dwarozh

قوتدانی زمان چییە؟ چۆن چارەسەر دەكرێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 04/03/2017

هەندێک جار لە یاریگاكانی تۆپی پێ حاڵەتی قوتدانی زمان  سەرهەڵدەدات كە دەبێتە هۆی مردنی وەرزشكاران و یەكێكە لە مەترسیدارترین جۆرەكانی پێكان، ئەمە لە كاتێكدایە هەندێ یاریزان بەهۆی فریاكەوتنی خێرا لەلایەن دەستەی پزیشكی تیپەكان لەو حاڵەتە رزگاریان بووە، چەندین یاریزان تووشی قوتدانە زمان هاتوون لەوانە، مارتن بیركۆڤیچ، مولینای كۆلۆمبی، یاریزانی مەغریبی عەزیز كینانی، موسا دومبیا، دواین یاریزانیش فرناندۆ تۆریسی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بوو.
قوتدانی زمان چییە؟
زمان لە چەندین ریشاڵی ماسولكەیی پێكهاتووە، كاتێك وەرزشكارێك دووچاری كرژبوون و شەكەتی دەبێ، هۆشیاری لەدەست دەدا و دەرمارگیر دەبێ، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبونەوەی جەستە و ماسولەكەكان لەنێوانشیاندا ماسولكەی شەویلاگ.
هۆكارەكانی قوتدانی زمان چین؟
خاوبونەوەی ماسولكەی بەشی خوارەوەی دەم و شەویلاگ، وادەكات زمان بۆشایی پشتەوەی بۆڕی هەناسە بگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی حاڵەتی خنكان، ئەگەر هاتوو فریاكەوتنی خێرای بۆ نەكرێت، دەبێتە هۆی مردنی وەرزشكارەكە، هەروەها حاڵەتی تریش هەیە بۆ قوتدانی زمان وەك تێكچوونی رێژەی پۆتاسیۆم و سۆدیۆم لە خوێندا، هەروەها كەمبونەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا، جگە لەمانە لەقبوونی مێشك ئەویش دەبێتە هۆی پێكانی سەر.
چۆن چارەسەر دەكرێت؟
كرداری چارەسەری فریاكەوتنی خێرا بۆ قوتدانی زمان قورسە پێویستی بە خێرایی و چڕبینی هەیە، بۆ ئەوەی كێشە لە مێشك رونەدات و نەبێتە هۆی نەمان و پچڕانی ئۆكسجین، پێویستە كەسی چارەسەركەر بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكە بكات، چونكە ماسولكەی زمان بەهێزە، هەروەها لەم كاتەدا بە قورسی جوڵە دەكات، لەهەمان كاتدا نەوەك كەسی تووشبوو دەمی دابخات و كردارەكە ئاڵۆزتر بكات.
باشترین رێگای بۆ رزگاری كردنی كەسی تووشبوو بریتیە لەوەی سەری وەرزشكارەكە بۆ دواوە بەرز بكرێتەوە، فشار لە بەشی خوارەوەی دەم بكرێت و لەگەڵ پاڵنانی لایەكی بەشی سەرەوەی دەم، بەم شێوەیە زمانەكە دەگەڕێتەوە جێگای خۆی، پاشان ئەو كەسەی تووشی ئەو حاڵەتە هاتووە سەری بۆ پشتەوە بكشێندرێتەوە بەم مەرجەی چەناگە لە بەرزترین ئاست دا بێت.
ئەگەر كەس نەیتوانی كەسی تووشیبوو چارەسەر بكات، پێویستە بەشێوەی دەستكرد هەناسەدانی بۆ بكرێت بۆ ئەوەی ئۆكسجینی بۆ بگەڕێتەوە، تا ئەو كاتەی رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت، پێویستە چارەسەركەر شارەزایی باشی لەو حاڵەتە هەبێت، چونكە كردارەكە پێویستی بە هەستیاری و خێرایی هەیە.

 

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure