dwarozh

وەرزشی کوردستان ئێوە خۆش

بۆچوون / بیروڕا :: 03/06/2018


 خەوتوویی بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی كوردستان و  بێ بەرنامەیی كاربەدستان نەیانتوانیوە لەم دۆخە ئاڵوز و هەستیارەدا بتوانن وەرزشی ئەم هەرێمە ئاراستە بكەن

پێموایە وەرزشی هەرێمی كوردستان لە زۆر لایەنەوە دووچاری قەیران و كێشە بووەتەوە:

1. یاسای وەرزش لە كوردستان بوونی نییە و نەبوونی یاسا وایكردووە هیچ وەزارەت، رێكخراو و لایەنێك بەرپرسیاریەتیی راستەوخۆی وەرزش لە ئەستۆ نەگرێت.

2_ لەوە تێگەیشتم کاتێک داوا لە ھاندەرێک یان بینەرێک دەکەی بچێتە یاریگەکان یان سەیریی یارییەکی کوردستان بکات بۆ بێزی خۆی دەکاتەوە، لەوە تێگەیشتم بۆچی گەنجی ئەم وڵاتە ئامادەیە سەیریی یارییەکی پلە چواری ھەموو وڵاتێک بکات، بەس ئامادە نییە سەیری راپۆرتێکی کورتی گرنگترین یاریی کوردستان بکات ،
لە کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزان و راھێنەری خولەکان دەنگی ھاندەران  وەرناگیرێت، لە ھەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکانیش ھاندەران ناتوانن دەنگ بدەن و لەکاتی سەیرکردنی یارییەکانیش ھاندەران دەبێت لە سەرما و گەرما بەبێ ھیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی ئامادەی یاریەکان بن، پێمناڵێن بە چ رووێک داوا لە ھاندەران بکەین واز لە یارییەکانی خولەکانی ئەوروپا بێنن و بێن سەیری وەرزشە بێسەروبەرەکەی کوردستان بکەن؟

هەر یەك لە ئێمە پشتگیری لە یاریزانێك یان وڵاتێك دەكەین بە بێ ئەوەی بزانین سیستمی سیاسی و حوكمڕانی ئەم وڵاتە چۆنە، یان سیاسەتی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر كورد چییە و چۆنە و لێرەدا وەرزشوانانی ئەو وڵاتە وا لە ئێمە دەكات كە ئەو یاریزانە و یان ئەو وڵاتەمان خۆشبوێت .

3-  وەرزش ماڵێكی جوان و سەرنجڕاكێشە و ناكرێت رێگریی بكەین لە هاتنی هەموو كەس و بوارێك بۆ ناو ئەم ماڵە جوانە، بە تایبەتی سیاسییەكان كە لە وەرزش وەكو پەیژەیەك دەڕوانن بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، (مەحسوبیەت و مەنسووبیەت)، بۆیە دەكرێت بە فشار خستنەسەر سیاسییەكان، حیزبەكان و دەوڵەتداران، رێگربین لەوەی ئەو كەسەی كە دەبێت بە بەرپرس و رابەری وەرزش كەسێك بێت بتوانێت ئەم كەشتییە لە دەریایەكی نائارام و پڕ لە شەپۆڵ بگەیەنێتە كەنارێكی ئارام، كە ئەویش بوونی سیستمێكی سەربەخۆی وەرزشییە لە هەرێمی كوردستان.

4-  لە كۆتاییدا بەداخەوە دەمەوێت ئاماژە بە نەبوونی رۆڵی كاریگەر لە لایەن كەسانی ئاكادیمی و زانستی لە بوارەكەدا و هەروەها راگەیاندنكارانی وەرزشی چ لە بواری رەخنەگرتن و چ بەشدارینەكردنیان لە بەڕێوەبردنی وەرزش لە هەرێمدا، بۆ ئەوەی ئاراستەیەك دروست بكەن، كە وەرزش بتوانێت ماڵی خۆی دروستبكات و چیدیكە چاوی لە دەستی خێرومەندان نەبێت.

مستەفا ئەسعەد یاریزان لە خولی پلە دووی کوردستان

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure