانی وەرزشکاران چارەسەردەبێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure