dwarozh

یۆڤانتۆس لەسەر رێڕەوێکی ڕاستە

بۆچوون / بیروڕا :: 25/07/2017

یانەی یۆڤانتۆس لە میرکاتۆی ساڵی ۲۰۱۰ تا ئێستا بەبەردەوامی زۆر بە زیرەکانە گرێبەستیان ئەنجامداوە، کە کارگێڕی یانە ئیتاڵیەکە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین کارگێڕی دادەنرێت لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستراتیژییە باشەی یانەکە کە لەدوای ساڵی ۲۰۰۸ لەسەر چەند ڕێسایەک داڕێژراوە.

یەکەم یانەکە کار لەسەر هێنانی ئەستێرەکانی خولی ناوخۆ دەکات بەتایبەت یاریزانە ئیتاڵیەکان هەر وەکو ئاشکرایە بەردەوام یانەی یۆڤانتۆس زۆرترین یاریزانی هەبووە لەپێکهاتەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دا، کە ئەم ڕێکەوتنە لەنێوان یاریزانەکان هەم لە یانەکەیان هەروەها لە هەڵبژاردەکەیان لێکتێگەشتن و یەکڕیزی  زیاتری دروست کردووە لە یانەکە دا، هەروەها ڕاهاتن و تێگەشتن لەشێوازی یاریکردنی یەکتر، کە کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی پلانی ڕاهێنەر دەکات لەناو یاریگا دا هەروەها ڕاکێشانی هەست و سۆزی سەرجەم خەڵکی ئیتاڵیا تاکو یانەکە وەکو نوێنەری وڵاتەکەیان سەیر بکەن لەبەر ئەم هۆکارەیە زۆرترین خەڵکی ئیتاڵیا هاندەری یانە بەرگ ڕەش و سپیەکەن.

دووەم یانەکە کار لەسەر گواستنەوەی ئەو ئەستێرە لاوانە دەکات کە لەیانەیەکی ئاست مامناوەندن یان یانەیەکی بچووکن بەردەوام ئەم یانەیە لەسەرجەم میرکاتۆکان دا ئەم پلانەی جێبەجێکردووە بەنموونەی(دیبالا، ساندرۆ، پیاکا...)،کە ئەم یاریزانانە لەسەرەتای دەرکەوتنیان دا بوون یانەکە هەلی پێبەخشیوون و بوون بەیاریزانێکی باشتر، کە لەسەرەتادا ئەم گرێبەستانە ئاسان بوون بۆ یانەکە چونکە ئەو یاریزانانە خاوەنی ناوبانگێکی زۆر نەبوون هەروەها لە یانەیەکی هێندە گەورە دا نەبوون تاکو یانەکانیان بتوانن پارێزگاریان لێبکەن لەبەرئەوە یانەکە زۆرترین سوودی لەم جۆرە گرێبەستانە وەرگرتووە.

سێیەم گواستنەوەی ئەستێرەکان یەکێک بووە لە باشترین پلانی کارگێڕی یانەکە بۆ هێشتنەوەی یانە ئیتاڵیەکە لەپێشەنگی یانەکانی ئیتاڵیا دا بە نموونەی گواستنەوەی پیانیچ ،هەروەها هیگواین یانەکە چەند ئامانجێکی هەبوو لەم گرێبەستانە بە گواستنەوەی ئەستێرەی یانە ڕکابەرەکانی، کە پیانیچ لەگەڵ یانەی ڕۆما دا تۆپ دروستکەرێکی بەتوانا بوو هەروەها هیگواین لە ناپۆلی دا گۆڵکار بوو هەروەها یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی یانەکەی بوو، بەمشێوەیە یۆڤانتۆس تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو لە لاوازکردنی ڕکابەرەکانی هەروەها بەهێزکردنی پێکهاتەی یانەکە بەپڕکردنەوەی کەموکوڕی لەهێڵی ناوەند و هێڵی پێشەوە دا.

لە میرکاتۆی ئەمساڵ دا جیاواز لە میرکاتۆی وەرزەکانی پێشوو یانەی یۆڤانتۆس گرێبەستەکانی کەمترن و سنووردارترن، کە زۆرێک لە چاودێرانی وەرزشی ڕەخنە دەگرن لە یانەی یۆڤانتۆس سەرەڕای ئەوەی کە گرێبەستی زۆریان ئەنجام نەداوە دەستبەرداری ئەستێرەیەکی وەکو بۆنۆچی بوون، بەڵام یانەکە ئەم میرکاتۆ یە کار لەسەر نەهێشتنی کەموکوورتی یانەکە دەکەن.

وەک ئاشکرایە لەمیرکاتۆکانی پێشوو دا زۆر بایەخ بەهێنانی یاریزانی بەرگری دەدا بەڵام لە میرکاتۆی ئەمساڵ بایەخ بەهێنانی یاریزانی باڵەکانی ناوەند دەدرێت بەنموونەی(دۆگلاس کۆستا و بێرناردێسکی)، کە لە یاریەکانی یۆڤانتۆس دا زۆرجار بەهۆی نەبوونی باڵی ناوەند مانزۆکیچ لەو جێگایەدا یاری دەکرد هەروەها هێنانی دیسچیلیۆ وەک بەرگریکاری باڵی ڕاست، چونکە لە وەرزی پێشوو یاریزانەکانی باڵی ڕاست بەتەمەن بوون زۆرجار لەهێرشە هەڵگەڕاوەکان دا لەهێڵی بەرگری دادەبڕان و نەیاندەتوانی بەباشی هەماهەنگی هێڵی بەرگری بکەن لەبەر ئەم هۆکارە ڕاهێنەر پەنای دەبردە بەر پلانی ۳-٤-۳ یان بارزالی لە باڵی ڕاست دا یاری پێدەکرد، بەڵام دیسچیلیۆ توانای بەرگریکردنی زۆر باشە هەروەها یاریزانێکی لاوە.

میرکاتۆی ئەمساڵ سەرجەم یاریزانەکانی کە هاتوونەتە یۆڤانتۆس لاون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پیر بوونی پێکهاتەی سەرەکی یۆڤانتۆس، کە زۆرجار هیلاکی بەیاریزانەکانەوە دەردەکەوت لەگێمی دووەم دا هەروەها ڕۆشتنی بۆنۆچی پەیوەندی بەخواستی یاریزانەکەوە هەبوو، کە یانەی یۆڤانتۆس زۆر لە هیچ یاریزانێک ناکەن بۆ مانەوەی لە یانەکەدا تاکوو یاریزانەکە لەژێر فشار دا یاری نەکات هەروەها بیردەکەنەوە لە دەرفەت دروست کردن بۆ بەرگریکارە لاوەکان وەکو ڕوگانی هەروەها گواستنەوەی چیزینی کە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی بوفۆن، کە وەرزی پێشوو لە زۆرێک لەیاریەکانی خول بەشداری نەکرد، بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین تاکو ئێستا یۆڤانتۆس زۆر بەباشی  توانیویەتی کەموکوورتی یانەکە پڕ بکاتەوە بەیاریزانی لاو و بەتوانا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure