dwarozh

‎پێش ئەوەی وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان دەست پێبکات پێویستە ئەم چەند گۆڕانكاریە بكرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 11/05/2018

دواڕۆژ سپۆرت
‎وەرزشی کوردستان وەکو زۆربەی بوارەکانی دیکەی کوردستان دەست بۆ هەر لایەکی ببەی وێرانەیەکە بۆ خۆی، ئینجا تۆپی پێی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆری بۆ خەرجکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی باش بەڕێوە نەبردراوە، ئەگەر تا بەیانی کەموکوڕییەکانتان بۆ بژمێرم تەواو نابن، لەبەر دۆخی ئێستای کوردستان واز لە کەموکوڕییە گەورەکان و بێسەروبەرییە بێ شومارەکان دەهێنم، باسی بابەتێکی سادە و ئاسانتان بۆ دەکەم و پێشنیازێکیش بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و یانەکان دەکەم.

‎لە دوو وەرزی رابردووەوە لە دەزگای میدیاكانی وەرزشی كوردستان  خەریکی رووماڵکردنی خولەکانی کوردستانین، پڕۆژە و بیرۆکەمان زۆرن، بەڵام دۆخی نەخوازراوی کوردستان زۆربەیانی لە بیر بردووینەتەوە، بەڵام هەندێک شت هەن نە پارەی زۆریان دەوێت نە کاتی زۆریان دەوێت، تەنیا پێویستی بە تۆزێک درککردنە بە شتەکان.
‎مەعقول نییە تاکو ئێستا خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی کوردستان لۆگۆیان نییە، لە ماوەی دوو وەرزی رابردوو لە دەزگای میدیاكانی وەرزش لە هەموو گرافیک و دیزاینێک بە ناچاری لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانیان بەکار هێناوە، لە هیچ وڵاتێکی دونیا نییە لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لۆگۆی خولەکەشی بێت، ئێمە خۆمان بە عێراق نادەین و تۆپی پێی ئەوانمان پێ دواکەوتووە، بەڵام ئێستا بڕۆ لە گووگل سێرچێک بکە و دەبینیت لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ لۆگۆی خولی نایابی عێراق جیاوازە، ئینجا لۆگۆی پریمەرلیگ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگڵاند، لۆگۆی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لۆگۆی سێریا ئەی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتالیا و لۆگۆی خولی تورکیا و لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاش بە هەمان شێوە لە یەکتری جیاوازن.
‎پیشنیاز بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و لیژنەی پێشبڕکێکانی ئەو فیدراسیۆنە دەکەم لەو ماوەیەی ماوە پیش ئەوەی خولی نایابی کوردستان دەستپێبکات، لە رێگای هەژماری فەرمی فیدراسیۆنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەوازێک بکەن و داوا بکەن ئەو کەسانەی کاری دیزاین دەکەن لۆگۆیەکی تایبەت بۆ خولی نایابی کوردستان دروست بکەن و باشترینیان دەستنیشان بکەن و ئەگەر خەڵاتێکی بچووکیش بێت، بە خاوەنی بیرۆکەی باشترین دیزاینی بدەن، دواتریش بەفەرمی بە لۆگۆی خولەکە بناسێنن، بە دەزگاکانی راگەیاندنی بدەن و لەمەودوا لە دیزاینەکان و یاریگەکان و مەراسیمە فەرمییەکانیش بەکاری بهێنن، سەرەتا ئەگەر لۆگۆیەکەش نایاب نەبێت، بەلایەنی کەم با وەکو هەنگاوێکی سەرەتایی خولەکە لۆگۆیەکی هەبێت و دواتر دەکرێت لە وەرزەکانی داهاتوو بگۆڕدرێت، دەکرێت بۆ خولی پلە یەک و دووش ببنە خاوەن لۆگۆی خۆیان.
‎ لۆگۆیەکانیان ئەوەندە بچووک و ناشرینن، حەیفە پێیان بگوترێت یانە
‎ئەگەر میدیاکان گرنگی بە تۆپی پێ و وەرزی ناوخۆ نەدەن، سەرۆک و کارگێڕ و راگەیاندنی یانەکان رەخنەیان لێدەگرن، کەچی تاکو ئیستا درکیان بەوە نەکردووە لۆگۆیەکی جوان و شیاو بۆ یانەکانیان دروست بکەن، لە کاتێکدا هەزاران گەنجی دیزاینەری بە توانمان هەیە و دەتوانن بە بڕە پارەیەکی کەم ببنە خاوەنی لۆگۆیەکی شاز.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure