dwarozh

پلانی (3-4-3) شێوازی سه‌رده‌مه‌یانه‌ی راهێنه‌ران

بۆچوون / بیروڕا :: 05/04/2017


ئه‌گه‌ر چی له‌سه‌ره‌تایی دروست بوونی تۆپی پێ وه‌ شتێك نه‌بووه‌ به‌ناوی پلان و لایه‌نی هونه‌ری یاری، ئه‌گه‌ر بشبووبێت زۆر له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدا بووه‌،به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌و راكێشانی بیری خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئه‌م یارییه‌ ئیدی ورده‌ ورده‌ قۆناغه‌كانی تێپه‌راندووه‌و تا كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ تۆپی پێ بووه‌ته‌ زانستێكی ته‌واو هیچ راهێنه‌رێك له‌دوونیادا ناتوانین چڵه‌وی یانه‌یه‌كی تۆپی پێ بكات ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی زانستی تۆپی پێ دا گورزه‌ نه‌كات.
له‌ئیستادا و له‌سه‌رده‌می توپ ئه‌قڵیه‌تی تۆپی پێ راهینه‌ران یان به‌رێوبه‌ری هونه‌ری یانه‌كان ده‌جه‌نگن له‌پێناو باشترین دارشته‌ی تیپه‌كانیان و هه‌میشه‌ خواستیان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ یاریزانانه‌یه‌ كه‌له‌گه‌ل فه‌لسه‌فه‌و پرۆژه‌كه‌ی ئه‌واندا یه‌كان گیره‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ چه‌ندین پلان و دارشته‌ی نوێ له‌تۆپی پێدا له‌دایك ببن.
به‌ده‌ر له‌و جۆره‌ پلانانه‌ی كه‌ پێشترو ئێستاش له‌ تۆپی پێدا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی بێت له‌م چه‌ند ساڵانه‌دا پلانی (3-4-3) زۆر به‌ربڵاوه‌و بۆته‌وه‌ به‌شیك له ئه‌قڵیه‌تی ‌راهێنه‌رانی سه‌رده‌م و وه‌ پشتی پێ ده‌به‌ستن له‌زۆربه‌ی یاریه‌كاندا له‌دیارترینیان (ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی)ئیتاڵی و راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م پلانه‌ پێشتر هه‌بووه‌و كاری پێكراوه‌ ئه‌وه‌تا مێژوو پێمان ده‌ڵێت (هێربێرت تشابمان)ی ئینگلیزی و راهێنه‌ری هه‌مان یانه‌، له‌گه‌ل هه‌ڵبزارده‌ی ئینگلته‌را بۆیه‌كه‌مجار به‌ (3) به‌رگریكار یاری كردووه‌و وه‌ دواتر (كارلۆس بیلاردیۆ) له‌گه‌ل هه‌لبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین له‌مۆندیالی 1986 به‌پلانی (3-5-2) یاری كردوه‌ وه‌ به‌م دوایانه‌ (یۆهاین كرۆیف)ی هۆله‌ندی له‌گه‌ل یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌و دواتر پیپ گواردیۆلا و چه‌ندانی تر ئه‌م پلانه‌یان تاقی كرۆدته‌وه‌و تاراده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون تێیدا.

تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م پلانه‌ (3-4-3)
-      سه‌ره‌تا ئه‌م پلانه‌ ده‌بیته‌ پلانێكی هێرشبه‌ری، چونكه‌ ژماره‌ی یاریزان له‌هێرشبه‌ردا زیاد ده‌بێت چونكه‌ دوو یاریزانی ناوه‌ند رۆڵی یاریزانی باڵ ده‌بینن و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دوویاریزانی هێرشبه‌ری باڵه‌كان بكشین بۆ قوڵایی ناوچه‌ی تیپی به‌رامبه‌ر، به‌مه‌ش فشاریكی زۆر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر تیپی دژ.
-      كرانه‌وه‌ی یاریگا له‌باری پانی بۆ یاریزانی ناوه‌ند و هێرشبه‌ر، چونكه‌ زۆر جار به‌شێوه‌ی 3گۆشه،‌ ناوه‌ند و هێرشبه‌ری لاكان ده‌رده‌كه‌ون به‌مه‌ش كۆنترۆڵی تۆپ زیاتر ده‌بێت...
-      كرانه‌وه‌ی یاریگا له‌رووی هێرشبه‌رییه‌وه‌ به‌پاڵپشتی دوو باڵه‌كه‌ی هێڵی ناوه‌ندو دارشتنی پلان تاكتیكی له‌سه‌ر ئه‌م یاریزانانه‌.

بۆچی راهێنه‌ر ئه‌م پلانه‌ به‌كاردێنێت؟
ئه‌وه‌ به‌روونی دیاره‌ هه‌ر راهێنه‌ریك شێوازو ئامانجی خۆی هه‌یه‌ له‌دارشته‌و بلانه‌كانیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م جۆره‌ پلانه‌دا زیاتر ئامانجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تیپ بتوانێت به‌ به‌رده‌وام فشاری هێرشبه‌ر له‌سه‌ر تیپی به‌رامبه‌ر دورست بكات و به‌مه‌ش تیپی به‌رامبه‌ر ناتوانیت خۆی له‌به‌رده‌م فشاری (90) خوله‌كی پلانێك بگریت به‌تایبه‌ت له‌رووی هێڵی ناوه‌ندو هێرشبه‌ره‌وه‌ زۆرترین ژماره‌ی یاریزان بوونیان هه‌بێت..
نمونه‌یه‌كی ساده‌ به‌بیرمان دێت ساڵی (2005) له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپادا میلان- لیڤه‌رپوڵ له‌تایمی یه‌كه‌مدا میلان به‌ (3) گۆڵ له‌پێش بوو، بۆچاره‌سه‌رو قه‌ره‌بووی تایمی یه‌كه‌م رافا بینیتز راهێنه‌ری ئه‌وكاته‌ ریدز هه‌ستا به‌تاقی كردنه‌وه‌ی ئه‌م پلانه‌و به‌مه‌ش گره‌وه‌كه‌ی له‌ میلان برده‌وه‌..

بڵاوبوونه‌وه‌ی یاریزان له‌م شێوازه‌ پلانه‌دا:-
-      بڵاوبوونه‌وه‌ی 3یاریزانی به‌رگری به‌شیوه‌یه‌ك به‌رگریكاری لای راست و لای چه‌پ و دڵی به‌رگری (لیبرۆ).
-      دابه‌ش بوونی 4یاریزانی هێڵی ناوه‌ند به‌شیوه‌یه‌ك 2یاریزان وه‌ك ناوه‌ندی لا رۆڵ ده‌بینن.
-      له‌پێشه‌وه‌ 3یاریزانی هێرشبه‌ر ته‌نها 1یاریزان رۆڵی هێرشبه‌ری سه‌ره‌رم ده‌بینێت و پیشت به‌م یاریزانه‌ نابه‌سترێت له‌گه‌رانه‌وه‌ی بۆ هێڵی دواوه‌، وه‌پێویسته‌ خاڵی مه‌ترسی بێت هه‌میشه‌ له‌ناو ناوچه‌ی سزای تیپی دژ.



لایه‌نی باشه‌ی ئه‌م پلانه‌ بۆ راهێنه‌ر:-
-      هه‌میشه‌ واده‌كات كه‌ تۆپ زۆرترین كات له‌به‌ر پێی یاریزاناندا بیێت، به‌تایبه‌ت له‌هێڵی پێشه‌وه‌ له‌نزیكترین خاڵدا تۆپ یاری پێ ده‌كریت كه‌ ئه‌ویش نیوه‌یاریگای تۆپی به‌رامبه‌رو زۆر نزیكه‌ بۆ پێكانی ئامانج ئه‌گه‌ر به‌شێوازی تۆپی به‌رز یاری بكه‌یت یاخود تۆپی زه‌وی.
-      یارمه‌تی ده‌ری باش بۆ هێڵی به‌رگری به‌تایبه‌ت دڵی به‌رگری (لیبرۆ) چونكه‌ كرانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو له‌یاریگا دروست ده‌بێت و یاریزانی لیبرۆ ده‌بێته‌ خاڵی جه‌وهه‌ری یارییه‌کە وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا (دایڤید لویز) بۆ كۆنتی راهێنه‌ری ده‌كات، له‌گۆڵپارێزوه‌ زۆر نزیكه‌و چاره‌سه‌ری ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌گه‌نه‌ دواخاڵ، وه‌رۆلی سه‌ره‌كی ده‌بینیت له‌دابه‌ش كردنی تۆپ له‌گۆڵپارێزه‌وه‌ بۆدلی به‌رگری و دواتر بۆ لاكان وه‌ك ئه‌وه‌ی پیپ گواریۆلا جێ به‌جێ ده‌كات له‌گه‌ل مان سیتی.
-      كۆبوونه‌وه‌ی زۆرترین رێژه‌یی یاریزانی ناوه‌ند و هێرشبه‌ر له‌نزیك خاڵی مه‌ترسی تیپی دژ كه‌ئه‌مەش فشاری زۆر دروست ده‌كات و واده‌كات تیپی به‌رامبه‌ر نه‌توانێت به‌درێژایی (90)خوله‌ك خۆی رابگرێت.

بێگومان هه‌موو پلانێك ئه‌گه‌ر خاڵی به‌هێزو تایبه‌تمه‌ندی ناوازه‌ی هه‌بێت بێگومان به‌ده‌ر نی یه‌ له‌خاڵی لاوازو له‌ده‌ستچوونی مه‌رامی پلانه‌كه‌ بۆیه‌ لێره‌دا پێم خۆشه‌ لایه‌نی لاوازی ئه‌م پلانه‌ بنوسم.
-      له‌هه‌ندێ كاتدا رووبه‌ریەكی زۆر به‌جێ ده‌مێنێت له‌نێوان یاریزانانی هێڵی به‌رگریدا به‌هۆی كه‌می ژماره‌ی یاریزانان، چونكه‌ كاتێك راهێنه‌ر بیر له‌م جۆره‌ پلانه‌ده‌كاته‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت پشت به‌ 3خالی سه‌ره‌كی ببه‌ستێت كه‌ له‌تایبەتمه‌ندی یاریزانی به‌رگری هه‌بێت.
+ بوونی لایه‌نی جه‌سته‌یی به‌هێز
+ وزه‌و توانای له‌راده‌به‌ده‌ر
+ ته‌وازن و ماندوو نه‌بوون (الیقاقه‌ البدنیه‌) باش بێت.
-      وه‌ك له‌پشترباسمان كرد ئه‌م پلانه‌ زیاتر هێرشبه‌ریه‌ به‌هۆی زۆری ژماره‌ی یاریزانی له‌هێڵی ناوه‌ندو هێرشبه‌ر وه‌ زیاتر رۆڵ ده‌گێرن له‌هێلی پێشه‌وه‌دا ره‌نگه‌ له‌دژه‌ هێرشه‌كاندا كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر تیپ دروست بكات.
-      له‌كاتی دروست كردنی دزه‌ كردن (ئۆفساید) كه‌ زۆرجار راهێنه‌ر كاری له‌سه‌ر ده‌كات ئه‌مه‌ خاڵیكی لاواز ده‌بێت بۆ ئه‌م پلانه‌، چونكه‌ یاریزانان هێڵی به‌رگری له‌م پلانه‌دا له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ نابن دوویاریزانی به‌رگری لای راست و چه‌پ كه‌مێك له‌پێش یاریزانی دلی به‌رگری (لیبرۆ) ده‌بن.
له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم نوسین له‌سه‌ر ئه‌م پلانه‌و سه‌رجه‌م پلانه‌كانی دیكه‌ ئاشكرایه‌ به‌چه‌ندین توێژینه‌وه‌ نوسینی چه‌ند په‌ره‌یی كۆتایی نایه‌ت و ته‌نها ئامانج به‌نده‌ بە نیشاندانی به‌شێك له‌خاله‌ دیاره‌كانی ئه‌م پلانه‌ كه‌ له‌ئێستای تۆپی پێدا زۆر قسه‌و باسی له‌سه‌ره‌و وه‌ بۆته‌ فریاد ره‌سی زۆربه‌ی راھێنه‌رانی تۆپی له‌جیهاندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure