dwarozh

ریمۆنتادا چیە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 10/03/2017


وشەی ریمۆنتادا( Remontada)، دوای شکستەکەی بارسا لە یاری چوونی قۆناخی ١٦ی چامپیۆنس لیگ لەلایەن رۆژنامەکان و ھاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە بەزۆری بەکارھێنرا، ریمۆنتادا وشەیەکی ئیسپانیە بەمانای ساغبوونە و گەڕانەوە دێت، پێشتر لە ئیسپانیا بۆ وەسفی شەڕ و راپەڕینەکانی ھەرێمی کەتەلۆنیا و باسک لە سەدەکانی ١٦ و ١٩ بەکارھاتووە، ئەوکات خەڵکی ئەو ھەرێمە بۆ سەربەخۆیی بوون لە ئیسپانیا ھەوڵیانداوە.
ئەوەی تایبەت بێت بە تۆپی پێ، ریمۆنتادا لە حەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بەکاردەھات و، دواتر بوونی نەما لەرووی بەکارھێنان، تا وەرزی ( ٢٠١٢ - ٢٠١٣ ) لە قۆناخی ھەشتی چامپیۆنس لیگ، کاتێک میلان لە یاری چووندا بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر  بارسای تووشی شکستکرد، لە یاری گەڕانەوەیش یانە کەتەلۆنییەکە ئەنجامەکەی بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر پێچەوانە کردەوە و وشەی ریمۆنتادای ھێنایەوە بەرباس.
پێشتر بەڵام بەشێوەیەکی کەم ریمۆنتادا لە ھەموو جیھان بەکارھاتووە و لە ھەر یارییەک تیپێک دۆڕابێت بەئەنجامێکی تا رادەیەک گەورە و دواتر ئەنجامەکە پێچەوانە کردۆتەوە، ئەوکات وشەی ریمۆنتادای پێھەڵواسراوە.
ئەوەی بە زۆری و بۆ یەکەم جار گوێبیستی ئەم وشەیە بووبێت، دوای یاری چوونی قۆناخی شازدە نێوان پاریس سانت جێرمان و بەرشەلۆنە بوو، لەم یارییەدا یاریزانانی پی ئێس جی چوار جار تۆڕەکەی تێرشتیگنیان ھەژاند،  ئیتر کەتەلۆنییەکان و رۆژنامەکان بە زۆری وشەی ریمۆنتادایان بەکارھێنا بەمەبەستی پاڵپشتیکردن و وزەبەخشین بە تیپەکەی ئێنریکی پێش یاری گەڕانەوەدا و پێچەوانەکردنی ئەنجامی یاری چوون، ئەمەیش ھاتەدی کاتێک بەرشەلۆنە لە یاری گەڕانەوەدا شۆڕشێکی بەڕووی یاریزانەکانی ئۆنای ئێمری بەرپار کرد و بە شەش گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک ناوازترین ریمۆنتادایان لە مێژووی تۆپی پێدا تۆمارکرد و خۆیان گەیاندە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانییەتییەکە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure