dwarozh

خولێکی جیاواز دەبینین

بۆچوون / بیروڕا :: 18/08/2017


سبەینێ یارییەکانی خولی ئیتاڵی دەستپێدەکەنەوەو پێشبینی دەکرێت خولی ئیتاڵی ئەمساڵ جیاواز بێت لە ساڵانی ڕابردوو چونکە لەم میرکاتۆیەدا سەرجەم یانەکانی خولی ئیتاڵیا ئامادەکاری باشییان کردووە، لەوانەیە باس لەوە بکرێت وەرزەکانی پێشوو بەهەمان شێوە هەندێک لە یانە ئیتاڵیەکان ئامادەکارییان کردووە، بەڵام لە ڕاستی دا ئامادەکاری ئەمساڵ بەتەواوی جیاوازە لە وەرزەکانی پێشوو.

لە سێ ساڵی ڕابردوو دا هەندێک لە یانە ئیتاڵیەکان پلانیان هەبووە لە ڕێکخستنەوەی یانەکانیان هەروەها لە میرکاتۆ دا کاریان بۆ ئەم مەبەستە کردووە بەنموونەی یانەکانی یۆڤانتۆس و ناپۆلی و ڕۆما و ئینتەر و لازیۆ بەڵام یانەکانی تری خولی ئیتاڵی بەپێی پێویست ئامادەکارییان نەدەکرد، ئەمە هۆکاری پێشکەش نەکردنی ئاستی جێگیر بوو لەلایەن ئەو یانانەوە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت یانەیەکی وەکو ئێنتەر وەرزی پێشوو یاریزانی باشیان هێنایە یانەکە، بەڵام ئاستی یانەکە بەپێی پێویست بەرەو پێشەوە نەچوو؟
ڕاستە یانەی ئینتەر یاریزانی باشییان هێنا بەڵام زۆربەیان لە یانەی جیاواز و خولی جیاوازەوە هاتبوون شێوازی یاریکردنیان دوور بوو لەیەکەوە هەروەها ڕاهێنەر سەرکەوتوو نەبوو لەڕێکخستنی یاریزانەکان بەیەکەوە چونکە پلانێکی جێگیریان نەبوو بەهەمان شێوە یاریزانانی یەدەگیان لاواز بوون، کە هۆکارێکی تری ناجێگیری ئاستی ئینتەر بوو، بەڵام لەم وەرزەدا یانەکە بە پلان کاریان کردووە لەسەر پلانی ڕاهێنەری نوێ، سپالێتی میرکاتۆیان ئەنجام داوە بۆ تەواو کردنی کارەکانی وەرزی پێشوو، کە تەواو نەکرا بوون کار لەسەر پڕکردنەوەی کەلێنەکان دەکەن.

یانەی ناپۆلی لەم میرکاتۆیەدا یانەیەکی چالاک نەبوو بەڵام لەوەرزەکانی ڕابردوو زۆر بەباشی یاریزانیان دەگواستەوە، هەروەها یانەکە لە سێ وەرزی ڕابردوو دا یەکێک بووە لە یانە ئاست جێگیرەکانی خولەکە بەهۆی جێبەجێکردنی پلانی ساری ڕاهێنەر و ڕاهاتنی یاریزانەکان لەگەڵ ئەو شێوازە یاریکردنە دا، کە لە ئێستا دا زۆرێک لە ڕاهێنەرەکانی خولی ئیتاڵی دەیانەوێت لەسەر ئەو شێوازە بڕۆن لەوانە مۆنتێلا و سپالێتی، کە یاریزانان بەخواستی ڕاهێنەر بێنە یانەکە هەروەها لەناو یاریگا دا بەشێوەی یاری بە کۆمەڵ و سەراپاگیر بەشێوەی تۆپ گواستنەوەی کورت و درێژ کۆنترۆڵی یاریگا دەکەن.

کارگێڕی یانەی میلان یەکێکن لەو یانانەی کە باشترین یاریزانانیان گواستوونەتەوە بۆ یانەکە ،هەروەها خواستی ڕاهێنەر بوونی هەبووە لەگواستنەوەی یاریزانەکان پێچەوانەی وەرزەکانی ڕابردوو، کە یانەکە زۆر بە کەمی گرێبەستی سەرکەوتوویان ئەنجام دەدا، ئەم میرکاتۆیە گۆڕانکاری زۆریان ئەنجامداوە و ژمارەیەکی باش لەیاریزانیان گواستووەتەوە و دەیانەوێت یاریزانی تر بهێنن لەسەر خواستی ڕاهێنەر، کە لەگەڵ شێوازی یاریکردنی ڕاهێنەر دا گونجاو بێت، بەم شێوەیە یانەکە سەرجەم هێڵەکانی زیاتر تۆکمە دەکات و کورسی یەدەگی یانەکە بەهێزتر دەبێت.

سەبارەت بە یانەی لازیۆ ڕاستە بەپێی پێویست چالاک نین لە میرکاتۆ دا بەڵام هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە یاریزانەکانیان بکەن، چونکە یانەکە تا ڕادەیەک ئاستی جێگیر بووە هەروەها ڕاهێنەر دەیەوێت پارێزگاری لە یاریزانەکانی بکات بەمشێوەیە زیاتر دەتوانێت پلانەکانی لەناو یاریگا دا بچەسپێنێت.

سەبارەت بە یانەی یۆڤانتۆس لە وەرزەکانی پێشوو دا یاریزانی باشییان گواستوەتەوە، لەم میرکاتۆیەدا کار دەکەن لەسەر پڕکردنەوەی کەموکوورتیەکانی وەرزی ڕابردوو، بەتایبەت کورسی یەدەگی یانەکە و هێڵی پێشەوە، بەمشێوەیە یانەکە زیاتر ئاستی جێگیر دەبێت لەکاتێک دا لەسەر ئەم پلانە بەردەوام بێت، چونکە چەند یاریزانێکی تریان پێویستە.

یانەی ڕۆما لە میرکاتۆکانی پێشوو دا کاری باشیان ئەنجام داوە، بەڵام لەم میرکاتۆیەدا زۆر بە ووریانە گرێبەستیان ئەنجام دەدا تاکو دەستبەرداری یاریزانێک نەبوونایە یاریزانێکیان نەدەگواستەوە، بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین یانەکە نوێدەبێتەوە هەروەها یاریزانەکان بەردەوام دەبن لەسەر پێشکەش کردنی ئاستی جێگیر.

سەبارەت بە یانە ئاست مامناوەندەکانی خولەکە وەکو ئەتلەنتا و فیۆرەنتینا و تۆرینۆ و جەنەوا...هتد، ئاستیان بەرەو پێشەوە دەڕوات، چونکە کاتێک کە یانە بەهێزەکانی کە باسمان کردن  ئاستبەرزیان دەهێنا لە خولەکانی تری ئەوروپا، دەستبەرداری یاریزانەکانیان دەبوون بۆ ئەم یانە مامناوەندانە، کە لەم یانانەدا دەرفەتی یاریکردنیان دەبێت بە سەرەکی و زیاتر یانەکان بەرەو پێشەوە دەبەن بەهەمان شێوە یانە لاوازەکان سوودیان وەرگرتووە لە گواستنەوەی یاریزانانی یانە مامناوەندەکان، لەبەر ئەم هۆکارانە خولێکی جیاواز دەبینین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure