dwarozh

بەرشەلۆنە کاریزمایەکی دەوێت

بۆچوون / بیروڕا :: 09/08/2017


یانەی بەرشەلۆنە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا یەکێک بووە لەسەرسەخترین رکابەرەکانی یانە زلهێزەکانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی نازناوە ناوخۆیەکانی ئیسپانیا و ئەوروپا و جیهان. بەتایبەت لەدوای ساڵی ۲۰۰۹ کە لەسەر دەستی گواردیۆلا سەرجەم نازناوەکانی بەدەستهێنا و بەرشەلۆنە گەیشتە لووتکە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو بەرشەلۆنە لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی گواردیۆلا ئەم یانەیە لەو ئاستە دا نەمانەوەو یانەکە پاشەکشەیان کرد لە ئاستە بەرزەکەیان ،هەروەها لە نازناوەکان و یانەکە بەئاستێکی ناجێگیر دا تێپەڕی هەرچەندە کارگێڕی یانەکە چەندین ئەستێرەیان گواستووەتەوە ریزەکانیان بەڵام لە ئاستێکی جێگیر دا نەبووە، لێرەدا دوو پرسیار دێتە کایەوە:
یەکەم ئایا بۆچی بەرشەلۆنە لەدوای گواردیۆلا ئاستی یاریکردنی یانەکە دابەزی؟
پرسیاری دووەم ئایا بۆچی ڕاهێنەرەکانی دوای گواردیۆلا نەیانتوانی لەسەر هەمان رێڕەوی گواردیۆلا بەردەوام بن یان یانەکە بگێڕنەوە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی؟


پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بدەینەوە پێویستە باس لە تایبەتمەندییەکانی گواردیۆلا بکەین، سەرەتا گواردیۆلا ڕاهێنەری لاوانی بەرشەلۆنە بوو دواتر بوو بە ڕاهێنەری پلە یەکی یانەکە، کە بوو بە ڕاهێنەری پلە یەک چەندین یاریزانی بەهرەمەندی لاوی هێنا بۆ پلە یەک لەگەڵ خۆی بەنموونەی پێدرۆ ڕۆدریگێز واتە تیمی لاوان بەتەواوی پەیوەندی هەبوو بە تیمی پلە یەکی یانەکەوە، کە ئەمە کێبڕکێیەکی دروست کرد بوو لەنێوان سەرجەم یاریزانەکان دا، کە شەڕی پێگەی سەرەکی بکەن لەپێکهاتەکەی پیپ گواردیۆلا دا، چونکە هیچ یاریزانێک لە پێگەکەی خۆی لەپێکهاتەی سەرەکی دا دڵنیا نەبوو، لەبەرئەوە هەموویان پابەند بوون بەڕێساکانی گواردیۆلا بەباشی گوێڕایەلیان دەکرد و لەیاریگا دا پلانەکانیان جێبەجێ دەکرد، گواردیۆلا توانی تاکتیکی یاریزانەکان بەرز بکاتەوە بەو شێوازە تایبەتە یاریکردنەی خۆی، کە دواتر ناونرا تیکی تاکا واتە لەیەک کات دا گواردیۆلا توانی ئاستی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی یاریزانەکان بەرەو پێشەوە بەرێت، دڵسۆزی ومتمانە بەخۆبوونی ئەم ڕاهێنەرە وای کرد بوو سەرجەم یاریزانەکانیان بۆ ئەنجامی یانەکە یاری بکەن، ئەنجامە سەرسووڕهێنەرەکانی لە ناو یاریگا دا وای لە کارگێڕی یانەکە کرد، کەبەپێی خواستی گواردیۆلا مامەڵە بکەن هەروەها پرس و ڕاوێژی پێبکەن لەکاتی میرکاتۆ دا هەر یاریزانێک ڕاهێنەرەکە نەیەوێت دووری بخەنەوە بەنموونەی ئیبراهیمۆڤیچ.

لە ئێستا بگەڕێنەوە بۆ وەڵامی پرسیارەکان، سەبارەت بە پرسیاری یەکەم دوای گواردیۆلا بەرە بەرە یانەکە کەوتە دەستی چەند ڕاهێنەرێک سەرەتا ئەرکەکەیان بەخشی بە ڤیلانۆڤا یاریدەدەری ڕاهێنەر، کە تا ڕادەیەکی باش ڤیلانۆڤا سەرکەوتوو بوو لە ئەرکەکەی دا چونکە لەسەر هەمان شێوازی ڕاهێنان و یاریپێکردنی گواردیۆلا بەردەوام بوو، بەڵام   بەداخەوە کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە نەیتوانی بەردەوام بێت و دواتر کۆچی دوایی کرد، سەبارەت بە پرسیاری دووەم ئەو ڕاهێنەرانەی کە لە دوای گواردیۆلا و ڤیلانۆڤا وە هاتن نەیانتوانی سەرکەوتوو بن لە دروستکردنی پەیوەندیەکی باش لە نێوان تیمی لاوان و تیمی پلە یەکی یانەکە دا، دواتر پێکهاتەی یەدەگی یانەکە لاواز بوو یاریزانەکان لەپێکهاتەی سەرەکی دا جێگیر بوون، هەروەها تەمەنیان زیاتر بوو لەبەرئەوە زووتر هیلاک دەبوون، چونکە ڕاهێنەر پلان و ستراتیجیەکی ڕوون و جێگیری نەبوو کە نزیک بێت لە ڕاهێنەری پێشوو و شێوازی یاریکردنی یاریزانەکان، ئەو کاریزمایەشی نەبوو کە بەپێی پلانەکانی خۆی و گونجاوی یاریزانەکان لەگەڵ شێوازی یاریکردنی بەرشەلۆنە دا بگوازێتەوە، بەڵکو کارگێڕی یانەکە بەخواستی خۆیان یاریزانیان دەگوازتەوە یانەکە هەروەها ڕاهێنەر لەتوانایدا نەبوو ئەو یاریزانانە لابەرێت بەنموونەی گۆمێز، کە لەگەڵ شێوازی یاریکردنی یانەکەدا ناگونجێت بەمەش شێواز و پلانە جێگیرەکانی کە گواردیۆلا و ڤیلانۆڤا کاریان لەسەر کرد بوو هەڵوەشانەوە.

لە ئێستا دا یانەی بەرشەلۆنە پێویستی بەڕاهێنەر کە شێواز و پلانێکی هێرشبەری تەکنیکی بەرزی هەبێت و توانای بەرزکردنەوەی تاکتیکی یاریزانەکانی هەبێت، کە بەشێوازی بەکۆمەڵ یاری بکەن و گرنگی بدەن بەپێکهاتەی یەدەگی یانەکە و خاوەن کاریزمایەکی هێندە بەرز بن، کە کارگێڕی یانەکانیان گوێڕایەڵیان بکەن و بەپێی خواستی ئەوان مامەڵە بکەن لە هەڵبژاردنی سەرجەم دەستەی ڕاهێنەران و تەنانەت دەستەی پزیشکی یانەکە هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەو یاریزانانەی کە لە میرکاتۆ دا دەیانگوازنەوە  یانەکە هەروەها فرۆشتنی یاریزانەکان بەویستی ڕاهێنەر بێت، هاوشێوەی کلۆپ و ساری.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure